په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٧\٢٠١٥

''ژیان لە سنوور''ی منداڵانی کۆبانێ و شەنگال

لە تەلەڤیزیۆنی NHK ژاپۆن بڵاوکراوە.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ٨ منداڵی کۆبانێ و شەنگال لە تەلەڤیزیۆنی NHK ژاپۆن بڵاوکراوە و لە لایەن بینەرانێکی زۆر لەم وڵاتە و ھەروەھا لە سەرتاسەری دنیاوە پێشوازیی لێکرا.


فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" کە لە دەرھێنانی ٨ منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شەنگال لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای رزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە، لە لایەن تەلەڤیزیۆنی جیھانی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆن لە بەرنامەیەکی تایبەتدا ناسێندرا و پاشان بۆ بینەرانێکی زۆر لەم وڵاتە و ھەروەھا لە سەرتاسەری جیھان نمایشکرا و زۆر بە جوانی پێشوازیی لێکرا.


بینەرانی ژاپۆنی بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە شۆکدابوون و بۆیان دەرکەوت کە نەتەوەی کورد تا چ ڕادەیەک بەھێزن و منداڵەکانیان ئەم ھەمووە تراژیدیایەیان بەسەر ھاتووە بەڵام بەم شێوەیە بەھرەمەند و داھێنەرن و ئێستا بە چاوێکی دیکەوە سەیری کورد دەکەن.


ئەم منداڵانە بە ماوەی ٢ مانگ لە لایەن راوێژکاران و گرووپی دەرھێنەران، خولەکانی فرێکاریی سینەمایان تێپەڕکردووە و پاشان لە نێوان ئەواندا چەندین کەس دەستنیشانکراون و وەکوو دەرھێنەری بچکۆلە ئەم ٨ فیلمە دیکۆمێنتارییەیان سازکردووە. ئەم کۆمەڵە فیلمە سەرجەم ماوەکەی ٧٣ خولەکە و لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم" و بەرێنوێنی "بەھمەن قوبادی" بەرھەمھاتووە.


کەناڵی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆنی لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریدا فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور"ی ناساند کە تیایدا بەشێک لە ژیانی منداڵانی کۆبانێ و شەنگال لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێو شەڕ و ئاوارەیی نیشانی بینەرانی خۆیدا کە ئەمجارە و لەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا لە روانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.


"بەھمەن قوبادی" ھەر بەم بۆنەیەوە سەردانی ژاپۆنی کرد و لە خولی ڤۆرکشۆپی فیرکاریی لە زانکۆکانی ئەم وڵاتە و ھەروەھا لەگەڵ کەناڵی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK سەبارەت بەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا چەندین وتووێژی تایبەتی کرد.
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک