ژیانی
کرێکاران له نێوان دروشمی یه‌کی ئایار و جێبه‌جێنه‌کردنی چه‌ند
یاسایه‌ک.
راپۆرتی: شوان سدیق
هه‌رچه‌نده کرێکاریی له کوردستان و عێراق پیشه‌یه‌که تا ئێستا
خوێندنه‌وه‌یه‌کی پۆزتێڤانه، یاخود پێناسه‌یه‌کی گشتی بۆ نه‌کراوه،
به گوته‌ی شاره‌زایان ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆ هه‌لومه‌رجی
ئابووریی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، که کرێکار نه‌ناسراوه و هه‌روه‌ها
مافه سه‌ره‌کییه‌کانیشیان بۆدابین نه‌کراوه. سه‌ندیکا کرێکارییه‌کانیش
راپۆرتێک پێشکه‌ش به حکومه‌تی هه‌رێم ده‌که‌ن، وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن "بۆ
ئه‌وه‌ی مافه سه‌رکییه‌کانی کرێکاران دابین بکرێت".
له لای خۆیه‌وه محه‌مه‌د ئه‌حمه‌دی کرێکار وه‌ک خۆی باسی کرد
بێئومێده له سه‌ندیکا و وه‌زاره‌تی کار و ده‌ڵێت "من ماوه‌ی شه‌ش
ساڵه کار ده‌که‌م هیچ گۆڕانێک به‌سه‌ر جۆر و چۆنییه‌تی ژیان و
کارکردنمدا نه‌هاتووه و تا ئێستاش نه‌متوانیوه به پاره‌ی کرێکاری سه‌فه‌ری
وڵاتێکی دراوسێ بکه‌م. ئه‌و گه‌نجێکی کرێکاره و ته‌مه‌نی 21 ساڵه، له
ته‌نیشت باره‌گای سه‌ندیکای گشتی کرێکاران له شاری هه‌ولێر له نێو
چاڵی پڕۆژیه‌کدا سه‌رقاڵی کارکردنی خۆی بوو. محه‌مه‌د گوتیشی "نازانم
سه‌ندیکا ئیشی چییه، من هه‌ر رۆژه‌ێک له‌گه‌ڵ که‌سێکدا کار ده‌که‌م،
بۆیه ئه‌گه‌ر نه‌زام سه‌ندیکا ئیشی چییه هۆکاره‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ هه‌ردوولامان. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیش و کاره‌کانی هه‌ردوولامان رێک نه‌خراون".
یه‌کی ئایار هه‌موو ساڵێک وه‌ک سیمبوڵ و جه‌ژنێکی تایبه‌ت به کرێکاران
ئه‌م رۆژه به هه‌ند ده‌نرخێنرێت، که زۆرێک له کرێکارانی جیهان له‌م
رۆژه‌دا ده‌ست له کارکردن هه‌ڵده‌گرن و دروشمی یه‌ک ریزی کرێکاری و
داوای دابینکردن و ده‌سته‌به‌رکردنی ژیانی کرێکاری ده‌خوازن.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له قسه‌کانی سامر محه‌مه‌د به‌دی ده‌کرا، رۆژی (1)ی
ئایاریش کرێکاری ده‌کات، وه‌ک خۆی گوتی " له‌به‌رئه‌وه‌ی رۆژێک بۆ ئێمه
زۆره، چونکه ژیانی ئێستامان به به‌راورد به ساڵانی تر گۆڕاوه و
نرخی کاڵا و شتومه‌که‌کان له‌به‌رزبوونه‌وه دان".
به‌ڵام هه‌نگاو عه‌بدوڵڵا سه‌رۆکی گشتی سه‌ندیکا کرێکارییه‌کان، پێی
وانییه که ژیانی کرێکاران ئێستا خراپ بێت له چاو ساڵانی رابردوو و
گوتی "ژیانی کرێکارانی کورد له ئێستادا به به‌راورد به ساڵانی
رابردوو گۆڕانێکی نه‌وعی به خۆوه بینوه، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه
نییه که بڵێین کرێکارانی کوردستان ژێرخانی ئابووریان باشه، نه‌خێر
تا ئێستا خزمه‌تی کرێکاران له کۆمپانیا و رێکخراو و داموده‌زگاکان به
ته‌واوی بۆیان هه‌ژمار نه‌کراوه، به‌ڵکو ئێمه له‌م رۆژه‌دا داوا ده‌که‌ین،
که‌بۆیان هه‌ژمار بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووریان باشتر بێت".
به‌پێی یاسای کارکردن ئه‌و لایه‌نه‌نانه‌ی که مۆڵه‌تی کارکردنیان پێده‌درێت،
پێویسته ره‌چاوی ته‌مه‌ن بکه‌ن و نابێت منداڵ و هه‌رزه‌کار له خوار
ته‌مه‌نی (18)ه ساڵیه‌وه کاریان پێ بکرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ
به‌رچاو ده‌که‌وێت، له نێو شه‌قام و بازاڕه‌کانی شاردا هه‌رزه‌کاران و
منداڵانێک به‌ر دید ده‌که‌ون، که ته‌مه‌نیان له خوار ئه‌و
رێژه‌یه‌وه‌یه.
هه‌ڤاڵ شوکری محه‌مه‌د ته‌مه‌ن 17ساڵ وه‌ک باسی کرد ئه‌و دوو ساڵه
کرێکاری ده‌کات و گوتی "وه‌ک کرێکاره‌کانی تر هه‌ر رۆژه و له شوێنێک
کار ده‌که‌م، به هۆی خراپی باری ژیانمانه‌وه، نه‌رۆیشتوومه‌ته
قوتابخانه و ئێستا له‌گه‌ڵ کۆمپانیایه‌کی پاککه‌ره‌وه‌ی شاردا کار
ده‌که‌م". هه‌ڤاڵ مه‌حه‌مه‌دی 15 ساڵی هاوته‌مه‌نیشی هه‌مان ئیش
ده‌کات، ئه‌و خۆی سه‌رقاڵکردبوو به پاککردنه‌وه‌ی فڵچه‌که‌ی
ده‌ستیه‌وه.
هه‌رچه‌نده به‌ڕێوه‌به‌ری کار و ده‌سته‌به‌ری گه‌ره‌نتی له
وه‌زاره‌تی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی ئامادده‌ی قسه‌کردن نه‌بوو، به‌ڵام
هه‌نگاو عه‌بدوڵلا سه‌رۆکی سه‌ندیکا کرێکارییه‌کان، هۆکاری کارپێکردنی
منداڵانی له لایه‌ن کۆمپانیا و شوێنه‌کانی تر بۆ وه‌زاره‌تی کار
گه‌ڕانده‌وه و گوتی "که‌مته‌رخه‌میه‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌زاره‌تی
کار له به‌دوادانه‌چوونی ئه‌م گرفته، چونکه ئه‌وان داوایان له
ئێمه کردووه که نوێنه‌رمان هه‌بێت، له لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و
دۆسێیانه، به‌ڵام ئێمه نوێنه‌رمان هه‌یه پێویسته لێکۆڵینه‌وه‌کان
وه‌زاره‌ت بیکات، چونکه ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتی یه‌که‌من".
سه‌رۆکی گشتی سه‌ندیکا کرێکارییه‌کان هێماشی بۆ ئه‌وه کرد، که
سه‌ندیکا پێشنیارێک به‌رز ده‌کاته‌وه، بۆ لایه‌نی ده‌سه‌ڵات بۆ
ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کرێکارانی پێبکرێت، که چه‌ند خاڵێکه.
یه‌کێک له‌و خاڵانه که زۆر گرنگه کارپێکردنی منداڵان و کاری گرانیش
به هه‌رزه‌کاران. هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی کار و کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی
تا ئێستا مادده‌ی (85)ی له یاسای ژماره (39)ی ساڵی 1971ی خانه‌نشین و
ده‌سته‌به‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی جێبه‌جێ نه‌کردووه، بۆیه داوا ده‌که‌ین
جێبه‌جێ بکات.
هه‌نگاو عه‌بدوڵڵا گوتیشی "له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمیشه‌وه تا ئێستا
مادده‌کانی (81،82،83،84،85،) له یاسای ژماره (39)ی ساڵی 1971ی
خانه‌نشین و ده‌سته‌به‌ری کۆمه‌ڵاتی کاری پێنه‌کراوه، بۆیه پێویسته
حکومه‌ت په‌له بکات له کارپێکردنیان، بۆ ئه‌وه‌ی کرێکاران مافه
سه‌ره‌کییه‌کانیان بۆ بگه‌ڕێته‌وه".
بۆ وه‌ڵامی چه‌ند پرس و دۆسێیه‌کی تایبه‌ت به کرێکاران سه‌ردانی
به‌ڕێوه‌رایه‌تی کار و ده‌سته‌به‌ر و گه‌ره‌نتیمان له وه‌زاره‌تی کار
و کاروباری کۆمه‌ڵاتی کرد، به‌ڵام مه‌حمود شێخانی به‌ڕێوه‌به‌ر وه‌ک
خۆی گوتی "ناتوانم به بێ مۆڵه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی هیچ لێدوانێک بۆ
رۆژنامه بده‌م و ناوبراویش سه‌فه‌ری کردووه".
shwansdiq@yhoo.com
|