٥\١٢\٢٠١٥
کاپیتالیزم یان سێکسیزم.

عەلی حسێن کەریمی
مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لە وێنەی سەرسورهێنەر ، بارتەقای ئەوەی کە
سەرسورهێنەرە ئەوەندەش بێ ئومێدکەریشە ، زۆر جار بێ ئومێدی دەرگا
بەرووی غەمناکیدا دەکاتەوە . ئەو کاتەی مرۆڤ دەگاتە غەمناکی ئەوە
گۆشەگیری دەبێتە پیشەی . روداوە خۆکوژیەکان بەشێکی لێرەوە سەرچاوە
دەگرن . ئەوەندەی مرۆڤ هەناوی پریەتی لە خیانەت ئەوەندە راستگۆی پیشەی
نیە . زۆر جار مرۆڤە راستگۆکان ئەوەندەی گیرۆدەی دەستی درۆکانی
درۆزنەکانن ئەوەندەشگیرۆدەی دەستی درۆکانی خۆیانن . لە راستیدا بۆ
درۆزنەکان درۆ زیرەکیە بەڵام راستگۆکانن ئازار بەدەست ئەمەوە دەچێژن .
پێناسەی راستگۆی ئەوەندەی کە بەسادەی شیدەکرێتەوە ئەوەندەش پێویستی بە
قوڵبونەوەو شیکار کردنە . مرۆڤ خۆی پریەتی لە ئاڵۆزی کاتێک دەیهەوێت
ژینگە ئاڵۆزتر بکات ئەوا وای دەردەخات کە سادەی کردۆتەوە . زۆر جار
مرۆڤ بەدەست سادەکردنەوەی خۆی یان روتکردنەوەی خۆی گیرۆدە دەبێت ، ئەم
گیرۆدە بونە بناغەی لە دەستدانی ئیرادەی راستەقینەی مرۆڤە . مرۆڤە
سادەکان خەون بە پارەوە دەبینن لەبەر ئەوە ژیان ئەوەندە سادەبۆتەوە
ناتوانن وێنەیەکی شادومانی لە دەوروبەریان ببینن بێجگە لەوەی کە تەنها
دنیای ماتڕیالیزمی دەتوانێت کەشخەو جەنجاڵ پیشانیان بدات . هێماکانی
تەکنەلۆجی سەرەتای دەرکەوتنی لەناوچونی سروشتی راستەقینەی مرۆڤە.
تەکنەلۆجیا تامی ژیانی گۆریوە بە گێل کردنی مرۆڤ . ئەو گێلایەتیە لای
سەرمایەداری ستایش دەکرێت بەڵکو بە کەسێکی سێنسە هیومە پێناسە دەکرێت ،
بەڵکو بەمەشەوە نەوەستاوتەوە گەیشتۆتە ئاستێک کە دەرهێنانی بیرو هۆش
بەمادەی کەحولی بە جۆرێک لە بەسەر بردنی کاتێکی خۆش دەناسێنرێت .
وازهێنان لە مۆراڵی سەرەتایی مرۆڤ تاکە مەرجی پیشاندانی ئینجۆینی خۆتە
. سەرمایەداری بناغەی مرۆڤی هەڵکۆڵیوە وکردویەتیە رۆبۆتێکی بێ کۆنترۆڵ
. بەجۆرێک وانەی داوەتێ کە بۆیەکجاریش بێت نابێت بیربکاتەوە لەوەی کە
چی دەکات . چی کردن بە کۆی ماناکانیەوە ، خەونی مرۆڤی دنیای کاپیتالیزم
هەرزەکارانەیە تا ئەو کاتەی لێی رودەدا کاتێک ئاوردەداتەوە تەنها پیسای
جێهێشتوە . ئەوکاتیش تەنهادەگری بۆ ئەوەی خۆی لە تەنهای نەجات بدات .
خەونی نەجات دان واتە زیاتر رۆچون بە پیسای خۆیدا . فێمینیزم کارتۆنێکی
بەتاڵە ، یاخود پرە لە بوکە شوشە ئەو بوکە شوشانەی پیاوەکانیان پێ گێل
تر دەکەن لە جیاتی هێنانە پێکەنینی منداڵان .
خەونبینین بە دنیای سەرمایەداری ، کۆی سۆسایەتی ئیسلامی کۆنسێرڤاتیڤیشی
گیرۆدە کردوە ئەوەندەی کۆمەڵگا ئیسلامیەکان خەون بە دنیای
کاپیتالیزمەوە دەبینن ئەوەندە کۆی سۆسایەتی کاپیتالیزم گیرۆدەی واهیمەی
کاپیتالیزم نەبوە، شەپۆلی کۆچرەوی تەنها راکردن نیە لە دنیای روتی
رۆژهەڵات ئەوەندەی بەدوای واهیمەی کاپیتالیزمەوە هەیە . نەوەیەک لە
جیهانی ئیسلامی بەرهەم هاتوە ئیمانی بەکۆی دابونەریتی کۆنسێرڤاتیڤی
ئیسلام هەیە ئەوەندەی ئیمانی بەراکردن لێی هەیە ئەوەندەش خەون بەوە
دەبینێت کە بە کەسایەتیەکی مەزن و رێز لێگیراو بگەرێتەوە ناوی دوای
سەربردەیەکی درێژ لە گەڵ حەرامکراوەکانی ژیاری خۆی . چەندە کاپیتالیزم
خەونی گێل کردنی تاکەکانی کۆمەڵگاکانی ژێردەستی خۆی هەیە ئەوەندەش
کۆمەڵگا ئیسلامیەکانیش خەیاڵی گێل کردنی تاکەکانی خۆی هەیە لەوەش زیاتر
وایان رادێنێ راکردن لەم ژینگەیە هەنگاو نانە بەرەوە چێژە
حەرامکراوەکانی ژێر دەستی . ئەوەی لێرە حەرامە لەوێ حەڵاڵە ، نەک هەر
ئەمەش گەر تۆ حەرامکراوەکانی ئێرەش لەوێ بەدەست بهێنی ئەوا تۆ قەدر و
رێزت زیاتر بوە کەمتر نیە .
هیچ کاتێک لە ئێستا زیاتر نەوەی ژیاری ئیسلامی ئیمانی بەوە نەبوە کە
راکردن لە ژیاری خۆت ئەوا دەبیتە مرۆڤێکی پیرۆز ، نەک هەر ئەوەش
دەگەیتە حەزە حەرامکراوەکانت بەبێ قوربانیدان . دەچیتە وڵاتی
سۆزانیەکان کۆی حەزە سێکسیەکانت خاڵی دەکەیتەوە بەبێ نرخدان بەهیچ
بەهایەک ، ئەو بەهایەی لای ئەو خوشک و کەس و کارەکەیەتی . خۆی لە ناو
جەرگەی ئەوروپا راوی ئەو ئافرەتانە دەکات کە لە ژیاری ئەودا بە سۆزانی
بانگیان دەکرێ ، بەڵام ئەو چێژ لەوە دەبینێ لەگەڵ سۆزانیەکان سەرجێ
بکات و وەک شانازیەک بۆخۆی تۆماری بکات و دواتریش بەبێ نرخ ترین مرۆڤ
باسیان بکات . کاتێکیش باسی ئافرەتی ئەوروپیت بۆدەکات وا وێنای دەکات
وەک ئامێری هەوەسبازی وێنای دەکات . کاتێک مرۆڤ خاڵی بۆوە لە ئیرادەی
عەقڵانیەت ئەوا دو جۆر گۆرەپان بەرهەم دەهێنێ وەک ئەوەی ئەمرۆ یەک لە
رۆژهەڵات و ئەویتریشیان رۆژئاوا . کە هەردوکیان بە ناراستەوخۆی ژیاری
ئیسلامی کاراکتەرە رەشەکەیە لە ناویدا . کاتێک پرسیار لەو کەسانە
دەکەیت بۆچی ژیاری ئیسلامیت جێهێشت ، ئایا باوەرت پێ نەبو دەڵێت چۆن
ئەستاخفیرڵا ئیسلام پیرۆزترین دینە بەڵام کاتێک زیاتر دەچیتە ناو قوڵای
پرسیارەکان ، ئایا کار نەبو دەست کورت بوی ؟ لەوەڵامدا دەڵێ نا،
بەکەیفی خۆت ئافرەتت دەست نەدەکەوت بۆیەئەوێم جێهێشت . نەک هەرئەمەش
دەڵێ کاتێک چومەوە وڵاتەکەم ڤێرجین نەبێ نابێت ببێتە خێزانم ، کاتێک
دەڵێی ئەی تۆ بۆ لێرە لە هیچ راناوەستی لە وەڵامدا دەڵێ پیاو پیاوە وەو
ژن ژنە .کارەساتی گەورە ئەوەیە هەردو ژیارە کە نەوەیەکیان بەرهەمهێناوە
تەنها بۆنی سێکس لە هەناوی ژیان دەبینن ، گەرمترین گفتوگۆی تاکە
ئیسلامیزمە هەڵاتوەکان خەوتن و رابواردنە لەگەڵ ئافرەتانی دنیای
کاپیتالیزم . ئەو کاپیتالیزمەی کە سەمایەدارەکان مێشکی ئافرەتیان
دەرهێناوە بۆ گێل کردنی زیاتری پیاوەکان.
alihusainkarimi1986@gmail.com
|