په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١\٢٠١٨

کاک نێچیر و کاکەکانی تر و دەسەڵات!!


حەسەن باقی     


ئەوەی لای ھەمووکەس ئاشکرایە،دەبینێت و دەبیستێت، لەسەر تاکەکانی ناو کۆمەڵگە کە باڵادەستن دوولایەنیان ھەیە، ئەرێنیی و نەرێنیی، کاری من ئەوە نییە لێرەدا باس لە ئەرێنیی بکەم، ئەوە خەڵکە بڕیاردەری ئەو ڕاستیە و ھەندێک نووسەری دەرباریش کە زیاد لە پێویست، قەبەی دەکەن..

بەرپرسەکانی کورستان، پێش ئەوەی بگەنە دەسەڵات زۆر گفت دەدەن و تا ڕادەیەک لەگەڵ خەڵک و داواکانیاندان تێکەڵ دەبن، بۆ ئەوەی بتوانن، جێگەو ڕێگەیەکی بەرپرسیارێتی بۆ خۆیان دابێن بکەن، وەک دەبینین سەرودەمی ھەڵبژاردنەکان کاک نێچیر دەیوت ( دەنگ لە ئێوە و، خزمەت لە ئێمە) ھەروەھا لە چەند بۆنەیەکدا باسی کارەباو خزمەتگوزاری کردووە، بەڵام لە ھەمووی سەیرتر، ئەوەبوو لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیەکەیاندالە سلێمانی، لەگەڵ مەلا بەختیار ،کە ئەویش باسی لە کارەبا کردووە لە چەند ساڵی ڕابردوو وتوویەتی ( گەر حکومەت نەتوانێت چارەسەری کارەبا بکات تا کۆتایی ئەو ساڵە،(وابزانم ساڵی ...)بوو ئەوا واچاکترە حکومەت دەست لەکار بکێشێتەوە) ئەو کاتە کارەبا کوژایەوە. ئایا بە مەبەست بوو بۆ ئەوی بە کاک نێچیر بڵێت دەست لەکار بکێشەرەوە، ئێوە بەکەلک نایەن، کە زۆر رێی تێدەچێت وابێ.

دیسان مەلا باس لە دیموکراتی دەکات، کام دیموکراتی؟ ئەو دیموکراتیەی ھەرەشە دەکات کە ھیچ کەس ناتوانێت ئەوان لە دەسەڵات لابەرێت، ئەوان ھاوکێشەکەن لەگەڵ پارتی، بیریچووەتەوە سەدام زۆر بەھێزبوو و ھێزی چەکداری و ئەمنی لەوان لە ھەموو حیزبەکانی تر بەھێزتر بوو، چی لێھات؟ ناڕەزایی خەڵکیشی بە گێرەشێوێن وەسف کرد، واتە مەلا سەرباری خەبات و دەربەدەریی سەردەمی شاخ و شار و (گرتنی لای یەکیەتی، سەردەمی بانگەشێی بۆ ئاش)، بەو شێوە قسە دەکات سەیرە گوڵم.

یان ھەڤاڵ ئەبو بەکر قسەی زل و پەیمانی زۆری دا تا بوویە پارێزگار، سەرەتا بۆ ھەڵخەڵەتاندن و ختوکەی موسڵمانەکان قورئانی خوێندەوە، بۆ ڕازییکردنی زۆنی سەوز ھیچ ورتەی لێوە نەھات بەرامبەر داخستنی ئێن ئاڕ تی، وەک دەسەڵاتەکەی. ھەروا ڕێگە دان بە ھاتنی ھێزی چەکداری پارتی بۆ سلێمانی لەو سەروبەندەدا بۆ ڕازییکردنی پارتی، لە کۆتاییشدا بووە پاسەونان یا باشترە بڵێین فریاگوزاری تەندروستیی کاتی گەڕانەوەی کاک کۆسرەت، کە ئەوە ئیشی ئەو نییە ماستاوێکی خەست نەبێت، ئەوان لە دوو بەرەی جیاوازدان، و قسە لەسەر دەسەڵاتی یەکدی دەکەن، کە خوێندنەوە بۆ ئەوە تەنھا شەرمەزارییە، ئەوە کاتێک جوان دەبوو، وەک رێزلێنان لە کاک کۆسرەت، کە ئەو بێ دەسەڵات بوایە و بچووایە ئەو کارەی بکردایە، یان کاتی ھەڵبژاردن بووایە و ئەو رەفتارەی بنواندایە.

ھەر چۆنی بێ.. ئەوانەی کە لە کوردستاندان، ھەموویان بیریان لای کۆکردنەوەی پارە و بنیاتنانی ڤێلا و خۆشگوزەرانیی خۆیان و خانەوادەکەیانن، بێ ئەوەی بیر لە ئێش و ئازارەکانی خەڵک بکەنەوە، بە گشتی پارەو سەروەت و سامانی کوردستان دزراوەو دەدزرێت، کەس نازانێ پارەی نەوت بۆ کوێ دەچێت، د. بەرھەمیش نازانم چاوەڕوانی چی دەکات و تازەبەتازە باس لە گروپ ولایەنی تر دەکاتەوە، ھەر ئەو نەبوو سەرۆک وەزیران و جێگری سکرتێری گشتی ی،ن.ک بوو.. لەو سەروبەندانە چی کرد، جگە لە کۆکردنەوەی پارەیەکی زۆر و پشکی نەوت و... تد.


ئەمانە ھەموویان کوڕی یەک خانەوادە و سیاسەتن، خەڵک گێلکردن و دەستی دەستی کردنیانە بە خەڵک تا نەتوانرێ بەرەیەکی ناڕازی و واقعی دروست ببێ چونکە بە ھاتنی لێشاوی تووڕەیی خەڵک ھەموو گەندەڵکاران ڕادەماڵدرێ وەک بینراوو بینیومانە لە مێژووی گەلانی جیھان و ناوچەکە و کوردستانیش.

بۆیە کاک نێچێر و کاکەکانی تریش دەبێ بەر لە ھەر کارێکی تر بیر لە ھێنانەوەی ئەو پارانە بکەنەوە کە لەبانکەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا و دوبەیە، بەڕاستی دەست بۆ چاکسازیی بەرن، ھەر کەس لە حیزبەکەی خۆیەوە و لە کەسە نزیکەکانی خۆیەوە دەست پێبکا، دەنا کوردستان چاوەروانی ڕۆژێکی ترسناکتر دەکا و خۆیان و خەڵک پێکەوە دەسوتێنن، وەک سەدام کە خۆیی و خانەوادەکەی و خەڵکی عێراقی سوتاند کاولکاریی ھێنا، مێژووش بەزەیی بە کەسدا نایێتەوە، دەوڵەتە دراوسێ و ھەرێمییەکان و ئەوروپاش چاویان لەسەر ئەم ناوچەیە.

 


٨\١\٢٠١٨ - ئەڵمانیا
ali_ahma33@yahoo.de

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک