په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 کابینەى حکومەت و دڵى میللەت.

   
ئیسماعیل عەبدوڕەحمان


ئەم حکومەتەى ئەمجارە کە بڕیارە پێکبهێنرێت کابینەى شەشەمى حکومەتى هەرێمى کوردستانە و بەڵێنە دکتۆر بەرهەم سالح ببێتە سەرۆکى ئەم حکومەتە ، بۆیە هەندێک کەسیش بەو حکومەتە دڵخۆشن ، لەبەرئەوەى گوایە دکتۆر بەرهەم کەسێکى بەتوانایە لەبەڕێوەبردنى کارەکانى.

بەڵام هەرچەندى دکتۆر بەتوانابێت بەقەد نێچیرڤان بارزانى بەتواناو بەدەسەڵات نابێت ، کەچى لەو ماوە دورو درێژەى نێچیرڤان سەرۆکى حکومەتە، بەو هەموو تواناو دەسەڵاتەى کەهەیەتى لەناو گەورەترین حزب ، ئینجاش نەیتوانى حکومەتەکەى بکاتە حکومەتى گشتى میللەت ، بەڵکو هەر لەبازنەى تەسکى حزبایەتى و خزمایەتى و برادەرایەتى و ناسیارى دەخولایەوە.


بۆیە ئەو جەماوەرە زۆرەى کەخزم و ناسیاریان لەدەسەڵات نییە هەرگیز دڵیان بەو پڕوپاگندانە خۆش نییە کەگوایە کابینەى حکومەتى بەرهەم سالح دەبێتە حکومەتى گشتى میللەت ، چونکە دڵنیان پێک هێنانى کابینەکەى حکومەتى بەرهەم سالحیش لەکابینەکانى پێشتر باشتر نابێت گەر خرابتریش نەبێت ، چونکە با هەر بەرهەم سالح لەکارەکانى دا کەسێکى بەتوانابێت و لەوردەکارى بەڕێوەبردن شارەزابێت ، بەڵام خۆتواناى کۆت و زنجیرکردنى ئەو هەموو بەرپرسە گەندەڵەى نییە ، کەوەک جاڵجاڵۆکە کوردستانیان بەتەونى بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان تەنیوەو هەرچییەک شایستەى گشتى میللەت بێت ، لەبەر چڕوپڕى تەونەکان قەت ناگاتە دەستى میللەت ، بەڵکو دەکەوێتە ناو تەونە چێنراوەکانى حزب و بەرپرسە حزبیەکان کەبۆخۆیان لوشى دەکەن و منەتى سەرۆک حکومەت و میللەتیش نازانن ، لەبەرئەوەى سەرکردایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان نەیزانیوە یان نەى توانیوە یان لەبەر حزبى بوونى خۆیانە مەرجى سەرەکى خزمەتکردنى میللەتیان پیادە نەکردوە ، کەمەرجى سەرەکى خزمەتکردنى میللەتیش بژارکردنى میللەتە لەبەرپرسانى دزو درۆزن و ناپاک ، ئەگەر حکومەتێک ئەو بژارکردنەى پێنەکرێت زۆر شورەییە کاربەدەستان و زوڕنا ژەنەکانى حزب بڵێن حکومەتەکەمان حکومەتى تێکڕاى میللەتە و خزمەتگوزارى پێشکەش بەمیللەت دەکات.


ئاخر خزمەتگوزارى لەچى ؟ چەقاندنى چوارعامودى کارەباو دانانى ڕەسیفى دووکۆڵان و لێدانى بیرە ئاوی ئیتوازى ئەوە کەى خزمەتەو شایانى پیاهەڵدانە؟ بەڵکو ئەوە ئەرکى سەرەتایى و ئاسایى هەرحکومەتێکە ئەگەر حکومەتى مالیکى و بەعسیەکانیش بن ئەو خزمەتگوزاریا سادانە پێشکەش بەمیللەت دەکەن ، بەڵام لەو کارو خزمەتگوزاریە ئاسایى و سادانە گەورەترو شکۆدارتر بۆ میللەتى کورد سەزادانى ناپاکان و فایلداران و ئەنفال چیەکانە ، خزمەتکردنى میللەت دەرخستنى ئەو هەموو ئیزبارەى زەوى پێدانەیە کەتاپۆ کراوە لەسەر کەسانێک کەشایستەى ئەو هەموو زەوى پێدانە نین ، جابۆئەوەى بزانرێت ئایا ئەو کەسانەى دەیان و سەدان پارچە زەویان وەرگرتوە ئایا بەچ هەقێک شایانى پێدانى ئەو هەموو موڵکە بووە ؟ پێویستە بڕیارى زەوى پێدانەکان لەناو ئیزبارەى زەویەکان ئاشکرا بکرێت کەئەوەش بەشێکى گەورەى خزمەتکردنى میللەتە چونکە میللەتیش لەسەرسوڕمانى ئەو هەموو زەویە گرانبەهایانە کەدراوە بەکەسانى نەشیاو ڕزگارى دەبێت و زیاتریش خەفەت لەو ناعەدالەتیە ناخوات ، هەروەک چۆن بەردەوام خەفەت لەبوونى ئەو وەزیرو بەرپرسانە دەخوات کەبەهیچ شێوەیەک مەرجى پلەو پۆست پێدانیان تیا نییە نەلەڕوى لەش و لارەوە نەلەڕوى دەرونى و ڕۆشنبیرى و دڵسۆزى و پەرۆشى بۆ گەل و نیشتیمان.

 
لە هەموو وڵاتانى دنیا جگە لەوڵاتە دیکتاتۆرەکان پۆست پێدان بۆ هەرکەسێک جاچ لەبوارى سەربازى یان بوارە مەدەنییەکان بێت ئەوە مەرجى وشیارى و دڵسۆزى و لێوەشاوەیى لەپێشەوەى حزبایەتى و خزمایەتى دادەنرێت بۆ کەسى پۆست پێدراو ، بەڵام لەکوردستان بەهەمان شێوەى سەدام کەچۆن عزت دورى و على حەسەن مجیدى دەکردە ئەفسەرى پایە بەرز کەتۆسقالێک شان و شەو کەتى ئەو دوانە لەئەفسەرى نەدەوەشایەوە ، بەڵام لەبەر ئەوەى لەسەدام نزیک بوون هەموو پلەو پایەو پۆستێکى سەربازیان پێدەدرا ، زۆریش بەداخەوە لەهەرێمە غەریبەکەى ئێمەش بەهەمان شێوەیە ، چونکە مەرجى بەدەست هێنانى پلەو پایەو پۆست بەبیرى تەسکى حزبایەتى و خزمایەتى و برادەرایەتییە ، بۆیە بەدەگمەن کەسێک دەبینى کەشایانى ئەو پۆستە بێت کەپێی دراوە یان لەگەڵ پۆستەکەى گونجاو بێت ، ئەو نەگونجان و نەشیاویەى پۆست وەرگرە حزبییەکان گەورەترین کارەساتى ماڵ کاولى ئەم میللەتەن ، گەر کابینەکانى حکومەتى هەرێم بەو شێوە حزبییە ڕوتە دروستبکرێت دڵنیام تاپێکهێنانى کابینەى شەستەمیش ناتوانن خزمەتى ڕاستەقینەى میللەت بکەن و قەتیش لەمیللەت نابیستین بڵێ ئۆخەى ئەوە حکومەتە دەست پاک و خزمەتگوزاریەکەى منە ، چونکە کابینەى هیچ حکومەتێک بەدڵى میللەت نابێت تاکو مەرجە بنەڕەتیەکانى خزمەتکردن پێشکەش بەمیللەت نەکات . 
 

 

ary_esmail@yahoo.com