٣٠\٣\٢٠١٣
کورتە چیرۆک:
کافرستانیش وەها
نییە.
هەڵگورد سەمەد
دەنگی هۆیهایەک لە دوورەوە بەرز بوویەوە. بەرەبەرە دەنگەدەنگەکە نزیکتر
دەبۆوە. کۆڵانی سەرەکی بازاڕی قەیسەری*
کە لەلای شیراتۆنەوە دێی، تا دەهات زیاتر قەرەباڵغ دەبوو. لەناکاو
کۆڵانەکە پڕبوو لە خەڵک و سەری کۆڵان داخرا. هەموو خەڵکەکە وەستابوون
سەیری ئەو شەقامەیان دەکرد کە بە بەردەمی قەیسەرییدا بەرەو گۆڕەپانی
کۆتری سەلام** دەڕۆیشت.
دەنگەکە کە گەیشتە سەری کۆڵانی قەیسەری بوو بە هاوار و قیژە و نەفرەت و
جنێو و پاڕانەوە و تۆبە و ئەستەغفیروڵا...
هەموو ئەوانەش کە لەبەردەم عارەبانەکەی مامم لەناو کۆڵانی قەیسەری - کە
من ئەوکات شاگردی بووم- گیریان خواردبوو بەپەلەبوون بگەنە دەرەوە و
بەخۆیان ئەو شتە ببینن کە دەیانگوت "لە وڵاتی جوولەکە و دیانانیش شتی
وا نییە!".
هەموو دەیانپرسی ئەوە چی روویداوە؟ ئەو هەموو خەڵکە بەدوای چی کەوتوون
و هاوار و هۆیها لە کێ دەکەن؟!
هەواڵەکانی سەرەتا هاتوو دەیانگوت"دز بوون، لەکاتی دزیی کردن کەشف
بووینە، خەرک راویان ناینە و لەپێش ئەسواق سیروان***
گیران".
نزیکەی ١٠ خولەک دەبوو کە قەرەباڵغییەکە
کۆڵانەکەی قەیسەری و شەقامی پیش ئەسواق سیروانی گرتبوو و هاتوچۆی پیادە
و ئۆتۆمپێلیش لەوناوە وەستابوو. لە دوورەوە گوێمان لە دەنگی هۆڕنی
ئۆتۆمبێلەکان دەبوو، بەڵام خەڵکەکە رێگەکەیان چۆڵ نەدەکرد.
دواتر موخڵیس لەناو جەرگەی حەشاماتەکە هاتەوە، مامم و دوکاندارەکانی
جیرانمان و خاوەن عارەبان و من دەوری موخلیسمان دابوو. ئەو وەها
چیرۆکەکەی بۆمان گێڕایەوە"سێ ژنی سفوورن. دەرێن لە ئەڵمانیا بەسەردان
گەڕاینەوە. لە شیخەڵا کە لە تەکسی هاتینە خوارێ، فەتحەی تەنوورەکانیان
هەتا سەر رانیان بووە. خەرکەکەش خۆ کافر نینە کاکە، نەیانکردیتە
نامەردی بەبەر تەماتانیان داینە و کەتینە دوویان. ئەوانیش بە پڕەپڕ
هەراتینە هەتا گەیشتینە ئەسواق سیروان. حەرەسەکەی ئەسواق سیروانیش
دەرکەکەی قەپات کردییە و لێناگەڕێ کەس بچتە ژۆرێ. تەلەفۆنیان لۆ ئاسایش
کردییە، ئەلعان دێن".
پێنج خولەک دواتر، ئاسایش هاتن بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی خۆیان کچەکانیان
برد. پاشان بەرەبەرە قەرەباڵغیەکە رەویەوە و جوڵە کەوتەوە قەیسەری و
شەقامەکان.
دوای رەوینەوەی تەوای تێک قژقژانەکە، دوو پیاوی پیر کە یەکێکیان
پێدەچوو حاجی بێ و مەندیلی لەسەر بوو، وا دیاربوو کە بە چاوی خۆیان
رانی رووتی کیژەکانیان دیبێ، بەدەم رێوە یەکێکیان بەوەی تەنیشتی دەگوت
"خۆ دیتت، وەڵا برام کافرستانیش وەها نییە"
______________________________________________
*
قەیسەری: بازاڕی کۆنی هەولێر. دەکەوێتە دیوی باشووری قەڵاوە.
**
گۆڕەپانی کۆتری سەلام (کۆتری ئاشتی): گۆڕەپانێکە دەکەوێتە کۆتایی
بازاڕی قەیسەریی و سەرەتای شەقامی باتا.
***
ئەسواق سیروان: بازاڕگایەکی تایبەتە بە جلوبەرگ و ماکیاژی ژنان،
دەکەوێتە بەرامبەر قەیسەریی هەولێر.
تێبینی:
ئەم چیرۆکە بەسەرهاتێکی راستەقینەیە و لە ساڵی ١٩٩٦دا
روویداوە.
ماڵپهڕی
ههڵگورد سهمهد
|