١\٥\٢٠٢٢ ژینۆسایدی گوڵان!
دارا خونچە لە سای سەری گوڵخاتوون و ئاشنایەتییم لەتەک وەنەوشە و مروارییە سپییەکاندا وە نێرگز و کوریکەسۆر و گوڵە شلێران ئاشتبوومەوە..* پەیامە تەڕ و سۆرباوەکان وە نەرمونیانیی گەیشتن و لە رێی بۆنی بارانەوە جێژوانەکانیان لە رۆشنایی گرت ئەوان خۆبەخشن.. ورشە وەشێنن.. هەمیشە میهرەبانن.. مە ئەوانمان خۆشگەرەکە؛ لێ تێناگەین سووچی فەرهەنگی ئاسمانانە لە بنوبۆتکەوە دەریاندەکێشن و ئەنفالیان دەکەن؟! یان سووچی وانە مەست دەبن لە نێو دەستیان دەژاکێن و لە کەلەنی پەنجەکانیان بەردەبنەوە ژێر پێیانیان؟! یان سووچی مەیە و نازانین تەقەی سەرمان دێ و تێناگەین: گوڵدان زیندانی ئەوانە و ئەم چێیدەکەین!؟ یان هەر سێ سەر ئی خۆیان نین لەودیو هێزی ژینگە و سروشت وە شێلان و بەندکردن و قرتاندنیان راهێندرانە!!! ___________________________ * لەوەتەی بە جەستە لە نیشتیمان دوورم زۆر نیگەرانی گوڵە نێرگز و کوریکەسۆر و گوڵە شلێرەکانم.. لێ خۆشبەختانە لە رێی پەیوەندییە چڕوپڕەکانم لەتەک ژینگە لەبار و هەمیشە کەسکەی ئێرە و باخچە خنجیلانەکەی خۆمان.. میهرەبانیی گوڵخاتوون و وەنەوشە و مروارییە سپییەکانی ئێرە - فرە سوپاسیان دەکەم - وەفریام کەتن و قیچەک قەرەبووی ئەو بارە سەختەمیان کردیتەوە.
کۆتایی نیسانی ٢٠٢٢ - لەندەن
|