![]()
|
٤\٤\٢٠٢٦ ژیان لە ژین دەردەکێشم!
دارا خونچە لەمێژە من.. لە بن پەڕی ١ لاپرەسەنگیی و تێنەپەڕدا پەروازە بووم ٢، ٣ ئا ئەوەتە لە پەراوێزی لاپەڕە پڕپڕەکانەوە باڵەفڕکێمە و وەنێو ئەوپەڕی سەرپەڕگە پەڕگیرەکانەوە ٤، ٥ تێدەپەڕم! دە سەرنج دە، وە هوورگلیی مێزە بکە ٦، ٧ ئەز فرە وە هومێدم ٨ ژیان لە ژین دەربکێشم دەست وە بەژنی گەردوونەوە بگرم کیشوەرەکان ئاوێتەکەم ئەو نەخشانەش جیڕوەجیڕکەم دەخوازن من.. بێ کەوشەن کەن ٩ دامچەمێنن! کەچی خەریکە ستێرکان لە حەژمەتی هاربوونی زەوی ١٠ دەیقووچێنن؛ ١١ لە عاسمانێ، لەسەر خاک و لەسەر ئاوێ ئاور و ئاسن.. ژار دەبارێ پۆل پۆل فڕندان کۆچیان کرد ١٢ زیندەوەر و گیانەوەران پەڕاگەندەی ناشوێن دەبن ١٣ دارودەوەن.. گوڵوگوڵزار و گژوگیا پایان هەبا رەویان دەکرد! هەرچی مرۆی زێدپەرستە* نیشتیمانی لەپێکردیە چاوەڕێی یەک بزنەڕێیە لێوەی راکا! ١٤ لێ هێشتا من.. هەر سەرم تەقەی لێوەدێ وەنێو ئەوپەڕی سەرپەڕگە پەڕگیرەکانەوە تێدەپەڕم و بچمە هەر جێیەک نیشتیمان دەگەڵە خۆ دەبەم** دە ئاخر ئەز هەر دەخوازم خاک وە چاک.. پاک پاک بشۆمەوە چرکە و خرتەی شکۆفەدانی خونچەگوڵان ١٥ بژنەوم ١٦ لەکەی سوپاسگوزاریی مێینەیی و تەپوتۆزی نێرەوزیی لە خۆ بتەکێنم ١٧ رۆژ و هەیڤ و ستێرکەکان لە نێو لەپی خۆ وەخێوکەم چون هێشتا من ١٨ هەر سەرمەستی دوا ژوان و دوا هامێزی یارێ خۆمم ١٩ هەر هەڵوەدای ٢٠ چێژی خۆسەریی و سەروەریی وارێ خۆمم! ٢١ ئەز لە بن پەڕی لاپرەسەنگیی و تێنەپەڕدا پەروازە بووم ئا ئەوەتە لە پەراوێزی لاپەڕە پڕپڕەکانەوە باڵەفڕکێمە وەنێو ئەوپەڕی سەرپەڕگە پەڕگیرەکانەوە تێدەپەڕم و بچمە هەر جێیەک نیشتیمان دەگەڵە خۆ دەبەم! __________________________________________________ ١- لەمێژە: لە زووێکەوە، ژمێژە. ٢- لاپرەسەنگ: وەک جێ؛ جێی نادیار و نالەبار، وەک کەس؛ کەسی نەناس و خۆتێهەلقورتێنەر. ٣- پەروازە: فڕین یان فێربوونی فڕین و باڵگرتن. ٤- سەرپەڕگە: سەری کەنار یان لایەکی جێیەک. ٥- پەڕگیر: وەک هزر؛ لایەنگریی توندڕەوانە لە هەر تشتەک، وەک جێ؛ وە جێی لاتەریک و پەراوێز دەگوترێ. ٦- هوورگلیی: هووردیی، هووردەکاریی، وردیی، وردەکاریی. ٧- مێزە: تەماشا، نیگا، تێڕامان، لێڕامان. رۆنین، روانین. ٨- وە: بە. ٩- کەوشەن: سنوور، تخووب، ناوان. ١٠- حەژمەت: ئازار، حەسرەت، غەموخەفەت. ١١- دەیقووچێنن: لەپڕ و بە پەلە هەڵدێن. ١٢- فڕندە: باڵندە، پەلەوەر، باڵدار. ١٣- پەڕاگەندە: پەرشوبڵاوبوونەوە، بزربوون لە جێی نادیار. ١٤- بزنەڕێ: ئەو جێیە سەختانەیە کە بزن پێیاندا دەڕۆن و دەبنە رێچکۆڵە. ١٥- چرکە و خرتە: ئەو دەنگانەن کە لە کاتی گەشەکردن و کرانەوە یان شکۆفەدانی گوڵ دەردەچن. ١٦- بژنەوم: ببیستم. ١٧- نێرەوزیی: نێرینەیی، نێرسالاریی. ١٨- چون: چونکە، چونکێ. نەک ''چوون'' کە بە واتای ''وەک'' دێ. ١٩- هامێز: هەمێز، ئامێز، باوەش. ٢٠- هەڵوەدا: وەدووداکەتنی ئامانجەک کە پێیەوە تووشی گێرمەوکێشە ببی. ٢١- لێرە بە واتای سەربەخۆیی و سەربەستییە. * کەسانی زێدپەرست و نەتەوەپەرست تەنێ لە بارودۆخە لەبار و ئاسانەکان خەباتدەکەن تا خۆیان باڵادەست بن و بتانن هاونەتەوەکانیان لە چین و توێژە هەژار و کرێکارییەکان بچەوسێننەوە، لێ کە زێدەکەیان رووبەڕووی مەترسییە گەورەکان دەبتەوە نیشتمان وەک کەوشەک لەپێدەکەن و لێی رادەکەن، وەک نموونە کۆڕەوەکانی نیشتیمان وە درێژایی مێژوو.. کە هێشتا کەسانەکی زۆر نازیان پێوەدەکەن و وە دەستکەوتیان دەزانن! ** نە رەگەزپەرستان لە من تێدەگەن نە پێچەوانەکانیان.. هەر ناشخوازم تێمبگەن! نیشتیمان ئەو جێیەیە کە لێی دەژیم و دەتانم لێیەوە ژیان لە ژین دەربکێشم.. واتە رێک پێچەوانەی خاکپەرستە نەتەوەپەرستەکان پێنگاڤان دەهاوێژم، لێ بچەمە هەر جێیەک نیشتیمان دەگەڵە خۆ دەبەم و وە زاری دایۆم پرسگرێگە نەتەوەیی و چینایەتی و مرۆییەکان چارەسەر دەکەم هاوکاتیش پرێسکەکان دەکەمەوە و وە یەکسانیی وەسەر هەمووانی دەبەشمەوە.
کۆتاییەکانی ئاداری ٢٠٢٦
|