٥\٨\٢٠٢٠
ژیان لە بۆشاییدا
پرسیارێکی سەرسوڕێنەر بۆ پەراوێزخراوەکان.

سمکۆ محەمەد
ژیان چییە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە لەنێو کەوانەدا کە ھەم ئاڵۆزە لەرووی
زانستییەوە، ھەم تێکەڵ بە پرسیارە بوونخوازییەکانی فەلسەفە دەبێت،
مەبەست لە بوونخوازی ئەوەیە کە موناقەشە بۆ تێگەیشتن لەنێوان ماتریاڵ و
ئایدیاڵ سەبارەت بە ژیان و قوربانی لەیەکتر نزیک دەکاتەوە.
وەڵامی ئەم پرسیارە لەوێدا دەدرێتەوە کە سەرەتاییترین زانیاری ئەوەیە
ژیان دوو رەھەندی ھەیە بۆ تێگەیشتن، یەکەمیان روحە بۆ ئایدیاڵەکان و
ئەویتریان ماتریاڵیە بۆ جیاوازەکان، تاکە شتێکیش کە ھەر یەک لەو
چەمکانە زاڵ دەکات بەسەر ئەویتردا، ئەو ئایدیاڵە فەلسەفیە یە یان ئەو
خەیاڵ و باوەڕەیە کە بۆتە ریاڵ لەلای ئینسان، مانای کۆتاداری ھەر
یادەوەرییەکیش بۆ ئینسان کە لەبەرامبەر ئەو پرسیارەدا جۆش دادەمێنێ،
گینگڵ خواردنە لەنێو ئەو میحنەتە ناکۆتایانەی کە نەوەیەک بە نەوەیەکی
تر رادەست دەکات و ھەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە. ئەوەی کە پنتێکە
لەنێوان مردن و مانیش، گەڕانەوەیە بۆ رابردووە سامناکەکان کە رۆڵی بوون
کەمدەکاتەوە لەو حەزەی گەرەکیەتی ژیان بەردەوام بێت، بەڵام پرسیارە
جەوھەرییەکە ئەوەیە ئایا بۆچی ھەم تێگەیشتنە ھەیە، کەچی کەسانێک
پەراوێز دەخرێن.
کاتێک کە تێدەگەین لەوەی ئامانج لەو جۆرە پرسیارانە لەپێناو گرینگیدانە
بە بونیادنانی ئامانجێکی دیکە بۆ پرسی ژیان، وەکو ئاکتێک بۆ تێگەیشتن
لەپەیوەندیی ئینسان بە سرووشتەوە، بەپێچەوانەشەوە دابڕانی لە سرووشت و
تادەگاتە پەیوەندیی ئینسان بە ئینسانەوە، ئێمە لێرەدا ھەوڵدەدەین باس
لە ژیانی کورد بکەین کە سەرباری ئەوەی ھەمیشە قوربانی دەربووە بۆ
ئەویتر بە بەبێ ئەوەی سوودگەرابێت و مانایەکی ھەبێت قوربانییەکەی، نەک
ھەر بۆ خۆی، بگرە بۆ ئەوانی دیکەی نەتەوەی سەردەست و دەسەڵاتدار و حاکم
لەناوچەکەش نەبوو ئەگەر سەرەنجامەکەی بخوێنینەوە، ھەر ئەوەی
ھەڵگەڕانەوەی ئەم نەتەوەیە لە سوڵتان و دەسەڵاتە ھەرێمایەتییەکان
لەمێژوودا باسدەکرێت، تادەگاتە ئەو دیمەنە سیاسییانەی ئەم سەردەمە،
کەچی بەو ھەموو قوربانییەوە نەیتوانیوە بنەمایەکی شارستانی بۆ خۆی
بونیاد بنێت و خۆی لەو بۆشاییە رزگار بکات کە نەتەوە سەردەستەکانی
دیکەی دراوسێی کەڵکیان لێوەرگرتووە، لەکاتێکدا پەراوێزخستنەکەی لەئاستی
نێودەوڵەتی و بۆ خۆشی پرسیارەکە تۆختر دەکاتەوە.
ئەم پرسیارەی کە پەیوەندیی قوربانی بۆ بونیادنانی شارستانییەت پێویستی
بە وڵامی جیاواز ھەیە، پرسیارەکە بۆ کورد وەکو نەتەوەیەکی بەجێماو لەم
ناوچە پڕ قەیرانەدا، لە کاتێکدایە کە ئینسان بەسەر قادرمەدا سەردەکەوێ
بەرەو جیھانێکی دیکە کە کۆتایی نییە و دەیھەوێ کۆتاییەکەی وەکو تموحی
فکری و تێگەیشتن لە نھێنیەکان ببینێ، لەکاتێکدایە کۆمەڵگەی تێکەڵی وەکو
کورد بەگشتی پێویستی بە قادرمەیەکی دیکە ھەیە، ئەویش بونیادنانی
شارستانیەتێکی جیاوازە لەنەتەوەکانی دیکە، ھەڵبەت بەم داواکارییە
ئەوکاتە تێدەگەین کە ئینسان نەک لەبوون، بەڵکو لەو گاڵتەجاڕییەش
تێنەگەیشتووین کە بووە بە سیناریۆی ھەمیشەیی بەناوی ژیانەوە، کۆڵن
ویڵسن لەکتێبی داڕمانی شارستانیەتدا دەڵێ "بۆشایی لەژیاندا چەمکێکی
نەرێنی سیاسی یە، چونکە سیاسەت دەیھەوێ ھەمیشە ئینسان لە بۆشاییدا بێ،
بۆ ئەوەی ھیچ بوارێک پڕ نەکاتەوە و ھەنگاوێک ھەڵنەنێ بەرەو ئایندەیەکی
نوێ، ھەروەھا روح نەکاتە قوربانی چیرۆکێکی ئایدیالیستی کە جەستە بە
ماتریالیستی بەرھەمیدەھێنێتەوە، ئەوانەی کە خۆیان بۆ ھیچکام لەم بابەتە
پەیوەست نەکردووە، دەرەنجامی ئەوەیە کە لە شارستانییەتدا نەژیاون و بۆ
شارستانییەتیش ناژین"، کورد وەکو نەتەوەیەکی بێ حیکمەت و پڕ نھێنی بە
نموونە کە لەھیچ چیرۆکێکدا نە رابردوو و نەداھاتوو جێگەو ڕێگەیەکی
دیارینەکراوە، چونکە ئەم نەتەوەیە بەھۆی نەبوونی خۆ بەرھەمھێنانەوەی
خۆی، ھیچ کەلێنێکی پڕ نەکردۆتەوە کە بەشەرییەت پێویستی پێی بێت،
بوونیشی بەبێ ئامادەبوون لە فەزا و پنتە مێژووییەکان جێگەی سەرسوڕمانە،
بۆیە بەناچار جگە لەو قوربانییەی کە بۆ مەبەستێکی ماتریاڵی رووت و
مەبەستێکی نائیسنانی پێشکەشی کردووە و کەسیش پێی نەزانیوە، دوا نموونەش
قوربانیانی دەستی داعشە، سەرباری ئەوەش جگە لە پاداشتی کاتی ھیچ
پاداشتێک نەکراوە و نەبۆتە سەنتەرێک بۆ خۆی، بۆیە ھەمیشە لەبۆشاییدایە
و ناتوانێ شوناسێک بەدەست بھێنێت، تاکو ئەوانی تر جگە لە قوربانی داوای
شتێکی دیکەی لێبکەن، لێرەوە پەراوێزخستنەکە دەردەکەوێت، مەبەستم ئەوەیە
جگە لە پێشمەرگە نموونەیەکی شارستانی پێشکەش بکات و خۆی تێدا
بەرھەمبھێنێتەوە و چیتر بۆ ژیان خەون بە پاڵەوانێتییەوە ببینێت،
ئەوانیش گروپێکی پەراوێزخراون لەلایەن سەرکردەکانیانەوە.
عەقڵی ئینسان بۆ ئەو ھەڵبژاردنە سەرەڕۆیی دەکات، لەنێوان کەماڵی ژیان
وەکو ئایدیا و کەماڵی کار کردن خەریکە وەکو ماتریال، بەڵام ھەقیقەتەن
کار چ بۆ تاک یەکێکە لەھۆکارەکانی پڕکردنەوەی بۆشایی و چ بۆ کۆمەڵگەش
ھەمان شێوە، لێرەدا تەنھا شێوازی کارەکە جیاوازە و ئامانجەکە دوور
مەودایە، ھەڵبەت کار بەمانای کاری جەستەیی نییە بەتەنھا، بەو مانایەی
جەستە توانا خەرج دەکات و خۆی بەرھەمدەھێنێتەوە بۆ ئەوی تری خاوەن کار،
یان بەکارھێنانی ئیرادە بۆ سەرھەڵدانێک بەناوی شۆڕشەوە، وەکو شۆڕشی
کرێکاری و شۆڕشی نەتەوەیی کە ناسیونالیستەکان پێڕەوی دەکەن، بۆ گروپی
دەستەبژێری سیاسی کە سوودگەراکان ھەر ئەوان دەبن لە داھاتوودا، بەڵکو
کار لێرەدا وەکو ھۆکارێکی بەردەوامی ژیان لە گەڵ شارستانییەت، ھەوڵدان
بۆ جیاکردنەوەی روح لە جەستە و ئیدیۆلۆژیا لە فکر و مانا لە پێناسە و
جیاکردنەوەی ھەموو جیاوازییەکان، ئەوەی لێرەدا کار دەیسەلمێنێت خۆ
بەرھەمھێنانەوە لە شوێنەوار و جێگە دەستدا، ئەوەی کە ھەڵچوون و تێکدان
لەدەرەنجامەکان ھەمیشە وەکو ئەلتەرناتیڤ دێتەئاراوە، مانای تەواوی ئەو
بێدەنگییەیە کە نەتەوە بێناونیشانەکان و بێ شوناسەکان کە مێژوو
نەینووسیوەتەوە رەسەنایەتی نییە، بۆیە لە ھەموو بوارەکاندا لە بۆشاییدا
دەژی، سەرباری ئەمەش ھاوەڵەکانی ھاو نیشتیمانیانی خۆی پەراوێز دەخات کە
ئەمە خەفەقانە بۆ ژیان، ئەم دوو نموونە جیاوازە کاڵایەکە بە باڵای
نەتەوەیەکی وەکو کورد دەشێت کە نەتەوەی دیکە لەتەنیشتی دەژی و لە
بۆشاییدا جێماوە، لەکاتێکدا گەڕاندنەوەی متمانە بۆ بوون لەنەتەوەی بێ
شوناسی وەکو کورد، تاکە شتێک فریای دەکەوێت، ئەویش ماتریالیە کە بەدەست
دەگیرێت، مەبەست لە پارچە ئاسەوارە وەکو ئەوەی لە یۆنان و میسر و ھیند
و رۆما و یەمەن ھەیە، بەڵام ئەو دەستگیرییە بۆ نەتەوەیەکی تایبەت نییە،
بەڵکو بۆ تەواوی کۆمەڵگەی میسرییە، کەچی لێرە لە کوردستان ئەگەر ئەو
پارچەیەش جار بەجار لەرێگەی کارەوە دەستدەکەوێت، دەبێت بە موڵکی کورد
وەکو بازرگانی، نەک موڵکی خەڵکی کوردستان.
لەوەتەی ژیار ھەیە ئینسان ھەم بەشێک بووە لە کێشەی کەون، یان بوون ھەم
کێشە بووە بۆ خۆی، ھەم ھۆکارەکانی بەردەوام بوونی زەمەن لە ژیاندا
کێشەی بۆ ئینسان خوڵقاندوە، چونکە یاسای دژەکان و کە ھەندێک جار
بەردەوامی بە ژیان دەدات و ھەندێکجاریش دەیگۆڕێت، بۆ نموونە مەسەلەی ژن
لە نێو شارستانییەکان کە لەنێو ئەفسانەدا جێگەی بۆ کراوەتەوە و ھێزێکی
نادیارە بەتەنھا، کاریگەری فەرموون ئەنکیدۆی کارێکتەری دیاری چیرۆکە
کەیە، کە دەبێتە ئەلتەرناتیڤ بۆ گلگامش، نووسینەوەی ئەزموونە بۆ ئەو
ئینسانەی بیر لە ژیار دەکاتەوە و ببێتە کارێکتەرێکی چالاک، ئینسانی
کوردی ھەمیشە قوربانییەکی بەردەوام بووە بۆ درووستکردنی ئەو ژیارەی کە
خەونی پێوە بینیووە، ھەڵبەت قوربانی بۆ نەتەوە تەنھا بە جەستە نییە،
واتە تەنھا ئەوە نییە کە خوێن ببەخشێت بەرامبەر بە دووژمنەکانی، بەڵکو
گەیشتنە بەو ھەقیقەتەی کە پاڵەوانێتی و قارەمانێتی ئەوەیە کە چیتر
بەدوای سەرھەڵدانی نەتەوەیەک نەگەڕێن و نەبن بە کەرەستەی شتێک بەناوی
ھەقیقەتی مێژوویی، بەو مانایەی کە لەترسی تێگەیشتن لە سێبەردا بەدوای
ئاسۆدا بگەڕێت تاکو ھەتاو ببینێت.
سەرھەڵدانی جەنگ کە پێویستی بە قوربانیدانە بەپێی سیستمی سەربازی و
بەپێی سۆزی تاک بۆ نەتەوە وەکو ئەخلاقێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی، سەرەتا
لەوێوە دەست پێدەکات کە کەسەکە لەگەڵ چوون بۆ نێو یەکە سەربازییەکان،
سەرەتاکەی ئەوەیە کە ژیان وەکو ویستی خود بۆ حەزەکان لەدەست دەدات،
چونکە ئیدی ژیان نە لەنێو رەنگەکان و نە لەنێو دەنگە جیاوازەکان و نە
لەنێو ھاوڕێکانی کە دوور دەکەوێتەوە لە ویستی خۆی، پاشان پەیوەست بوونی
سەربازی کێشەی ژیانی ئەوانی دیکە کە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ تاکە
سەرباز یان فیداکارەی کە ھەیە و پچڕاوە، ئەو درۆیەی کە گیان فیدایی بە
خاک و نیشتیمان دەکرێ و نیشتیمانیش دەبێتە کاڵایەک یان بازرگان یان
بەرژەوەندخواز گەمەی پێدەکەن بۆ سەرھەڵدانی جەنگ، باشترین نموونە ئەو
جەنگەیە کە چەند ساڵە لەگەڵ درووستبوونی وەھمی داعش، دەرکەوت چۆن
شارساتانیەت دەبێتە قوربانی شارستانییەکی دیکە سەدەی بیست و یەک
داھێنانی تێدا دەکات، روخاندنی ئەو شوێنەوارانەی کە لەموسڵ و ناوچەکانی
دیکەی سوریا و دزینی پارچە لە میسر و عێراق و سوریا بەرەو شوێنی نادیار
کە بازرگانانی جەنگ لە پشت تێکدانی ئەو شارستانیانەن، باشترین
سەلمێنەری ئەو راستیەن، سەرباری ھەموو ئەو باجە سیاسی و ماتریالەی کە
مەسیحییەکانی موسڵ و ناوچەکە، بەبیانووی ئێزیدیەکان، مەسیحییەکان
پەراوێز خران.
بەڵام ئەم پەیامەی جەنگ بەگوێی خەڵک و ئەوانەی کە بەنیازن باشتریان
بخوازن وەکو ویستێک، جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ ئەو کەسانە ھەیە کە
لەرێگەی دۆزینەوەی ھۆکارەکانی جەنگەوە داھێنان دەکەن، من بۆ ئەم باسە
دەتوانم باشترین نموونەی داھێنان وەربگرم لەسەر وەختی جەنگی عێراق
ئێران کە ھەشت ساڵی خایاند، کەسێکی وەکو (یوسف سائغ) بە شانۆیی عەبا
باشترین داھێنانی کردووە و لەوێدا سەلماندوویەتی جەنگ چۆن کاریگەری
نەرێنی و مەترسیدار لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی دەکات، ھەڵبەت ئەمە
پەیوەندی بە ئینتیمای نیشتیمانییەوە نییە و پەیوەندیی بە یاخی
بوونیشەوە نییە کە تاک ھەندێکجار دەبیسترێت یان دەبینرێت، بەڵکو
پەیوەندیی بەو ویستەوە ھەیە کە جەنگ رێگری لەھەموو حەزەکانی ئینسان
دەکات، لێرەوە تێدەگەین چۆن دەستەبژێری سیاسی و دەسەڵاتگەراکان و پیاوە
بازرگانەکانی جەنگ، ئەم گروپە نادیارە بەرژەوەندخوازە چ پەیوەندییەکی
نا ئاسایی لەنێوان ئەو دوو چینەوە ھەیە. کۆمەڵگەی کوردستانی زۆرترین
ئەزموونی ھەیە لەوبارەیەوە، چونکە ھەمیشە لەجەنگدا بووە و ھەمیشە بەبێ
گیانفیدایی نەبووە، جا بە تاک بێت یان بەکۆمەڵ، بەڵام ھیچ کات
دەرەنجامێگی پۆزەتیڤی بەدەستەوە نەداوە کە ئینسان بۆچی ناگاتە ترۆپکی
حەزەکانی بەو ژیانەی تێیکەوتووە، یان خۆی ویستوییەتی.
بەڵام بە بێ ویستی خۆی ھەمیشە لە دڵتەنگیدا ژیاوە، چاوەڕوانی ھەمیشەیی
ھاتنەوەی تەرمی خۆشەویست یان دۆست یان نزیکترین ھاوڕێ، بووە بە پنتێکی
چاوەڕوانی بۆ ھەر کەسێک کە حەزی لە ژیانە یان لە بۆشایی ژیاندا کات
بەسەر دەبات ونەتەوەیەکیش تەماشا کەرە، ئەمە کەرەستەیەکی بچووکی
بیرکردنەوەی کوردە بۆ ئەوەی چیتر لە بۆشاییدا نەژی.
ماڵپهڕی سمکۆ
محەمەد
|