١٥\١٢\٢٠١٤ ژن و بەرگریی!
پێشکەشە بەو ڕۆحی پیرۆزی خەڵتانکراوانی خوێن، جەستە خەڵوزییەکان، بەرد و بلۆک باران کراوان، ئەو ژنانەی کە تیرۆرستان گەیاندیانی بە کاروانی ''عاشقانی ئازادیی''.
بە ڕای من توندوتیژیی دژی ژنان وەک ئەوەی ئێستا هەیە بوە بە دیاردەیەکی ترسناک و بەردەوامیشە لە تەشەنەکردن، بۆیە بە ڕای من (لە چوارچێوەگرتنی لە دوو هەفتە یان مانگێکدا) هەم لە سەنگ و قورسایی و مەترسیەکانی وەک خۆی ناهێڵێتەوە وهەمیشبەکۆتاهاتنی کاتەکەش دەهۆڵەکەش دەدڕێ ودەنگەکەش دەبڕێ. ئەو دەنگانەشی کە بەشێک لە میدیاکان بێ ئاوڕدانەوە بۆ ڕۆڵی نەگەتیڤانەی کەسانێک لە مێزگەردگێڕان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ کلکیان لە توندوتیژییدا تۆزی کردوە، بۆ گەرمکرنی بازار مێزی بانگهێشتی چاوپێکەوتنیان بۆ دەڕازاندنەوەو ئەوانیش خۆیان وەک خەمخۆری عەیار ٢٤ی ژنان نمایش دەکرد ساڵانە و بە تایبەت لە ٢٤/١١ لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە شێن و شەپۆڕێکی دەمامکدارانەی ئاینی، سیاسی و کەلتوری دەبینین و ژیان لە تام و جوانەیەکانیاندا جوتێ جمکانەی ڕوحسوکی بێوەین! سەرەتاکانیان بە دوو پیتی وەک یەک و دوو پیتی سەرەتا و کۆتای (ژیان)یش وشەی (ژن) پێکدەهێنن.
لە سەر نێر پێویستە ڕێز لەم واقیعە پیرۆزە بگرێت و خۆی لەسەر هەرسکردنی ڕابهێنێت چونکە درەنگ بێت یان زوو دەبێت مل بۆ ئەو ڕاستیە کەچ بکاتکە لە غیابی ژندا ناتوانێت ژیان بدۆمێنێ و بێ تەواوکەرەکەی ناتوانێتهەست بە ئاسودەیی و جێگیربونی خۆی بکات! دەبێ مانگی هەنگوینی بە یەکەوەیان گرێبدات و لێرەوە پێکەوە بەردی بناغەی قۆناخێکی نوێ دادەنێن.هیچکاممان لە نەرمی و بەخشەندەیی و بەوەفایی و جوانی و دڵسۆزی و میهرەبانی مێینە بێ ئاگا نین، ڕەنگە ئەمە لە بەشێک لە نێریشدا هەبن، بەڵام گەر بتەوێ هاوتەریبی ژنان بن ( ئەوا ڕەنگە ڕێژەکە هێندە کەمبێت کە لە پەنجەکانی دەست تێنەپەڕنەکەن، کە ڕێژەیەکی بێ ئومێدبارە).
مەخابن زۆرینەمان وەک ڕەگەزی نێر نەک هەر ڕێز لەو خۆشی و خۆشەویستی و لەزەتە ناگرین کە لە لایەن ڕەگەزەکەی بەرامبەرمانەوە بەردەوام لە سەر خوانی زێڕین پێشکەشمان دەکرێ ! بەڵکو سەرباری ئەوەش ئەوەی پێمان بکرێت لە دژیان ئەنجامی دەدەین، تا ئاستی خەڵتانی خوێنکردن و گڕکانی ڕق بۆ دادەگیرساندن.جەستەیان لەو جوانی و بێ وەیەوە دەکەینە تۆپەڵێک لە خۆڵەمێش و خۆشمان وەک بەرزەگی بانان بۆی دەردەچین و دەست بە سمێڵماندا دەهێنین! (لە ئێستادا لە غیابی سمێڵدا دەست بە ورگدا دەهێنین) توندوتیژییەکانیش خۆیان لە هەموو ئەو کوشتن و سوتاندن و لاقە و دەستدرێژیی سێکسی و شێواندنی جەستەو زوڵم و ستەم و تف باران و سەرزەنشت و سووکایەتی و هەتک و سەرکوتکردنانەدا دەبیننەوە کە ڕۆژانە لە دژی خاتووان ئەنجام دەدرێن،
سەرباری ئەمانە ڕۆژانە ژنان لە ترسی دڕندەیی و بێ بەزەیی و ڕق ئەستووریی پیاوان و بۆ خۆدەربازکردن لەو دۆزەخە ناچار دوابڕیاری کۆتاییهێنان بەو دۆخە سەختەی ژیانیان دەدەن. توندوتیژیی لە دژی خانمان بەردەوامە و هەموو دونیای تەنیوە و لەهەر وڵاتێکدا بە شێوەی جیا، لە هەندێکیان هاوشێوەی (مەملەکەتەکەی خۆمان) بەرخورد دەکەن و ژن و ژیان دەمرێنن، ئەگەریش لە هۆکارەکانی ئەم بەکۆمەڵ جوانەمەرگکردنەی ژنان بکۆڵینەوە، ئەوا گومانی تێدا نیە کە (ڕەگەزی نێر تاوانباری سەرەکیی)ە، واتە هەم ئەنجامدەرەی تاوانەکەین کە بە هۆیەوە حەز و ئارەزووە سێکسیەکانمانیان لێ تێر دەکەین و هەمیش ئەنجامدەری کوشتنەکەیانین کە بەهۆیە پەڵە و لەکەی سەرشۆڕیی و شەرەف چوونەکانمان بە خوێنی ئەوان دەشۆینەوە.
لە ئەوروپا و ڕۆژئاوا و دونیای پێشکەوتودا، بەدەر لە کوشتنی ژن لە لایەن هەندێ پیاوەوە، نمایشکردنی جەستەی ژن لە میدیاکانەوە بۆ ڕێکلام و گەرمکردنی بازاڕ سوودیان لێوەردەگیرێ کە بە بۆچوونی من ئەمەش جۆرێکیتری توندوتیژییە بەرامبەر بە خانمان کە ئەنجامدەدەرێ لە زورێک لە کۆڕ و کۆبوونەوە و بڵندگۆی مزگەوتەکان و میدیاکان و گفتوگۆکاندا (ژن بە نیوەی کۆمەڵ و دایکی نیوەکەی تر) و (بەهەشت لە ژێر پێی دایکان) پێناسە دەکرێن و هەریەکەشمان دەیان جار جاکاندومانەتەوە، کەچی هەر خۆشمانین ئەم کارەساتانەیان بەسەردا دەهێنین و وەک گورگی هار لمۆزمان لە خوێنیان سوردەکەین.
ئەم وەرچەرخانە مێژووییەی ئەمڕۆی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای وڵات، کە لەوێوە بڕیار لە سەر بە یەکسانی ناساندنی ژن و پیاو لە ئەرک و ماف درا و ئەم ڕۆڵە سەرسوڕهێنەرەی کە تێیدا ژنی کورد وەک شەڕڤانانی پیاو ڕۆڵی سەرکردایەتیکردنی بەرەکانی شەڕ لە دژی هێزی کۆنەپەرستی داعش و داعش عەقڵەکان دەگێڕن، ناکرێت بە هیچ بیانویەک ئەمە نادیدە بگیرێت، نابێت خودی ژنانیش ئەمە بەکەم بزانن. لەم ساتە مەترسیدار و لەم جەنگە دژوارەدا ژنی کورد سەڵماندی کە دەتوانێت تەنانەت پێش پیاویش بکەوێت گەر بیەوێ و ڕێگە بە هیچ هێز و عەقلیەتێکی کۆنەپەرستیی و خێڵەکیی نادات کە بیانەوێ بۆ سەر نیشتیمان و ئازادییە سادەکانی خۆی مەترسیی بنێنەوە، بڵێین ئیتر کاتی جاوەجاو و خاوەخاو بەسەرچووە، لێرە بەدواوە ناکرێت ژن چیتر پەراوێز و پشتگوێ بخرێ و وەک پاشکۆ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ.
|