کام گۆڕان....؟
گۆران شهریف
هیچ کەسێک نکۆڵى لەوە نیە هەڵبژاردنى ئەمجارەى پەرلەمان و سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان زۆر جیاوازترە لەهەڵبژاردنەکانى پێشووتر کە هەرێم بەخۆوەى بینیوە.
جیاوزیەکەو گرنگى هەڵبژاردنى ئەمجارە خۆی لەبوونی لیستى ترى جیاواز لەلیستى یەکێـتى و پارتی دەبینێتەوە، بەتایبەت هاتنە سەر گۆڕەپانى لیستێکی جیابوو لەیەکێتى کەئەویش لیستى نەوشیروان مستەفایە کەیەکێکە لەسەرەکیترین کارەکتەرى ئەم ململانێی هەڵبژاردنەى ئەمجارەى کوردستان بەخۆوەى دەبینێ.
ململانێ و رکابەرى ئەم لیستەو لیستى کوردستانی و لیستى چوارحزبەکە بەشێکی زۆرى پڕوپاگەندەى هەڵبژاردنەکانى گرتۆتەوە، بەتایبەت لەسلێمانی کەبانگەشەکردن شێوازێکى توندی بەخۆوە گرتووە کەلەئاستی تەقینەوەدایە.
من حەز دەکەم باس لەهەڵبژاردنى ناوی لیستەکەى کاک نەوشیروان بکەم کە(گۆڕان)ەو مەغزایەکى سیاسی زیاتر هەیەو بۆ راکێشانى سۆزی هاوڵاتیانی هەرێمەکەیە، لیستەکەش لەرێگەى ئەو ناوە دەیەوێت سوود لەنارەزایەتی خەڵک بەرامبەر بەخەڵەلەکانى ئیدارەو بەڕێوەبردنى کارى حکومەتى هەرێم وەرگرێت، هەروەها بۆ ئەوەى بەو ناوە ئیستفزازی لایەنى کوردستانی بکات، چونکە وەکو خۆیان لەلێدوان و راگەیاندنەکانیان بانگەشەى بۆدەکەن مەبەستیان گۆڕانی هەموو سستمەکەیە نەک کار کردن بۆ چاکسازى و ریفۆرم لەحکومەت و دەسەڵاتدا.
ووشەى گۆرانیش چەمکێکی لاستیکیەو بۆ چەندین مەبەست بەکار دەهێنرێت، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە لیستەکەى نەوشیروان گۆڕان بەچ مەبەستێک بەکار دەهێنێت، گۆڕان بەرەو کوێ، باشە یان خراپە، ئەى سوودی گۆڕان چیە ئەگەر سستم و تێڕوانین و خۆئامادەکردن و بەرنامەیەکى روون و ئاشکرای نەبێـت، ئەوەى ئێمە لەماوەى بانگەشەى ئەو لیستەدا بەرچاومان کەوت تێکدانى بارودۆخەکەو دروستکردنى ئاڵۆزیە نەک کارکردن بەشێوەیەکى هێمنانەو بۆ دروستکردنى سستمێکى مۆدێرن.
راستە هەرێمی کوردستان و سستمی سیاسی و بەڕێوەبردن بەدەست چەندین نەخۆشی کوشندەى وەکو گەندەڵى و خراپ بەڕێوەبردن و کەمی خزمەتگوزارى دەناڵێنێـت کەبێگومان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بەرپرسن لەبەشێکی زۆرى، راستیشە دەبوایە دەسەڵاتى سیاسی نمونەیەکى لەوە جوانتری پێشکەش بکردایە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت هەموو ئەزمونەکە زەربی سفر بکرێت. لیستى گۆڕانیش دەیتوانى بەشێوەیەکى ترو بەناوی ترەوە بهاتایەتە نێو گۆڕەپانەکە نەک بەم شێوەیەى ئێستاى کەبارودۆخەکە نزیک دەکاتەوە لەشەڕ نەک کار کردن بۆ ریفۆرم و خزمەتگوزارى و دابین کردنى ژیانێکى خۆشگوزەران بۆ خەڵک.
هەر هەنگاوێک سوود بەنیشتمان و هاوڵاتیانی کورد بگەیەنێت دەستخۆشی لێ دەکەین، بەڵام بانگەشەى چەواشەکارانەو بەلارێبردنى خەڵکی سڤیل بەمەبەستى سوود وەرگرتن لەدەنگەکان ئەوا هەم دەسکەوت و هەم کارەباشەکانیشمان لەدەست دەدات، دواى هەڵبژاردنەکانیش خودی گۆڕانیش رووبەرووى جێبەجێکردنى بەڵێنەکانیان دەبن لەلایەن خەڵک و موحاسەبەی ئەمانیش ئەوکات دەکرێت.
goranfathe@yahoo.co.uk
|