په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٨\٢٠١٥

    کاڵێ دێمەوە بۆ لای تۆ..

  جەنگ تەڵاق دەدەم!

رێباز مەحمود

لە دڵم دەرناچێ
تۆیان لەودیو پەنجەرە شیشەبەندەکانی قەیرەییەوە
تا قامی قیامەت بەند کرد و
منیشیان ڕژان بەسەر شەڕە نەبڕاوەکانیاندا..
بەسەر هەژاری و
هەڕاجگاکانی خەون و
جێهێشتنی نیشمتمان بەسەر چاوچنۆکیەکانیاندا..

کەمێک لەمەوبەر
ساتێک بەر لە تەڵاقدانی ئەم جەنگە
لە ناو دوکەڵی بۆن بارووتی دواین گولەمدا
لە ختوورەیەکی دڵما لەخەو ڕابوویت و
ئیدی ئاوڕم،
وەک بایەک بردمی بەناو دارستانی عەیشونۆشی بەگزادەکاندا
سەرەنجام مەرجانە ڕژاوەکانی خۆزگەی تۆم بینی
لە ناو حەوشەی کۆشکی بێمنەتیی ئەواندا..

وابوو.. کاڵێ .. تۆ ئاوڕت پێ دامەوە
بۆیە تفەنگەکەم لە دەستا شل بوو..
بۆیە بڕیارمدا جەنگ تەڵاق بدەم..!
خۆ کورد ..هەرگیز فێرە ئاوڕدانەوەی نەکردبووم لە خۆم.
ئەدی تۆ چۆن توانیت پەنجەرەی شیشەبەندی قەیرەیی
کە پیاوچاکان و حەکیمانی وڵات
لە مێژەوە بۆیان بەکردن داویت
بشکێنی و
بێیت بە ئاشکرا لەناو دڵی مندا هەستیت لەخەو؟؟

بۆ هاتیت و
نەتهێشت ئەو خەرەندەی
شۆڕشگێرە بۆینباخ لە ملەکان پڕ بکەمەوە
کە لەمسەری گەنجێتی منەوە هەتا ئێوارەی نەوەکانم درێژ دەبێتەوە؟
بۆ هاتیت و
ئاوڕت پێ دامەوە بۆ ناو ڕیزی منداڵان..
بۆ وەرگرتنی جەژنانەی خوێنی باوکیان؟
بۆ هاتیت و
نیگات لە گەڕان بەدوای کەلەسەری داعشێکەوە
پێ وەرسوڕاندم
بۆ ناو ئەو مەلەکردنە بێ تامەی حەشامات
بۆ دۆزینەوەی:
(( هەمزاغا، لە ناو گۆمی مەندی سمێڵ زەردەکانا
*))..؟

خۆ من دڵم خۆش بوو
لەودیو پەنجەرەی شیشەبەندی قەیرەییتەوە
پاڵەوانی ڕۆمانەکان و
پاساریی شیعرەکان
باسی هاتنەوەی منت بۆ دەکەن..
بەڵام سەرەنجام
تۆ دەرت کردنە دەرێ،
تۆئەوانیشت فڕێدانە کٶڵان..

خۆ من وامدەزانی
پیاوە بۆینباخ وشەیی لە ملەکان
بە لچکی قەسیدە و
پەڕۆوپاڵی فەلسەفە و
گسکی نوێی باوەڕەکانیان
خەریکی پاککردنەوەی کۆڵانەکانی تاریکین
بۆ هاموشۆی تەنیا جارێکی تریفە
بە بەردەرگا خامۆشەکەتا..!

بەڵام.. وا.. تۆ دەڵێی
ئەوان لە جیاتی ئەوەی بە ئاوی کتێبەکان
ئەو تۆزە پنجە گیا زەردبوە جێماوەی ڕۆحی تۆ و
چیمەنی ئومێدی سیسبووی دوا گەڕانەوەی شەکەتیی من ئاو بدەن..
بە گسکی وشە پرشەدارەکانیان
کۆڵانی تاریکەسەڵاتی کورد،
بۆ دیدەنی سپێدە خاوێن بکەنەوە..
وا.. بە ڕۆحێکی بەدمەستەوە
لەسەرەیەکی درێژا
لەجیاتی قەڵەمەکانیان
گیرفانەکانیان
گرتوە بە دەستەوە..

دەسا نیشتمان بمبورە
گەرچی لولەی تفەنگەکەم هێشتا سارد نەبۆتەوە
بەڵام هەڵیدەپەسێرم بە سنووری بەدبەختیم و
بەم هەورازی شەڕەوە
شوێن تلۆر بوونەوەی دڵشکاویی خۆم دەکەوم..

ئەی ختورەی درەنگ وەختی ناو دڵم
لەمدیو پەنجەرەی شیشەبەندی قەیرەییەوە
وا جەنگ تەڵاق دەدەم!
دێمەوە و
لە سووچی شەوە تاریکەکانی هەردوکمانا
بەدزی هوتاف و دروشم و شیعر و
وتارە سواڵکەرەکانەوە
منداڵی حەرامزادەی خەیاڵ دەخەینەوە..

کاڵێ .. شەڕ بڕستی لێ بڕیوم
دێمەوە کۆڵانەکەتان،
بەڵام دەترسم کەس لە تۆدا دەرگام لێ نەکاتەوە
لە ناو بەختی کڵۆمدراوی تۆدا
درەنگ بێ و
جێگای ئاشنایی من دەمێک بێ کۆکرابێتەوە..!

سەروڕیشی خۆزگەم وا سپی بوو..
دوای ئەو هەموو کڕێوەی مەرگە
بناری ڕۆح بە چی سەوز بێتەوە؟
پەنجەرەی شیشەبەندی قەیرەییت،
لەگەڵ خۆر بە چی ئاشت دەبێتەوە؟

دەزانم تازە درەنگە کە دەگەڕێمەوە
ڕەنگە بێهودە بێ ڕاوەستان لەبەر دەرگاکەتا..
دەشێ چیدی ڕاڕەوی هاتنەدەرەوە بۆ ناو ژیان نەدۆزیتەوە..
بەڵام تۆ
ئەگەر دەرگای نائومێدیی خۆشتم لێ نەکەیتەوە
من جەنگ هەر تەڵاق دەدەم ..

من ئیتر حەز بە خستنەوەی نەوەی خەونە حەرامەکان دەکەم..
ماندووم ، ماندوو
زۆرترین زارۆکی گوناه و
نەوەی خوێنی شەرعی لە دایک بوو
بەڵام خوێن دڵۆپ دوای دڵۆپ هەر قەزەم دەرچوو
هەرگیز هیچیانی لێ گەورە نەبوو..

من چیتر خوێنم پێ بەخێو ناکرێ کاڵێ..
دێمەوە ناو کۆڵانەکەتان و
بە دزی موفەکیر و شاعیرە دەربارەکانەوە
ئەوانەی لە سەرەیەکی درێژا
لە جیاتی قەڵەمەکانیان
گیرفانەکانیان گرتوە بە دەستەوە
لە کۆڵان و حەوشەی دواوەی
شیعر و فەلسەفە و
وتارە چەنەبازەکانیانەوە
پێکەوە منداڵی ناشەرعی خەیاڵ دەخەینەوە..!
___________________________
* پەندێکی کوردی ((هەرچی سمێڵی زەرد بوو هەمزاغا نییە.)).

 

ماڵپه‌ڕی رێباز مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک