په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٥\٢٠١٤

ژن لە سایەی خولی نوێی پەرلەمانی کوردستاندا!


جەمال موحسین     


گەر زۆریش نەگەڕێینەوە بۆ مێژو و ژیانی ڕابردووی ژنان لە کوردستاندا، ئەتوانین بە چاوێکی پڕ لە سەرسوڕمان و گومانەوە تەماشای لیژنەی تایبەت بە ژنان لە پەرلەمانی کوردستاندا بۆ ئەم خولە نوێیە بکەین. پێکهاتەی لیژنەکە و کەسە بەرپرسەکانی، جگە لە گەواهی دان بۆ درێژەکێشانی هەلومەرجێکی نا مرۆڤانە و دژوار بۆ ژنان شتێکی تر نادات بە دەستەوە. من مەبەستم شیکردنەوەیەکی زۆری لیژنەکە و ئەوەی کێ بێ و کێ نەبێ، نییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەر تەماشای ئەوە بکەی کە لە کێ پێکهاتووە، ئەتوانی مۆری "درێژەپێدان بە ستەم و نایەکسانی دژ بە ژنانی" ی لێ بدەی.


"لیژنەی بەرگری لە مافی ئافرەت" لەم خولەی پەرلەماندا بەم جۆرەیە:


١- سەرۆکەکەی: سەر بە گۆڕانە! کە ڕێکخەری گشتیەکەی باوەڕی بە مەسەلەی ژنان نییە و لە کتێبدا نووسیویەتی "شتێک نییە لە کوردستان بە ناوی کێشەی ژن". دیارە ئەو هەموو کوشتارەی ژنان لە ژێر بیانوی ناموسپەرستیدا و لێدان و سوکایەتی پێکردنیان و لاقەکردنیان و هەراسانکردنیان (تەحەروش) و نا یەکسان بوونیان لەگەڵ پیاواندا و ناوهێنانیان بە کابانی ماڵ بۆ بەڕێوەبردنی کاری ناوماڵ کردن (بە خۆڕایی) وەک کۆیلە و خزمەتکار و.... هتد کێشە نییە لای ئەو. جا ئایا ئەم سەرۆکە ئەتوانێ بە پێچەوانەی بۆچوونەکانی ڕێکخەرەوە کار بکات؟

٢- جێگرەکەی: سەر بە یەکگرتووە! کە لە باشترین حاڵەتدا باوەڕیان بە فرە ژنی هەیە و کار بە "الرجال قوامون علی النساء" ی ئەکەن و پەیامبەرەکەیان کاتی خۆی سەبارەت بە ژن لە یەکێک لە قسەکانیدا ووتوویەتی: "سێ شت نوێژ بەتاڵ ئەکەنەوە، کەر و سەگی ڕەش و ژن"! و لەبەرامبەر هاوسەرگیری مناڵ (کە تاوانی مناڵبازی و ئیغتسابە) بێدەنگن، حجاب بۆ سەری مناڵانیش بە واجبی شەرعی دایکان و باوکان ئەزانن.... و زۆر شتی تر کە لە ژماردن نایەت.

٣- بڕیاردەرەکەی: سەر بە پارتیە! کە سەرۆکەکەی بە یاسای لێبوردنی گشتی چەندین بکوژی ژنانی ئازاد کرد و داڵدەی چەندینی تری داوە و لە ژێر سایەی دەسەڵاتەکەی ئەودا لەم ٢٣ ساڵەدا دەیان هەزار ژن کوژراون و سوتێنراون (یان ناچار بە خۆشوتاندن کراون).مۆرڤ ئەتوانێ لیستی کوشتاری ژنان لە کوردستان لە پاڵ ناوی قوربانیانی هەڵەبجە و ئەنفال و هیرۆشیما و ناکازاکی و هۆڵۆکۆست و کوشتاری ئەرمینیەکاندا دابنێ؟! نوێنەرانی سەر بەم پارتە لە پەرلەمانەکانی ئەوروپادا بە شانازیەوە ئەو ناڕاستیە ئەڵێن کە ژنانی کوردستان ئازادییان هەیە و ژیانیان زۆر بەرەو باشی چووە! لە کاتێکدا فەرهەنگی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کورد (کوردایەتی) تێکەڵ بە فەرهەنگی ئیسلامی و پیاوسالاری و کۆنەپەرستی، ژنی وەک کۆیلەی ناو ماڵ، کۆیلەی سێکس بۆ پیاوان و ماشێنی مناڵ دروستکردن، بێکاری ناچالاک، مرۆڤی لاواز و "کەمعەقڵ" و مرۆڤی نایەکسان وێنا کردووە.


بۆ تێگەیشتن لەو لیژنەیە و جێگاوڕێگاکەی، وا پێویست ئەکات تەماشایەکی تەواوی کۆمەڵگای کوردستان و پلە و پایەی ژنان بکەین. چەوسانەوە و ستەمی زەق و بەرچاوی دژ بە ژنان بەشێکی جیانەکراوەیە لە دەسەڵاتی ئەحزابی کوردایەتی و ئیسلامی وەک نوێنەرانی کۆمەڵگایەکی چیانیەتی و نایەکسانی ئابوری. ئەگەر کەسێک پێی وابێ سەرچاوەی ئەم هەلومەرجەی ژنان تەنها ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ژێر سایەی دەسەڵات و فەرهەنگی ئاغا و دەرەبەگ و شێخەکان و پیاوانی ئاینی و فەرهەنگێک کە هەیانبووە، بە هەڵەدا چووەە. ڕاستە ئەوە ئەکرێت میراتێکی مێژوویی بێ لە کوردستان، بەڵام دەسەڵاتی کوردایەتی (پارتی و یەکێتی و وائێستاش بە هاوبەشی لەگەڵ گۆڕان و ئیسلامیەکاندا) ئەم میراتەی کردووە بە کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی کۆمەڵگای ئەمڕۆ کە مەبەستی بەدەستهێنانی قازانج و کەڵەکەی سەرمایەی زیاترە. لەو نێوەدا هەروەک چۆن هەرجۆرە جیاخوازی و هەڵاواردنێک لە چەشنی جیاوازی نەژادی و نەتەوەیی و ئاینی بۆ دروستکردنی کەلێن لە ناو چینی کرێکاردا پیادە ئەکەن، ئاوهاش هەڵاواردنی ڕەگەزی بۆ هەمان مەبەست بە دەستەوە ئەگرن تاکو هەمیشە بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگا بە گژی یەکدا بکەن. ژنان بەشێکن لە لەشکرێکی گەورەی بێکاران کە نە هیچ بیمەیەک و نە هیچ موچەیەک نایانگرێتەوە، ئایا کەسێک ئەزانێ ئەو داهاتەی کە پێویستە بۆ ئەو لەشکرە خەرج بکرێ، وەک قازانج ئەچێتە گیرفانی کێوە، گەر سەرمایەدارانی خاوەن دەسەڵات نەبێ؟!


خودی پەرلەمانی کوردستان ئامڕازێکە بۆ بەڕیوەبردنی ئەو هاوکێشە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیە و لیژنەی بە ناو بەرگری لە مافی ئافرەتانیش لەو چوارچێوەیەدا کار و میکانیزمەکانی ئەباتە پێشەوە. پێکهاتەکانی ئەو لیژنەیەش لە هەر لایەنێک بێت، لەسەر ئەو مەسەلەیە کۆکن. کاری ئەو لیژنەیە هەڵوەشانەوەی ئەو هاوکێشەیە و ئەو جیاوازیەی نێوان ژن و پیاو نییە و بگرە بۆ پاوانکردنی مافەکانی ژنان و هێشتنەوەیان وەک نێچیری ستەم و چەوسانەوە و نایەکسانی هەڵئەسوڕێت. ناکرێ هیچ چاوەڕوانیەک لەم لیژنەیە بۆ بەرەوباشبوونی ڕەوشی ژیانی ژنان لە کوردستان بکرێت، بگرە بە پێچەوانەوە گەر خەباتی یەکسانیخوازی هەنگاوی کارا و سەنگین هەڵنەگرێت، ئەوا بە داخەوە ڕۆژانێکی ڕەشتر چاوەڕێی ژنان ئەکات. ناشێ کەسێک هەبێ پێی وابێ گەر مەڕ بدەیتە دەست گورگ، ئەیپارێزێ!

 

 

jamal_muhsin@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک