٢١\٧\٢٠٢١
ژیانەوەی ئیسلام و سەرھەڵدانی ئیسلامی سیاسی.

نادر
عەبدولحەمید
١- سەرەتایەک.
ئیسلامی سیاسی چ وەک بزووتنەوەیەک و چ وەک چەمک و زاراوەیەکی
فکری-سیاسییش لە ھەفتاکان و ھەشتاکانی سەدەی بیست بەدواوە برەوێکی زۆری
پەیداکرد و بوو بە جێگەی باسوخواس و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر و تا ئێستاش
ھەر بەردەوامە. چوار دەیەی ڕابردوو (١٩٨٠-٢٠٢٠)، دەیەکانی خرۆشان و
خۆداسەپاندن و بەجۆرێک باڵادەستی ئیسلامی سیاسی و گفتومان (خیتاب)ەکەی
بووە لەناو ھاوکێشە سیاسیەکانی نەک ھەر لە ڕووبەرێکی ناوچەیی وەک
ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵکو لەسەر ئاستی جیھانیشدا.
دواین بەختێک کە یاوەری ئەم بزوتنەوەیە بوو، سواربوونی شەپۆلی ڕاپەڕین
و شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقیا لە (تونس) و (میسر)ی (٢٠١١)دا بوو. لەوە
بەدوا، ئاسۆ و ئاواتی بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، ڕاپەین و
شۆڕشەکان، جێگەی بۆ ھەژمون و دەستبەسەراگرتنی ئەم بزوتنەوەیە
بەسەریاندا تەنگەبەر کردۆتەوە، نمونەی ئەوەش لە بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی
جەماوەری (جەزائیر) و (سودان) و (لوبنان)ی (٢٠١٨ و ٢٠١٩ و ٢٠٢٠)دا بەدی
دەکرێت کە ئەو سەردەمەیان تێپەڕاند بزوتنەوە ئیسلامیەکان و حزب و
ڕێکخراوە سیاسییەکانیان بێ ڕکەبەر وەیا بە ئاسانی بەسەر ئەو بزوتنەوە
جەماوەریانەدا زاڵ بن.
ھەرچی ئیسلامی سیاسییە لە عێڕاقدا، نەک لە ڕێگەی بزوتنەوەیەکی
جەماوەریەوە، بەڵکو ھاوڕای دەبابەکانی ئەمریکی و داگیرکردنی عێراق و
وەک بەشێک لە پڕۆژەی ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، دەستیان لە
دەسەڵات گیربوو. ھێشتا تەواو دەسەڵاتیان سەقامگیر نەبوو بوو کە
ڕووبەڕووی شەپۆلی خۆپێشاندانی بەرفراوانی جەماوەری بوونەوە، ھەر لە
(٢٠١١ و ٢٠١٥ و ٢٠١٨) وە تا بەرزبوونەوەی بۆ ڕاپەڕینی (٢٠١٩) و
شەقوشڕکردنی تەختوتاراجی دەسەڵاتیان.
لە ھەرێمی کوردستانی عێڕاقیشدا، گروپ و ڕێکخراوەکانی ئیسلامی سیاسی،
دوای پێکھەڵپڕژانێکی چەکدارانەیان لەگەڵ ھێزەکانی ناسیونالیزمی کوردیدا
لە دەیەی نەوەتەکانی سەدەی بیست تا ھەڵمەتی سەربازی ئەمریکی بۆ
ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس لە (٢٠٠٣)دا، بەجۆرێک سازان لەگەڵ ناسیونالیزمی
دەسەڵاتداری کوردستان و بوون بە بەشێک لەو دەسەڵاتە و لە
ئۆپۆزیسیۆنەکەی، بەجۆرێک کە ھەمیشە قاچێکیان لەناو دەسەڵات و قاچێکیان
لەناو ئۆپۆزیسیۆنی ناسیونال لیبڕاڵی کوردستاندایە.
گەرچی ھاوڕای (بزوتنەوەی گۆڕان)، وەک بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی لە ساڵەکانی
(٢٠١١ تا ٢٠١٤) لەناو بزوتنەوەی ناڕەزایەتیدا نفوزێکیان پەیدا کرد،
بەڵام دوای ئەوە، بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان و شەپۆلە بەرفراوانەکانی
خۆپێشاندان، ئیسلامیەکان و خودی (گۆڕان) و ئۆپۆزیسیۆنی ناسیوناڵ
لیبڕاڵیشی بەجێھێشتووە. ئەوەی کە بۆچی چەپ و کۆمۆنیزمی کوردستان
نەیتوانیوە لەم بۆشاییە سیاسییەدا نفوز پەیدا بکات لە ناو
ناڕەزایەتیەکاندا و جڵەوبگرێت و ڕابەر بێت، باسێکی ترە و بۆ کاتێکی تری
بەجێدێڵین.
٢- بۆچوون و لێکدانەوەکان لەسەر بوژانەوە و سەرھەڵدانی ئیسلامی سیاسی.
*- بەشێک لە بۆچون و لێکدانەوەکان پێیان لەسەر ئەوە داگرتووە کە
وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا بەتایبەت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە
ھاوکاری وڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەژێر پەردەی
دژایەتی کۆمۆنیزم، بۆ بەرگرتن بە نفوز و ھەژموونی ڕوو لە زیاد بووی (یەکیەتی
سۆڤیەت)ی ئەوکاتە و دژایەتی ئەو ڕژێمانەی کە ھاوپەیمانەتی دەکەن
لەگەڵیا، ھەڵساون نەک ھەر بە پاڵپشتی ئەو گروپ و ڕێکخراو و کۆمەڵە
ئیسلامیانە، بەڵکو بەجۆرێک دەستیشیان ھەبووە لە شڵگیری و وەڕێخستن و
بەکارھێنانیان وەک چەکێک لە کێشمەکێش و جەنگیان بەدژی (بلۆکی ڕۆژھەڵات)،
نمونەکانیشیان لە ھاوکاری ڕژێمی سعودیە بۆ (برایانی موسڵمان - إخوان
المسلمین) لە وڵاتانی عەرەبی و چەکدارکردن و گیرفانپڕکردن (تەمویل)ی
گروپە ئیسلامیەکان لەزوربەی وڵاتانی ناوچەکەدا، بەتایبەتیش لە
ئەفغانستان.
**- بەشێکی تر پێیان لەسەر ئەوە داگرتووە، شکستھاتنی پڕۆژەی
ناسیونالیزمی میلیتانتی عەرەبی لە ھێنانەدی یەکپارچەگی (وەحدەی) جیھانی
عەرەبی و تێکشکانی لە جەنگەکانی (١٩٤٨)، (١٩٦٧) و (١٩٧٣)ی نێوان وڵاتە
عەرەبیەکان و ئیسڕائیلدا، ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لەبەرامبەر
ناسیونالیزمدا وەک ئاڵتەرناتیڤێکی بورژوازی ھێناوەتەمەیدان.
***- بەشێکی تر لەو ڕوانگەوە بۆی چوون کە گەشەی سەرمایەداری لە وڵاتانی
ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و قەیرانە ئابووریەکانی و سەرھەڵدانی بزوتنەوە
ناڕەزایەتیەکان، ھاوڕای ئیستیبدادی ڕژێمە پۆلیسی و فاشیستەکان بەتایبەت
بەدژی ڕەوت و ڕێکخراوە و حزبە چەپ و سۆشیالیستەکانی ئەو سەردەمە و
ڕاوەدونان و گرتن و شکەنجەی ھەڵسوڕاوانی کرێکاری و ڕێگەنەدان بە
ڕێخکراوەی سەربەخۆ و سەندیکای ئازاد لە دەوڵەت و دەسەڵات، مەیدانی
ئاوەڵاکردۆتەوە بۆ ڕەوتە ئیسلامیەکان، بەتایبەت خودی ئەم ئەرکەی
دەوڵەتی بورژوازی لە سەرکوتی بزوتنەوەی کرێکاری و چەپ و "سۆشیالیستی"
ئەو کاتە، پێویستی بە ڕەواجدان بە فکر و نەریتی کۆنەپەرستانەی ئایینی
ھەبووە و مەیدانی لانی کەم لەسەرەتادا بۆ پەرەسەندن و باڵادەستی فکری
ئیسلامی ڕەخساندوە.
بەم پێیە سەرکوتی سیاسی بزوتنەوەی چەپ و بزوتنەوەی کرێکاری و ئەو جۆرە
لە کۆمۆنیزمی لەئارادابووی ئەوکاتە، لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتیە
جەماوەریەکان، ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لەبەرامبەر ناسیونالیزمدا وەک
ئاڵتەرناتیڤێکی بورژوا کۆنەپەرستی دژە سێکیولار و دژە ژن و دژە
ئازادیخواز بەرجەستەکردۆتەوە، تا سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان و
ڕاپەڕین و شۆڕشەکان ببن و ڕۆڵی دژە شۆڕشی بگێرن بۆ لەباربردن و
سەرکوتکردنیان، لە ڕێگەی وەلانانی دەسەڵاتە ناسیونالیستەکانەوە. نمونەی
ئەمەش ڕۆڵی بەرچاوی ئەو ڕەوتە ئیسلامییانەیە لە میسر و سودان و
جەزائیری دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیست، لەگەڵ ڕۆڵی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی
وەک دژە شۆڕشێک لە شۆڕشی ئێرانی (١٩٧٩)دا، ئەمە جگە لە ڕۆڵی دژە
شۆڕشانەیان لە شۆڕشەکانی تونس و میسری (٢٠١١)دا.
٣- واوەتر لەم ڕاستیانە.
بۆچوون و لێکدانەوەکان زۆرن و ئێمە لێرەدا لەوە زیاتر بەدوای خستنەڕووی
ئەو ڕوانگانەوە نین، بەڵکو ئەوەی مەبەستمانە ئەوەیە کە ھەر یەکێک لەو
ڕوانگە و بۆچوونانە ڕاستی و واقعیەتێکی تێدایە، بەڵام واقعیەتی ئەم
ڕەوتە کۆمەڵایەتیە سیاسیە فراوانترە لە ھەر یەکێک لەو ڕاستیانە و لە
کۆی گشتیشیان.
ئیسلامی سیاسی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی و فکری مێژووەکەی
دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە. پەیوەستە بە داڕمان و لەبەریەک
ھەڵوەشانەوەی دەرەبەگایەتی و سیستمە ئابوریە کۆمەڵایەتیەکانی بەر لە
سەرمایەداری و سەرھەڵدان و گەشەی سەرمایەداری، کە ئەمەش واتا پوکانەوە
و نەمانی چینە کۆنەکانی ئەو کۆمەڵگا پێش سەرمایەداریانە و دەرکەوتن و
شکڵگیری چین و توێژی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆری تازە، پێ بە پێی سەرھەڵدان و
گەشەی سەرمایەداری.
بوژانەوەی ئیسلام و سەرھەڵدانی ئیسلامی سیاسی دیاردەیەکە لە
کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە ھاوڕای ئەو پڕۆسەی سەرھەڵدان و گەشەی
سەرمایەداریە و ئاڵوگۆڕەکانیەتی لە پێکھاتەی چینایەتی کۆمەڵگاکانی
ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
(جەمالەدینی ئەفغانی) و (محمد عەبدە) لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا،
بەشێک بوون لە بانگەوازخوازانی پێشکەوتن و وەرگرتنی زانست و مەعریفەی
سەردەم و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگاکانی ئەو ناوچەیە و بەدەستھێنانی
سەربەخۆیی دژ بە داگیرکاری ئیستیعماری ئینگلیزی و ئەوروپی، وە بۆ ئەو
مەبەستەش ھەوڵدان بۆ شکڵپێدان و داڕشتنی فکر و ئایدیۆلۆژیایەک کە
ھاوڕای ئەو جوڵە مێژووییە بێت کە کۆمەڵگەی داگرتووە. ئەوان لە دۆستانی
نزیکی (خدێوی ئیسماعیل پاشا) فەرمانڕەوای میسر بوون کە ھەڵساوە بە
چاکسازی ئیداری، یاسایی و دادگا، ئابوری و پیشەسازی و تەندروستی ... (ئیسماعیل
پاشا) دادەنرێت بە دووەم دامەزرێنەری میسری ھاوچەرخ دوای باپیرەگەورەی
خۆی (محەمەد عەلی پاشا) وەک دامەزرێنەری یەکەم.
بەم پێیە بوژانەوەی ئیسلام و سەرھەڵدانی ئیسلامی سیاسی لەسەرەتاکانیدا
نەک پڕۆژەیەک بووبێت بۆ گەڕانەوە بۆ دواوە، بەڵکو بۆ ھاوڕایی و ھەروەھا
ئاڕاستەپێدانی ئەو جیھانە تازە و پێشکەوتووە بووە کە خەریکە سەردەردێنێ،
لەسەر داڕمان و ھەڵوەشانەوەی جیھانی کۆن. وە ئەمەش بە ئاشکرا لە ھەوڵ و
کۆششە فکری و سیاسیەکانی (جەمالەدینی ئەفغانی) و (محمد عەبدە)ی میسڕیدا
دەردەکەوێت.
ھەروەک چۆن بورژوازی تازە پێگەیشتووی ئەوروپی لە کۆتایی چاخەکانی
ناوەڕاست و سەردەمی شۆڕشە بورژوازیەکاندا پەنای بردەبەر زیندووکردنەوەی
بیرۆکەی کۆماری (جمھوریەتی) یۆنانی کۆن و سوننەتە سیاسیەکانی ئەو کاتە،
ئاواش بورژوازی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ داڕشتن و شکڵپدانی
ئایدیۆلۆژیەکی خۆی دەگەڕێتەوە سەر بیرۆکە کۆنەکان و داڕشتنەوەیان و
گونجاندنیان لەگەڵ سەردەمی تازە و بەرژەوەندی چین و توێژە تازە
شکڵگرتووەکاندا.
بەدیوێکی تردا ئیسلام وەک چۆن لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، لە ناو
ئیمپڕاتۆریە جۆراوجۆرەکانی سەردەمی دەرەبەگایەتیدا ئایدیۆلۆژیای
ڕێکخەری ژیانی کۆمەڵایەتی بووە لە بەرژەوەندی دەرەبەگەکان و چین و
توێژە دارا و دەسەڵاتدارەکانی ئەو سەردەمانە، ئێستا بە بەسەرچوونی ئەو
بارودۆخە کۆنە، خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ سەردەمی تازە و بەرژەوەندی چین و
توێژە دارا و دەسەڵاتدارەکانی سەرمایەداریدا تا ببێتە ئایدیۆلۆژیای
ڕێکخەری کۆمەڵگەی سەرمایەداری.
بەدڵنیاییەوە ڕەوت و مەیلی تری بورژوزایش ھەر لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا
لە ئارادابوون کە پەنایان نەبردۆتەبەر گەرانەوە بۆ ئەو ئەمبار (مەخزون)
و پاشخانە فکری و کڵتوریە، بەڵکو لە پەیوەند بە فکری سەردەمی ئەو کات و
ئێستاوە ھەوڵیانداوە و ھەوڵدەدەن بۆ داڕشتن و شکڵپدانی ئایدیۆلۆژی بۆ
چین و توێژەکانی بورژوازی چ لەسەردەمی سەرھەڵدان و پڕۆسەی
بەسەرمایەداری بوونی کۆمەڵگە و بەدەسەڵات گەیشتنی بورژوازیدا، وەچ
لەسەردەمی گەشە و قەیرانەکانیشیدا. ئیسلامی سیاسی یەکێک لەو ڕوەوتانەیە
و باسەکەی ئێمە لێرە تایبەتە بەو.
ئەوەی کە بورژوازی ئەوروپی لە دەرەوەی ئایینی مەسیحی ئەلگۆ فکری و
سیاسیەکانی خۆی پەیدا کردوە بە گەڕانەوەی بۆ فەرھەنگ و کڵتور و سوننەتی
چینە باڵادەستەکانی یۆنان و ڕۆمای کۆن، بورژوازی تازە سەرھەڵداویش لە
خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، گەڕاوەتەوەسەر ئەمبار و پاشەکەوتی فکری و
سوننەتی چینە دارا و باڵادەستەکان کە لە مێژووی ناوچەکەدا لەبەردەستدا
بووە.
٤- دوو ئیسلامی سیاسی جیاواز.
ئەگەر سەرەتاکانی بوژانەوەی ئیسلام و سەرھەڵدانی ئیسلامی سیاسی لە
دەیەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدەدا ڕوخساری سەرمایەداریەکی تازە سەرھەڵداوی
ڕوو لەگەشە و پێشکەوتن و زانستخوازی مۆدێرنی لەخۆیدا ڕەنگپێدابێتەوە،
ئەوا سەدەیەک دواتر لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیستدا، ڕوخسار و ڕۆڵی
ئیسلام و ئیسلامی سیاسی پێچەوانەی سەرەتاکانیەتی. ئەم چارەنوسەش لە
پڕۆسەیەکدا لە میانەی سەدەی بیستەمدا پێ بە پێی گەشە و کامڵبوونی
سەرمایەداری وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و سەرھەڵدانی قەیرانە ئابووری
و سیاسیەکان، وە ھاوڕای کامڵبوونی شکڵگیری و ھاتنەمەیدانی ئەو چینە
چەوساوەی کە ھەڕەشەیە بۆسەر ئەو سیتمە، ڕۆڵ و نەخشی ئیسلام و ئیسلامی
سیاسی و ڕوخسارەکەی ئەو ئەرکە مێژووییە دیاریدەکات کە سەرمایەداری بۆ
مانەوەی خۆی خوازیاریەتی لێی و دەبێتە بەشێک لە جوڵانەوەیەکی دژە
ئازادیەکانی ناو کۆمەڵگە، دژە مۆدێرنیزم، دژە ژن، و دژە کۆمۆنیزم و دژە
بزوتنەوەی کرێکار و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی. بەمانایەک دژی ھەموو ئەو
شتانە کە مەیدان ئاوەڵادەکات بۆ گەشە و بەرەوپێشچوونی بزوتنەوەی
سۆشیالیستی چینی کرێکار. ئەمەش زۆر ڕون و ئاشکرا ڕۆڵ و نەخشی دژە
شۆڕشیە کە لە پێناو پاراستن و ھێشتنەوەی ھەم سیستمەکە و ھەم دەسەڵاتی
بورژوازی لەو ھەڕەشەیەی کە بوونیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئەم بزوتنەوەیە لە چەند وڵاتێک گەیشتۆتە دەسەڵات (ئێران، تورکیا، تونس،
سودانی پێش ٢٠٢٠، ئەفغانستان، میسریش بۆ ماوەیەکی کەم)، کرێکار و
زەحمەتکێش، ژنان و ئازادیخوازان، ھەڵسوڕاوانی مافەکانی مرۆڤ،
ڕۆژنامەنوسان، ھەڵگرانی ئایین و مەزھەبی جیا لە ئایین و مەزھەبی ڕەسمی
دەوڵەت، نەتەوە ژێردەستەکانی ناو ئەوڵاتانە، ... ئەزمونێکی تاڵ و پڕ لە
چەوسانەوە و بەرگرییان بەڕێکردوە لەسەر دەستی ڕژێمەکانی ئەو وڵاتانە.
ئەمە وێڕای وەحشیگەریەکانی (تاڵەبان) و (ئەلقاعدە) و (داعش) و (بۆکۆ
حەرامی) و ... گروپە ترۆریستەکانی تریان. ئەوەی کە پێشووتر بەناوی (ئیسلام
چارەسەرە) دەخرایەڕوو، لە ژیانی واقعی ملیۆنان ئینساندا بە بەھای
سەرکوت و کوشتار و وەحشیگەری تەواوبوو.
ئیسلامی سیاسی لەمڕۆدا نەک ھەر نامۆ بووە بە بزوتنەوە ناڕەزایەتیە
جەماوەریەکان، بەڵکو بەکارھێنانیشی وەک ئامڕازێک لەلایەن بورژوازیەوە
لە ئیعتیبار کەوتووە.
لە ھەردوو سەردەمەکەدا چ لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدە و چ لە
دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیستدا، یەکێک لە خسڵەتەکانی ئیسلامی سیاسی
گەڕانەوەیە بۆ سەرەتاکانی ئیسلام و سوننەت و کڵتورەکەی، بەڵام بۆ دوو
مەبەستی جیاوازی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە لە ھەردوو حاڵەتەکەشدا ڕێک
ھاتوونەتەوە چ لەگەڵ پێداویستیەکانی گەشە و سەرھەڵدانی سەرمایەداریدا
لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا وە چ لەگەڵ پێداویستیەکانی قۆناغی
گەندیدەگی سەرمایەداری و قەیرانە ئابوری و سیاسی و فکریەکانی لە
ئێستادا.
٥- ئاکامگیری.
ئسلامی سیاسی دیاردەیەکی ڕێکەوت نیە، دەستکردی ئیمپریالیزم نیە، تەنھا
پەیوەست نیە بەسەردەمی کۆتایی سەدەی بیست و ئێستاوە، بەڵکو
بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسیە، ڕەگەکان و مێژووەکەی تێکەڵ
بەسەرھەڵدان و گەشەی سەرمایەداریە، پڕۆسەیەکی لە ژیانی خۆی بڕیوە، چۆتە
قۆناغی گەندیدەگی و داڕزانەوە، جۆرەھا لق و پۆپ و ئاڕاستەی دژ بەیەکی
لێ دەرھاتووە، بەم پێیەش دژایەتی ئەم بزوتنەوەیە پەیوەستە بە دژایەتی
خودی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازیەوە، بەواتایەکی تر ڕەخنەکردن و
دژایەتی ئەم بزوتنەوە کۆنەپەرستە پێویستە بکرێتە دەروازەی ڕەخنە لە
سەرمایەداری و بورژوازی و دەسەڵاتەکەی، وە لێرەوەیە کە ڕۆڵی
کۆنەپەرستانە و دژە شۆڕشیانەی دەتوانرێت لە مەنگەنەی شۆڕشگێڕانە بدرێت.
سەرەتای تەمووزی
٢٠٢١
ماڵپهڕی
نادر عەبدولحەمید
|