١١\٤\٢٠١٤
کام رێ من بەرەو
باخى مەوداکان دەبا؟*
- قەسیدەى (موسافیر)ى
(سوهراب سپهرى) لەبەردەم دووڕیانى هیچ و گشت، ژیان و مەرگدا. -

بڵند رۆستەم
قەسیدەى (موسافیر)ى (سوهراب سپهرى)، یەکێکە لە قەسیدە فرە دیو و
ناوەڕۆک و ئاستەکان ، ڕەخنەگر لە ئانى قسەکردن لەسەر ئەو قەسیدەیەدا،
بەر ئەو فرەییبوونە دەکەوێ . دەرەنجامى ئەو فرەییبوونە بریتییە لە
لەدایکبوونى فیکرێکى فرە ئاڕاستەى شیعرى ، ڕەخنەگر پشت بەست بەو فیکرە
، قسە لەسەر تێکستێکى شیعرى دەکا کە پنتى فیکرى تیایە ، دواتر هەر ئەو
فیکرە ڕەخنەگر ئاڕاستە دەکا و وێناى تێکستى بۆ دیارى دەکا.
تێکستەکە وێنایەکى دیاریکراوى نییە، دەشکرێ بڵێین:
زۆربەى تێکستەکانى دونیا بەتایبەتى تێکستە ئەدەبییەکان ، تاقە
وێنایەکیان نییە و بەستراونەتەوە بە مەیل و تێڕوانینى خوێنەرەوە ، واتە
ئەوە خوێنەرە بچم و وێنا بە تێکست دەبەخشێ ، وەلێ ئەوەى ئەو تێکستە
جیادەکاتەوە ، فرە وێناییە لاى تاقە وێنایەک کە خودە.
خود (منى نووسەر) بۆ قسەکردن لەسەر ئەو تاقە تێکستە ، بەر وێناى جیاواز
دەکەوێ کە هەموویان گوزارشتن لە قەسیدەى (موسافیر) ، هەڵبژاردنى یەکێک
لەو وێنایانە، نابێتە هۆى مردنى وێناکانى تر ، سەرەڕاى زۆرى وێناکان ،
دەشێ کۆى وێناکان لە بازنەیەکى دیاریکراودا کۆبکەینەوە کە بازنەیەکە
ئەو فیکرە سنوورى دیارى دەکا ، کە لە سەرەوەدا باسمان کرد (فیکرێکى فرە
ئاڕاستەى شیعرى).
بەستنەوەى (سوهراب) بە (مەولانا) لە بابەتى فیکردا دروست نییە ، چونکە
ئەو یەک پارچەییەى فیکر کە لاى (مەولانا) هەیە ، کەمتر لاى (سوهراب)
تێبینى دەکرێ ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گەمە شیعرییە بەردەوامەى (سوهراب)
لەگەڵ وشەکانى دەکا . گەر بمانەوێ قسە لەسەر شیعرى (مەولانا) بکەین ،
دەبێت ڕاستەوخۆ بگەڕێینەوە بۆ فیکرى (مەولانا) خۆى ، وەلێ بۆ قسەکردن
لەسەر شیعرى (سوهراب) ، دەکرێ بگەڕێینەوە بۆ فیکرى ئەوانیتر ، ئەمەش
هەر ئەو کارەیە کە لەو لێکۆڵینەوەیەدا دەیکەین.
(سوهراب) هەندێ جار نزیکدەکرێتەوە لە بوونگەراکان ، بەوەى کە لە تێکستى
شیعریدا کارى کردووە لەسەر بابەتى بوون ، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەو
قسەیەى کردمان:
هەڵەیە (سوهراب) بچوێنین بە (مەولانا) وەک ئەوەى (د. سیروس شەمیسا) لە
لێکۆڵینەوەى (موسافیرێک وەک ئاو)دا باسى دەکا (١).
((دەمەو خۆرنشین
لەنێو ئامادەگیى کەنەفتى شتەکانا
نیگاى کەسێکى چاوەڕوان قەوارەى کاتى ئەبینى
لەسەر مێزەکەش ، ژاوەژاوى چەند میوەیەکى نۆبەرە
بەرەو لاى نادیارى ئیدراکى مەرگ ئەچوو .
"با"ش لەسەر فەرشى حەسانەوە
بۆنى باخچەکەى بەسەر داوێنى سافى ژیانا
پەخش ئەکردەوە .
زەینیش ڕووى ڕۆشنى گوڵى
وەک باوەشێن بە دەستەوە گرتبوو ،
خۆى پێ باوەشێن دەکرد)).
بەسەنتەرکردنى کات و دیاریکردنى کاتێک کە دەمەو خۆرنشینە و تیایدا
کەسێکى چاوەڕوان کردەیەک ئەنجامدەدا کە بینینى قەوارەى کاتە سەرەڕاى
ئامادەگیی کەنەفتى شتەکان ، دەیسەلمێنى لە بازنەى کاتدا (دەمەو خۆرنشین)
، باسى کات هاتۆتە پێشەوە (قەوارەى کاتى ئەبینى) ، ئەمەش کات دابەش
دەکا بۆ دوو بەش ، یەکەمیان کاتێکە تیایدا کردەکان ئەنجام دەدەیەن ،
دووەمیان کاتێکى ترە تیایدا تێبینى کات دەکەین.
ئەو پەیوەندییە چییە کات بە مرۆڤەوە دەبەستێتەوە؟.
ئەو پەیوەندییە چییە مرۆڤ بە کاتەوە دەبەستێتەوە؟.
هەمیشە پەیوەندى هەبووە لەنێوان مرۆڤ و کاتدا ، بە جۆرێک پۆلێنکردنى
جۆرى مرۆڤەکان و جیهانبینى و ئایدیا و تێڕوانینەکانیشیان بەستراونەتەوە
بە کاتەوە . مرۆڤەکان بە گوێرەى سەردەمەکان دەناسرێنەوە و هەر
سەردەمەکانیشن لە دوا جاردا تەحەکوم بە جۆر و پێکهاتە و ژمارەى
مرۆڤەکانەوە دەکەن.
کات بەشە پەراوێزخراوەکەى مرۆڤە . مرۆڤ کاتى خستە دەرەوەى خۆیەوە،
تاوەکو تیایدا بژى (ژیان لە کاتدا ، ئەمە تێڕوانینێکى شیعرییە و دەبێت
لە ڕوانگەیەکى شیعرییەوە بیبینین) .(سوهراب) هەر لە منداڵییەوە خۆى
کاتى ئاڕاستە کردووە و نەیهێشتووە کات و زەمەن ئاڕاستەى بکەن (هەڵبەت
تا ئەو شوێنەى بۆى کراوە ، ئەگینا تواناى مرۆڤ لە ئاست تواناى کاتدا
سنووردارە و مرۆڤ تەواو دەبێت و کات تەواو نابێت . هەندێک ڕووداو لە
زەمەنێکى دیاریکراودا ڕوو لە مرۆڤ دەکەن ، مرۆڤ دەبەستنەوە بە هیچ و
نادیارەوە ) ، ئەوەتا ئەوکاتەى قوتابى بووە لە (کاشان) و لە قوتابخانەى
(خەیام)دا ، ئاڕاستەى کات و زەمەن دەگۆڕێ و لە پۆلدا لەجیاتى گوێگرتن
لە وانە ، خۆى بە وێنەکێشانەوە خەریک دەکا و مامۆستاکەشى لە بەرامبەر
ئەو کارە ئازارى دەدا ، ئەمەش بەشێکە لە غەدرەکانى زەمەن (غەدرکردنى
مرۆڤ لە مرۆڤ لە زەمەنێکى دیاریکراودا).
لە بازنەى ئەو غەدرەدا دەتوانین پەى بە مرۆڤ ببەین ؟ ، ئەگەر
پەیبردنمان ببەستینەوە بە هەستەکانمانەوە ، ئەوا دەشێ هەستەکانمان هیچ
نەبن جگە لە وێناکان و کۆپییەک لە خەسڵەتە یەکەمییەکانى کەرەستەکان .
هەر لەو پارچە شیعرەى سەرەوەدا و ئەوکاتەى باسى (زەین و میوە و باخچە و
با و هتد ) دێنە پێشەوە ، ڕاستەوخۆ دەبەسترێنەوە بە کاتێکى
دیاریکراوەوە (دەمەو خۆرنشین).
((موسافیر لە پاسەکە
دابەزى
"ئاسمانێکى چەند خاوێنە !"
درێژى شەقامى غوربەت ئەوى برد))
دابەزینى موسافیر لە پاسەکەدا بە ماناى گەیشتن و کۆتایى نایەت .
موسافیرەکان کە دەگەن ، چیتر نەگەیشتوون ، ئەوان کە دەگەن ، دەگەنە
سەرەتاى سەفەرى نادیار.
دابەزینى موسافیر گوزارشتە لە بوونى سەفەرێک کە موسافیرەکە دەیکا ،
تێبینى کردنى ئاسمانێکى خاوێنیش هیچ ئاماژەیەکى ڕوون بەدواى خۆیدا
ناهێنێ ، بەهۆى درێژى غوربەت و شەقامەکانیەوە . غوربەتى بێکۆتا ،
وێناکان دەشێوێنێ . دەشێ ئاسمانى خاوێن گوزارشت بێت لە داهاتوویەکى
تاریک و پیس ، بەتایبەتى کە لە کۆتایى ڕستەکەدا نیشانەى سەرسوڕمان
دەبینین(!).
کە سەفەر دەکەین ، هەمیشە حەقیقەتێک لەدواى خۆمان جێدەهێڵین کە
حەقیقەتى نەگەڕانەوەیە ، کە دەشگەڕێینەوە ، حەقیقەتى نەگەڕانەوە ناگۆڕێ
و ون نابێ ، بەڵکو دەمێنێتەوە تا دەستپێکردنى سەفەرێکى تر بە سەفەرى
مەرگیشەوە ، ئەوکات نەگەڕانەوەى ئەبەدى خۆى مانیفێست دەکا لەسەر شانۆ
ژیاندا ، شانۆیەک، ئەوانەى لەسەر کورسییەکانى دانیشتوون ، سەیرى
ناوەڕاستى شانۆکە ناکەن ، سەیرى سوچێکى ئەو شانۆیە دەکەن کە پیاوێک
تیایدا دەگریێ ، پیاوەکە ناوى (پرسیار)ە ، ئەو ژنەشى کە ناوى (وەڵام)ە
، ونبووە لە زەینى زۆر لە بینەرەکاندا و بینەران بۆ دۆزینەوەى ئەو ژنە،
پێویستییان بە گەڕان و سەفەرە ، بۆیە مرۆڤ هەمیشە موسافیرە ،
موسافیرێکە بە (بەڵێ ) و (نەخێر) وەڵامى شتەکان دەداتەوە.
لاى (لۆکاچ) مرۆڤ لە ئاست زۆر فاکتدا ڕاوەستاوە کە دەبێ هەڵبژێرێ ،
گوتنى (بەڵێ ) و (نەخێر) لە ئاست ڕاستییەکاندا بە مرۆڤ نەبەستراوەتەوە
، بەڵکو پێویستى سەردەمە (٢).
ئەوکاتەى موسافیر لە پاسەکە دادەبەزێ ، ناتوانێ بە بەڵێ و نەخێر بڕیار
لەسەر داهاتووى خۆى و ڕاستییەکانى بدا ، بەڵکو خودى بڕیارەکان و
ڕاستییەکانیش بەستراونەتەوە بە داهاتووى نادیارەوە (بە سەردەمەوە ) ،
ئەمەش سەلماندنى بۆچونەکەى (لۆکاچ)ە.
((خۆرنشین بوو ،
دەنگى هۆشى گیاکان ئەهاتە گوێ .
موسافیرەکە هاتبوو ،
لەسەر ئەسکەمیلێک لە قەراغ چیمەنەکە
دانیشتبوو :
" دڵم تەنگە
دڵم زۆر تەنگە .
بەدرێژایى ڕێگاکە بیرم لە شتێ ئەکردەوە ،
ڕەنگى بنارەکانیش
هۆشیان لە سەرم ئەفڕاند ..."))
دیسانەوە کات وەکو بابەتێک دێتە پێشەوە . کات بریتییە لە خۆرنشین . لەو
ئاستەدا هۆش بەبەر گیادا کراوە . لە زیندەوەرزانیدا گیاکان بە زیندەوەر
لە قەڵەم دراون ، وەلێ زیندەوەرى بێهۆش کە تواناى گەشەکردنى هەیە.
لە کایەى فەلسەفیشدا کەمترین کات باسى جیهانى ڕووەکەکان کراوە ،
تەنانەت هیچ بیرمەندێکمان نییە نەسەبى مرۆڤى بۆ گیاکان گەڕاندبێتەوە.
لە قەسیدەکەدا گیاکان خاوەنى هۆشن و هۆشیش خاوەنى دەنگە . هۆش دەدوێ ،
وەلێ قسەکردنى هۆش ئەمجارەیان هاوشانى دەنگە ، واتە هۆش لە ڕێگەى
دەنگەوەیە قسە دەکا . هۆش تەنها لەناو دەنگدا بوونى نییە و دەنگیش
هەمووى بەرهەمى هۆش نییە ، وەلێ هەر وا بڵاوە کە ئێمە لە ڕێگەى دەنگ و
نووسینەوە گوزارشت بکەین لە ئایدیاکانمان ، ئەگینا دەشێ ئایدیاکان لە
خۆیاندا گوزارشت بن لە خۆیان ، ئەمەش (گوزارشتى خودى) پێدەڵێن کە
ئینسان لە ڕێگاى ئایدیاکانى خۆیەوە و لە مەملەکەتە خودییەکەیدا بۆ خۆى
باسى خۆى دەکا بە سوود وەرگرتن لە ئایدیاى ئەوانیتر ، لەو ئاستەدا خود
لە پێناوى خوددایە کە بوونى هەیە و ئەوانیتر لاى خود کەرەستەن بۆ
گوزارشتکردن لە خود.
ئەم دەربڕینە :( بە گشتى وا بڵاوە) ، زیانى بە زۆر بوارى ژیانى مرۆکان
گەیاندووە ، دەتوانین نموونەیەک بهێنینەوە : بە گشتى وا بڵاوە کە پۆست
مۆدێرن تایبەتە بە ئەدەب و هونەر ، لە کاتێکدا زۆر لایەنى تر دەگرێتەوە
بە تایبەتى (بیناسازى) . (چارلس جینکس) لە کتێبێکیدا لەمەڕ پۆست
مۆدێرنەوە ، لە بابەتى (بیناسازی)دا کارى لە بابەتى دەستنیشانکردن
کردووە (٣).
کەواتە قەسیدەکە مامەڵەیەکى مرۆڤئاسا لەگەڵ گیاکان دەکا ، وەلێ ئەمە
واتاى ئەوە نییە مرۆڤ لە قەسیدەکەدا وەکو مرۆڤ خۆى هاتبێت .دواى
گەیشتنى موسافیر و دانیشتن و پشوودانى ، یەکەمین کارێک کە دەکرێ ،
بریتییە لە بیرکردنەوە ، موسافیر بیر لە دڵتەنگى خۆى دەکاتەوە و ئەو
دڵتەنگییەش بۆ خودى خۆى دەخاتە ڕوو ، ئەمەش ئەو گوزارشتە خودییەیە کە
باسمکرد . قسەکردن لەگەڵ خود لێرەدا بە ماناى وڕێنە نایەت . دواتر
موسافیر بیر لە بیرکردنەوە دەکاتەوە ، بیر لەوە دەکاتەوە کە بە درێژایى
ڕێگا بیرى لە شتێک کردۆتەوە (بیرکردنەوە لە بیرکردنەوە)، موسافیر بەو
کردەیە شیعریەتێکى تایبەتى بەخشیوە بە موسافیر (قەسیدەى موسافیر) ،
شاعیرێک لەپشت ئەو شیعریەتەوەیە و لەپشت شیعریەتەکەوە سەیرى دونیا دەکا
،(سوهراب) شاعیرەکەیە.
((نیگاى کابراى
موسافیر کەوتە سەر مێز :
" ئاى لەو سێوانە چەند جوانن!
ژیان نەشئەى تەنیاییە "
خانەخوێ پرسى:
جوان یانى چى ؟
- جوان یانى دەربڕینى عاشقانەى شێوەکان
عیشقیش ... بە تەنها عیشق
تۆ بە گەرمى سێوێ ئاشنا ئەکا .
عیشقیش ... بەتەنها عیشق
منى گەیاندە دەڤەرى بەرینى حوزنى ژیان
وایلێکردم بتوانم ببمە باڵندە.))
موسافیر دواى (بیرکردنەوە لە بیرکردنەوە) ، نیگاکانى لەسەر مێزەکە
دەگیرسێنەوە و هەست دەکا لە بەردەم جوانیدایە ، سێوەکان جوانى
پێدەبەخشن ، بینینى جوانى لەدواى وەها بیرکردنەوەیەک ، چێژێکى زیاترى
هەیە ، بەڕاددەیەک ئینسان پێیخۆشە بەر بیرکردنەوەى ترى هاوشێوە بکەوێ ،
تا دواى هەر وەها بیرکردنەوەیەک ، تێبینى جوانى بکا و ئەو تێبینی
کردنەى جوانیش ، جار لەدواى جار چێژى زیاتر ببەخشێ ، چێژى زیاتریش
بەستراوەتەوە بە بیرکردنەوەى قوڵترەوە.
لە قەسیدەکەدا تێبینیکردنى جوانى ، تێبینیکردنى تەنیایى بەدواى خۆیدا
دەهێنێ ، مرۆڤ لەڕێگاى جوانى زیاترەوە ، دەگاتە تەنیایى زیاتر ، ئەوەتا
موسافیر دواى بینینى جوانى سێوەکان و قسەکردن بە سەرسووڕمانەوە
لەسەریان ، دەڵێ : ژیان نەشئەى تەنیاییە.
هەموومان ناتوانین تێبینى جوانى بکەین و لە جوانى بگەین ، دەشێ لەڕێگەى
کەسانى ترەوە لە جوانى بگەین و پرسیار لەبارەى جوانییەوە بکەین ( هەر
ئەمەش لە شیعرەکەدا دەبینرێ). پرسیارى :جوانى چییە ؟ لەو ساڵانەى
دوایدا کەمتر جێگاى بایەخ بووە .خانەخوێ پرسیارى جوانى لە موسافیر دەکا
، وەک بڵێى جوانەکان نامۆ بن بە خانەخوێ ، وەلێ ئەمە ئەوە ناگەیەنێ
خانەخوێ خۆى ناشرین بێت ، دەشێ کەسێک بێت کە مەیلى پرسیارکردنى هەیە ،
یان دەشێت کەسێک بێت خۆى خاوەنى جوانى بێت و نەشزانێ جوانى یانى چى!! ،
ئیتر بەو شێوانە و شێوەى تریش.
موسافیر جوانى دەبەستێتەوە بە عیشقەوە ، ئەمەش گوزارشتە عاشقانەکەیە لە
جوانى و گوزارشتە جوانەکەشە لە عیشق ، عیشق بریتییە لە دەریاى
جوانییەکان و جوانى بریتییە لە سەرزەمینى عیشق و عاشق و مەعشوقان.
موسافیر دەگەڕێتەوە خاڵى سەرەتا ، خاڵى تێبینیکردنى سێوەکان و باسى
ئەوە دەکا چۆن عیشق وا دەکا تەنانەت هەست بە گەرمى سێوەکانیش بکەی ،
ئەمەش نیشانەى ئەوەیە لە پاڵ بیرکردنەوەکە ، عیشق بوونى هەبووە ، واتە
ئەوانەى وایان لە موسافیر کردووە سێوەکان بە جوان ببینێ ، عیشق و
بیرکردنەوەن .عیشق لەو پارچە شیعرەى سەرەوەدا بنیاتنەرە و ڕوخێنەر نییە
، کەواتە دەشێ عیشق فاکتەرى ئەوە بێت جوانتر بژین وەک ئەوەى لە
قەسیدەکەدا هاتووە ، ئەوەندە جوان بژین پێمانوابێت باڵندەین . جوانى
چییە ؟ عیشق چییە ؟ بیرکردنەوە چییە ؟ تەنیایى چییە ؟ ، ئەمانە ئەو
پرسیارانەن قەسیدەکە لەدواى خۆیدا جێیان دەهێڵێ . مرۆڤ بۆ گەیشتن بە
عیشق ، پێویستى بە بیرکردنەوە هەیە ، وە لە عیشقیشدا پێویستى بە
بیرکردنەوە هەیە ئەگەرچى زۆرجار عیشق بیرکردنەوە ڕادەگرێ ، لەدواى
عیشقیش پێویستیمان بە بیرکردنەوە هەیە ، بیرکردنەوە لە مانەوە لەگەڵ
ئەو عیشقە تێپەڕیوە ، بیرکردنەوە لە عیشقێکى تازە.
کەواتە عیشق و بیرکردنەوە
هاوسەنگەرن ، تەنیاییش لە عیشقدا وەکو میوانێکى ڕۆح سووک بوونى هەیە ،
هەموو ئەو بیرکردنەوە و تەنیایى و عیشقانەشى باسمانکردن ، لە جوانیدا
هەن ، هەروەک چۆن جوانیش لەناو ئەواندا هەیە.
بۆ قسەکردن لەسەر جوانى و تەنیایی و بیرکردنەوە و عیشقى مرۆڤ ، پێویستە
باس لە بوونى ئەو مرۆڤە بکەین و پرسیارى جیاواز بکەین ، بۆ نموونە
بپرسین:
مرۆڤ سەرەتا ماهیەتى هەیە ؟
. لاى فەلسەفە ئایدیالیزمییەکان مرۆڤ لە جیهانى واقیعدا چیەتییەکەى پێش
بوونەکەى دەکەوێ . بوونگەراکان ئەو دیدە بە تەواوى ڕەتدەکەنەوە و
ڕایدەگەینن مرۆڤ سەرەتا (ماهیەت - چیەتى ) نییە.
لە قەسیدەکەدا بوون بوونێکى شیعرییە و دونیاى هەبووش شیعرییە ، بۆیە
(جوانى و عیشق و تەنیایى) ناو قەسیدەکەش ، شیعرى دەردەکەون.

ئەوەى لە هیڵکارییەکەدا دەردەکەوێ:
بازنەکە : قەسیدەى (موسافیر)ى (سوهراب سپهرى).
ئاڕاستەکان : چوار ئاڕاستەى ( بیرکردنەوە و تەنیایى و عیشق و جوانى ) ،
هەر چواریان ڕووە و قەسیدەکەن.
((شەو داهات .
چرا ڕۆشن بوو .
چایان ئەخواردەوە .
- بۆچى دڵت تەنگە ، ئەڵێى تەنیایت .
- چەندیش تەنیا !
- وا هەست ئەکەم
تووشى ڕەگى نادیارى ڕەنگەکان بووبیت .
- تووشبوون یانى ...
- عاشق))
ئەمجارەیان کات بریتییە لە : شەو . هاتنى شەو واتاى هێمنبوونەوەى
شتەکان دەگەیەنێ .هەڵگیرسانى چراکان نیشانەن بۆ ڕوودانى شتێک ، دوو کەس
لە ژوورێکدا چرا ڕۆشن دەکەن بە مەبەستى گفتوگۆ و خواردنەوەى چا .
دەرگاى گفتوگۆ دەکرێتەوە . (کەسى دووەم) گەرەکیەتى لە نهێنى دڵتەنگى
موسافیر تێبگا ، ئەو دڵتەنگییەکەى موسافیر بۆ تەنیاییەکەى
دەگەڕێنێتەوە.
پرسیار : هەر بە ڕاست تەنیایى هۆکارێکە بۆ دڵتەنگى ؟ مرۆڤى تەنیا
دڵتەنگە؟
تەنیایى بۆ مرۆڤ زۆر کەرەت پێویستییە . مرۆڤ لە تەنیایدا زۆرجار
داهێنان دەکا . تەنیاکان تەنیایى خۆیان دەکەنە کەرەستە بۆ ئاوەدانى
خەڵکى.
دەشێ تەنیایى من ببێتە هۆى ئاوەدانى جڤاتێک ، یان تەنیایى جڤات
ئاوەدانى منى لێبکەوێتەوە .هەموو تەنیاییەک سەرچاوەى دڵتەنگى نییە ،
خودى تەنیایى دەکرێ وەسیلەى دوورکەوتنەوە بێت لە تەنیایى.
(مرۆڤى تەنیا) بۆ ڕزگاربوون لە تەنیاییەکەى، پێویستى بە کەسێکى ترە ،
مەرج نییە مرۆڤ خۆى مەحکوم بکا بە دوورکەوتنەوە لە تەنیایى ، چونکە
خودى ئەو خۆمەحکومکردنە ، تەنیاییەکى ئەبەدییە.
(سۆکرات) ئەوکاتەى مەرگ هەڵدەبژێرێ ، دەگەڕێتەوە بۆ تەنیاییەکەى ، خودى
مەرگ هیچ نییە جگە لە تەنیاییەکى مەزن ، هەڵبژاردنى ئەو تەنیاییە مەزنە
لاى (سۆکرات)، بەرهەمەکەى بریتییە لە ژیان.
مەرگى (سۆکرات) ژیانى فەلسەفە بەدواى خۆیدا دەهێنێ . دانانى سنوور بۆ
تواناکانى خود لە لایەن خود خۆیەوە ، خود ڕووبەڕووى (تەنیایى کوشندە )
دەکاتەوە ، ئەمەش خراپترین جۆرى تەنیاییە.
تەنیایى کوشندە دەبێتە بکوژى مرۆڤ بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ نەک ڕاستەوخۆ
،کردەکە لەڕێگاى دوورخستنەوەى (تەنیاییە جوانەکان)ەوە دەبێت ، (تەنیایى
کوشندە) بکوژى (تەنیاییە جوانەکان)ە و ئەمەش (مەرگى خود) بەدواى خۆیدا
دەهێنێ (مردن لە چەقى ژیاندا) . لە قەسیدەکەدا تەنیایى بۆ (عیشق)
گەڕاوەتەوە ، ئەویتر دەرک بە تەنیایى موسافیر دەکا و موسافیریش تەنیایى
دەرک پێکراو دەبەستێتەوە بە عیشقەکەیەوە ، دواتر عیشق دەبێتە سەنتەرى
دیالۆگى نێوان خود و ئەویتر.
((سەفەر من بەرەو
کوێ ڕاپێچ ئەکا ؟
لەکوێ ئاسەوارى شوێن پێ بە ناتەواوى ئەمێنێتەوە و
بە پەنجە نەرمەکانى حەسانەوە ،
قەیتانى پێڵاوەکە ئەکرێتەوە ؟
مەنزڵ وا لە کوێ و ، ڕاخستنى فەرشێک و
بە ئاسوودەییەوە دانیشتن و
گوێگرتن لە دەنگى
شوشتنى قاپى ژێر بەلووعەیەکى نزیک؟))
سەفەر موسافیرى بەرەو ئەو شوێنە ڕاپێچ کردووە کە تیایدا موسافیر
دەپرسێ:
سەفەر من بەرەو کوێ ڕاپێچ دەکا؟، وەک ئەوەى موسافیر نەزانێت ئەو شوێنەى
بۆى چووە کوێیە سەرەڕاى بوونى ئاشکراى لەو شوێنەدا ، یان دەکرێ مەبەستى
سەفەرى دواى ئەو سەفەرە بێت ، (سەفەرى نادیار).
مرۆڤ کە دەچێتە سەفەر ، دەبێتە موسافیر ، وەلێ کە لە سەفەرێکەوە دەچێتە
سەفەرێکى تر (بە ناچارى سەفەرکردن)، ئەو کاتە دەبێتە چى؟، لە
موسافیرەوە دەبێتە چى ؟ ، لە (موسافیرى سەفەرى یەکەم)ەوە دەبێتە (موسافیرى
سەفەرى دووەم) ، وەلێ ئەوکاتەى دەگەڕێتەوە ئەو شوێنەى سەرەتا سەفەرى بۆ
کردبوو ، چیتر (موسافیرى سەفەرى یەکەم ) نییە و (موسافیرى سەفەرى
سێیەم)ە با شوێنیش بریتى بێت لە خاڵى سەرەتا و دەستپێکى سەفەر.
لەو پارچە شیعرەى سەرەوەدا ، هەست بە ئازارەکانى موسافیر و خەمەکانى
سەفەر دەکەین ، ئەوەتا موسافیر سەرەڕاى وجودى لاى خانەخوێ ، هێشتا هەر
هەست بە نامۆبوون دەکا و خۆزگە دەخوازێ ، خۆزگەى ڕاخستنى فەرشێک و
دانیشتنێکى ئاسوودانە و گوێگرتنى خۆشیهێنەر دەخوازێ.
خۆزگەکانى موسافیر لە قەسیدەکەدا زۆر سادەن ، وەلێ هاتنە ئارایان
مەحاڵە ، چونکە بەستراونەتەوە بە مەحاڵێکى ئەبەدییەوە کە بریتییە لە (گەڕانەوە
بۆ نیشتیمان).
هەمیشە موسافیر خۆزگەیەکى بەدینەهاتوو لە دڵیدا هەیە خۆشى نازانێ چییە
، تا لەو خۆزگەیە دڵنیادەبێتەوە و لەوە تێدەگا چۆنە و چۆن نییە ،
هیوایەک بۆ هاتنە دى ئەو خۆزگەیە نامێنێتەوە ، بۆیە موسافیر لە سەفەرى
نەگەڕانەوە و مەحاڵدا ، هەمیشە کوشتەى دەستى خۆزگەکانە و خۆزگەکانى
ئازارى دەدەن ، ئازارگەلێک لە ناخیاندا هەست بە خۆشیگەل ناکەین ،
ئەگینا دەکرێ خودى ئازار سەرچاوەى خۆشى بێت . لاى (نیتشە) ئازار مرۆڤ
بەهێز دەکا و ئازار پێویستییە بۆ ژیانى مرۆڤەکان ، وەلێ (شۆپنهاوەر)
زەرورەتى ئازار ڕەتدەکاتەوە (٤).
دەشێ بابەتى خۆزگە ببەستینەوە بە داهاتووشەوە ، ئەوکات ناونیشانى بابەت
دەبێتە (ئاواتخواستن بۆ داهاتوو) ، ئەمەش جیاکەرەوەیەکى فەلسەفەى
(نیتشە)یە.
موسافیر بە ئاواتە لە داهاتوودا بگات ، ئەمەش پەیوەندى هەیە بە
ئاواتخواستنەکەى (نیتشە)وە کە پەیوەستە بە مرۆڤى باڵاوە کە بە ئاواتە
لە داهاتوودا زۆرانبازى مانەوە بکات و باشتر بێت لە ڕەگەزى مرۆیى ئێستا
، بە ئەندازەیەک مرۆڤى ئێستا چەند باڵایە بەسەر ئەو گیانەوەرانەى لە
مرۆڤ دەچن بە تایبەتى (مەیمون) ، ئەوا مرۆڤى باڵاش ئەوەندە باڵا دەبێت
بەسەر ئەو مرۆڤەى ئێستا هەیە.
موسافیر لە قەسیدەکەدا خۆزگەکان ئازارى دەدەن و کۆى خۆزگەکانیش
بەستراونەتەوە بە خۆزگە باڵاکەوە ، ئەو خۆزگە باڵایەى بەستراوەتەوە بە
کۆتاییەکانەوە.
((سەفەر منى بردە
بەردەرگاى باخى مناڵى و
وەستام ...تا
دڵم بسرەوێ ،
دەنگى باڵەفڕێم هاتە گوێ
کە درگاش کرایەوە
لەتاو شاڵاوى حەقیقەت
کەوتم بە ئەرزا))
لەو پارچە شیعرەدا مەبەستێکى خودى بوونى هەیە لە پشت گەمە شیعرییەکەدا
، شاعیر دەیەوێ لەڕێگاى ئەو گەمە شیعرییەوە ، مەبەستەکەى بگەیەنێ .
موسافیر باسى سەفەر دەکا ، باسى سەفەرێک دەکا هى ئەو نەبووە و بەو
بڕاوە ، بۆ دوورکەوتنەوە لەو وەهمەش ، پەنا بۆ دەرگاى باخى منداڵى دەبا
، وەلێ ئەوەى دەرگا دەکاتەوە و ئەوەشى لەپشت دەرگاکەوە بوونى هەیە ،
حەقیقەتى سەفەر و گەورەبوونە.
منداڵیمان گەوەریى خۆى لە زەینیدا هەڵگرتووە . ئەوکاتەى منداڵ گەوەرە
دەبێت ، وێناکە دەشێوێ ، چونکە ئاستەمە (منى منداڵ) بگەمە ئەو (منە
گەوەرە)یەى لە زەینى منداڵیمدا وێنام کردبوو ، دەکرێ ئەو (منى گەورە)یە
میوانێکى ناوەختە بێت بە نیسبەتى منى منداڵەوە و هەرگیز منى منداڵ
چاوەڕێى هاتنى وەها منێکى گەورە و زەبەلاح و ناشرینى نەکردبێت.
ناکرێ قسە لەسەر هەردوو منەکە ، (منى منداڵ) و (منى گەوەرە) وەکو دوو
کائینى جیاواز بکرێ ، بەڵکو قسەکردن لەسەر ئەو منانە و منى تریش لەنێو
تاقە بازنەکەى منبووندا خۆى دەبینێتەوە . جیاکردنەوەی تەمەن و مرۆڤەکان
زیانى گەورەى هەیە.
قەت لەگەڵ جیاکردنەوەى مرۆڤەکان نەبوومە لەسەر ئاستى تەمەن و جۆر و ئیش
و کار ، هەڵبەت بیرمەندمان هەن وەها کارێکیان کردووە ، ئەوەتا لاى
(مارکس) مرۆڤ بە تەنها بریتییە لە کرێکار و بۆرژواز و ئۆرستۆکراتەکان ،
(جۆزیف دى مستەر)یش دژایەتى مافەکانى مرۆڤى دەکرد و بە شتێکى
ئەبستراکتى دادەنان (5) .
((ئەى درەختانى
زەیتونى فەلەستین
پیت و فەڕى سێبەرى خۆتانم وێدەن ،
بەم موسافیرە تەنیایەى کە لە گەشتى
دەوروبەرى شاخى "توور"ەوە دێت و
لەتاو گەرماى "تەکلیم" خرۆشاوە))
چەند وشەیەکى تایبەت بەدى دەکەین ."توور" مەبەست لەو کێوەیە حەزرەتى
موسا لەسەرى لەگەڵ خودا دەدوێ . (تەکلیم) بریتییە لە دیالۆگى نێوان
موسا پێغەمبەر (د.خ) و خودا.
شاعیر هانا بۆ درەختەکان دەبا و داواى شتێکیان لێدەکا ، وەلێ لەپاڵ
داواکارییەکەیدا خۆى بە درەختەکان دەناسێنێ وەکو موسافیرێکى تەنیا ،
ئەو موسافیرە تەنیایەى لەسەرەوەدا باسى تەنیاییەکەیمان کرد.
کەواتە لە قەسیدەکەدا هانا بردن بۆ ئەوانیتر ، هۆکارێکە بۆ
دوورکەوتنەوە لە تەنهایى و یارمەتى ئەوانیتریش ئەو کەرەستەیەیە کە
شاعیر لە تەنیاییەکەى ڕزگار دەکا و وایلێدەکا هەست بە تەنهایى نەکا ،
ئەگەرچى خودى موسافیر لە ڕۆحى خۆیدا تەنیایە و خاوەنى ڕۆحێکى تەنیایە
(تەنیایى لەنێو ڕۆحێکى تەنیادا).
((ئەبێ گوزەر کەین .
گڤەى با دێ ، ئەبێ گوزەر کەین .
منیش موسافیرم ، ئەى بایە هەمیشەییەکان !
بمبەن بۆ ...))
دوا جار موسافیر دەگاتە ئەو بڕوایەى دەبێت گوزەر بکا و نەمێنێتەوە ،
ئەوەشى ئەو قەناعەتى لا دروست دەکات ، گڤەى بایە.
موسافیر دەزانێت با موسافیرێکە ئەبەدییە ، بۆیە خۆى دەکاتە دۆستى ئەو
بایە و داواى یارمەتى لێدەکا ، داواى لێدەکا بیبا لەگەڵ خۆى ، موسافیر
دەزانێ باى موسافیر چلۆنە ، وەلێ هێشتا ئومێدى ماوە تێبپەڕێ ، هەر بۆیە
دەیەوێ لەگەڵ ئەو موسافیرە سەفەر بکا و بڕوا (سەفەرى موسافیر لەگەڵ
موسافیرێکى تر).
______________________________
*
لە قەسیدەکەوە وەرگیراوە.
سەرەنج:
بۆ ئەم لێکۆڵنەوەیەم لەسەر
قەسیدەى (موسافیر) ، گەڕاومەتەوە بۆ وەرگێڕانەکەى بەڕێز: (ئازاد
بەرزنجى) لە کتێبى (عاشق هەمیشە تەنیایە)، لەبەر جوانى وەرگێڕانەکەى
بەڕێزیان، نەمویست خۆم تێکستەکە وەربگێڕمەوە.
پەراوێزەکان:
(١) عاشق هەمیشە تەنیایە، و: ئازاد بەرزنجى، سلێمانی، ٢٠٠٦، لاپەڕە:
٥١.
(٢) ادبیات و اندیشە، مصطفی رحیمى، نشر :
کتاب بە زمان، ص: ١٠٥.
(٣) در امدى بر جامعە شناسى ادبیات: لوکاج، ادورنو، گلدمن، گرامشى،
مترجم: محمد جعفر پویندە، نشر چشمە، تهران، ١٣٨٠.
(٤) هەمان سەرچاوەى پێشوو.
(٥) بگەڕێوە بۆ وتارەکەى (جۆرج تەرابیشى) لەمەڕِ مافەکانى مرۆڤەوە.
سەرچاوەکان:
(١) عاشق هەمیشە تەنیایە، و: ئازاد بەرزنجى، سلێمانى، ٢٠٠٦،
لاپەڕە: ٥١.
(٢) ادبیات و اندیشە، مصطفی رحیمى، نشر :
کتاب بە زمان، ص: ١٠٥.
(٣) در امدى بر جامعە شناسى ادبیات: لوکاج، ادورنو، گلدمن، گرامشى،
مترجم: محمد جعفر پویندە، نشر چشمە، تهران، ١٣٨٠.
(٤) از مصاحبت افتاب: زندگى و شعر سهراب
سپهرى، کامیار عابدى، تهران، ١٣٧٦.
(٥) پیامى درراە، نظرى
بە شعر و نقاشى سهراب سپهرى.
(٦) المدخل الى الفلسفة، جون لویس، ترجمة:
د. انور عبدالملک.
(٧) مشاکل الفلسفة، برتراند رسل، ترجمة:
د. عبدالعزیز البسام.
ماڵپهڕی بڵند رۆستەم |