کاک مەسعود بارزانی هەر چاوەڕێی گۆدۆی بەڵێنەکانت دەکەین !
ستیڤان شەمزینانی ساڵی پار دوای ئەوەی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان شارو شارۆچکەکانی کوردستانی گرتەوە ، من لەلایەن ئاسایشەکانی سەرۆکی هەرێمەوە لەرۆژی 1382006 دەستگیرکرام و ئەشکەنجەیەکی باشیش درام ، بەڵام بۆ رۆژی دواتر وەک ئەندامێکی سەرەکی شاندێکی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەشداربووم لەسەردانێک بۆ لای سەرۆکی هەرێم کەکۆبوونەوەکە پەیوەست بوو بەهەمان پرسی ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکان لەو کۆبوونەوەیەدا زۆر بەتێرو تەسەلی باس لەهەلومەرجی کوردستان و فاکتۆرەکانی ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییە کرا و ئێمەش وەک نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی راو پێشنیارو داواکارییەکانمان خستە روو،ئەوەی بەلای منەوە جێگەی دڵخۆشیی بوو ئەوەبوو جەنابی سەرۆکی هەرێم لەسەر دەفتەرێکی تێبینی راو داواکاریی و پێشنیارەکانی ئێمەی دەنووسییەوە ، پێموابوو جەنابی سەرۆکی هەرێم لەسەر راسپاردەکانمان بەخێرایی چەند لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون و چارەسەر دروست دەکات لێ بەداخەوە ئەو سەردانەی ئێمەش هیچ جێگەیەکی نەگرت ، لەو دیدارەدا جەنابی سەرۆکی هەرێم زۆر بەڵێن و قسەی جیددی کرد کە تەواو دڵخۆشکەربوون ، من تاکە کەسی ناو ئەو کۆبوونەوەیە بووم دەفتەری رۆژانەکەی خۆم دەرهێنا و دەستمکرد بەیادداشت کردنی وتەکانی کاک مەسعود بارزانی کەئەم کارە واسەرقاڵی کردم لەبیری بردمەوە پشتمی نیشان بدەم کەچۆن پۆلیس وئاسایشەکانی وی لەسلێمانی بەداروکێبڵ و تێهەڵدان بۆیان شین کردبوومەوە. جەنابی سەرۆکی هەرێم لەو کۆبونەوەیەدا بۆ ماوەی 33 خولەک قسەی بۆ کردین و لەناو قسەکانیدا زۆر وادەو بەڵێن و شتی جیددی هەبوون کەمن لێرەدا گوڵبژێرێک لەوقسەو وادەو بەڵێنانە بەبیر دەهێنمەوەو دەیخەمە روو: .من دەزانم مافیا دروست بووە ، لێیان دەدەم یان من لادەچم یان ئەوان،بەڵام ئەمە کاتی دەوێت •من هەوڵدەدەم بۆ دیموکراسی ئەگەرپێم نەکرا بەڵێنتان دەدەمێ لەپەرلەمان رایدەگەیەنم . •من لەئێوە زیاتر گلەییم هەیە ، رەنگە ئێوە موراعاتی منتان کردبێت . •ئێمە ئینقلابچی نین ، ئێمە پێشمەرگەین بەدەنگی ئێوە و جەماوەر لامانبەن . •من حەز دەکەم خۆپیشاندان هەبێت بەڵام نەچێت دەستدرێژیی بکاتە سەر نەخۆشخانه . •من داوای یارمەتی لەئێوە دەکەم هاوکاریی ئێمە بکەن چونکە دەمانەوێ بەرەو مەدەنیەت بڕۆین . •بەمەسەلەکانی قەزاو پەرلەمان و گەندەڵیدا دەچینەوە. •ئەگەر ئەم دەستەڵاتە بوو بە دیکتاتۆریی لەگەڵ ئێوەدا خۆپیشاندان دەکەم و ئامادەنیم سەرکردەی • دیکتاتۆریی بم ، ئامادەش نیم لەژێر سایەیدا بژیم..من دیفاع لەپارتی و یەکێتی ناکەم کەبێگوناهن بەڵام نابێت خەباتەکەیان سووک بکرێت •.ئەگەر هەر چەوساندنەوە هەبێت لەکوردستاندا کەواتە باهەر دوژمن بێت •من داواتان لێدەکەم یارمەتیم بدەن و ئەگەر شتەکانم بەبەڵگەوە بدەنێ ئەوە بەڵێن بێت ئەو نهێنییە لای • دەپارێزم ، بەرپرسێکی تێکۆشەر هەقە خانوویەکی هەبێت بەڵام هەقی دوو خانووی نییە. خۆم.دەبێت ئێمە دەوڵەتی قانوون دابمەزرێنین هەرچەندە ئاسان نییە •دەبێت میزانیە دیار بێت و نایەڵم ئاسایش تەداخول بکات لەژیانی خەڵکدا ، ئەگەر لەترسی تیرۆر نەبێت • بەیانی ناهێڵم ئاسایش بمێنێت.من بەقەناعەتەوە باوەڕم بەم قسانە هەیە و لەژێر فشاردانییە ، چونکە من باوەڕم بەدیموکراسی و بەدەزگایی • کردنی حکومەت هەیە.ئەگەر سەیر بکەین و ساڵێک دوای ئەم قسانە بە پێشان بەراورد بکەین ، نەک بەدەستێکی پۆڵاین لەگەندەڵی نەدراوە بەپێچەوانەوە گەندەڵی زۆر زیاتر جەستەی دەستەڵاتی گرتووەتەوە و هەنگاوەکانی داڕزاندووە ، ئەگەر سەیر بکەین مافیاکان نەک لەزیندان نین بەڵکو لەجاران زیاتر پلەیان بەرز بووەتەوە ولەهەڕەمی دەستەڵاتدا شانیان لەسەر سەرینێکی پەڕ داداوە و لەکەشێکی شێدارو لەباردا سەروەتی وڵات حەپەلوش دەکەن ، ئەگەر سەیر بکەین نەک یەک هەنگاو بۆ بەدەزگایی کردن و رێکخستنی حکومەت و پەرلەمان و وەزارەتەکان نەنراوە بەڵکو زۆر زێدەتر لەجاران پاشاگەردانی و رۆتین و بیرۆکراتیەت باڵی کێشاوە بەسەریاندا ، ئەگەر سەیر بکەین بەرپرسەکان نەک خانوویەک و دووان دەیان ڤێلا و باڵەخانەو بازاڕی هاوچەرخیان هەیە و کردووەتەوە ، هەر دوای قسەکانی سەرۆکی هەرێم هەراشانەتر لە پێشان بەرپرسەکانی پارتی و یەکێتی خانووە سیحراوییەکانی خۆیان لەجەرگەی شارەکاندا قووت کردووەتەوە ، ئەگەر سەیر بکەین نەک ئاسایش تەداخول لەژیانی هاووڵاتیدا دەکات بەڵکو بەشەق و مشتەکۆڵە رۆژنامەنووس رادەکێشێت بۆ ژوورە تاریکەکانی زیندان ، ئەگەر سەیر بکەین میزانیە نەک هەر دیار نییەو شەفافیەت لەئارادا نییە لە چۆنێتی خەرجکردنیدا بەڵکو هەموومان تووشی شۆک بووین کە بودجەی ئەمساڵی حکومەت کورتی هێنا بێ ئەوەی هیچ پرۆژەیەکی ئەوتۆ و ستراتیژیی ببینین کەلەسەر ئەو بودجەیە جێبەجێ کرابێت ،ئەگەریش سەیر بکەین ئەم دەستەڵاتە بووە بە دیکتاتۆریی و هەرچی رێکخراوە جیهانی و باوەڕپێکراوەکانی مافی مرۆڤ و چاودێریکەری ئازادییەکانە دەستەڵاتی کوردستان تاوانبار دەکەن بەسەرکوتی سیاسی و خەفەقاندنی مافەکانی مرۆڤ ، ئەو رێکخراوانە لەچەندین راپۆرتی جیاجیاو ئامادەکراوی خۆیاندا پارتی و یەکێتی بە پێشێلکارێکی هەرە دیاری ماف و ئازادییەکان ناوزەد دەکەن لە تەواوی ناوچەکەدا ! سەرۆکی هەرێم نەک هەر نەهاتە پەرلەمان بەڵکو هەرباسیشی لەبەرنییە بە دوو رستە ئیدانەی ئەو تاوان و پێشێلکارییانە بکات و بەڵێن بدات بۆ بەگژاچوونەوەی سەرکوتی سیاسی و فکریی. ئهگەر زەین بدەینێ رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لەکوردستان چەندان داتاو دیکۆمێنتیان لەسەر گەندەڵییەکانی بواری سووتەمەنی و کارەبا لەرۆژنامەکاندا بڵاوکردەوە بەڵام سەرۆکی هەرێم نەک لیژنەی لێکۆڵینەوەی دروست نەکرد بگرە بەنامەیەک سوپاسی هەوڵی رێکخراوەکانی نەکرد و زۆر دڵنیاشم جەنابی سەرۆک هیچ کام لەو رۆژنامانەی نەبینیوە جا نەخاسمە خوێندبنییەوە ! ئەگەر دوای ساڵێک واقیعی کوردستان لە بێژنگ بدەین دەبینین جەنابی سەرۆکی هەرێم لەبری داکۆکیکردن لە هاووڵاتییە بەشمەینەتەکانی وڵاتەکەی هەر غەمی پارتەکەی خۆی دەخوات و زۆر لەجاران پەرۆشانەتر داکۆکی لەپارتی و یەکێتی دەکات بەهەموو گەندەڵی و پۆخەڵەواتەکانیانەوە ، ئەگەر سەیر بکەین دوای ساڵێک کاک مەسعود نەک هەر نایەت لەگەڵمان خۆپیشاندان بکات بەڵکو پۆلیس و ئاسایشەکانی وی لە زاخۆ تا خانەقین رێ لە خۆپیشاندانەکانمان دەگرن و هۆڵەکانی زیندانیان بۆ سازو ئامادەکردووین !ئەگەر سەیر بکەین دوای ساڵێک لەبری دەخلی تاکەکەس و فەرمانبەران بەرز بکرێتەوە کەچی لەم رۆژە ڕەش و گرانییە ئەفسوناوییەدا لەژێر ناو و بەپاساوی تەقەشوف و بنبڕکردنی گەندەڵی موچەکانیان کەمدەکرێتەوە ! دوای ساڵێک نەک هەر ناوێرین باسی گۆڕینی دەستەڵاتی کوردیی و گۆڕینی ئەم دەور و دوکانە بکەین بەڵکو لەسەر داوای ریفۆرم و گۆڕانکاریی کردنی لاوەکی لەسیستەمی ئیداریی و سیاسی دەبرێینە بەردەم دادگا و نان بڕاو دەکرێین و بەربەست و کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم کارەکانمان دادەنرێت ، هەندێجار دەکەوینە ژێر پێ لەقەی ئاسایش و پۆلیسەکانی جەنابی سەرۆکی هەرێم وبە ڕاکێشان وجنێو فڕێمان دەدەن پشتی ئۆتۆمبیلەکانیانەوە بۆ زیندان. بەڕێز جەنابی سەرۆکی هەرێم من و هاوڕێکانم واد و بەڵێنەکانی تۆمان لەیادەو لەبیرمان نەکردووە ، ئێمە وا نەڕۆیشتینەوە بەڵێنەکان لە سەقفی ژووری کۆبوونەوە بگیرێن و نەیەنە دەرەوە بۆ سەرزەمینی واقیع ، بۆ ئەوە نەهاتین سەیرانێکی سەری رەش بکەین بەڵکو هاتین بۆ ئەوەی تەکبیرێک بکەین بۆ ئەم دۆخە ئاڵۆز و شێواوە. ئێمە نەهاتین بەڵێنی جێبەجێ نەکراو لەگەڵ خۆماندا بێنینەوە ، هاتین هەتاوەکو گرەنتییەک لەبەرزترین دەستەڵاتداری وڵات وەربگرین بۆ گۆڕان و چاکسازیی و ریشەکێشکردنی گەندەڵی و نەخۆشییەکانی تری بواری ئیدارەو بەڕێوەبردن و سیاسەتکردن ، ئێمە نەهاتین ژەمێکی تێروپڕ لە مۆدێرنترین رێستۆرانەکانی وڵات بخۆین و بخۆینەوە لەولاشەوە هەزاران کەس وێڵی پەیداکردنی سادەترین جۆری خواردن و خواردنەوەبن ، تەنانەت من نەمتوانی یەک تیکە نان چییە بیخۆم چونکە بەر لە هەفتەیەک لەو سەردانە بەئەرکێکی رۆژنامەوانیی چوومە ئۆردوگای سمودی پاشماوەی ئەنفالکراوەکان ، ئەو تراژیدیایەی لەوێ بینیم یەک راستی لاسەلماندم : ئەنفال کۆتایی نەهاتووە بەڵکو مۆدێلێکی تر لە ئەنفالی رۆحی و دەروونی لەلایەن خودی دەستەڵاتی کوردییەوە درێژەی پێدەدرێت ، ئەو دیمەنە جەرگبڕەی لە سمود بینیم رێگەی لێگرتم لەسەر ئەو سفرە پڕ نیعمەتە کەوچک و چەتاڵ بگرم بەدستمەوە و بە بزەیەکی درۆزنانەوە بەدەم لێپرسراوانەی کوردەوە پێبکەنم و بخۆم و بخۆمەوە. ئێمە نەهاتین تا لە (هیران) هەنگوین و ربەهەنار و گوێز و چوالە بکڕین ، بۆ ئەوەهاتین قسە بگۆڕین بۆ کردار، بۆئەوە هاتین بەڵێنەکان بگۆڕین بەهەنگاو ، بۆئەوە هاتین گوێمان لێبگیرێ نەک ئامۆژگاریی بکرێین. بۆ ئەوە نەهاتین چەند دانە وێنە بگرین بۆ یادگاریی هەڵیانبگرین ، هاتین یادگارییەک بەجێ بهێڵین لەمێژووی پیادەکردنی دیموکراسی و ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە رووەو کۆمەڵێکی مەدەنی و بەرهەمهێن و زیندوو و ئامادە. بۆ ئەوە نەهاتین داوایەکی شەخسی و تەنانەت رێکخراوەیی لە ئێوە بکەین ،بۆ ئەوە هاتین دادوبێدادو هاوارو گلەیی و بێزاریی چوار ملیۆن کەس بگەیەنینە ناو کۆشکی سەرۆکایەتی هەرێم و هەموو لایەک لە ئاکام و مەترسییەکانی داهاتووی بەردەوامبوونی گەندەڵی و نایەکسانی لەدابەشکردن و پشتکردنە خەڵکی لایەنی دەستەڵات ئاگاداربکەینەوەو بەگوێی بەرزترین کەسی نێودەستەڵاتیدا بدەین. بۆ ئەوە نەهاتین زەوی وەربگرین ، گلەیی لە بەرو دراوسێ بکەین ، چاوپۆشیی لە ناعەدالەتی بکەین ، هیچ دیارییەکی بەرجەستەشمان پێ نەبوو ، ئێمە هاتین مەسجی جەماوەری بێدەنگ کراو وترسێنراو بگەیەنینە بەرزترین ناوەندی بڕیار لە کوردستاندا ، هاتین بڵێن بەسە گەندەڵی ،بەسە بێ یاسایی، بەسە گوشینی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ ، بەسە حکومی حیزبی و عەشیرەت و دەستەو بنەماڵە ، بەسە ئەو ئیمەیجەی لەکوردستان بووەتە رەنگ وسیمای دەستەڵات و ئیدارە ، هەرئەمە مەسجەش بوو تاکە دیاریی دەستمان. جەنابی سەرۆک ئێمە هاتین بۆ ئەو داواو داخوازییانە ، ئیدی نازانم تۆ ئێمەت بۆچی بانگهێشت کرد ؟ چونکە ئەوەی تۆ ئەوێ رۆژێ بەڵێنت پێداین نەک یەک هەنگاوی بۆ نەنراوە بەڵکو هەر سەرکردەکانی پەنا خۆت بە دەنگی بڵندو بێ پچڕان وەک موعەلیقی فوتبۆڵ ئەو هەنگاوانە بەکارێکی شێتانەو مەحاڵ لەقەڵەم دەدەن!!. جەنابی سەرۆکی هەرێم ئێمە هەرهەموومان چاوەڕوانی ئەو هەنگاوانە لەتۆ دەکەین، ئایا لەبیرت کردوون یان هەر ئێمەت پێ بەڕێ کرد ؟ هەرچییەکیان بێت بێگومانم لەوەی باجی قورسی لەدوایە ، چون ئەگەر ئەمڕۆ هاووڵاتییەکانت بەیداخی ئەنفال و جینۆساید و ئاڵای عێراقی عروبە لەپەنا تەخت و پەرلەمانەکەتدا هەڵبکەن دوورنییە سبەی ، چیاکان بگرن ، سەنگەر لە دەستەڵاتەکەت بگرن ، گوللە بەو سەرەوەرییانەوە بنێن کەبووە بە رەمزی ئەوەی ناوتان ناوە ئەزموونی کورستان ، هیچ یەکێک لەمانە دوور و مەحاڵ نییە چون لەنێو سیاسەتدا تەنیا مەحاڵ مەحاڵە ئیدی هەموو شتێکی تر دەکرێت رووبدات. جەنابی سەرۆک خەریکە ردێنمان سپی دەکەین بە دیار واده و بەڵێنە وەهمییەکانتانەوە، کەواتە رێم پێبدە لەخزمەتدا بێژم : تکایە کاک مەسعود بارزانی هەموو هەر چاوەرێی گۆدۆی بەڵێنەکانت دەکەین کە بەداخەوە وابزانم هەرگیز نایەن. تێبینی : وێنەکە وێنەی نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییە لەگەڵسەرۆکی هەرێمو هەمان رۆژی کۆبوونەوەکە (14/8/2006)لە(سەریرەش)گیراوە.Shamzini79@hotmail.com
|