١٢\١١\٢٠٢٢
ژین وەک
بارمتەیەک.

شێرزاد خدر
حەیدەر
هەر یەکێکمان لە ژیانی خۆمان بە ئەگەری زۆرەوە یەکێک لەو فیلمە
هۆلیودیانەمان بینیووە، کە کۆمەڵێک دز و چەتە بەسەر بانکێک یاخود
دامەزراوەیەکی تری دارایی دادەدەن بە مەبەستی تاڵانکردن و دزینی چی
پارە و کەلوپەلی گرانبەهای ئەو شوێنە هەیە، لە کاتی دەستبەسەرداگرتنی
ئەو بانکە یان ئەو دامەزراوە داراییە دزەکان بە زەبری هێز و چەکی
دەستیان تەواوی ئەو کارمەند و سەردانیەکارانەی لەو شوێنە بونیاندەکەن
بە بارمتەی ژێر دەستیان، بە مەرامی دەربازکردن لە کاتی هەڵاتن بۆ
جێبەجێکردنی دواکارییەکانیان لە لایەنی دەرەوە لە رێگای کوشتن یان
دەستدرێژیی و برسیکردن و ئازاردانی بارمتەکانی ژێر دەستیان.
ئەو نموونەی لەم چەند دێڕەی سەرەوە باسکرا بۆ بەرچاوڕوونیەک و
پێچواندنێکە بە ژیانی هەنووکەیی هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کورستان، کە
چەندین ساڵە وەک بارەمتەیەک لە ژێر حکمڕانی کۆمەڵێک حیزبی خاوەن میلیشا
و گرووپی توندڕەو ژیان دەگوزەرێنن، ئەگەر عێراق وەک بانکێکی پڕ لە پارە
و سەرمایە سەیربکەین و ئەو گرووپ و دەستانەی تر کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە
لە ژێر پەردەی هەڵبژاردن و دیموکراسی دەستیان بەسەر دەسەڵاتداگرتوە و
کاریان بووەتە تاڵانکردنی سەرخان و ژێرخانی ئابووریی ئەم وڵاتە
دەوڵەمەندە وەک ئەو کۆمەڵە دزە دێنە بەرچاو، کە هەڵیانکوتاوەتە سەر
بانکێکی پڕ لە پارە، ئەوا بێگومان پێچواندێکی دروست و ڕووندەبێ بۆ
دەرخستنی حوکمڕانانی ئێستای ئەم وڵاتە.
دەکرێ ئەم دۆخەی خەڵک بە گشییی ناوبنێن بە (ژین وەک بارمتەیەک)، بە
جۆرێک ئەگەر وێنای بانكێکی دەستبەسەرداگیراو لە لایەن کۆمەڵێک چەتە و
دزەوە بچوێنین بە وڵاتێک یان حکومڕانیەکی ئەم جیهانە، بێگومان عێراق و
هەرێمی کوردستان کە یەکێکن لە دەولەمەندترین وڵاتی جیهان و رۆژهەڵاتی
ناوەڕاست بە نەوت و سەرچاوە سروشتییەکانی تر، ئەوا دروسترین نموونە
دەبێ بۆ ناونیشانی ئەم وتارە!
یەکێک لەو نموونە هەنووکەیی و زیندووانەی لەم ماوەیە بۆ سەلماندنی ئەو
راستیەی کاربەدەستانی ئەم وڵاتە چ دزێکی لێهاتوون دزینی سەرمایەی وڵات
بوو وەک دوایەمین دزی زەبەلاح، کە بە دزیی سەدە لە عێراق ناوی
دەرکردوە، لە ماوەی چەند مانگێکی رابردوو ئەمساڵ بڕی ٢.٥ ملیار دۆلار
لە بانکی رافیدەینی حکومی لە لایەن کۆمەڵێک کاربەدەست بە پشتگیریی
تەواو لە حیزبی گەورە! بڕی ٢.٥ ملیار دۆلار ئەگەر بە شێوەیەکی ئاسان و
بازاڕی لێکیبدەینەوە دەکاتە ٢٥٠ هەزار دەفتەر دۆلاری ئەمەریکی، کە ئەم
بڕە پارەیە دەکرا شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ٢٥٠ هەزار خێزانی کرێچی و هەژار
دروستبکرێ یان وەک نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق "جێنین
پلاسخارت" لە تویتێک ئامژەی بەوەدا دەکرا بەم ٢.٥ ملیار دۆلارەی کە
دزراوە ٤٠٠٠ خوێندنگا بنیاتبنرێ لە عێراقێک کە بەشێکی زۆری لە
دانیشتوانکەی لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن و کەرتی پەروەردە و تەواوی
کەرتەکانی تر لەوپەڕی خراپییدان!
ئەگەر هاوڵاتیانی باشوور و ناوەڕستی عێراق ١٩ ساڵ بێ لە ژێر ئەم جۆرە
لە حوکمڕانیە ژین بکەن و لەگەڵ ئەم هەموو دزی تاڵانیەی هەیە وەک
بارمتەیەکی ژێر دەستە بژین، ئەوا لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە زۆر
قورسترە و ئەگەر لەوێ سیستەمێکی دەوڵەتداری مابێ لێرە ئەوەندەش نەماوە
هاوڵاتیان لە هەرێم ماوەی ٣١ ساڵە لە ژێر حوکمیمی تەواو حیزبی و خێڵەکی
خاوەن ملیشیا و داپڵۆسێنەر ژیانێکی بارمەتەیی بەڕێدەکەن، بە شێویەک
ئەگەر بێ و هەر دەنگێکی ناڕازیش هەبێت بۆ قبوڵنەکردنی ئەم دۆخە ئەوا
ڕووبەڕووی کوشتن یان ئازاردان و تەستدرێژییی دەبێتەوە لە لایەن ئەم
جۆرە دەسەڵاتە مافیاگەرییە یاخود ئەگەر بێ و هەر کەسێک بیەوێ لەم دۆخە
خۆی رزگاربکا و رابکا ئەوا هەمدیسان رەنگە لە یەکیک سنوورەکان لە کاتی
جێهێشتنی ئەم دەڤەرە لەناوبچێ یانیش لە دەریای ئیجە جەستەی ببێتە
خۆراکی ماسیەکان.
ئەوەی لەم چەند دێرە گرنگە ئاماژەی پێبدرێ، ئەوەیە ئایا هاوڵاتیان
دەتوانن خۆیان لەم بارمتەیە یان لایەنێک هەیە وەک لە ئێستادا وەک فریاد
ڕەسێک بێ ئەم شێوەیە لە بارمتەیە بگۆڕێ بۆ رزگاربوون لەم کۆمەڵە
دەسەڵاتدارەی وەک دز و چەتە بەربوونەتە داهاتی وڵات و سەرکوتکردنی
خەڵک؟! وڵامەکە بە مخابنیەوە "نەخێرە" ئێستا، چونکە لەم دۆخە پڕ لە
میلیشا چەکدارە حزیبی و تایفەگەری هەیە هەروەها بوونی دەستی وڵاتانی
هەرێمی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، هەوڵی هەر گۆڕانکاریەک بە
کوشتار و لەناوبردن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەری و دەنگی ناڕازی کۆتایی
دێ، وەک ئەوەی لە خۆپێشاندانی چەند ساڵی رابردووی باشوور و ناوەڕاستی
عێراق بە ناوی تشرین زیاتر لە ٨٠٠ هاوڵاتی بە دەستی هێزە ملیشیایەکان
کوژران هەروەها هەرچی هەرێمی کوردستانە هاوشێوەی عێراق لە بوونی هەر
دەنگێکی ناڕازی و داواکاریی بۆ دادپەروەریی و کۆتاییهێنان بەو دزیی و
تاڵانییەی هەیە لە داهاتی گشتی، ئەوا خۆپێشاندەر و دەنگی ناڕازی و
ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ وەک هەمیشە رووبەڕووی کوشتن و لێدان و
دەستدرێژییکردن لە لایەن هێزە میلیشیایەکانی دوو حیزبی دەسەڵاتدار لە
هەرێمی لە کوردستان دەبنەوە، نموونەش بۆ ئەم رستیە نموونەی کوشتن و
تیرۆرکردن ئازاردانی ئەو و سەدان خۆپیشاندەر و ڕۆژنامەنووسەیە لە
ناڕەزایەتیەکانی رابردوو.
لێ ئەم شێوە لە دەسەڵاتداریی هەر چەندێک بخایەنێ بە دڵنیایەوە
کۆتاییەکی هەیە، هاوشێوەی ئەو فیلمە هۆلیودییەی لە دێڕەکانی سەرەتا وەک
نموونەیەکی سادە بۆ شێوەی حکومڕانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان باسکرا،
وەک چۆن کۆتایی ئەو جۆرە فیلمانە، کە دزەکان دوای ماوەیەکی زۆر یان کەم
لە کات تێبپەڕێ و کوشتن و بڕینی زۆرێش ئەنجامبدەن ئەوا دەبێ ئەو بانکە
بە کوژراویی یان بەدەستگیرکراویی و زەلیلی جیبهێلن، هاوشێوە بەمەش
ساتێک دێ ئەم دەسەڵاتەی هەیە هاوشێوەی ئەم دزانەی بانک کۆتاییەکەیان
دەبینین.
sherzad.090@gmail.com
|