٢٠\٥\٢٠١٥
کاکە رەسووڵ و
گازکڕینەکەی.

کەبیر شەمسەدینی
کاکە رەسووڵی برام ، چەند ساڵێک لەمن گەورەترە . ئەودەمی تازە خەتی
دابوو . بابم شانازی بە کوڕی گەورەی دەکرد . جاروبار بۆ دابین کردنی
کەل وپەلی ماڵێ ، دەیناردە شار و بازاڕان . ھەر ئەوەش کاکمی وریاتر
لەمن و کە-مێک متمانە بەخۆتر بار ھێنابوو . لە ئاست ھەموو کارەکانی
ماڵێدا خۆی بە بەرپرس دەزانی.
لە مێژ بوو بابم بەڵێنی بە دایکم دابوو گازێکی گەورەی سێ شوعلەی بۆ
بکڕێ . لە نێودێیدا ، لە ھیچ ماڵێک نەم دیتبوو . تەنانەت زۆرکەس
تلویزیۆنیشیان نەبوو . ھەر بۆیە دایکم چاوەڕوانی ھەلێکی دەکرد قەولی
بابم بگاتە جێ. ڕۆژێک بابم بە کاکە ڕەسووڵی گوت : " ڕۆڵە سبەینێ سواری
مینەبووسی دێی بە ھەتا بۆکانێ پچۆ . ھەر لەخوار مەیدانی ماستی لە
دووکانی حاجی عەلی ھێندێک کەل وپەل بۆ ماڵێ بھێنە و لە دووکانی کاک
حەبووی خزمیشمان گازێکی باش دەگەڵ کەپسوولەکەی بکڕە . قسەم دەگەڵ
کردووە ڕۆژی بازاڕی دەچم پووڵەکەی دەدەمێ . ئەنوەریش دەگەڵ خۆت بەرە با
کەمێک چاوو گوێی ھەڵێ.".
بەبیستنی ئەو قسەیەی دەپێستی خۆمدا نەدەگونجام . لەخۆشیان نەمدەزانی چ
دەکەم . ھەر بەھەڵاتن ئەو ھەواڵەم بە گوێی دایکم گەیاند . ئەویش بەقەت
من گەشاوە و زۆری پێی خۆشبوو . ئەخر بەڵێنەکەی بابمی بۆ دەھاتە دی .
بۆیەش ھەر بەپێکەنینەوە گوتی : " دایک بە قوربانی ئەو کوڕەی بێ بۆ
خەبەرت . جا سبەینێ ئەگەر چوونە بۆکانێ ، شتومەکەکانتان بۆ دەپێچمەوە و
پووڵیشتان دەدەمێ . دەپێشدا سەر و سەکوتت قوڵە دەکەیەوە . دەگەڵ کاکیشت
دەچیە حەمامێ و ھێندێک خۆتان سپی دەکەنەوە . تێروپڕ نێو شاریش بگەڕێن
ھەتا وەڕەزیتان بەسەر دەچێ . دوایەش شتەکان ھەڵگرن و وەرنەوە . " لە
وەڵامدا گوتم : " بەسەر چاو دایەگیان.. ھەر پێداویستییەکت ھەبێ بڵێ
جێبەجێی دەکەم و ھەرچی بتھەوێ ، بۆت دەکڕم و دێنمەوە .".
شەوێ ھەتا بەیانی ھەر جینگڵم دا . بە زۆری خەوم لێنەدەکەوت . وا لە سەر
ھەست خەوتبووم تەنانەت ، بە ھە-ستی پێی پشیلەش وەخەبەر دەھاتم . ناھەقم
مەگرن.. چونکە چوونە شاری منداڵێکی لادێیی ، وەک چوونە ھەندە-رانی
پیاوێکی شاری وابوو . بەیانی بەر لە ھەموویان لە خەو ھەستام .
بەرچاییمان خوارد و دەگەڵکوو مینەبووس لە بەر دێی سیگناڵی ئاگاداری بۆ
سواربوونی لێدا ، خۆمان گەیاندێیە و سوار بووین . ھەتا گەیشتینە
نێوشاری وە-ختەبوو جەرگ و دڵم بێتەدەرێ . بە بۆنی ماشێنی دڵم پێکدا
دەھات . ھەر دابەزین بە پەلە خۆم گەیاندە لێواری قاناوێ و ھێڵێکی چاک
پەرۆشم کرد . لە دووکانێک کاکم نووشابەیەکی ساردی بۆ کڕیم. بەڵکوو لەو
دڵ پێکداھاتنەی خڵاسیم بێ . دوای ئەوەی ساردەمەنییەکەم خواردەوە ھێندێک
ھاتمەوە سەرەخۆ . بۆ کڕینی گاز و کەپسوولەکەی بەرەو دووکانی کاک حەبووی
کەوتینە ڕێ . گازێکی سێ شۆعلەی باشمان دەگەڵ کەپسوولەکەی ھەڵگرت .
بڕیارمان دا سەر لە نیوەڕۆیە ، ھەر بە مینەبووسەکەی دێی لە بەر
دووکانێ باری کەین و بیبەینەوە.
وردە کارەکانمان جێبەجێ کرد . ڕوومان کردە حەمامەکەی خوارەوەی چوارڕێیە
. ڕیزە ساک و پرێسکە و لایلۆن ، لە داڵانی نێو نمرەکان بە قەتار
دانرابوون . ھەر نمرەیەک چۆڵ دەبوو ؛ کابرای داڵاندار بە پەلە لوور
دەبووە ژوورێ و لە خولەکێکدا خاوێنی دەکردەوە ؛ ئەوسا ڕێگەی بە کەسی
دوایی دەدا بچێتە ژوورێ . نۆرەمان ھات و بەجووت چووینە نمرەیەکەوە .
ھێشتا خۆمان بە تەواوی نەخووساندبوو ، دیتم کاکە ڕەسووڵم لەبەر
ئاوەکەی ھەر دەھات و دەچوو . گرفتێکی ھەبوو و خۆی بۆ نەدەشۆرا . لێم
پرسی : " بۆخۆت ناشۆی ؟" مینگاندی و وەڵامێکی وای نەدامەوە . خەریکی
سەر و گوێلاکم بووم دەمشۆرد . لە بەر خۆمەوە ھەر ویرەویرم دەھات .
کاکمم دیت بە بەر دەممدا یەکدوو جاران چووە ئەو دیوەی شتوومەکەکانمان
لێداکەندبوو و ھاتەوە . زۆرم گوێ نەدایە . سەرقاڵی کاری خۆم بووم . لە
جاری دوایی دا، گوێم لە خشپەی لایلۆنێک بوو . ئیتر ئەوجار بە ئەرخەیانی
ھاتەوە و پاک و خاوێن خۆمان شۆرد و ھاتینە دەرێ . ھەر پووڵەکەمان دا بە
حەمامچییەکە ، بەر لەوەی لە پلیکانی ڕووبە شەقامەکە بچینە سەرێ ؛
کابرای داڵاندار ، ڕۆبووە پشتەملی کاکە ڕەسووڵم . بە ڕاکێشڕاکێش
بردییەوە بەر دەرکی نمرەکەی . دوو سەرە سیمرخی تێکوتا . بە تووڕەیی
زۆرەوە گوتی : " خوێڕی پیسکەی نەدیوبدی ، داوەرە بزانم . ئاودەست
ئەوەتا لە داڵانەکە ھەیە . دا ئەو لایلۆنەی ھەڵگرەوە دەی .. لەبیرتان
چووە . " کاکم ڕەنگێکی ھێنا و برد .چاوێکی پڕ لە شەرمەزاری لەمن کرد .
بە ڕەنگ بزڕکاوی لایلۆنەکەی ھەڵگرت . بەڵام ھەر بەدووقامکان گرتبووی و
لە خۆی دوور ڕاگرتبوو . بەبێ ئەوەی شتێک بڵێ ، بەشەرمێکی زۆرەوە وەپێشم
کەوت . تازە بۆم ڕوون ببۆوە ئەو ھات و چۆیەی لە چی بوو !!. لە شەقامەکە
دوو ھەنگاو لە دواترەوەی دەڕۆیشتم . ھەردووکمان بەرەو سەتڵە زبڵەکەی
سەرچوارڕێ دەچووین . ئەو بۆ لایلۆن فڕێدان و منیش وەک بەرخی دوای مەڕ
بە ناچار دەگەڵی بووم . بە چەند ھەنگاو ئاوڕێکی وەمن دەداوە . منیش
لەبەر پێکەنین ، بە دەستێکم بەر دمم گرتبوو . نەمدەتوانی خۆم ڕاگیرکەم
.لەبەر خۆمەوە ھەر دەکوڵیم . ئەویش کە دەیزانی دەگەڵ ئەومە ، لێوی
لێدەکرۆشتم و ھیچی نەدەکوت.
کاتمان لێ درەنگ ببوو . فریای گەڕانی نێو شار نەکەوتین . من بە دڵگرانی
و کاکم بە لالووتی لە پێکەنینەکانم ، بەرەو جێی دابەزینی بەیانیمان
تێھەڵبووینەوە . ھێشتا چارەگە سەعاتێکی مابوو بۆو کاتەی بەرەو دێ
بگەڕێینەوە . مینەبووسمان بردە بەر دەرکەی دووکانێ و گازەکەمان بارکرد
. کاک حەبوو چۆنیەتی بەکارھێنان ، دابەستن و مەترسییەکانی گازەکەی بە
وردی بۆ کاکم شی کردەوە . ھەموو سەربەندی قسەکانیشی دەیگوت : " گاز
زۆر مەترسیدارە . وریا بن نەتەقێتەوە .. خودای نەخواستە ماڵوێرانتان
دەکا . ھاااا " ھەموو جارێ دەگەڵ " ھااا " گوتنەکەی کاک حەبووی ، کاکم
لە ترسان چاوی زەق دەبوو . بە ئاشکرا ترسان لە چاوی دا دەدیترا . لە
وەڵامدا دەیگوت : " بەڵێ باشە..بە چاوان.".
ھەتا چووینەوە ماڵێ ، کاکم لە مینەبووسەکەدا ، ھەر لێم لالووت بوو .
قسەی دەگەڵ نەدەکردم . جارناجارێکیش بەمۆڕەوە خێسەیەکی دەدامێ . ھەقی
بوو ؛ ئەخر زۆری پێ پێکەنیبووم . بە بزە پڕ واتاکانم زۆرم ئازار دابوو
و گاڵتەم پێکردبوو . لە ماڵێ بۆ دابەستن و ھەڵکردنی گازەکە ؛ تەواوی
ئامووژگاریەکانی کاک حەبووی مووبەموو بۆ دایکم گێڕاوە . ئەوجار نۆرەی
دابەستن ھات . کاکم قۆڵی ھەڵماڵی گازەکەی دابەستێ . بە ئێمەی گوت : "
بکشێنەوە .. نەیەنەپێشێ .. دوور ڕاوەستن .. دەتەقێتەوە ھاااا".
جێگەی دانانی گازەکەی لە چێشتخانەکەدا بەدی کرد . شیلانگەکەی لە پشتی
گازەکە بەست . کەپسوولەکەی دەجێگای تایبەتی خۆی خست . ملی ھەتا نێوشانی
بردە نێو دەرگای گازەکە . دەیھەویست ئەوسەری دیکەی شیلانگەکە لە
کەپسوولەکە ببەستێ . ئەمن لەلای دەرگای چێشتخانەکە ڕاوەستابووم .
نازانم بۆ بە زەینم داھات کاکم بترسێنم !!. ھەر لە حاستە خۆم بە
دەنگێکی بەرز گوتم : " پەەەەەەەەەەەەەە " .. دایکم لێم نیزیک بوو. زۆر
بە توندی ڕاچەنی و مووچڕکێکی پێداھات و بەتوندی ئاوڕی لای منی داوە .
بەڵام کاکم وەفریا نەکەوت ملی بێنێتەدەرێ . وەھا ھەڵبەزییەوە ، گازەکەی
بە کەپسوولەوە نیوگەز لە حەرزی بەرزکردەوە و دایناوە . ئەوسا توانی لە
تەنەکەی گازەکە نێوشانی بھێنێتە دەرێ . ڕقی بەیانیشی ھەر لێم بوو .
دەستێکی بە پشتەمل و تۆقی سەری داھێنا و چاوی لە بەری دەستی کرد .
بریندار نەببوو ، بەڵام دیار بوو زۆری یێش پێگەیشتبوو . بە ڕقێکی
زۆرەوە ھەستا پێ و کەوتە سەرم . فریای کەوش دەپێ کردن نەکەوتم . ھەر
وەک گوتوویانە : " لاقە قوونەی نەجات دە . " ڕوو بە کۆڵان و پشت دە
کاکم ، ئەوەندەی ھێزی دەلاقانم دابوو ھەڵاتم . وەک فیشەک دەرپەڕیم . لە
نێودەرکەی حەسارێ لینگە کەوشێکم وەنێو شانی کەوت . ھاوکات دووسێ
جنێویشم پێگەیشت . بەڵام نەیگرتمەوە . ھەتا دوای نان خورانی شەوێ
نەموێرا بێمەوە ماڵێ . شەو درەنگێک بە تکای دایکم ئیزنی چوونەوە ماڵم
پێدرا . ھەتا چەند ڕۆژێکیش خۆم لە کاکم دەبوارد.
uloush@gmail.com
|