په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٥\٢٠١٠

     ژن و شیعر و شاعیر.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

1

شیعرێکم بۆ ئاسمان نووسی
زەوی خۆی لێی توڕە کردم
شیعرێکم بۆ هەتاو نووسی
هەور خۆری لێ وون کردم
شیعرێکم بۆ باران نووسی
تەرزە بەرد بارانی کردم
شیعرێکم بۆ نێرگز نووسی
دەمی دڕکێک پەنجەی گەستم
شیعرێک بۆ خۆشەویستەکەم
هاتن گۆڕیان بۆ هەڵکەندم ؟!


2
چەپکێ ووشەم
لەباخی هەستم چنیەوە و
کردمە دیاری
بۆ خاک و نیشتیمانەکەم
هەموو دایانە پێکەنین
پێیان ووتم
خاک کەی ئیلهامە بۆ نووسین !


3

من و شاعیرێکی پیاو
دوو پارچە شیعرمان نووسی
ئەو شیعرێکی تەڕ بۆ کچێک
منیش کۆپلەیەک بۆ کوڕێک
کوڕەکە هۆنراوەکەمی برد
بە هاوڕێکانی نیشاندا
هەموو کردیان بە گۆرانی
کچەکە خستیە کەنتۆرەکەی
تووند کلیلی دا ؟!


4
ووتم دایە ، گوێم لێ بگرە
ئەم شیعرەت بۆ دەخوێنمەوە
باس لە کیژۆڵەی دەست قڵیشاو
لە مناڵی برسی دەکا
دایکم قاقا پێم پێکەنی !
چەند مناڵی
کەی شیعر برسی تێردەکا !


5
پێنووسەکەم هاتە دوان و
پێ ووتم رێگە نەدەی لەناخمدا
مانای چەند ووشەیەک بڕوێ
(دووڕوویی ،خیانەت ، حەسادەت)
ئەو نەیزانی لەم ووڵاتە بێ ئەمانە
پێنووس، بێ لاشەو، بێ گیانە ؟


6
شیعرەکانی (شیرکۆ بێکەس) فێریان کردم
ئەبێ شیعر گۆرانی بێ
بۆ مناڵە ئەنفالەکان
تۆڵە بێ بۆ جەستەی سووتاو
لووتی بڕاوی کیژۆڵەکان
ئەبێ تاجە گوڵینە بێ
بۆسەر لاشەی شەهیدەکان
تێنەگەیشتم ئێوە هەمووتان شاعیرن
یان بە تەنها (شێرکۆ بێکەس)؟!


7
ووتیان وەرە
گەر دەتەوێ شاعیر بیت و
خاوەن دەنگ و رەنگی خۆت بی
وازبێنە لە شیعری ماچ و خۆشەویستی
لە هەناسەی مناڵێک و
لە عشقی پەپولە و گوڵێک
ئەمە مانای شاعیر نییه‌ ؟!


8
لێوەکانت سوور سوور بکە
بە وێنەی کەو
قژت زەرد بکە وەکو تاڵەکانی هەتاو
بەرگێکی شەراب لەسەر مێزەکەمان بنۆشە
ئەوسا دەڵێن
تۆ ئەو کیژۆڵە شاعیرەی
سەدان ساڵە بۆ شیعر و ووشە دەسوتێی !


9
من نازانم ئێوە شیعرتان لێم دەوێ
یاخود قژ و لێو و گۆنام
ئێوە هاتوون وەسفی ووشەکانم بکەن
یاخود لەشولار و باڵام !


10
من شاعیر نیم
بەڵام ئەگەر لێم بپرسن
کۆرپەی کام هۆنراوە جوانە
دەڵێم ئەوەی
ژانی سروشتی کێشاوە و
بە بێ بەنج و بێ دکتۆر و بێ دەرمانە ؟!
_______________________________________
* دێڕی یەکەم هۆنراوەی بەڕێز (شێرکۆ بێکەس)ی شاعیرە لە کۆپلەی (10).

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر