| 
			٥\٧\٢٠١٠ 
			کامیان ترسناکترن 
			؟  
			کورسییە 
			بێهۆشکەرەکان یان مادە بێهۆشکەرەکان! 
			
			 هیوا رەش
 
			لەم ماوەیەدا برادەرێکم بۆ کارێکى خۆى ڕێى دەکەوتە فەرماندەیى گشتیى لە 
			سلێمانى ، پیى خۆش بوو منیش بۆ هاودەنگى لەگەڵیدا بچم ، کە لە زاڵگەى 
			دەرگا گەورەکەیەوە وەژوور کەوتین ئاپۆڕایەکى زۆر لە دەورى تەکسییە 
			وەستاوەکانى ئەولاى زاڵگەکەوە هەبوو ، دیار بوو ئۆتۆمبیلەکان بە 
			گواستنەوەى سەرنشینان ڕا نەدەگەییشتن، لە دواییدا بۆم دەرکەوت ئەو 
			قەرەباڵغییە کەسوکارى زیندانییانى مەعەسکەر سەلامن و لە ڕۆژى مواجەهەدا 
			بۆ سەردانى خوشک و دایک و برا و باوکیان هەڵپەیانە ، کەسەکان ڕوخساریان 
			غەمناک و ماندوو ، هەڵسوکەوتیشیان نائاسایى دیار بوون و شەتەکیى بە سەر 
			جەستە و جووڵەشیانەوە جێپەنجەى خۆى جێهێشتبوو ، کەمێک لەولا ترەوە 
			پیرەژنێکى پشت چەماوەى ژێر بارى نەهامەتى ژیان لە سەروو 70 ساڵى و 
			مێرمناڵێکى نزیکەى 14 – 15 بەهارى بە گوێرەى دوورکەوتنەوەیان لە 
			ئۆتۆمبیلەکان لەوە ئەچوو بیانەوێ ئەو ڕێگە دوور و درێژە بخەنە بن 
			پێڵاوەکانیانەوە و نەفرەت لە نەدارى و ناعەدالەتى و وەیشوومەى ڕۆژگار 
			بکەن ، ملى ڕێگایان نابووە بەر .
 
 گوتم: ئا توخوا کامەران بۆیان بوەستە با 
			سەریان بخەین .
 گوتی: با بۆیان نەوەستین چونکە شوفێرى 
			تەکسییەکان پێیان ناخۆشە .
 گوتم: ڕووى بابى ئەوە ڕەش بێت کە پێى 
			ناخۆشە ، خۆ ئێمە بە پارە هەڵیان ناگرین.
 
			خوا هەڵناگرێ کامەران بەڕوودامانەوە بۆیان 
			وەستا.گوتم: دایە گیان فەرموون سەرکەون .
 گوتی: ماڵتان ئاوا بێت ڕۆڵە ، قەیناکە وا 
			هێواش هێواش بۆ خۆمان ئەڕۆین .
 گوتم: بۆ مواجەهە ئەچن ؟
 گوتی: بەڵى کوڕە شیرینەکەم .
 گوتم: دە سەرکەون ئێمە خۆمان هەرواوە 
			ئەڕۆین.
 
			بەم قسەیەم تێگەییشت کە مەبەستمان پارە نیە 
			بۆیە بە خۆشنوودییەوە سەرکەوتن. 
			  
			لە قسەکانیان دیار بوو کوڕەکەیان لە ئاکامى 
			ئەوەى پەناى وەبەر کێشانى مادە بێهۆشکەرەکان بردووە و بە دەستیەوە 
			گیراوە ، ئەوەى لە خەیاڵم بێت دایکى گوتی : 20 ساڵى ڕەبەق حوکم دراوە .
 دواى قسەوباسى بەدەم ڕێوە ، پیرەژنە بەسزمانەکە زوخاوى لە دەروون 
			ئەتکایەوە ، لە کاتى دابەزینیشیاندا دەستم بۆ بەڕکم برد و شتێک پارەم 
			بۆ پیرەژنەکە ڕاگرت ، دیار بوو بە چاوە کزۆڵەکەیەوە دیقەتى دەستمى 
			نەدابوو ، دامە دەستى کوڕەکە ، ئەویش هێندە شەرمن و نەفس بەرز بوو وەرى 
			نەئەگرت ، دواى تکاى زۆرم لە پیرەژنەکە ئینجا لە دەستیان وەرگرتم و 
			هەتا قەدەرێک دوعاى پیرەژنەکە پەردەى گوێچکەکانمى ئەلەراندەوە .
 
 لەم ڕۆژانەشدا دکتۆر فەرهادى برادەرم تێلى بۆ کردم و دواى گفتوگۆیەکى 
			دوولایەنە و باسوخواسى بارودۆخى سیاسى ، لە کاتى قسە کردندا گوتی : 
			بابە ئەمانە لەبەر کورسییەکانیان بێهۆش بوونە و ئاگایان لە خەڵک نەماوە 
			، لێرەوە هەوێنى ناونیشانى ئەم نووسینەم بۆ دروست بوو ، گوتم : ئەبێت 
			کامیان ترسناکتر بن ؟ کورسییە بێهۆشکەرەکان یان مادە بێهۆشکەرەکان !
 
 ئەگەر چاوێک بە مێژووى سەدەى ڕابردوودا بخشێنینەوە ، لە سەرەتاى دەیەى 
			نۆیەمیدا بە بێ هیرۆیین و تلیاک و حەشیش هەموو گەلى کوردستان مەست و 
			سەرخۆش و بێهۆش بوون ، بەڵام چ جۆرە بێهۆشییەک ؟ ! بێهۆشیى سەرکەتن و 
			ڕزگاریى لە دەستى بەعس ، بۆیە لە کەرنەڤالًَێکى بێهاوتاى مێژووییدا 
			سەرجەم گەلى کورد لە باشورى کوردستان ، بە باش و جاشەوە بەرەو پیرى 
			سندوقەکانى دەنگدان چوون و پێشوازییان لە هەڵبژاردن کرد و دەنگیان بۆ 
			نوێنەرەکان دا ، وەلێ لەوێ دەمەوە کورسى پەرستى و ملکەچیى پۆست ، زوو 
			خەونەکانمانى بان و بن کرد و بە هیمەتى تکا و دەست ماچ کردنى پیاوچاکان 
			و دڵسۆزان و غەمخۆرانى گەل و نیشتمان ، پارتى و یەکێتى لە سەر کەلەوە 
			هاتنە قەدپاڵى کەلى شەیتان کە تا ئێستاشى لەگەڵدا بێت نایەنە خوار و 
			کەى بەرژەوەندى بنەماڵە و سەرۆک و سکرتێر بخوازێت هێزى پێشمەرگەى حزب 
			دنە ئەدەن و ئەیانبەنەوە سەرکەل و لەسەر قازێک و ڕیزەدوکانێک چارەنووسى 
			میللەتێک ئەخەنە لێوارى مەرگەوە ! وا پێ ئەنێینە ناو دەیەى دووەمى 
			سەدەى نوێوە هەمان بەزم و بالۆرە هەر باوى ماوە ، سیاسەتى 50 بە 50 و 
			دوولەت کردنى خاک ، بە پێدەشت و تەپۆڵکەو چیاوە ، گەل ، بە بادینى و 
			سۆرانى و هەولێرى و سلێمانییەوە ، بوونى دوو ئاساییش و دوو پەروەردە و 
			دوو شۆراو و دوو دەزگایى لە کەرکوکدا هەر لە سەرووى بەرژەوەندییە باڵا 
			نەتەوەییەکانەوەیە ، ئاساییشى نەتەوەییمان بەندە بە دەست تێکەڵ کردنى 
			سوپا داگیرکارییەکانى دەرودراوسێوە ، یەکڕیزیمان وابەستەیە بە یەکڕیزى 
			لە چۆنێتى دابەشکردنى پۆستەکان بە سەر ئەرباب و ئەحباب و خزم و نەوە و 
			نزیک و ئەتباعەکانى خێڵ و بنەماڵەوە .
 
 کەپکى حەمەداغا و کڵاوقاسم و کەپک و لوتکەکانى تر کە ئێستاش ڕەنگیان 
			ئاڵ و سوورە ، بە خوێنى ناهەق ڕژاوى ڕۆڵەکانى گەلەکەمان بۆ زامن کردنى 
			هەیمەنەى کورسى و دەسەڵات و دزینى داهات کەچى مێشێک میوانى سەرکردەکان 
			نیە و ئەڵێى بە کورسییەکانیانەوە بزمار ڕێژکراون و تا ئێستا نەمانبیست 
			و نەمانبینى یەکێکیان لەسەر خیانەتى کورد بە کورد بە کوشتدان بدرێنە 
			دادگا ، سەروەت و سامانى سەرزەوى و ژێرزەوى و ئاسمانى ئەم کوردستانە 
			حەپەلوش ئەکەن و دزێک لێى نەپرسرایەوە ( من این لک هدا ؟ ) ، ئەگەر 
			باوکێکیش لەبەر بێپارەیى دەست بۆ تەنها قوتووە شیرێک بۆ ساواى دایک 
			مەمک ووشک هەڵاتوو بەرێت ، دادگا حزبییە ناسەربەخۆکان بە یاساى هەزار و 
			یەک ڕەنگ ئاڵا و واڵا کراوەوە ، بە بێ بەدواداچوون بۆ فاکتەرەکانى 
			سەرهەڵدانى دزى ، تاوانبارى ئەکەن و ساڵانێک لە زیندانەکان قایمى ئەکەن 
			و ساواکەش لە بێشیرى و بێباوکى و بێنازیى لە برسا ئەکوژن و کۆستى 
			خێزانێک کوێر ئەکەنەوە .
 
 بازرگانیى مادە بێهۆشکەرەکان کارێکى سانا نیە و هەڵپە کردنێکى 
			نامەشروعى پارەدار و سەرمایەدارانە بۆ زیاتر کەڵەکە کردنى 
			سەرمایەکانیان و دەستى ئەوانى لە پشت نەبێت مەحاڵە بە خەڵکى هەژار 
			ئەنجام بدرێت ، ئەو خەڵکە هەژارەش بۆ پەیدا کردنى بژێوى زۆر جاران پەنا 
			وەبەر کردارى نابەجێ ئەبەن و ئەبن بە ماشەى دەستى ئەوان ، بێگومان 
			سەرمایەدارانیش ئەگەر خۆیان لە ناو دەسەڵاتدا نەبن ئەوا بێ سێ و دوو 
			پیاوى دەسەڵاتن ، و ئەوان فاکتەرى ناعەدالەتیى کۆمەڵایەتى و نایەکسانین 
			لە کۆمەڵگادا ، بۆیە ئەبێت بەر لەوەى ( دز ) ێک بخرێتە ناو قەفەسى 
			تاوانى مادى و مەعنەوى ، یان بخۆر و سەوداکەرێکى بچکۆلەى تلیاک 20 ساڵى 
			ڕەبەق بخرێتە کونجى زیندانەوە ، پێویستە بیر لە گۆڕینى سیستم و ئەداى 
			حوکم بکرێتەوە بۆ بنبڕ کردنى دیاردە نەشیاوەکانى ناو کۆمەڵگا ، مناڵێک 
			بەیانى تا ئێوارە بە دواى جگەرە و بنێشت فرۆشتنەوە بێت و نەتوانێ لە 
			جیاتى باوکە بێسەروشوێنەکەى شەڕى ناوخۆ بژێوى خوشک و دایکە بەخت ڕەش و 
			نیمچە بێوەژنەکەى دابین بکات ناهەقى نیە کە گەورە بێت پەنا بباتە بەر 
			دزى و تلیاکچێتى و پیاوکوژى ، بێگومان ئەو ڕەفتارە ئەگەر ئەنجام بن 
			ئەوا هۆکارەکەشى دەسەڵاتدارانى ووڵاتەکەمانە و هەر ئەوانیشن دز و بێهۆش 
			و قاتیل ، ئەگەر وا نیە ئەو هەموو داهاتەى کوردستان چى لێ دێت و بۆ کوێ 
			ئەچێت ؟ ئەگەر وانیە دواى ئەو هەموو نەهامەتییەى بەسەر گەلەکەماندا هات 
			و ئێستاش باس لە تەشەنەسەندنى تلیاکچێتى ئەکرێت و ئەوان نەکەوتوونەتە 
			دواى کورسیى بێهۆشکەر بۆچى ئاگایان لە خانەوادەکانى کۆمەڵگا نیە و 
			ئاوڕێک لەو هەموو ناعەدالەتییە نادەنەوە و تا ئێستا دواى چەندین 
			بانگهێشتى وەزیر و گزیر کامیان سزا دران و کامیان درانە دادگا ؟ ئەگەر 
			ئەوان قاتیل نین هیچ نەبێت با سۆراغى بێسەر و شوێن کراوەکانى سەر دەستى 
			ئەوان چارەنووسیان ئاشکرا بکرێت ؟ ! و هیچ نەبێت چارەکى بزنە 
			کێوییەکانى دەڤەرەکانى خۆیان ژیانیان پارێزراو بێت .
 
 هەموو ئەم نووسینە ئەوە دەرئەخات کە تۆڕى دەستى دەسەڵاتداران عەکسى 
			تۆِڕى ڕاوچى ماسییە ، ڕاوچى ماسى ، تۆڕەکەى ماسى گەورە ئەگرێت و بچووک 
			بەرئەدات ، تۆڕى دەسەڵاتدارانیش تاوانبارى بچووک ئەگرێت و گەورەش 
			مەرەخەس ئەکات .
 
			  
			
			
			ماڵپهڕی 
			
			هیوا رهش 
			  
			
 |