په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١١\٢٠٢٢

    ژیان بڕوێنە.

فه‌رهاد مازێ

سووڕانەوە لە رابردوو، ئایندە با
مردووێکین بە ژیان ئاڵوودە
وەک بنێشت و گۆرانی دەم و گوێ دەناسین
مرۆڤ لە گۆرانیی کورت و پایز دەچێ
بە بزە و دڵۆپێ فرمێسک دڵخۆشە
سروشتی بنێشتی هەیە لە دەم
لە ترس و گومان و کەوتندا پایزە
حەزی بە نوێژی خێرایە و مردنی خودا
پڕبووە لە مردنی شیرین و جوان
تەماشای لە رابردوو جێماوە
بیستنی پڕبووە لە ژان
رۆناکیی هەڵگرتووە بۆ خەوی تاریک
پایزە و گۆڕە هەمیشە
لەگەڵ گۆرانیی فێنک نێوانیان خۆشە
کازیوەی پڕبووە لە تەم و تەرمی بریندار
گۆتەی تەمە ژیان
لە ناو تەرمان بێدەنگیی خۆشە
تەم بینین ون ناکا
پڕبووە لە تەماشای سەیر
هەناسەش تەرمە و لە تەمدا بێزار
ژیان لە گۆڕ دەگەڕێ
پەناهەندەیە و ماڵەوە گۆڕە تەم
لە ناو مردووان بێدەنگیی دەزێ
تەرم لە تەمدا ئارام
دەروەوە پڕبووە لە مرۆڤی هار
سروشت ژەهری لێدەڕژێ
مرۆڤ بە خۆی پێدەکەنێ
پڕبووە لە گۆتەی خراپ
لە ناو تەرم و تەمدا ونبووە
بگەڕێوە تا زووە بە ژیان بڵێ لە هارییم ببوورە
بە تەم بڵێ روونبە و بە تەرمیش بڵێ ژیان
بە چاکە بڵێ تۆ ژیانت لە ئاگر رواند
ژیان بڕوێنە، بێ ژیان تەمی ئاوێنەیت
دەرەوە تژیبووە لە تەرم
سەیری ئاوێنە مەکە با شێت نەبی
ئاوێنەش پڕبووە لە تەرمی کۆر و تەمی سۆر
لە ناو ئاوێنە ژیان بڕوێنە
ماسی و مامز، کۆتر و مرۆڤ
شادن بە بڕێ بزە و لەتێ گۆرانی و چنگێ ژیان
بڕۆ ناو ژیان بێ ژیان ئاوێنەش نی
تەمی و بە دڵۆپێک فرمێسک وندەبی
ژیان پڕبووە لە شەوی کورت و تاریکیی درێژ
لە رۆژی درێژ و رۆناکیی کورت
ژیان قورسە و تەمی گرانیی لێدەتکێ
دەرەوە پڕبووە لە تەرمی ماسی و تەرمی کۆتر
لە تەرمی مامز و تەرمی مرۆڤ
لە گەڵاڕشتن ماندووە درەخت
ژیان پڕبووە لە شەوی کورت و تاریکیی درێژ
لە رۆژی درێژ و رۆناکیی کورت
لە تەمی تەرم و تەرمی تەم
سروشتی ئێرە وایە ژیانی لێ دەمرێ
مردن تەمەنی درێژە
تەمی تەرمە لە ژیان دەتکێ
هاربوونت لە رابردوو جێبێڵە
بە کەڵکی ئەمڕۆ نایێ.

 

ماڵپه‌ڕی فه‌‌رهاد مازێ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک