په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٢\٢٠١٣

کانیی مێژوو بە بەردی ئێوە لێڵ نابێ.

- وڵامێک بۆ کاک حەسەن شەرەفی -

تاریق یوسف       


جێگری سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێ: "بە پێچەوانەی ئەو تۆمەتانەی شا کە جوداخوازیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دابووە پاڵ پێشەوا، قازی محەمەد لە پێناو کێشەی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا خەباتی دەکرد".


لە دیمانەیەکی ماڵپەڕی "کار آنلاین" کە زمانحاڵی "چریکە فیداییەکانی خەڵقی ئێران - زۆرینە"یە، و لە زۆربەی پرسیارەکانیدا کۆماری کوردستان بە کۆماری مەهاباد ناو دەبا و پرسی نەتەوایەتی بە قەومی، لە وڵامی پرسیاری ئەوەی کە روانینی قازی محەمەد و هاوڕێیانی بەرامبەر مەسەلەی قەومی لە ئێران دا چۆن بووە؟ کەسی دووەمی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، خەباتی قازی محەمەد و هاورێکانی بە خەباتێک بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا پێناسە دەکات.


ئەم تێڕوانین و ڕوانگەی کاک حەسەن و حیزبی دیموکرات بە تەواوی ناراستە لە گەڵ مێژووی راستەقینەی زهنیەتی کۆماری کوردستان و بە جۆرێک شێواندن و کەمڕەنگ کردنەوەی خەباتی سەربەخۆی خوازی کۆماری کوردستانە، یەکێک لەو شانازیانەی کە گەلی کورد لە مێژوودا تۆماری کردوە و پێی دەنازێت دامەزراندنی یەکەمین کۆماری کوردیە کە لە مەهاباد دامەزرا و زهنیەت و خەباتی ئەو کۆمارەش لە سەر بنچینەی نەتەوەیی و شکانی پارچەگەریی و خەباتێکی گشتگیر لە کوردستانی گەورە بوو، زهنیەت و ڕێبازی کۆماری کوردستان لە بنچینەدا بۆ بەربەرەکانی و بە ئامانج نەگەیشتنی پەیمانی شوومی لۆزان بوو کە کوردستانیان پارچە کرد و خەباتی کوردیشیان تووشی شکست و پارچەپارچەبوون کرد.


زۆرسەیرە کە حیزبێک خۆی بە درێژەدەری ڕێبازی پێشەوا قازی موحەمەد بزانێت بەڵام لەهەمانکاتیشدا دەست وەرداتە میژوی راستەقینەی ئەو کۆمارەوبە لاڕێیدا ببات ئەمە بۆچی وە لە پێناوچیدایە؟


بۆ هەموو کەس روون وە ئاشکرایە و ئەوانەی کە لە نێو سیاسەتدا تەنها ساتێکیش هەبووبن دەزانن کە کۆمارێک خاوەن ئاڵا بێت و خاوەن ئەرتەش وخاوەن وەزیر بێت کەواتە خاوەن وڵاتێکی سەربەخۆ وە بەرنامەو دام و دەزگای خۆیەتی وخۆی بڕیاردەر و وڵات رێوەبەرە ئەدی ئایا کاک حەسەن و حیزبی دیموکرات لە نەزانینیانەوەیە حاشا لە دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆبوونی کۆماری کوردستان دەکەن یان بە زانا بوونە و پیلانی بە دواوەیە؟


ساڵانێکە حیزبی دیموکرات وکاک حەسەنەکان نان بە پێشەوا قازی موحەمەد دەخۆن و لە بۆنەکانیشدا بە بەژن و باڵای کۆماری کوردستان هەڵ دەڵێن کەچی لە لای تودەیەکان و پان ئیرانیستەکان و شاپەرەستەکان مێژووی کۆماری کوردستان بچووک دەکەنەوە و خەباتی پێشەواو هەڤاڵانی کەم نرخ دەکەنەوە، ئەمە لە خۆیدا یەک بان ودوهەوا بوونە لە سیاسەت و ناڕاستگۆبوونە لە گەڵ خەڵکی کورد و لێل بوونی سیاسەت و نەبوونی ڕێگا و ڕێبازێکی روونە. هەموو گەلی کورد شایەتی ئەوە دەدەن و مێژووش تۆماری کردوە کە پێشەوا قازی موحەمەد لە سەر دروست کردنی ئاڵا و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لە سێدارە درا و شەهید بوو، نەک بە خاتری پاراستنی یەک پارچەی خاکی ئێران کە کاک حەسەن باسی دەکات.


هەموو تواناکانی کۆماری کوردستان بۆپاراستنی خاکی کوردستان و پاراستن و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی بوو، واتە کۆماری کوردستان هەم لە بواری نیزامی و سیاسی و ئابوورییشەوە سەربەخۆ بوو لە هەمانکاتیشدا هێزی خۆی بۆ بەرژەوەندیەکانی گەلی کورد و سیاسەتی خۆیشی سیاسەتێکی جوداخواز و وەک دەوڵەتێکی کوردی بێ ئەوەی لە هیچ شوێنیکەوە بڕیار وەربگرێت پەیرەو دەکرد و ڕێکی دەخست و پێش دەچوو.


کاک حەسەن و حیزبی دیموکرات هەرچەندە بە گوفتار خۆیان بە هاوڕێبازی کۆماری کوردستان و پێشەوا قازی موحەمەد دەزانن بەڵام بە کردار ئەوەیان سەلماندوە کە زۆر دورن لە ئەوەی هەوڕێبازی کۆماری کوردستان بن و بەڵگەکانیش ئەوە دەسەلمێنن کە زۆر بێوەرین لە هاوڕێبازی بوونی پێشەوا و کۆماری کوردستان.


ئاڵا هێمای نەتەوەو وڵاتە و تا ئەو کاتەی کە ئاڵای ئێران لە سەر خاکی کوردستان بوو مرۆڤ ناتوانێت بڵێت کە ئێمە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆبوین بەڵام ئەوڕۆژەی کە دەوڵەتی جمهوریەتی کوردستان ڕاگەیەندرا و ئاڵای ئێران بە فەرمانی موحەمەد حوسەین خانی سەیفی قازی لە لایەن شۆڕشگێر حوسەین زەرەنگەرانەوە هاتەخوارەوە و ئاڵای دەوڵەتی کوردستان بەرزکرایەوە تا یازدە مانگ ئەو ئاڵایە دەشەکایەوە و دەوڵەتی کوردی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و کوردستانی بوو، هەر بۆیە ستەمێکی هەرە مەزنە مێژووی کورد قوڕاوی بکەین و دڵی دوژمنان و نەیارانی کوردی پێ شاد بکەین بە ئومیدی ئەوەی سبەی رۆژنانی چەور بە پشتبەستن بە تودە و ئێرانییەکان بخۆن و کورسیەکانتان بەم گوفتارە ناراستانە مسۆگەر بکەن.


کاک حەسەن و حیزبی دیموکرات بە جێگای ئەوەی خەباتی خۆیان لە سەر بنچینەی سیاسەتەکانی کۆماری کوردستان رێک بخەن و لە سەر هەمان زهنیەت و بەرنامە تێکۆشان بەردەوام بکەن بە داخەوە پێچەوانە هەنگاو هەڵدەگرن و ئەو سیاسەتانەی کۆماری کوردستان لە بەرانبەریدا شەڕی دەکرد راست ئەمان لەو سەنگەرەن کە کۆماری کوردستان دژایەتی دەکرد.


کۆماری کوردستان لە بنگەدا خەباتی بۆ یەکپارچەیی خاکی کوردستان دەکرد بەڵام کاک حەسەن و حیزبەکەی پارچەیان کرد و لە پارچەش گومانی ناوچەیش هەیە، کۆماری کوردستان خەباتی بۆ یەکڕێزیی گەلی کورد دەکرد کەچی کاک حەسەن و حیزبەکەی خەبات بۆ دابەشبوون لەتبوون و بەشبوون دەکەن!


کۆماری کوردستان تێکۆشانی بۆ سەقامگیربوون و جێگیربوونی هەمیشەی دەوڵەتی کوردی و کوردستانی یەکپارچە دەکرد، کاک حەسەن و حیزبەکەیشی خەبات بۆ پاراستنی خاکی ئێران و پێکەوەژیان لە گەڵ بەنی سەدر و عەلی رەزا نوریزادە دەکەن.


حیزبی دیموکرات بە هۆی نەبوونی ئیرادەی شۆڕشگێریی نەیتوانی خۆی لە گەڵ باوەڕییەکانی کۆماری کوردستان یەک بخات بەڵام ئێستا دەیەوێ کۆماری کوردستان لەگەڵ باوەڕییەکانی خۆی یەک بخا.


کاک حەسەن لە سیاسەتدا ویژدان هەیە و تەنها گوتنەکان بەس نین بۆ پێشوەچوونی سیاسەتی کاتی حیزبیی و فەردیی، ئەوە گەلە بڕیار دەدا.. ئەو گەلەی شەهیدی داوە و کوێرەوەریی بینیوە ڕێگا نادا ئێوە مانان بۆ رازیکردنی ئێرانییەکان و پان ئیرانیست و شاپەرەستەکان ڕمبازێن بکەن بە مێژووی کورد و شۆڕشی کوردی تەنگ و بچووک بکەنەوە.
 

 

 tariq_yusifi@hotmail.fi 
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک