په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\١٢\٢٠١١

ته‌وه‌ری ''ئایه‌ په‌رله‌مانی کوردستان سه‌رسه‌خت و لامله‌ یان کارتۆنییه‌ یان ئاسایی و له‌باره‌؟''.

 

کامەران عەزیز:
پەڕلەمانی کوردستان دارێکی بێبەر و بێ سێبەرە و هاوڵاتیان هەرگیز نەیانتوانیوە لە سایەی ئەم دارەدا بۆ ساتێک پشوو بدەن و بحەوێنەوە.

سازدانی: ئه‌مڕۆ


من زۆربەی کات ئەم بۆچونەی خۆم دووبارە دەکەمەوە و دەڵێم (ناتوانم پێناسەیەکی لۆژیکی و مەعریفیمان هەبێت بۆ چۆنیەتی دەستەڵات و حکومەت و پەرلەمان لە کوردستاندا..!) مەبەستم ئەوەیە هێندە دەسەڵاتێکی کۆن و شێواو و بێ لۆژیکە، گەر بە هەر چەمکێک پێناسەی بکەین ئەوا دەکەوینە هەڵەیەکی مەعریفی و فکری‌یەوە، وە بۆشاییەکی گەورەی بێمەعریفەت لەو پێناسەیەدا بەجێدەهێلێن.!!


چونکە ئەگەر ئەم دەسەڵات و پەڕلەمانە بنەمایەکی مەعریفی ولۆژیکی هەبوایە ئەوا زۆربەی دەزگا ئیداریەکانیشی لە ئاستیێکی بەرز و سەردەمیانەدا کاریان دەکرد، ئەگەر پەڕلەمانێکی دیموکراتی بوایە، ئەوا هەڵبژاردنەکان بە پڕۆسەیەکی دیموکراتی بە بێ فێڵ وغەش و بە نەزیهی بەڕێوە دەچون، ئەگەر دەسەڵات دیموکراتی بوایە، ئەوا خواست و ویستی ئێستای خەڵکی کوردستان لە مافی سەرەتاییەکانیان تێپەڕدەبون و نەدەگەڕانەوە بۆ سادەترین و کەمترین داواکاری دیموکراتی.


ئەگەر ئەم دەسەڵات و پەڕلەمانە عیلمانی بوایە ئەوا خاڵی دەبو لە هەر دید و بڕیارێکی خێڵەکی و ئایینی، ئەگەر ئەم پەڕلەمانە خاوەنی پڕنسیبە عیلمانیەکان بوایە ئەوا لە ژێر سایەو سێبەری باوەڕە دواکەوتوەکانی حێڵ و هۆز و بناماڵەدا کارەکانی بەڕیوە نەدەبرد..!


ئەگەر دەسەڵات و پەڕلەمانێکی ناسیۆنالیستی بوایە ئەوا لەماوەی ئەم ٢٠ ساڵەی دەسەڵاتیاندا کێشەی میللی و نەتەوەیی وفەرهەنگیەکانی ئەم کۆمەڵگایەیان چارە دەکرد، ئەگەر دەسەڵات و پەرلەمانێکی ناسیۆنالیستی بوایە ئەوا لە جیاتی بەهای دەسەڵاتی حیزبی و بنەماڵەیی، بەها و ستراتیژیە نەتەوەییەکان مەهامی ئەسڵی ئەم دەسەلات و پەرلەمانە دەبوو..!


هەر ئەمەشە وای کردوە کە هەندی لە ڕۆشنبیران و نوسەران چەمکی تازەی بۆ دابهێنن ودابتاشن و چەند چەمکێک لێک بدەن تا بتوانن پێناسەی ئەم پەڕلەمان و دەسەڵاتەی کوردستانی پێبکەن، چونکە چەمکە مێژوویی و فەلسەفیە دۆزراو و ئامادەکانی لە گەڵدا ناگونجێت..!


واتا دەتوانین بڵێین پەڕلەمان و حکومەت و دەزگا ئیداریەکان و دادگا و هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی دارایی هەموو مقاشی دەسەڵاتدارانی حیزب و بنەماڵەن، بە پێی خواست و بەرژەوەندیی دەسەڵاتی تاقمگەرایی نێو حیزبە باڵا دەستەکان کارەکانی نێو ئەم دەسەڵات و پەرلەمانە بەڕێوە دەبەن..! بۆیە دەڵێم من کەمترین ئومێدم بە سەرجەمی دەسەڵات و حکومەت و پەڕلەمان نی‌یە لە کوردستادا، وەک لە سەرەوە باسم کرد ناتوانم هیچ پێناسیەکی مەعریفی و لۆژیکی و فکری و تەنانەت پێناسەیەکی سیاسی مۆدێرنیشم هەبێت بۆ چۆنیەتی دەسەڵاتداریەتی لەم وڵاتەدا.


پەڕلەمانی کوردستان بە مانای وشەکە پەڕلەمان نییه‌، بەڵکو شاگردی حیزبە دەسەڵادارەکانە..پەڕلەمانی کوردستان دارێکی بێبەر و بێ سێبەرە و هاوڵاتیان هەرگیز نەیانتوانیوە لە سایەی ئەم دارەدا بۆ ساتێک پشوو بدەن و بحەوێنەوە، بۆیە ئەم دارە خەڵکی کوردستان بە دارێکی پیری دەزانن و لێ‌ی بێئومێد بون، ئەوا تەنها هەردوو حیزبی دەسەلاتدارن کە ئومێدیان بەم پەرلەمانە هەیە، لە بەر خاتری جوانکردنی ڕووبینای باخی گەندەڵی دەسەلاتیان ڕۆژانە دڵۆپ..دڵۆپ ئاوی تێدەکەن تا وشک نەبێ و نەپوکێتەوە، ئەگینا لە ئەرزی واقیعدا کارێکیان بە پەرلەمان نی‌یە، بە بەڵگەوە دەیڵێم هەتا ئێستا نە حیزبەکان لێگەڕاون کە بە سروشتی و سەربەخۆیی کارەکانی ڕاپەڕێنێت، نە پەرلەمانیش بڕیارێکی دەرکردوە کە پێچەوانەی پۆخڵەوات و کارە ناشیرینەکانی دەسەڵاتی حیزبەکان بێت..!

 
لە وڵاتانی دیموکراتی و مەدەنیدا ئەگەر پەڕلامانیش سەربەخۆ نەبێت ئەوا بەشەکانی تری دەسەلاتداریەتی سەربەخۆیە، وەک دادگا، یاسا وپۆلیس، سوپا. بەڵام لەم وڵاتەی ئێمەدا هیچ شتێک بە سەربەخۆیی نەماوەتەوە، لە بازاڕ و کۆمپانیا گەورەکانەوە تا موچەو نان و ڕەنگە سروشتی‌یەکانیش..!!


ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی‌یەکان کە لەم ساڵانەدا ڕوویاندا، یان ئەگەربگەڕێینەوە بۆ ئەو لیژنانەی کە ئەم پەرلەمانە دروستی کردن بۆ نمونە لیژنە بۆ گرتنی تاوانبارانی (ئەنفال) لیژنەی(نەزاهە) دژ بە گەندەڵی..لیژنەی تیرۆری ڕۆژنامەنوس (سەردەشت عوسمان)، لیژنەی بۆ گرتن و داگایی کردنی بکوژان و بریندارکارانی (خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات) و ڕۆژانی دوایی، لیژنە بۆ سوتانی بارەگاکان و مەیخانەکان (ڕووداوەکانی بادینان)..هتد، بێجگە لەوەی کە لە سەر بنەمایەکی یاسای سەربەخۆ..پارێزەر و دادگایەکی سەربەخۆ ئەم لیژنانە دروستنەکرا و بەڕێوە نەچوو، بۆیە ئەنجام و نەتیجەکانیشی بۆ هاوڵاتیان هەرگیز قانعکار نەبوە و نابێت..!


بە دڵنیای‌یەوە ئەم پەرلەمانە بۆ هەموو هاوڵاتیانی سەلماند کە نەک هەر ناتوانێت هیچ کێشەیەکی ئەم کۆمەڵگایە چارەسەر بکات، بەڵکو دروستکردنی زۆربەی لیژنەکانیشی بۆ چاوبەستن و خۆدزینەوە و وونکردن و شێواندنی سەرەداوی کێشەکان بووە، نەک بۆ چارەکردنی کێشەکان..!


ئەگەر ئەم پەرلەمانە بە راستی پەرلەمانێکی خەڵکی و مەدەنی و کارامە بوایە ئەوا نەک کێشە لە سەر کێشە بە سەریەکدا کەڵەکە نەدەبو وە لە نێو کێشەکانیشدا وەک ئێستا نقوم نەدەبو، وە تەنانەت لە لایەن خۆشیانەوە هێندە بێ ئەرزش و ڕسوا نەدەبو!


نمونەیەکی زیندوو بۆ سەلماندنی ئەم بۆچونە ئەوەیە، هەر ئێستا دەبینین کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی پێشو بە ئاشکرا و زۆر بە ئاسانی و بە پەلە دەستی بە لوتیەوە گرتوە و دەیەوێت ئەم حکومەت و پەرلەمانە بەجێبهێڵیت..!، وە سەرۆکی تازەش بە بڤەوە و بە قێزەوە و بە ترسەوە سەیری جێگا و کورسی بەتاڵی حکومەتەکەی دەکات و لێ‌ی نزیک نابێتەوە، کە تا ئێستاش دیار نی‌یە ئەم سەرۆکایەتی‌یە دووبارە قبوڵ دەکاتەوە یان نا..؟! (چونکە وەک خۆیان گوتویانە ئێمە ناتوانین مغامەرە بەم سەرۆکایەتی‌یەوە بکەین..!!).


ئەگەر کەمێک تێڕامێنین لەوە تێدەگەین کە سەرلەبەری کێشە ئابوری و سیاسی و ئیداریەکانی ئەمڕۆی ئەم حکومەت و پەرلەمانە هەموو دەگەڕیتەوە بۆ چۆنیەتی دەسەڵاتی حیزبی سەرۆکەکان هەرخۆشیان سەرچاوەی ئەسڵی کێشەکانن، وە لە ململانێ سیاسیەکانیاندا بەردەوام هەولیانداوە تا کێشەکان بۆ یەکتر قووڵتر بکەنەوە، بە مەبەستی ئەوەی هەر سەرۆکە کابینەی ئەوی دی پێ لاواز بکات.. پەکبخات و تاوانباری بکات و پێگەو دەسەڵاتی ئەویدی پێ لەکەدار بکات و بەرەو شکست و دۆڕانی ببات..!


لە کۆتاییدا دەڵێم میژوویەکی پر نارەزایەتی و خۆپیشاندان بەرامبەر بەم دەسەڵات و پەلەمانە بەڕیوە چوو، هاوارکرا، ڕەخنە گیرا، قسە کرا، بە هەزارەها وتار نوسرا و پڕۆژە پێشکەشکرا، بەڵام ئەم حکومەت و پەرلەمانە هیچیان لە ئێمە نەبینی و نەبیست، کەواتا لەوە زیاتر چاوەڕێ‌ی مەکەن، چونکە هیچیان لێ سەوز نابێت.. ئیتر زیاتر ڕەنجی خۆتان مەدەن بە دەم باوە..! با ئەوەندە لەسەر ئەم دەسەلات و پەڕلەمانە نەدوێین و نەنوسین، بەڵکو بەدوای دنیای ئەودیو ئەم دەسەلات و پەرلەمانەدا بچین، بە دوای ئەڵتەرناتیڤی ئەودیوی ئەم دەسەڵاتە وپەڕلەمانەدا بگەڕیین و بزانین چ ئەڵتەرناتیڤێک لە جێگایاندا جوانتر و باشتر و ئینسانیتر و شیاوترە بۆ ژیانی کۆمەڵگاکەمان لەم سەردەمەدا...!
 

ماڵپه‌ڕی کامه‌ران عه‌زیز

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک