٢٤\٤\٢٠١١
کام
له‌ت تۆی.

شوان حه‌سه‌ن
که ئامێزمان ده‌بێت
به په‌لکه زێڕینه‌ی رۆح
تیشکی نێوانمان ده‌بێت
به خوناو و
هۆن... هۆن
ده‌ڕژێینه چاوه‌کانی ئه‌وان و
تێکه‌ڵ ده‌بین
له که‌ناری ئاوه‌زدا
دڵۆپ ... دڵۆپ
لێک جودا ده‌بووینه‌وه
تۆ له سێبه‌ری خۆت و
منیش له سێبه‌ری خۆما
قاوه ده‌خۆینه‌وه.
* * *
شه‌و گریانی بۆ پێبێ
له کاتێکدا
فێنکی تازه بناغه‌ی مه‌مکی داناوه.
* * *
هه‌ست ناکه‌ی شه‌وبۆ له ده‌فته‌ری یاده‌وه‌ریماندا
په‌نجه‌کانی ده‌بێت به خه‌نده و
کراسێک له پێستی ئاومان بۆ ده‌دورێت
له رۆژی هۆگربوون
له‌به‌رمان ده‌کات
له‌و ساته‌دا له‌یه‌کچوون
کاته
شوێنه
مردنه
له باوه‌شی جوانی.
* * *
مۆمێک لێواری فرمێسکه‌کانت
ده‌کات به ساته‌کانی ته‌مه‌نی
له ناوه‌ڕاستی گڕێکا
به دیار باڵی برژانگهکانتا هه‌نسک ده‌دات
چی له سیس‌بوونی گوڵه‌باغه‌کان ده‌که‌ی
که لێم تووڕه ده‌بی و
ئاویان ناده‌ی
ده‌با لێوی په‌مۆ نه‌خه‌ینه سه‌ر ئه‌و برینانه‌ی
له زریکهمان خوێنیان لێده‌تکێ و
قوربانیش
با چیتر له ده‌روازه‌ی په‌شیمانی ئاوی لیمۆ
نه‌خواته‌وه.
* * *
که زه‌مه‌ن باڵه‌کانی ده‌کاته‌وه
ئاسمان گۆشه‌یه‌کمان ده‌داتێ بۆ یاری
ره‌نگ و بۆنیش له‌وێ چه‌قی وه‌ستان ده‌دۆزنه‌وه
له وێنه‌یه‌کدا
ده‌شێ تۆ به‌خته‌وه‌ر بیت..
ماڵئاوا بوون بکه‌یته سه‌رین و
له دوا به‌رگی کتێبه‌که‌ت بنووسیت
له مرۆڤ بوونا خۆشه‌ویستی سه‌وز ده‌بێت و
ره‌گه‌کانی له سه‌ربه‌ستی رۆده‌چێ
له سێبه‌ری بوونا خۆی ده‌شوات.
ماڵپه‌ڕی
شوان حه‌سه‌ن
|