٢\٤\٢٠١٦
"ژیان لەسەر سنوور"
بەشداریی لە فیستیڤاڵی فیلمی "ڤیلنیوس"ی لیتوانیا دەکا.
مەنسوور جیهانی
فیلمی
دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و
شنگال و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری ناوداری "بەھمەن قوبادی" بەشداریی
لە بیست و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤیلنیوس" لە
لیتوانیا دەکات.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی
شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "بەھمەن
قوبادی" کە لە لایەن "ئانجێلینا جوولی" ئەستێرەی بەناوبانگی سینەمای
ھۆلیوود و باڵیۆزی نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی
نەتەوە یەکگرتووەکان لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم،
ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان
پشتیوانی لێدەکرێت، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە دوو سانسی
جیاوازدا لە ڕۆژانی ٢ و ٧ی نیسانی ٢٠١٦ لە بەشی "نمایشی تایبەت" لە
بیست و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤیلنیوس" لە وڵاتی
لیتوانیا نمایش دەکرێت.
ئەم فیستیڤاڵە کە بە "بەھاری فیلم" ناسراوە و یەکێکە لە ڕووداوە گرینگە
فەرھەنگییەکانی لیتوانی و بەنرخترین فیستڤاڵی سینەمایی ئەم وڵاتە دێتە
ئەژمار، بیست و یەکەمین خولی بە بەشداریی زیاتر لە ٢٠٠ فیلم لە
سینەماکارانی وڵاتانی جۆراجۆری جیھان لە ڕۆژانی ٣١ی ئادار تا ١٤ی
نیسانی ٢٠١٦ لە شاری ڤیلنیوس پێتەختی وڵاتی لیتوانیا بەڕێوەدەچێت.
مافی سەرەکیی بڵاوکردنەوەی "ژیان لەسەر سنوور" لە ئەستۆی کۆمپانیای "ئیلۆمینا
فیلمس"ی ھۆڵەندییە و لە بەھاری ئەمساڵەوە ئەم فیلمە لە سینەماکان و
فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا لەسەر ئاستی جیھان بڵاودەکاتەوە.
ئەم فیلمە کوردییە کە کۆدەنگی ژیان و باروودۆخی منداڵانی کۆبانێ و
شنگال لە چاوی خۆیانەوە وێنەگیراوە، لە یەکەمین نمایشی جیھانی خۆیدا بە
ئامادەبوونی سینەماکاری ناوداریی کورد بەھمەن قوبادی لە بەشی "نمایشی
کورتە فیلمەکان" لە میانەی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی
"پووسان" لە وڵاتی کۆریای باشوور نمایشکرا و لە درێژەی بەشدارییە
نێودەوڵەتییەکانی خۆیدا لە بەشی "نمایشی تایبەتی مافووری سوور" لە شەست
و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕڵین" لە ئەڵمانیا چووە
سەر پەردەی سینەماکان.
کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان
لەسەر سنوور" لە لایەن بەرپرسانی فیستیڤاڵی گرینگی فیلمی "بەڕڵیناڵە"وە
ڕێکخرا و بەم بۆنەیەوە ئەم ھەشت دەرھێنەرە منداڵە بۆ شاری بەڕڵین
بانگھێشتکران تا لە کاتی نمایشی فیلمەکەدا ئامادەبن، بەڵام بە ھۆی
نەبوونی پاسپۆڕتەوە بەداخەوە نەیانتوانی کە بەشداریی لەم فیستیڤاڵەدا
بکەن.
ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە
میانەی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردیی "کۆپێنھاگ"
نمایشکرا، ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی کۆمەڵێک فیلمی سینەمایی و
دیکۆمێنتاریی لە دەرھێنانی سینەماکارانی کورد لە ڕۆژانی ١٧ تا ٢١
فێبرییەی ٢٠١٦ لە شاری کۆپێنھاگ لە وڵاتی دانیماڕک بەڕێوەچوو.
تریلێری فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور":
بۆ زانیاریی
پتر:
www.kinopavasaris.lt/en/programa/5422-life-on-the-border
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|