٢٧\٦\٢٠١٣
ژیانی تریفە و
منداڵە نۆ مانگییەکەی بپارێزن.
یاداشت بۆ:
-
سەرجەم رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.
- رێکخراوە کوردیەکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان لە دەرەوەی وڵات.
- فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی.
- کۆمیتەی بەلجیکا بۆ ھاوکاری پەنابەران.
- سەرجەم رێکخراوەکانی ژنان لە کوردستان.
تریفە خەلیل حسێنی تەمەن ٣١ ساڵ ، خەڵکی یەکێک لەقەزاکانی سەر سلێمانی،
چەند رۆژێک دوای لەدایکبوونی تریفە باوکی بەھۆی کێشەی عەشایەریەوە
کوژراوە، دایکیشی دوای چوار ساڵ لەکوژرانی مێردەکەی، تریفەو براکەی
بەجێی ھێشت، براکەی تریفە ساڵی ١٩٩٦ مینی پێدا تەقیوەتەوەو گیانی
لەدەستدا، بەمشێوەیە تریفە بەتەنھا مایەوەو ماڵی مامی گرتیانە خۆیان،
ساڵی ٢٠٠٨ تریفە کوڕێکی خۆشویستووە، کورەکە چەند حار چۆتە داوای ،
بەڵام ماڵە مامی تریفە بەوە رازی نابن، دواتر تریفەو خۆشەویستەکەی
بریاری ھاتنە دەرەوە دەدەن و دێنە وڵاتی بەلجیکا.
تریفە و مێردەکەی کە خاوەنی ژمارە (R.R.NR
: ٠٨٢٠٠٠٠٦١٠٤٥) و (REF : ٦٧٩٥٨٦٤)ی
فەرمانگەی داوای پەنابەرێتی بەلجیکان، بەرواری ١٤ - ٣ - ٢٠١١ لەبەلجیکا
داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن و لە ٢٠ -١ - ٢٠١٢ و ٨ - ٢ - ٢٠١٢ بەدوو
جارو دوو بریاری جیاواز داوای پەنابەرێتیەکەیان رەتدەکرێتەوە، دوای
چەندین ھەوڵی ترو ئاگادارکردنەوەی چەند رێکخراوێک لەدۆسیەکەی تریفە،
بەڵام ھێشتا ھەر بێ ئەنجام بووە، لەبەرواری ٩ - ٩ - ٢٠١٢ تریفە کچێکی
دەبێت لەمێردەکەی، پێش چەند مانگێک و لەبەرواری ١٥ - ١ - ٢٠١٣ بەھۆی
رەتکردنەوەی داوای پەنارێتی بۆ سێھەمین جار، تریفە لەخانووی سۆسیال
دەردەکرێت و لەو رۆژەوە تا پێش ھەفتەیەک لەسەر شەقام دەژی، چەند مانگێک
بەر لەئێستاش مێردی تریفە بەھۆی کێشەوە دەخرێتە زیندان و لەئێستادا
تریفە لەمێردەکەی جیابۆتەوە.
دوای ئەوەی رێکخراوی ئاسودە لەکوردستان بەدواداچوونیان بۆ راستی و
دروستی کێشەکەی تریفە کردووەو دڵنیابوونەتەوە لەراستی کێشەکەی،
نوسراوێکی پشتگیریان لەبەرواری ١٣ - ٦ - ٢٠١٣ بەزمانی ئینگلیزی بۆ
کردووەو ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە، بەو پێیەی
لەکلتوری کوردیدا بەھەمان شێوەی کلتوری وڵاتە ئیسلامیەکانی تر پرۆسەی
پاککردنەوەی شەرەف (غسل العار) لەئارادایە، بۆیە ئەگەر تریفە بگەرێتەوە
کوردستان لەلایەن ماڵی مامی و کەسوکاریەوە خۆی و منداڵەکەیشی دەکوژرێن،
ھەروەک چۆن لەماوەی رابردوودا چەندین کچ و ژن لەو ھەرێمە بەبیانووی
پاراستنی شەرەفەوە کوژراون، بەشێوەیەک کە قەسابخانەیەک بۆ ژنان و کچان
دروستکراوھو حکومەتی ھەرێمیش لەئاستی ئەم قەسابخانەیە بێدەنگ و بێ
دەسەڵاتە.
لێرەوە رایدەگەیەنین بۆ ھەموو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی
ژنان لەکوردستان و ئەو رێکخراو و ناوەندانەی تر کە یاداشتەکەیان
ئاراستە دەکەین، سەلامەتی گیانی تریفەو منداڵە نۆ مانگییەکەی لە
مەترسیدایە، چونکە بەھۆی ھەڵھاتنیەوەو ھاوسەرگیری بەبێ رەزامەندی
بنەماڵەکەی، ئەگەر بگەرێتەوە کوردستان دەیکوژن، ئەگەریش لێرە مافی
پەنابەری پێنەدرێت وەک خۆی دەڵێت توانای ژیانی نەماوەو پەنا بۆ خۆکوشتن
دەبات، بۆیە داواکارین کە:
یەکەم: بەزووترین کات ھەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ دابینکردنی شوێنی شیاو
بۆ ژیانی تریفە و منداڵەکەی.
دووەم: داواکارین ئەو رێکخراوانە ھەوڵێکی گشتگیر بدەن بەمەبەستی
فشارخستنە سەر فەرمانگەی مافی پەنابەری لەبەلجیکا، بۆئەوەی مافی مانەوە
بەتریفەو منداڵەکەی بدەن.
ئێمە وەک رێکخراوی ئاسۆ بۆ ئینتیگراسیۆن و ھاوکاری رەوەندی کوردی لە
بەلجیکا (Associatie
Voor Solidariteit en Orientatie (ASO، بەر لەھەفتەیەک
بەدۆسیەکەی تریفەمان زانی و توانیمان بۆ ماوەیەکی کاتی و دیاریکراو
شوێنی مانەوەی لەرێگەی ئەندامانمانەوە بۆ تریفە و منداڵەکەی دابین
بکەین، ھەفتەی داھاتوو تریفە بۆ جاری چوارەم داوای مافی پەنارێتی
تۆماردەکات و ئێمەش بەپێی توانا ھاوکاری دەکەین.
بۆ پەیوەندیی: فەرمان چیمەن ٠٠٣٢٤٨٨٠٥٥٩٢٩.
رێکخراوی ئاسۆ
٢٦\٦\٢٠١٣
- بەلجیکا
aso.belgium@gmail.com
|