په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٦\٢٠٢١

ژینۆسایدی هونەری پەیکەرسازیی لە لایەن ئیسلامگەرایەکانەوە!


ئاڤان کەریم       


شارستانیەتی هەر وڵاتێک پەیوەستە بە هونەر و داهێنانی ئەو میللەتانەی کە لە نێویدا دەژین، هونەری پەیکەسازییش بەشێکی گەورەی داهێنان و نوێگەرییە کە هەم لە رووی هونەرییەوە چێژ و جوانییگەلێک دەبەخشێ هەم دەتوانێ لە نێو پانتایی داهێناندا لە سەرجەم کایە وێژەیی و هونەرییەکاندا بەشداریی لە بەرهەمهێنانەوەی هەست و سۆزە جوانەکان و بیر و رامانە تازەکان بکا.. سەرەڕای ئەوەش جێپەنجەی خۆی لە تۆمارکردن و پاراستنی دەستکەوتە فەرهەنگییەکانی کەونارای هەر شارستانیەتێکدا دەنەخشێنێ تەنانەت هزر و فەلسەفەش لە رێڕەوی کار و نەخشەی خەمڵینی خۆیان لێیەوە سوودمەند دەبن.


ئێستا بایەخ و گرنگییەکانی ئەو هونەرە بە جۆرێک هەژموونی پەیداکردوە کە ئەگەر هەر وڵاتێک بتوانێ لایەنی کەمی ماف و ئازادییەکان جێبەجێ بکا و خەڵکەکەی گەیشتبنە ئاستێک لە کراوەیی ئەوە زۆر راشکاوانە پارێزگاریی لە پەیکەر و سەرجەم کارە فەرهەنگییەکانی ئێستا و هەموو قۆناغە مێژووییەکانی گەلانی نێو سنوورەکەی خۆی دەکا و هاوکاتیش لە رێی یاسا و رێساگەلێکەوە سزای زۆر توند لە بەرانبەر ئەو کەس و لایەنانە جێبەجێدەکا کە بازرگانییان پێوە دەکەن یان دەیانشێوێنن.. تەنانەت دەسەڵاتێکی وەک هەرێمی کوردستانیش هەر لە ژێر ئەو هەژموونەدا ناچار بووە (یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور) دەربکا!


ئەوەی مەبەستمە بە دیارکراویی تیشکی بخەمەسەر ئەوەیە لەو دواییانەدا چەندین ئاخوندی کۆنەپەرست و تاریکبین لە نێو میللەتەکەماندا پەیدابوونە کە فەرهەنگی دواکەوتووانەی سەدەکانی نێوەڕاستیش لە ئاستیاندا شەرمەزارە.. ناوەناوەش هەر لەخۆیانەوە هەندێک فەتوای زۆر نابەجێ و دژ بە فەرهەنگ و پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و مافەکانی ژنان و سەرجەم ماف و ئازادییەکانی دیکە دەردەکەن و خەڵکانێکی نەزان و کاڵفامی پێ لەخشتە دەبەن و وەک کۆیلەگەلێک وەکاریاندەبەن.. تەنانەت زۆر بە ئاشکرایی و بێ هیچ سڵەمینەوەیەک دەست بۆ شێواندن و لەنێوبردنی شوێنەوار و پەیکەرە مێژووییەکانیش دەبن!


لێرەدا جێی خۆیەتی بپرسین.. ئایە دەسەڵاتدارانی هەرێم کە هەر خودی خۆیان لە چوارچێوەی سیستەمە گەندەڵکارییەکەیان بە دەیان مەلای جانەوەری لەو بابەتەیان دژ بە ماف و ئازادییەکانی خەڵک دروستکردوە و تا ئێستاش ساڵانە بە پێی گۆڕانی باردۆخەکان هەر مۆدێلی تازەیان لێ دروستدەکەن.. ئیدی دەرکردن و هەبوونی یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور بێجگە لە خۆڵکردنە چاوی خەڵک چ واتایەکی دیکە دەگەیەنێ!؟ ئەوە سەرەڕای ئەوەی ئێستا ئەو جانەوەرانە بە هۆی پشتگیرییکردنیان لە لایەن دەزگە سیخوڕییەکانی داگیرکەرانی کوردستان و کۆمپانیایە زەبەڵاحەکانی وڵاتە ناوچەیی و رۆژاواییەکان بە ئاشکرایی و بە بێ ترس پەتکان دەپسێنن و دەبێژن ''شێواندن و تێکدانی پەیکەرە مێژووییەکان کارێکی دروستە و خێر و سەدەقەی خۆی هەیە''!

 

لەولاشەوە وەزارەتی ناڕۆشنبیریی و دەزگە پەیوەنددارەکان بە بیانووی پاراستنی باوەڕ و پیرۆزییەکانی زۆرینەی موسلمانان و دڵڕاگرتنی هێز و بزووتنەوە نێوخۆییە داعش ئاسایەکانی سەر بە تورکیا و سعودیە و ئێران ئەو قسە ژەهراوییانە بە هەنگوین دەرخواردی موسلمانە کەللەپووتەکان و دەنگدەرە کۆیلەکانی (یەکێتی و پارتی و گۆڕان) دەدەن!


جا ئەوەی ئێستا پێویستە زۆر بە رۆشنیی جەختی لەسەربکرێتەوە؛ ئیدی هەرگیز ئەو تاکتیکە بێزەوەرە و بێزراوەی دروستکردنی ئەو دەعبایە ئیسلامگەرایانە لە لایەن ئەو دەسەڵاتە گەندەڵکار و مافیاییە بەسەر خەڵکە هۆشیار و ئازادییخوازەکەی کوردستان تێناپەڕێ و تا دێ بەو کار و بەرخوردانەیان سیستەمە ستەمگەرەکەیان لە مەرگ نزیک و نزیکتر دەبێتەوە و هاکا وەک دیکتاتۆرەکانی دیکە تەختوتاراجیان بەسەر خۆیان دابڕووخی.

 

 

avan.karim1979@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک