٢٠\٥\٢٠١٣
ژیان و
مردن.

که‌مال رێناس
١
له‌به‌ر هه‌نگوینی
ژیان نه‌بووایه
ساڵانێک بوو،
بیرم له عه‌لقه‌می مردن کردبۆوه.
* * *
٢
له‌م دووڕیانی فیراقه
ئه‌گه‌ر سیمفۆنیای ژین نه‌بووایه
ده‌مێک بوو
که‌ڕه‌نای مردن، که‌ڕی کردبووم.
* * *
٣
مردن گڵۆپی جاویدانییمان
به ده‌ستی ئه‌نقه‌ست ده‌شکێنێ
چونکه شه‌مشه‌مه‌کوێر ئاسا
به تریفه‌ی رووناکی
پاڵه‌په‌ستۆی خوێنی هه‌ڵده‌کشێت و
کۆڵسترۆڵی فوول ده‌بێ.
* * *
٤
به راستیی مردن برا گه‌وره‌یه
له دڵڕه‌قیی و خۆویستیی، له یه‌کتر ده‌چن.
* * *
۵
دوای ئه‌وه‌ی دێوه‌زمه‌ی مردن
به نیاز بوو فریوم بدات،
هه‌ناسه بڕم بکات،
ژین له‌سه‌ر ئه‌سپێکی سپی
له‌گه‌ڵ له‌شکرێکی بێ ژمار
ئاوات، هیوا، له‌دایکبوون،
شادیی، خۆشیی، جاویدانیی
له ژێر چه‌پۆکی مردن رزگاری کردم،
شوکرانه‌بژێرم هه‌رد‌ه‌م،
که ده‌ژیم، هه‌م.
* * *
٦
سییە‌کانی ژیان،
به هه‌وای پاک و ته‌میزی
خۆشنوودییه‌وه راهاتوون،
به‌ڵام مردن، ته‌نها رۆژێ
تریاکی کاولکاریی لێ ببڕێ
کاره‌ساتێکی دڵته‌زێن ده‌قه‌ومێنێ.
* * *
٧
ژیان ملوانکه‌ی ره‌نگه‌کانی
به ملی شکۆمه‌ندیی هه‌ڵواسیوه،
لافی ئاسووده‌یی پێ لێده‌دات،
که‌چی مردن به مچومۆڕیی
له لاچه‌پێ وه‌ستاوه
ئاخۆ ده‌بێ؟ چ نه‌خشه و پلانێکی
شه‌ڕانگێزیی له ژێر سه‌ر بێ، بیر له چی بکاته‌وه؟
* * *
٨
هاوڕێم ژیان،
ئه‌گه‌ر مردن، کارتی داوه‌تی بۆ ناردی،
نه‌که‌ی بچیت،
چونکه جێی متمانه نییه
هه‌ر ئه‌و نه‌بوو قاسملووی خه‌ڵه‌تاند
به پێی خۆی به‌ره‌و پیری مه‌رگ بچێت.
دوور مه‌بینه
تی ئێن تی له ژێر ما‌شێنه‌که‌ت بته‌قێنێته‌وه
یاخود خۆی و شه‌یتان بۆت له بۆسه بن
گه‌ر ئاسایش به‌رقه‌رار بوو،
دوور مه‌بینه، له کاتی نانخواردن،
تۆزێ ژه‌هرت بۆ بکاته ناو ماستاو،
نه‌که‌ی متمانه‌ی پێ بکه‌ی،
نه‌که‌ی بچی.
* * *
٩
شه‌هید ده‌ڵێ،
هه‌مووتان له مردن تۆقیون
هه‌ر من نه‌بێ،
به خۆم به‌ره‌و پیری چووم
زۆرانبازیم له‌گه‌ڵ کرد
له عاردیم دا،
زه‌فه‌رم پێ برد.
* * *
١٠
هه‌ژارێک ده‌ڵێ؛
گه‌ر مردن به پاره بووایه،
بێ لێکدانه‌وه،
ده‌مکڕی،
به‌ڵام رووی نه‌بوونی ره‌ش بێت.
kamal.renas@web.de
|