په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٦\٢٠١٦

"ژیان لەسەر سنوور" لە فیستیڤاڵی فیلمی "کراکۆف" لە پۆڵەندا نمایشکرا.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی بەھمەن قوبادی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کراکۆف" لە وڵاتی پۆڵەندا نمایشکرا.


فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "بەھمەن قوبادی" کە لە لایەن کۆمپانیای ھۆڵەندیی "ئیلۆمینا فیلمس" لە سینەماکان و فیستیڤاڵە جیھانییەکاندا بڵاودەبێتەوە، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە سێ سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی "فیلمە دیکۆمێنتارییە بڵیندەکان"ی پەنجاوشەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کراکۆف" لە وڵاتی پۆڵەندا نمایشکرا.


ئەم فیلمە ٧٣ خولەکییە سەرەتا کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ڕۆژیی ٣٠ی مایسی ٢٠١٦ لە ھۆڵی ژمارە ٢ی باغی ھونەریی "ماتۆپۆلێسکی" لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کراکۆف" چووە سەر پەردەی سینەماکان و پاشان کاتژمێر ٥ی دوانیوەڕۆی ڕۆژیی ١ی حوزەیرانی ٢٠١٦ لە ھۆڵی ژمارە ١ی باغی ھونەریی "ماتۆپۆلێسکی" و لە دوایین نمایشی خۆیدا کاتژمێر ٩ی پێش نیوەڕۆی ڕۆژیی ٢ی حوزەیرانی ٢٠١٦ لە ھۆڵی ژمارە ٢ی باغی ھونەریی "ماتۆپۆلێسکی" نمایشکرا.


ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "فیلمە دیکۆمێنتارییە بڵیندەکان"ی پەنجاوشەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کراکۆف" بریتین لە: "کڵاوس ئێدێر" ڕەخنەگری سینەما و سەرۆکی لێژنەی دادوەران لە وڵاتی ئەڵمانیا، "کارۆلینا بیلاویسکا" دەرھێنەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی پۆڵەندا، "حوسێن کۆریمبھۆی" بەڕێوەبەریی ھونەریی لە وڵاتی ئەمەریکا، "ئەمیر لەبەکی" ڕەخنەگر، دەرھێنەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی بڕازیل و ھەروەھا "میشێل نوول" دەرھێنەری فیلمی دیکۆمێنتاریی لە وڵاتی فەڕەنسا.


فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کراکۆف" کە یەکێکە لە کۆنترین ڕووداوە سینەماییەکانی ئەورووپا بە نمایشی ٢٥٠ فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی"، بەشی "پێشبڕکێی نەتەوەیی"، بەشی "پێشبڕکێی فیلم دیکۆمێنتارییە بڵیندەکان"، بەشی "پێشبڕکێی کورتە فیلم"، بەشی "پێشبڕکێی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵان"، بەشی "پێشبڕکێی موزیک لە سینەما"، بەشی "دەرەوەی پێشبڕکێی فیلمە دیکۆمێنتارییە نوێیەکان"، بەشی "چاوخشاندنیک بە بەو بەرھەمانەی کە لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە سازکراون"، بەشی "تەرکیز لەسەر بەرھەمی دەرھێنەرە ناودارەکانی سینەمای جیھان"، بەشی "براوەکانی ساڵانی پێشوو"، بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای سوید"، بەشی "بازاڕی فیلم"، بەشی "قوتابیانی خوێندنەوەی شەوانە"، بەشی "چیرۆکی جیھان"، بەشی "پانۆڕامایەک لە فیلمی پۆڵەندا"، بەشی "بەڵگەیی و زانست" و بەشی "دەنگی موزیک" لە ڕۆژانی ٢٩ی مایی تا ٥ یۆنیۆی ٢٠١٦ لە شاری کراکۆف لە وڵاتی پۆڵەندا بەڕێوەدەچێت.


ئامانج لە دامەزراندیی ئەم فیستیڤاڵە، نمایشی کورتە فیلمی چیرۆکی، دیکۆمێنتاریی و ئەنیمەیشنییە و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە خەڵاتەکانی "ھەژدیھا" و "ئەسپی داریی" بە ھونەرمەندانی سەرکەوتوو پێشکەش دەکرێت و ھەروەھا خەڵاتی "فیپێڕشی" واتە "ئەنجوومەنی ڕەخنەگرانی نێودەوڵەتی سینەمای جیھان"، خەڵاتی "فیسک"، چەندین خەڵاتی دیکە لەوانە: خەڵاتی "پریکس یو.ئای.پی" کڕاکۆف و خەڵاتی "ئێف.ئای.سی.سی" پێشکەش بە براوەکانی بەشی پێشبڕکێی ئەم فیستیڤاڵە دەکرێت.


فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کراکۆف" لە لایەن فیدڕاسیۆنی بەرھەمھێنەرانی سینەما "فیاپ" ، ئاکادیمیای فیلمی ئەورووپا و ئاکادیمیای زانست و ھونەرە سینەماییەکان بەڕێوەدەچێت و ئەو فیلمانەی کە لەم فیستیڤالەدا ھەڵدەبژێردرێن دەچنە بەشی پێشبڕکێی خەڵاتەکانی سینەمای ئەرووپا و خەڵاتی ئۆسکارەوە. ئەم فیستیڤاڵە ھەروەھا لە ئەنجوومەنی فیستیڤاڵەکانی فیلمی ئەورووپا ئەندامە.


"ژیان لەسەر سنوور" لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا ڕۆژی ١١ی نیسانی ٢٠١٦ لە بەشی "فیلمە دیکۆمێنتارییەکان" لە پازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تیبوڕۆن" لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و توانی خەڵاتی "مرۆڤدۆستانە"ی ئەم فیستیڤاڵە سەربەخۆ سینەماییە بۆخۆی مسۆگر بکات و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی ئەمەریکیی بە دروشمی "تێگەیشتنی جیھان لە ڕێگای فیلم"ەوە، خەڵاتی "زنجیرەی زێڕین"ی سینەما بەم ھەشت منداڵەی شارەکانی کۆبانێ و شنگال پێشکەشکرا. ئەم فیلمە کوردییە، ھەروەھا ڕۆژی ١٠ی نیسانی ٢٠١٦ لە بەشی پێشبڕکێی یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئەورووپا بە ناونیشانی "ئێکۆ" لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی ئەم فیستیڤاڵە گرینگە سینەماییەی پێبەخشرا.

بۆ زانیاریی پتر:

http://www.krakowfilmfestival.pl/en/films/all/5294/life_on_the_border

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک