په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

کاک تەها دەستت خۆش و هەڵبژێردراوانیش سەفەر بەرەکەت!


بەشدار عه‌لی   


دەرخستن و بەرزرکردنەوەى نوخبەیەک بۆ ئاستێکى باڵا لەسەر حیسابى زۆرینەى خەڵک ، بەرهەمى عەقڵیەتێکى تۆلیتارى و دۆگماى چەق بەستوى داخراوە،لەرێگاى ئەو سیاسەتە پەیامێک بە گوێى هەموو کەس دەدات ئەویش ئەوەیە( ئەوەى لەگەڵم بێت لە چینێکى بەرزە و ژیانێکى خۆشى دەبێت،ئەوەشى لەبەرامبەرم بێت لە خوارەوەیە) لەم بارەیەوە حکومەتى گۆڕ بەگۆڕى بەعس هەنگاوى زۆرى بڕى تا لە هەموو ناوەندەکاندا کاراکتەر و دڵسۆزەکانى بکات بە کاریزما،دەسەڵاتى کوردیش رێک ئەو عەقڵیەتەکەى درێژە پێداوە و هەمیشە لە هەوڵدایە کەسەکانى خۆى لە سەرووى هەموو هێز و بیرکردنەوەیەک دابنێت و قسە کردن لەسەریان بڤە بێت و وەکو کەسى ئاسایى سەیر نەکرێن و جیایانکاتەوە لە خەڵک.


لە کۆتایى ساڵى رابردوو وەزارەتى وەرزش و لاوانى حکومەتى هەرێم کۆمەڵێک گەنج و پیر و مناڵى بەناوى (گەنجى ساڵ ) هەڵبژارد و خەڵاتى کردن، خۆشبەختانە لەم هەفتەیەش هەڵبژێردراوان لەگەڵ ستافێکى تر سەفەرێکیان بۆ دەرەوەى وڵات بۆ رێکخراو و بەم هۆیەشەوە هەزارەها ملیون دۆلارى ترى گەنجان و لاوانى کوردستان لە پرۆژە و بەرنامەیەک خه‌رج کرا کە تەنها چەند بەچکە کادیرێکى حیزب سوودى لێوەردەگرن و عەقڵیەتێکى تاکڕەوى و دیکتاتۆرى لە کۆمەڵگادا برەو پێدەدات.


بە جیا لەوەى ئەم هەڵبژاردن و خەڵات کردنە هەڵبژاردن و خەڵاتکردنى باشترین و دڵسۆزترین کاراکتەرەکانى حیزب بوو لە ناوەندە جیا جیاکاندا، بۆ ئەوەى لە هەوڵى بەردەوامدا بن بۆ زیاتر بە حیزبى کردنى ناوەندەکانیان( کە ئەم ئامانجە لە هەموو پرۆژە و کارەکانى وەزارەتى بەناو لاوان هەستى پێدەکرێت)، بە جیا لەوەى هەوڵێکى ترى دەسەڵاتى کوردى بوو بۆ دەرخستن و بەرزکردنەوەى کاراکتەرەکانى خۆى و وون کردنى دەنگە جیاوازەکانى تر و ساردکردنەوەیان لە بەرنامە چاکسازى و گۆڕانکارییەکاندا، تا پێمان بڵێت سەیرکەن کوڕان و دڵسۆزانى حیزب چۆن خەڵات دەکرێن و بە وڵاتاندا دەگەڕێن و لە ناز و نیعمەتدا دەژین،وەرن ئێوەش وەکو ئەوان قسە مەکەن و بێدەنگى قبوڵ بکەن و لەم ژیانەدا بژین،لەیەک دێردا ئەم هەڵبژاردنە و سەفەرکردنە و بسەرف کردنى هەزارەها دۆلار، تەنها رازیکردنى دڵسۆزانى حیزب بوو و هیچى تر.


ئەوەى جێگاى تێڕامانە، سەرەڕایى لەبەردەستا بوونى زۆرترین ئیمکانیات و فەراهەمبوونى دەسەڵات و یاسا و دەستورە لاستیکیەکانیان و کۆنترۆڵ کردنى ناوەند و دامو دەزگاکان و خستنە ڕووى پرۆژە و بەرنامەى جۆراو جۆر بۆ پیرۆزکردن و بە کاریزماکردنى کاراکتەرەکانیان، بەڵام خۆشبەختانە هەوڵەکانیان شکست دەخوات و مرۆڤى هۆشیارى ئەو سەردەمە شتەکان ئاوا بەئاسانى قبوڵ ناکات.


دەبێت وەزارەتى وەرزش و لاوان و خودى تەها بەروارى ئەوە باش بزانێ خه‌رجکردنی هەزارەها دۆلار لە سەروەت و سامانى گەنجانى کوردستان تاوانێکە و بۆیان نیە بەم شێوەیە مامەڵە بە سەروەت و سامانى خەڵک بکەن و هەست و نەستى هەزارەها گەنج و لاویش بریندار بکەن، ئەگەر وەزارەتى بەناو لاوان متمانەى بە هەڵبژاردنى ئەو لاوانە و پشت ئەستورە بەتوانا و قابیلیەتیان،با کۆى مەسروفات و خەڵاتى ئەو (هەڵبژێردراوانەى) لە پرۆژەیەکدا بۆ ئەو گەنجانە لە بوارێک لە بوارەکاندا بخستبایە گەڕ ، تاکو ئەو (داهێنەرانە )بەرهەم و کارى باشتریان بەرهەم بهێنایە.


لە مەمەلەکەتێک کە هەموو ئاراستەکانى دەسەڵاتى سیاسى بەرەو تاکڕەوى و دیکتاتۆرى هەنگاو ببڕێ ،کار لەسەر و وورد و خاشکردنى توانا و هێز و ئیرادەى تاکەکان بکرێت، لە پشتەوەى هەر پرۆژە و حەز و هیواو خۆزگەیەک دەیان کۆسپ و رێگرى خۆى حەشار دابێت، دەسەڵاتى حیزب لە سەرووى هەموو دەسەڵاتێکدا بێت، جێبەجێکردنى یاسا و دەستور و سزادان تەنها لە ماڵى هەژاران جێگاى ببێتەوە، سەراپاى سیستەمەکانى بەرێوەبردنى کۆمەڵگا لەبەر یەکەوە هەڵوەشابێت،چاوەڕوانى ئەو جۆرە کارانە و بەرنامەى لەم شێوەیە لە وەزارەت و دامەدەزگاکان و بەرپرسانى ئەو وڵاتەش دەکرێت.


ئەم مەملەکەتە پێویستى بە گۆڕانێکى ریشەیى هەیە لە هەموو بوارەکاندا،گەنج و لاو و مناڵ و پیر و پەککەوتە و ژن و فەرمانبەر و مامۆستا و قوتابى و کاسبکار لە حاڵەتێکى دەروونى خراپدا دەیگوزەرێنن،بە سەدان گەنج لە هەولێر و سلێمانى تواناى کڕینى جوتێک پێلاویان نیە،بەڵام دڵسۆزانى حیزب سەفەرى ئەوروپا و ئەمەریکایان بۆ رێک دەخرێ لە سەروەت و سامانى خەڵک، دوایى ژیانێکى کوڵەمەرگى خوێندن تەواو دەکەین و رەوانەى شەقامەکانمان دەکەن، بە دەیان خێزان نانى بەیانى مسۆگەر نیە و بەرپرسانیش لە نێو کۆشک و تەلار شەو بەرێدەکەن، ئەو وەزعیەتە تا سەر ئاوا بەردەوام نابێت،هەموو شتێک لە باریکییدا دەپچڕێت ،بەڵام زوڵم ز زۆرداریی و نایەکسانیی لە ئەستوریی!
 


Bashdar_net@yahoo.com