په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

کام ڕەخنەى ڕۆشنبیر و کام ڕۆشنبیرى ڕەخنەگر؟


نەجات حەمید ئەحمەد


لە سایتى بەڕێزى ئەمڕۆدا نووسەر تاڤگە سابیر نووسینێکى بڵاو کردەوە لە ژێر ناوو نیشانى ((گەندەڵیى ڕۆشنبیر لە نێو دەسەڵات))دا ئەوەى سەرنجمى ڕاکێشا لەم نووسینەدا دوو بیرۆکە بوو کە یەکێکیان ئاخۆ بەتەنها ستایش کردنى دەسەڵات بە گەندەڵى ڕۆشنبیرى دادەنرێت؟ یاخود بە مانایەکى دیکە ڕۆشنبیر گەندەڵیەکەى لە ستایش کردنى دەسەڵاتەوەیە یاخود لە نەبوون و دەست کورتیەوە لە بوارى فیکرو مەعریفەوەیە؟دووەمیشیان ئەوەیە کە هەر کەسێک هاتوو ستایشى دەسەڵاتى کرد یاخود ڕەخنەى لێى گرت بە ڕۆشنبیر لە قەڵەم دەدرێ ؟یاخود ئەوە کایە فیکرى و فەلسەفیەکانى ڕۆشنبیرە کە پێناسێک بۆ ڕۆشنبیر دیارى دەکات؟

 

لە ڕاستیدا نووسەر لە نووسینەکەیدا نەیتوانیوە بە ووردى وەڵامى ئەم پرسیارانە بداتەوە هەر بۆیە نەیتوانیوە پەنجە نوماى پەیوەستەکانى نێوان ڕۆشنبیرو دەسەڵات بکاو وێنەیەکى ڕوونمان سەبارەت بە دەورى ڕۆشنبیر بۆ بخاتە بەرچاو کە ڕاستەوخۆ پەیوەست بێت بە دەورى ڕشنبیرەوە لە کوردستانداو نووسینەکەى بۆتە نووسینێک کە دژ بە یەکى و تێنەگەیشتنێک سەبارەت بە چەمکەکانى نوێخوازى ڕۆشنبیرى و پڕۆژەى ڕۆشنبیرى و جیاوارى ڕۆشنبیرى بخاتە ڕوو.


هەر سەردەمەو بەرهەم هێنى ڕۆشنبیرانى خۆیەتى ئەوە پەیوەستە سیاسى و کۆمەڵایەتى و فەلسەفیەکانى سەردەمێکە کە بنەمایەک بۆ ڕۆشنبیر دەخوڵقێنێ سنوورەکانى قسە کردنى ڕۆشنبیرى و بیرکردنەوەى بۆ دەکاتەوە بە لایەنى سەردەمیشەوە دەشێ دەورەکانى ڕۆشنبیر گۆڕانکاریان بە سەردا بێت بۆ نموونە ڕۆشنبیر پەیوەست بە دەسەڵاتەوە بە دەر لە هەموو بە یەک چوونەکانى چەمکەکانى دەسەڵات و دکتاتۆریەت. ماناکانى سەردەم جیاوازن لە چەند سەردەمێکى سیاسى و ڕۆشنبیریى جیاوازدا هەروەکو کوردستان لە سەردەمى ئازادى و لە سەردەمى ژێر چەپۆکى بەعسدا کە مانا زاڵەکانى یەکەم چەمکەکانى دکتاتۆریەت دەسەڵاتى شۆڤێنى و جیاکارى و چەوساندنەوەو لە ناوبردن و وێران کردن ڕێگە گرتن لە ئازادیى بیرو ڕا دیارترینخەسڵەتى دەسەڵاتێک بوون کەچى لەمڕۆکەى کوردستان دادپەروەریى کۆمەڵایەتى ، پڕۆژەى ڕۆشنبیریى بەرهەم هێن ،گۆڕانکاریى سیاسى وململانێى نێوان کورد وەکو نەتەوەیەک لە گەڵ نەیارەکانى ،کێشەى فیدرالیەت .....هتد ماناکانى سەردەمى ئەمڕۆمان هەڵدەگرن ئەمەش ئەو بۆچوونەى سەرەوەمان دەسەلمێنێ کە ڕۆشنبیرى خاوەنى ماناکانى سەردەمى خۆیەتى بە بێ لە بیر کردنى پەرەسەندنێکى مێژوویى کە گۆڕان دەخاتە ماناکانەوە ..پەیوەست بە دەسەڵاتەوە زۆربوون ئەو ڕۆشنبیرانەى لە بزربوونى فیکرو مەعریفەى نوێخوازى لە لایاندا وا تێگەیشتوون کە دیاردەى گەندەڵى شا ماناى باسەکانى سەردە م و قسە لە سەرکردنى سەردەمە کە بە داخەوە تاکو ئیستاشى لە گەڵدا بێت نەک تەنها پڕۆژەیەکى ڕۆشنبیرى جیدى و فیکرى و سیاسیم بەرچاو نەکەوت کە چارەسەریەک بۆ گەندەڵى بدۆزێتەوە بەڵکو هەموو نووسینەکان پڕبوون لە گرێى دەروونى و شێواندنى فیکرى و بیر کردنەوەى سەقەت سەبارەت بە دەسەڵات، کە ئەگەر بەراوردێکى سەر پێییش لەنێوان کۆى نووسینەکانى پێش ئازاد کردنى کوردستان بکەین سەبارە بە دەسەڵاتى بەعس و دەسەڵاتى کورددا لە دەرەوەو ناوەوەى کوردستان دەگەینە ئەو باووەڕەى کە ڕۆشنبیرى کورد لە ڕەشترین سەردەمى نەتەوەکەیدا بێدەنگیى هەڵبژاردبوو کەچى لە سەردەمى دەسەڵاتى کوردا ناتوانێ بۆ ساتێکبش دەمى خۆى لە ووشە بگرێتەوە ..مەبەستیشم ئەوە نیە کە دەسەڵات کوردبوو ئیتر دەورى ڕۆشنبیر دەوەستێ بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە خەریکە بە ناوى ڕەخنەوە لە دەسەڵات کۆمەڵێک چەمکى نوێى گەندەڵیى ڕۆشنبیرى سەر هەڵبدا کە ماناکانى بازرگانى کردن بە ووشەوە ، کە لەمەشدا فێڵێکى گەورەو خیانەتێکى گەورە لە چەمکى ڕۆشنبیرى دەکرێت ..چەندن ئەوانەى بە ناوى ڕەخنەو ڕۆشنبیریەوە ڕۆژانە نەزانى و شێواندن بڵاو دەکەنەوە؟ بچەندن ئەوانەى بوونەتە بەرکارى هەندێک کەسایەتیى نێو خودى دەسەڵاتەکان؟ چەندێکیشن ئەوانەى کارى ڕەخنەو نووسینیان کردۆتە چەکێک کەشەڕى ئەم دژى ئەوى پێ دەکەن؟ ئەمانە هەموو کوشتنى جیاوازیى ڕۆشنبیرین لەو کاتەى جیاوازیى ڕۆشنبیرى بوونى نیە ئەگەر ڕۆشنبیر، جیاوازیەکانى جیهانبینیى خۆى نەکردە نووسینێک کە هەڵگرى فیکرێکى جیاواز بێت، بەڵام چەندن ڕۆشنبیرانى کورد لە هەڵگرانى ئەو پێناس و کەسایەتیە ڕۆشنبیریە؟


هەموو دەسەڵاتێک تەنانەت دیموکراتى ترین دەسەڵاتى ئەمڕۆ حەز بەوە دەکات خاوەنى ڕۆشنبیرانى خۆى بێت و سازشیش لە سەر بارى ڕۆشنبیرى و ڕۆشنبیراندا بکات بەڵام سازشى ڕۆشنبیران لە سیستەمە دیموکراتیەکاندا لە سەر بناغەى فیکرى نوێ و نوێخوازیە ..هێنانە کایەوەى باوەڕەکانى پۆست مۆدێرنیتەو تەنانەت خودى مۆدێرنیتەش دەرەنجامى کارلێک کردنى ڕۆشنبیرى بووە لە سەر دەسەڵاتى وڵاتەکەیان چەندن ئەو ڕۆشنبیرانەى کورد کە توانیویانە بە پڕۆژە فیکرى و فەلسەفى و ئابوورى و کۆمەڵایەتیەکانیان لە نێوگەل و نەتەوەکەیانەوە کاریگەریى بنیات نەرانەیان هەبێ، بە ڕادەیەک باوەڕى ئەوەمان لە لادا دروست بکەن کە میللەتێک هەیە دەتوانێ لایەنگرى پڕۆژەى نوێ بێ و ئامادەى خۆ گۆڕین و دەربڕین لە خۆکردن بێت لە پێناوى گۆڕانکاریدا؟ بە داخەوە ئەم پرۆسەیە بوونى نیە ..چونکە لە سەدا 99ى نووسینەکانى دژ بە دەسەڵات نووسینێکن بەتاڵن لە دروست کردنى بیروڕاى بنیات نەر بە پێچەوانەى کۆمەڵگە دیموکراتیەکانەوە کە ڕۆژانە نووسینى نوێى فیکرى و سیاسى و کۆمەڵایەتى و مێژوویى زۆر دەوڵەمەندو پڕ لە مەعریفە دادەڕژێنە سەر خوێنەرانیان ،کە ڕۆژانە بیرى نوێ خوێنەران دەهەژێنێ و هێزى دەربڕین لە خۆکردنى لە لادا دروست دەکات. کارەساتە لە نێو کورددا سایتێکى وەکو کوردستان پۆست زۆرترین خوێنەرى هەبێت یاخود هەر خوێنەریشى هەبێت لەو کاتەى تەنها کارێکى ئەو سایتە دەیکات کوشتنى بیرکرنەوەیە، کوشتنى جیاوازیەکە لە سەر بناغەى فیکرو فەلسەفەو بیرى نیشتیمانى و مرۆڤایەتى دامەزرابێت. مرۆڤى کورد لەوێدا مرۆڤێکى مەسخ کراوە بیر کردنەوەى ئەتک کراوە، دەسەڵاتى کور واتە بە ماناى بەکورد بوونى دەسەڵات لە کوردستان گەورەترین کارەساتە بە لاى ئەوانەوە..لێرەدا مەبەستم ئەوەنیە بڵێم سایتێک دژى دەسەڵاتە بۆیە بەو جۆرە دەیبینم مەبەستم ئەوەیە تێگەیشتنى ڕۆشنبیریش لە نێو کورداندا خۆى لە خۆیدا گرفتێکى گەورەیە لەو کاتەى خوێنەرانێک خۆیان لە نووسینى داهێنەرانە دەشارنەوە هۆیەکەى ئەوەیە کە ئەو خوێنەرە لە ژیانیدا لە پێناوى تێگەیشتندا ماندوو نەبووە بۆیە وڕوژاندن لەلاى ئەو گەورەترین ماناى خوێندنەوەکانیەتى کە هەندێک سایت ئەو ئارەزووەى بۆ بەدى دێنن..سوپایەک لە بنووسى بێ فیکرو بەتاڵ لە بیرکردنەوە ختووکەى خوێنەرى کورد دەدەن کە تەنها کارى ئەوە بێت خوێندنەوە تەنها بۆ ئابڕووبردن و شکاندنەوەى یەکترى و جوێندان و تەشهیر پێکردن بکەن هۆکارى ئەم دیاردەیە چیە ؟  لە ڕاستیدا لە کۆمەڵەگەیەکى وەکو کۆمەڵگەى فەرەنسیدا بۆ نموونە کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانین بەراوردى بکەین لە گەڵ کۆمەڵگەى خۆماندا وەکو یەک ئاست لە بیرکردنەوە، گەر خوێنەرێک تەنها لە خوێندنەوە داببڕێ وەکو ئەوە وایە کە ڕۆژەکەى بە فیڕۆ چووە و کولتوورى حوێندنەوە جوانترین دیاردەى کۆمەڵگەى ئەوانە کەچى لە لاى خۆمان هەموو نووسەرە خاوەن نووسینەکانمان بە چەند هەفتەیەک دەخوێنینەوە ...بیرى جیاواز بوون لە مەڵبەندێکى فیکرى و فەلسەفیى هێمنانەدا لە دایک دەبێت نەک لە هەراو هوریاو هۆیهاى سوپایەک لە بنووسى دابڕاو لە مەعریفە و نەک لە کەش و هەوایەکى نووسیندا کە هەمووى توندو تیژى و سەرکوت کردن و گێرە شێوینیە..ڕوویەکى دیکەى هۆکارەکانى تێنەگەیشتن لە ڕۆشنبیرى بێگومان بە هۆى ئازاد نەبوونى بیرکردنەوەى ڕۆشنبیرى کوردە لە ڕابوردووى خۆى لە بەر ئەوەى کۆمەڵگە کورد بۆ ماوەى دەیان ساڵ کۆمەڵگەیەکى پڕ لە کێشەو گرفت و شەڕو شۆڕو بەرەنگارى بوونەوە تۆڵە سەندنەوەو دەیان نەخۆشیى دیکەى سیاسى و سایکۆلۆژى و کۆمەڵایەتى بووە ، نەوەیەکى تەندروستى مەعریفیى تێدا دروست نەبووە تاکو خوێندنەوە لە وڵاتێکدا نەبێتە کولتوورى بیرکردنەوەو تێگەیشتن ئەو وڵاتە هەمیشە لە نێو گێرە شێوێنى نافیکریدا دەبێت چونکە کۆمەڵێک ماناى تایبەت و کەسایەتیى ناڕۆشنبیرى و ناداهێنەر باڵ بە سەر بیرکردنەوەیدا دەگرن کە هەمووى هەست کردنن بە مت بوون و نووچ خواردن و غوبن و تۆڵە سەندنەوە لە یەکترو دژایەتى و ململانێى ناڕۆشنبیرى ئەمەش ماناى ئەوەنیە کە کوردستان بەرەو پێگەیاندنى نەوەیەکى نوێ ناچێت چونکە پەرەسەندنى کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە نەوەى نوێش لە دواى خۆیدا دەخوڵقێنێ ..نەوەیەک لە کۆتاییدا لەوە دەگات پاڵەوانانى وڕوژاندن و نەخۆش چ تێنەگەیشتن و چ نەخۆشیەکیان لە دەروونى نەوەیەکدا چاندووە و چەندێک کاریگەریى ناداهێنەرانەو شکست پێهێنەرانەیان لە سەر نەوەیەک هەبوەو چ خیانەتێکیشیان لە فیکرو ڕۆشنبیرى کردووە قەتیش مەبەست هەندێک لە نووسەران نیە کە بە بێدەنگى خەریکى داهێنانى خۆیانن و هەموو ئەم بارو دۆخە تەنها بزەیەک دەخاتنە سەر لێویان ڕۆشنبیرى گرێ بەست وسازش کردن و مامەڵەى کڕین و فرۆشتن نیە هەروەهاش بانگەشەى بێ فیکرو مەعریفە نیە هەروەکو چۆنیش قۆِڵ بادان و قۆرخ کردنى یەکترى نیە بەڵکو ڕۆشنبیرى داهێنانە لە پێناۆى هێنانە کایەوەى جیاوازیەک کەبناغەى لە سەر نوێخوازى داکوتاوەو هیچ شێواندن و گەمە کردنێکى ساویلکە قەبووڵ ناکات چونکە هەموو ئەو دیاردە ڕۆشنبیریە نا تەندروستانە هۆکارن بۆ بێدەنگى ڕۆشنبیرى و کوشتنى جیاوازى و بیرکردنەوە .. ئاخر زۆرێک لە نووسەرانى کورد وایان لێ هاتووە تووشى فۆبیاى گوتنى بەتاڵ بوونە، تەنانەت نووسینیان وا لێکردووە وەکو ئەوەى فیکە لێدانێک یا چەپڵە لێدانێک بێت ئەوندە ساکارو بێ فیکرى دەکەنەوە وەکو ئەوەى نووسین کەسابەتێک بێت یاخود دوکاندارى کردنێک بێت ..ئەمە چ نووسینێکیان ناو دەنێیت بینێ بەڵام ئەمە تەنها ڕۆشنبیرى نیە لە ژیانمدا بە دەگمەن زۆر بە دەگمەن نووسەرێکم بینیوە کە دەساڵى ژیانى خۆى بۆ بەرهەمێکى ڕۆشنبیرى یا فیکرى یا وەرگێران تەرخان بکات کەچى سەرجەمى نووسەرە داهێنەرەکانى غەیرە کورد بە ساڵان تەمەنى خۆیان بۆ پڕۆژەیەکى ڕۆرشنبیرى و بۆ نووسینێک تەرخان کردوە بەڵام لە گەڵ خۆیاندا گۆڕانکاریان لە کۆمەڵگەولە لاى خوێنەرەکانیاندا هێناوەتە کایەوە ....

 

 

bawagorgor@yahoo.com