٢٦\١٠\٢٠١٢
کارایڵان:
ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئێران پێویستیان بە شەڕی کورد ــ تورکە.
کارایڵان
لە لێدوانەکەیدا دەستنیشانی کرد کە ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئێران
پێویستییەکی زۆریان بە شەڕی کورد ــ تورک و وتی:" ھەر بەگوێرەی ئەو
پیلانە و بۆ لەناوبردنی ئەو مەترسییانە و بەلانی کەم بۆ ئەوەی تا چەند
ساڵێکی تریش تورکیا لە شەڕی دژ بە کورد و پەکەکە دا بێت، پێویستە یەکێک
لە ئێمە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بکوژرێت. تەنانەت دوو ناو دەستنیشان
کراوە. یەکێک لەو ناوانە بەھەر شێوەیەک لە شێوەکان گەر لەلایەن دەوڵەتی
تورکەوە بکوژرێت ئەوا نێوان کورد و دەوڵەتی تورک دەکرێتەوە، دوژمنایەتی
قوڵ دەبێت، شەڕ و پێکادانیش قوڵتر دەبێتەوە. دەوڵەتی تورکیش ئەوکاتە
زیاتر موحتاجی ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێت."
سەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەری کەجەکە سەرنجی بۆ سەر لێدوانە ناکۆکەکانی
سەرۆک وەزیری تورک ئەردۆغان راکێشا و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەردۆغان
رۆژێک دەڵێ ئەگەر پێویست بکات، لەگەڵ ئیمرالی دیدار ئەنجام دەدەین،
ئەگەر پێویست بکات لە ئۆسلۆ دیدار ئەنجام دەدەین و رۆژێکی تر فەرمانی
لەناوبردن دەدات و وتیشی:" ئەو کێشە کێشەیەک نیە کە بە دیداری
راوێژکارێک چارسەر ببێ، پرسی کورد سەرەکترین پرسی تورکیایە، ئەگەر ئێوە
بڕیاری چارەسەریتان دابێ ئەوا لایەنی کوردی بۆ چارەسەری ئامادەیە.
سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە موراد کارایڵان لە درێژەی
چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ANF رایگەیاند کە
ھۆکاری سەرەکی ئەو شێوازە پڕ لە ناکۆکیەی ھەڵوێستەکانی ئەردۆغان و
حکومەتی ئەکەپە لە نەھاتنە سەر رێی چارەسەری، بە واتای ھەم
ھەڵخەلەتاندنی رای گشتی و ھەم خواستی سەرکوتکردنی ھێزەکانی بزوتنەوەی
ئازادییە و وتی:"ئەکەپە لە ھەموو ڕوویەکەوە گەمە دەکات، بۆ ئەوەشە کە
لێداونەکانی ناکۆکن. بۆ ئەوەشە کە لێدوانەکەی ئەردۆغان کاتێ دەڵێ
پێویست بکات دیدار ئەنجام دەدەین بێ واتایە و بەشێکە لە شەڕی دەروونی و
بەدەر لەوە ھیچ واتایەکی تری نیە.".
نەک ئێمە پێویستە دەوڵەتی تورک ھەنگاو بنێت.
کارایڵان لەسەر ئەو ھەڵسەنگاندنانەی کە نەرمبوونێک لە ئارادایە
و ھەنگاوی نوێ دەھاوێژرێن وتی:"بە دڵنیایەوە و بە ھیچ شێوەیەک پەیوەندی
نە ئیمرالی و نە لەگەڵ بزوتنەوەکەمان نەکراوە." ھەروەھا لەسەر ئەو
پرسەی کە بەدەپە و لایەنەکانی تر بۆ ئەنجامیان لە ھەوڵەکانیان بەدەست
نەھێناوە کارایڵان وتی:"چونکە شێوازە توندەکەی ئەردۆغان کەوتە نێوانەوە
و بڕیویەتی، لە دۆخێکی نەرمبونەوە زیاتر ئەو فەرمانەی کە لەم دواییەدا
ئەرۆدغان دای بە کاربەدەستەکانی فەرمانی لە ناوبردنی بزوتنەوەکەمانە،
بە راستی ئەگەر دەوڵەت نەرمبونەوەی دەوێ یان ئەگەر لایەنگرانی
دیموکراسی لایەنگری ھێوربونەوەی دۆخەکەن، ئەوا دەبێ وەڵامی داوای
مانگرانی زیندانەکان بدرێتەوە، وەڵامدانەوەی داواکانی مانگران دەکرێ
ھێوربونەوەیەکی راستەقینە بێنێتە ئاراوە و، دەکرێ چارەسەری دیموکراتی
بێتە رۆژەڤەوە، ئەو کاتەش زەمینەی راوەستاندنی شەڕ دێتە ئاراوە. بەڵێ
دەوڵەت چاوەڕێی ھەنگاوە لە ئێمەوە، بەڵام چۆن ھەنگاوێک؟ چاوەرێ ھەنگاوی
رادەست بونە لە ئێمە، ئەوەی دەبێ ھەنگاو بنێ دەوڵەتە نەک ئێمە."
ئەکەپە ھیچ زەمینەیەکی بۆ ئاگربەست نەھێشتۆتەوە.
کارایڵان بانگەوازییەکەی وەزیری دەرەوەی تورک ئەحمەد داود ئۆغڵوی
ھەلسەنگاند کە بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە داوای لە سوریا کردبوو
ئاگربەدەست راگەیەنێ و وتی:"لە وڵاتەکەی خۆیدا سەدان کەس لەزیندانەکان
لە مانگرتندان، ئەو مانگرتنە (٤٠) رۆژی تێپەڕاندووە، ھەروەھا لە ناوخۆی
وڵاتدا لە ھەموو دەڤەرێک ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدرێ و شەڕ و پێکادان ھەیە،
کابرا ھیچ یەکێک لەوانە نابینێ و ھەڵدەستێ بانگەوازی دەکات کە سوریا
شەڕ راگرێ، ئەوەیە زھنیەتی داگیرکاری تورک، لەکاتێک دا کە وەزیری
دەرەوە وەک نەدیو لە ڕوداوەکان دەرەوانێ، سەرۆک وەزیر فەرمانی
لەناوبردن دەدات و تەنانەت بانگەوازی دەکات کە ھەڵویست لە دژی
بزوتنەوەی ئازادی کۆمەڵگە وەربگیرێت، لە جێی ھێوربوونەوە کار بۆ چیتر
ئاڵۆزکردنی رەوشەکە دەکات، ئەکەپە ھەموو ھەلومەرج و، زەمینەیەکی
ئاگربەستی بۆ جەژنی قوربان لە ئارادا نەھێشتووە."
ئەگەر ئەردۆغان راست ئەڵێت بۆ نەچوو بۆ گردی کۆنسێرڤە.
کارایڵان رایگەیاند کە ھێزەکانی هەپەگە لە رۆژانی جەژنی قورباندا
چالاکی لە بەرامبەر بەو ھێزانەی سوپای تورک و ھێزەکانی تری سەر بە
دەوڵەتی تورک ئەنجام نادات کە لە ھەرێمە مەدەنییەکانن.
کارایڵان سەبارەت بە بانگەشەکانی ئەردۆغانیش لەسەر حاشاکردن
کۆنترۆڵکرانی ھەرێمەکان لەلایەن گەریلاکانی هەپەگە ەوە بەم
شێوەیەدوا:"ئەگەر ستراتیژی پەکەکە تێکبچوایە ئەوا نەیدەتوانی بستێک خاک
کۆنتڕۆڵ بکات، ئەگەر وایە بۆ فڕۆکەکانیان شەو و ڕۆژ چیاکانی کوردستان
بۆردومان دەکەن؟ ئێستا نەک تەنھا قەندیل و زاپ بۆردومان دەکەن، بەڵکو
شەمزینان، گەڤەر، چەلێ، جولەمێرگ، ئەلکێ، شڕناخ و چیاکانی ھەرەکوڵی
سەربە سێرتیش بۆردومان دەکەن، ئایا ئەو جێگایانە لە سنوری تورکیادا نیە؟
سوپای تورکیا فڕۆکە جەنگییەکانی نانێرێتە سەر شوێنێک کە دەسەڵاتی
بەسەرییەوە ھەبێت، لە دوای ئەوەی سوپای فڕۆکە دەنێرێتە جێگەکانی ئاماژە
بۆکراو سوپای پیادەیشی بۆ دەنێرێت، ئەگەر تۆ ناتوانیت بچیتە ھەرێمێکەوە
و بە فڕۆکە بۆردومانی دەکەیت، ئەوا وتای ئەوەیە کە تۆ کۆنتڕۆڵت لەسەر
ئەو شوێنە نیە، بە واتایەکی تر ئەو قسانەی ئەردۆغان دەیکات تەنھا درۆیە،
ئێمە پێشووتر وتبومان ئەگەر ڕاست دەکات بابچێتە گردی کۆنسەرڤە کە پێش
دووساڵ ئەدۆغان خۆی سەردانی کردبوو، کوا بۆ نەچوو؟ یان نیشانەی ئەو
ڕاستیەیە کە ئەو دەڤەرانە ھیچی لە ژێر کۆنتڕۆڵیاندا نەماوە بەڵکو لە
ژێر دەستی گەریلادایە و ئەگەر گەریلا ھێز و باوەڕێکی پتەوی نەبوایە
نەیدەتوانی ئەو دەڤەرانە بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە."
١٠ ھەزاریان لێ دەگریت و دوایش دەڵێیت تیرۆریستن.
کارایڵان سەرنجی ڕاکێشایە سەر تێکۆشانی گەل لەدژی سیاسەتەکانی ئەکەپە و
دەڵێت:" تۆ وەکو ئەکەپەییەک خۆت دەردەخەیت و دەڵێیت (یەک نەتەوە) و بەو
شێوەیە ھەموو مافەکانی گەلی کورد بە زۆرداری ئاستەنگ دەکەیت، تۆ ئەگەر
توندتیژی لەسەر ئەم گەلە پەیڕەو دەکەیت و (١٠) ھەزاریان لێ بخزێنێتە
کونجی زیندانەکان، دوایش دەڵێیت لە وڵات تیرۆر ھەیە و کەس ناتوانێت بە
چەک مافی خۆی وەربگرێت، تێکۆشانی چەکداری بۆ بەدەستخستنی مافەکان بەسەر
چووە، ئەوکات مرۆڤ پێتدەڵێت ھەی بێ ویژدان مەزنترین چەکدار، سوپا و
پۆلیسی تورکن، ھەر ئێوە مەزنترین چەک بەکاردێنن، مەزنترین کۆمەڵکوژی و
ھۆڤێتی ئێوە دەیکەن. گەلی کورد زوڵمێکی مەزنی لێ دەکرێت و مافی رەوای
خۆیەتی لەدژی ئەو زوڵمە راوەستێ و بەرخۆدانی بکات."
ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئێران پێویستیان بە شەڕی کورد ــ تورکە.
سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە موراد کارایڵان لە بەردەوامی
چاوپێکەوتنەکەیدا لێدوانەکەی ھەفتەی رابردووی باڵیۆزی ئەمریکا لە
ئەنکەرە (ریکاردۆنی) ھەڵسەنگاند و وتی:" ئەمە کێشەی تاکە کەسێک نییە،
رەوشی پەیوەندیدارە بە ئایندەی گەلانەوە جێگای باسە." و دەستنیشانیشی
کرد کە ئەو بەڵگانەی لەبەردەستیاندایە لەگەڵ لێدوانەکەی ریکاردۆنی
یەکانگیر دەبنەوە.
کارایڵان رایگەیاند:"ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئامادەکاری ھەڵمەتێکدان
لەدژی ئێران، چونکە بەتایبەتی ئەم دوو وڵاتە و بەگشتی جیھانی رۆژئاوا
ھەبوونی بۆمی ناوەکی لەدەستی ئێراندا بۆ خۆیان بە مەترسییەکی گەورە
دەزانن. بۆ سەرکەوتن لە ھەڵمەتی دژ بە ئێرانیشدا گرنگییەکی گەورەی ھەیە
تورکیا بھێننە پاڵ خۆیانەوە. ھەروەھا تا تورکیا لە شەڕی دژ بە پەکەکە و
کورد دابێت ھەمیشە موحتاجی رۆژئاوا دەبێت و ناچار دەبێت لە چوارچێوەی
داخوازییەکانی رۆژئاوادا بجووڵێتەوە. ئەو ھێزانە، ئەگەری چاوپێکەوتن و
گفتوگۆی نێوان تورکیا و پەکەکە بۆ چارەسەری پرسی کورد، وەکو مەترسی
دەبینن لەسەر پیلانەکانیان."
کارایڵان وتیشی:"ھەر بەگوێرەی ئەو پیلانە و بۆ لەناوبردنی ئەو
مەترسییانە و بەلانی کەم بۆ ئەوەی تا چەند ساڵێکی تریش تورکیا لە شەڕی
دژ بە کورد و پەکەکە دا بێت، پێویستە یەکێک لە ئێمە لەلایەن دەوڵەتی
تورکەوە بکوژرێت. تەنانەت دوو ناو دەستنیشان کراوە. یەکێک لەو ناوانە
بەھەر شێوەیەک لە شێوەکان گەر لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بکوژرێت ئەوا
نێوان کورد و دەوڵەتی تورک دەکرێتەوە، دوژمنایەتی قوڵ دەبێت، شەڕ و
پێکادانیش قوڵتر دەبێتەوە. دەوڵەتی تورکیش ئەوکاتە زیاتر موحتاجی
ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێت. لەکاتێکی وەھاشدا لە ھەڵمەتی دژ بە
ئێرانیشدا دۆخی بەشداربوونێکی بەھێزی تورکیاش دەڕەخسێت. لەپێناو
بەھێزکردنی ئەو بارودۆخانەدا ئاگادارین ھەندێک کاروبار بەڕێوە دەبرێن.
ئامانج لەمەشدا رێگرتنە لە چارەسەری کێشەی کورد و گەرمھێشتنەوەی
پێکادانەکانی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکە."
ئاگربەستی ١٩٩٩ نەبوایە شەڕێکی دەیان ساڵە روویدەدا.
کارایڵان رایگەیاند کە :"راستییەکەی ئێمە بۆ ئەوەی پرسی کورد لەلایەن
ھێزە دەرەکییەکانەوە بەکارنەھێنرێت، دەڵێین پێویستە لەلایەن دەوڵەتی
تورکەوە چارەسەر بکرێت.." و وەبیریشی ھێنایەوە:"لە رابردوودا رێبەرمان
لەلایەن ئەمریکا و ھێزە ئاشکراکانی ترەوە بە گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی
رفێنرا و رادەستی تورکیا کرا، سەرۆک وەزیری بەڕەحمەتی ئەو سەردەمە (بڵند
ئەجەوید) وتی: ( من ھێشتا تێنەگەیشتووم بۆچی ئەمریکا ئۆجالانی رادەستی
ئێمەکرد.) چونکە ئەوکاتەش ئامانج شتی ھاوشێوەبوو. پرۆژەی دەستوەردانیان
لە رۆژھەڵاتی ناوین ھەبوو. بەڵام رێبەر ئاپۆ ئەو کاتە ئەمەی بینی و وتی:
(ئێمە رێگە بەمە نادەین و نابین بە ئامراز) ھەڵوێستی خۆی وەرگرت و
یەکلایەنە ئاگربەستی راگەیاند. ئەگەر لە ساڵی ١٩٩٩ دا رێبەر ئاپۆ شەڕی
رانەگرتایە ئەو کاتە دەبوو شەڕێکی دەیان ساڵانە و زۆر سەخت بھاتایەتە
ئاراوە، قووڵتر و بەرفراوانتر دەبوو. ئێستاکەش گەمەیەکی ھاوشێوە لەو
نێوەیە."
کارایڵان جەختی لەسەر پێویستی راست و دروست تێگەیشتن لەو راستیانە
کردەوە و وتی:" چەکت پێ دەدات، بۆچی ؟ بۆ ئەوەی لە پەکەکە بدەی. بۆچی ؟
بۆ ئەوەی نەیەیتە چارەسەرییەوە، ھیوادارم کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک
ئەو راستییانە دەبینن و لەوە دەگەن کە پێویستە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو
کێشەیەدا بکەن.".
ANF NEWS AGENCY
|