٢٩\١١\٢٠١١
ژن و ژیان و
توندوتیژیی!

مەھدی خالید خەمبار
پێشکەشە بەو ڕۆحە پیرۆزانەی کە بە ناڕەوا
خەڵتانی خوێنکران ، بون بە خۆڵەمێش ، بەرد و بلۆک باران کران لە لایەن
پیاوانەوە، زۆر جار تێکچونی باری تەندروستی
دەبێتە یەکێک لە ھۆکارەکانی دابران لە چالاکی وجوڵە بە ھەموو ڕەنگ و
جۆرەکانیەوە.
من ئەمجارەش داوای لێبوردن لە دۆستان و ھاوڕێیان و ئەو ھەستە ناسکانە
دەکەم کە پێشتر بە ڕۆحی نوسین و بابەتەکانی من ئاشنا بوبون ! وا پاش
ئەم دابڕانە جارێکی تر و لە تاف بۆنەیەکی تردا ، دڵ و ویژدان و خامەکەم
دەخەمەوە خزمەتی ئێوەی چاو گەشانی میلەتەکەم.
ساڵانە و بە پێی بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتەوکان و وەک خێرێک بە ڕەگەزی مێ
!، ٢٥ مانگی ١١ بە ڕۆژی بەرەنگاربونەوەی توند و تیژی دژ بە ژنان ناوزەد
کراوە .
جارێ بەڕای من ژن و ژیان لە تام و خۆشیەکانیاندا دوو تەواوکەری یەکترن
! سەرەتاکەیان بە دوو پیتی وەک یەک دەست پێ دەکات و کۆتاییەکەشیان بە
ھەمان شێوە بە دوو پیتی وەک یەک کۆتایی دێت ، ئەگەر کەمێک زیاتر لەم
دوو ووشە جوان و پڕ مانایە وورد ببینەوە ئەوا دەگەینە ئەم ڕاستیە و
کۆمەڵێک لێکچونی بەڵگە نەویسیتمان بەر چاو دەکەوێت .
بۆیە لە سەر ڕەگەزی نێر پێویستە ڕێز لەم بنەما پیرۆز و ڕاستیە بگرێت ،
چونکە زوو بێت یان درەنگ دەبێت خۆی لە ژن نزیک بکاتەوە ، جا ج لە تاف و
ھەڕەتی گەنجی بێت ، یان لە کاتی ھەژاری و نەداری بێت ، یانیش لە
کاتێکدا بێت کە دەوڵەمەندی ھەموو بۆشاییەکانی گیرفانی پڕ کردبێتەوە ،
یان ئەوەتا سەرکردەیەکی بە توانا و بە ناوبانگ بیت ! دەبێت ھەر کام
لەمانە بچنە نێو ئەو بازنە ھەنگوینەیەی کە بە یەکەوەیان دەنوسێنێت و
ئەمانیش جارێکی تر دەبنەوە تەواوکەری یەکتر و ئەمجارە نێر و مێ باوەش
بە ژیاندا دەکەن و پێکەوە دەبێت بەردی بناغەی قۆناخێکی نوێ دابنەن و
لێرەوە تەرازوی کێشانی خێر و شەڕ لە ماڵدا دادەنرێت و بەزۆریش دەکەوێتە
ژێڕ ڕکێفی پیاوان و خۆی بیەوێ لاسەنگی بکات ئەوا دەیکات و ئەوجا بەلای
کێدا لاسەنگی دەکات ؟ ئەوە پرسیارێکە و وەڵامەکەی لە گیرفانی نێردایە (
ڕەنگە ڕەگەزی نێریش پشت بە ھەندێک بنەما و ڕێسا ببەستێت کە ئەم مافەی
بۆیان بەڕەوا ناساندبێت !).
خۆمان ھەمومان لە نەرمی و بەخشەندەیی و بەوەفایی و جوانی و دڵسۆزی و
میھرەبانی و بەسۆزی و بێ وەیی ڕەگەزی مێ بێ ئاگا نین ، ڕەنگە بەشێک لەم
سیفاتە باشانە لە بەشێک لە ڕەگەزی نێردا ھەبێت ، بەڵام گەر بتەوێ
کەسانێک لەم سیفاتانە ھاوتەریبی ژنان بن ( ئەوا ڕەنگە بە ڕێژەی
پەنجەکانی دەست زێتر نەبن ، کە ڕێژەیەکی ئیجگار کەمە ) و زۆرینەمان
حیساب بۆ ئەو ھەموو خۆشی و خۆشەویستی و لەزەتە ناکەین کە ڕەگەزی مێ لە
سەر خوانی زێڕین پێشکەشی ئێمەی نێری دەکەن ! بەڵکو سەرباری ئەوەش ئەوەی
پێمان بکرێت لە دژیان ئەنجامی دەدەین ، تا ئەو ئاستەی بەشێکمان ئەو
پەپولە ناسکانە خەڵتانی خوێن دەکەین یانیش گڕکانی ڕقیان بۆ
دادەگیرسێنین و جەستەیان لەو جوانی و بێ وەیەوە دەکەینە تۆپەڵێک لە
خۆڵەمێش و خۆشمان ( نێرەکان ) وەک بەرزەگی بانان بۆی دەردەچین و دەست
بە سمێڵماندا دەھێنین !
چەوسانەوەی ژنان و توند و تیژی دژی ژنان پرۆسەیەکی بەردەوامە و ھەموو
دونیای تەنیوە و ھەر وڵات و نەتەوەیەک بە شێوەی جیا ، یانیش ھاوشێوەی (
مەملەکەتەکەی ئێمە ) ئەم پرۆسەیە پیادە دەکەن و ژن و ژیان لە دەمرێنن و
ئەگەریش لە فاکتەر و ھۆکاری گەنجکوژ کردن و جوانەمەرگکردنی ژنان
بکۆڵینەوە ، ئەوا گومانی تێدا نیە کە ( ڕەگەزی نێر تاوانباری سەرەکی )
ە ، واتە ھەم ئەنجامدەرەی تاوانەکەیە کە بە ھۆیەوە حەز و ئارەزوە
سێکسیەکانی تێر دەکات و ھەمیش ئەنجامدەری کوشتنەکەیەتی بەوەی پەڵە و
لەکەی سەرشۆڕیەکەی دەشواتەوە .
جۆرێکی تر لە توندوتیژیی ئەو زوڵم و زۆر و کوتان و تێھەڵدان و تف باران
و سەرزەنشتکردن و شەق شەقێن و سەرکوتکردنەیە کە بەشێک لە ژنان لە لایەن
بەشێک لە ھاوسەرە نێرەکانیانەوە ڕۆژانە وەک موچە بۆیان بڕاوەتەوە و لە
ترسی دڕندەیی و بێ بەزەیی پیاوەکانیان ناتوانن ئەم نھێنیانە بدرکێنن تا
دەبنە پاڵنەرێک بۆ بڕیاردانی ژن بۆ بە کۆتا ھێنان بە ژیان و
خۆڕزگارکردن لەو دۆزەخە .
لە وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا و دونیای پڕ شارستانیدا ، جۆرێکی تازە لە
چەوسانەوەی ژنان دەبینین کە بەدەر لە کوشتنی ژن لە لایەن ھەندێ پیاوەوە
، جەستەی ژن وەک کاڵایەکی بێ نرخ بۆ وەدەستھێنانی بەرژەوەندی پیاوان ،
لە زۆربەی میدیاکاندا نمایش دەکرێت و سرنجی نێری پێ ڕادەکێشرێت و ھەندێ
کاتیش تا ئاستێکی ئیجگار نزم نرخی ئەو ژنانە دادەبەزێنرێت ، کە ھەرگیز
ژن بەو پیرۆزیەی خۆیەوە شایانی ئەو سوکایەتیپێکردن و ھەڕاجکردنە نیە !
کەسمان نیە لە کۆڕ و کۆبونەوە و بڵندگۆی مزگەوتەکان و میدیاکان و
گفتوگۆ و ئاخاوتنەکانماندا ( ژن نیوەی کۆمەڵە و دایکی نیوەکەی تریەتی )
و ( بەھەشت لە ژێر پێی دایکان ) دایە بەر گوێمان نەکەوتبێت و ئێمەش
دەیان جار نەماجاکانبێتەوە ، کەچی ھەر خۆشمانین ئەم کارەساتانە بە سەر
ژناندا دەھێنین و لە ھەردوو حاڵەتەکەشدا وەک گورگی ھار تێکیان دەشکێنین
، بۆیە بەڕای من کاتی ئەوە ھاتوە کۆتایی بەو جاوە جاوە بھێنرێت و
یاسایەک سەروەر بێت کە کەس نەتوانێت لە ئاستیدا گەورەتر و سەروەر تر
بێت ، ئەم یاسایە زامنی کۆتاییپێھێنانی چەوسانەوە و توندوتیژییە دژ بە
ژنان نەک شتی تر .
m.zerdeshti@gmail.com
|