٣\١٠\٢٠١٠
کارەساتە لە
رابردوویەکى مردوو دا بۆ ئایندەت بگەڕێی.
هەردى شەفیق
کوڕێک خوێن لەهەستى ئەتکێت،
بەڵام کێ ئەزانێت دەردى ئەوین بەکوێی گەیاندوە؟
سڵاو گوڵ و گوڵا
و
ئەمڕۆ ڕژى پشووم بوو، چوومەدەرەوە تاهەوایەک بگۆڕم، ڕووم کردەپارکى
ئازادى، ئەوەندە ساردبوو ئەترسام خوێن لەدەمارەکانمدا بیبەستێ، کە چى
ئەو لەشوێنى جارانى خۆیدا بەبولبولە(بەختخوێن)ە کەیەوە، لە هەمان شوێنى
جارانى خۆیدا وەستابوو، وەک دێوانەیەک پاش سەدساڵ گەڕابێتەوە سەرزەمینى
یادگاریەکانى و مەعشوقەکەى بهێنێتەوە بەرچاوى، دەگریا. کە منى بینى وتى
(ئاخ تۆ نازانى چەندە بیماروو بەدبەختم؟!) ئەویش زۆر دڵى بەمن،
دەکرێتەوە. ڕاستەوخۆ بەبێ هیچ پێشەکییەک وتى( خۆشە لەوڵاتەکەى تۆدابیت
و یەک پێنج لیترى بخۆیتەوە و ئەوەندە سەرخۆش بیت تەنیا بۆنان خواردن و
چونە سەرئاو ئاگات لەخۆت بمێنێ. نەک لەم وێرانەدا، لەم وڵاتە بەخورافە
تەنراوەى، مەى حەرام بێ و تلیاک خۆرەکان کەسێک نەبێت لە هەواڵى
بیماریان بپرسێت. وەک مردوویەکى ئازاد بەشەقام و پارکو کۆڵانەکاندا
بسوڕێنەوە،لێرە تەنیا مردووەکان بەئازادى دەسووڕێنەوە،بۆ ناگەڕێیتەوە
کیشوەرى خۆت؟ تۆ چى ئەکەیت لەم وڵاتە بێگیان و مردووەدا؟!).
وتم (هەرشوێنێک دەرفەتى هەناسە هەڵکێشانى پێ نەدایت ،بەختەوەرى لێزەوت
کردیت، لە ناخەوەهاڕیتى بەسەر یەکا، دڵت لێى ئەشکێ، با ئەو شوێنەش
نیشتمانیشت بێت. شوێنێک خەڵکەکەی ئازادیت لێزەوت کەن، شەق لە ئیحساست
هەڵبدەن، چ جیاوازیەکى هەیە، لەگەڵ غوربەتدا؟؟ دەسەڵاتەکەشى سەرقاڵى
سەرۆکە بەناز پەروەردەکانیبێت. خوێن بەخۆڕاى بەخاک ئەدرێت، ئەوەى لە
سەرخوێنى ڕابردووی، ڕەنجى ڕابردووى پارەو سامان کەڵەکەئەکات، سوکایەتى
بەپیرۆزیەکانى خۆى ئەکات، گاڵتە بەڕەنجى خۆی ئەکات، کە سێکە زەڕیەک
ئیمانى بەوقسانەنیە لە نمونەى خۆشەویستى نیشتمان و خزمەتى خەڵک و هیتد....لەملاو
ئەولائەیکات. ئەنجا چ خێرێکى هەیە بۆمن، شوێنێک بەڕەزالەت ڕاوت نێـت؟
چۆن دڵت لێى ناشکێت، مرۆڤ ناگەڕێتەوە شوێنێک لە پێناو هیچدا ئازار
ئەچێژێت. مردن لە غوربەتا خۆشترە تالە سەرزەمینێکا ڕەزیلت کەن خەمت
بووە ڕەزیل نەکرێ.).
پیاوێکى تا بڵێى، لە ناخەوە کۆڵەوارە شەهرەزاد، ئەو نەگۆشت ئەخوات و
نەدڵى باڵندەیەکیش ئەشکێنێ، لەگەڵ بولبولە جادووکارەکەیدا لەعاشقێکى
هەزار ساڵەئەچن، هەریەکێکیان ئەیەوێت ڕۆحى لەپێناوى ئەویتردا ببەخشێت.
لە ناو ئەم شارە تا بووتیەدا هەزاران مردووى جوان ئەجوڵێت، یەکێک لەو
مردووە جوانانە شەهرەزادە. جارێک بینیم لاسایى بولبولەکەى ئەکردەوە،
وەک ئەو ئەیخوێند، بەڵام پێ ئەچوو بولبولە کەى بەهۆی ئەو تەمەنەى،
لەگەڵ بەرخوردى کردبوو لەبیر چوبێت باڵندەیە. پێدە چوو لەوکاتەوە سەرى
لەناو هێلکەدا دەرهێنابێت لە ناو لەپى شەهرەزاد دا هەستى بەنازى
دایکایەتى کردبێ. شەهرەزاد دایکى خەڵکى تارانە و باوکى خەڵکى کابووڵە،
سیماى زۆر لە چینیەکان ئەچێت، قژێکى ڕەشى خاوى پێوەیە و دووچاوى بچووک.
زۆر جار بەگاڵتەوەپێى ئەڵیم هەبێ و نەبێ تۆ خزمایەتیەکت، لەگەڵ (جاکیشان)دا
هەیە، یا خاڵۆ زاى ئەوى، یا پورزاى ئەوى. ئەو بەپێکەنینەوە ئەڵێت:
وابووایە خەریکى فیلم سازى ئەبووم، چیم دابوو بەسەر ئەم سواڵە
مووحتەرەمانەوە. ئەو بەپێچەوانەى فاڵچیەکانى ترەوە، پێى گوناهە
بەدیوانەکەى (حافڤ) فاڵ بگرێتەوەو لە بەرابەر هەرفاڵێکدا نزیکە سێ
دینارى عێراقى وەردەگرێت. هێڵى ناولەپ و فاڵى چینى و هندى و چەند
جۆرێکى تر ئەزانێت. ئەو زۆر جار بەخۆی دەڵێت: خانە خراپ شەهرەزاد لە
حەوت ئاسمان ئەستێرەیەکى نیە. ئەو کوڕێکە پڕ و پڕی وشە کووردیەکە (تەرکە
دنیا) یە. ئەم کوڕە دوواى ئەوەى باوکى لە کابووڵەوە دێت کچە تارانیەک
دەخوازێت، ئەبێتە خاوەنى کوڕوکچێک. شەهرەزاد و لەیلا. لەیلا دووساڵ
لەشەهرەزاد بچوکترەو لە حەڤدە سالیدا ئەچێت ماڵ و حاڵى خۆى و
شەهرەزادیش عاشقى یەکێ لە هاوپۆلەکانى خۆى ئەبێت، بەڵام بەهۆى ئەو
کلتورە داڕزیوە ڕۆژ هەڵاتیەى کە دیوار لە نێوان هەموو دووکەسێکدا دروست
ئەکات، پێى ئەڵێن تۆ ئەسڵ و فەسڵى باوکت نادیارە، بۆیە شایستەى ئەوەنیت
کچى ئێمە ببێتە هاوسەرى تۆ. ئەمەماڵى باوکى (ئەفسانە)پێیان وتبوو. ئەو
کچە وێنە کێشەى شەهرەزاد خۆى لە بەرمبەر هونەرەکەى ئەودا بەدەست و پێ
سپى زانیبوو. بۆیە دەستى دابویە شیعر نوسن، تابە وشە ئەویش وێنەى
ئەفسانە بکێشێت.
ڕوئیا ....مرۆڤ لەم شارەدا لەپاساریەک ئەچێت لەتەلەزیدا هێلانەى کردبێت،
لەگەڵ ئەوەشدا ئەمشارە ئەدەب دۆستە سیحرێکى موگناتیسى تێدایە، مرۆڤ
بەرەو خۆی ڕادەکێشێت. من هونەر و ئەدەبەکەیم زۆر خۆش دەوێت، ئەمەش
سروشتى ئەوشارانەیە مرۆڤ هەرکە قاچێکى کەوتەناوى ،ناتوانێت بەشێک
لەڕۆحى لەوێدا جێنەهێڵێت و جارێکى تر نەگەڕێتەوە سەردانى. بەڵام
مرۆڤ هەرچەندە لەگەڵ غەریبیدا دۆست بێت تاکەڕقى ئەو، حەسرەتى ئەو،
ئەوەیە لە غوربەتدا نەمرێت. داخى غەریبان مردنە لە لەغەریبیا. بمبورە
دەمویست بڵێم: دوای ئەوەى شەهرەزاد نەئەوەى دایکى تارانیەو نەئەوەى لەم
شارەدا لەدایک ببوە، نایکاتە کوڕى ئەمشارە و بەهۆى شێوەى
دەمووچاوییەوە، وەک غەریبەیەکى بێ ئەسڵ وفەسڵ لێى ئەڕوانن، ئەیانەوێت
لەئەفسانە بێبەریکەن.بۆیە بڕیارئەدات سەرى خۆى هەڵبگرێت، بۆ تورکیا. من
پێم وت(شەهرەزاد )،واتە کوڕى شار چۆن ئەبێت بەشارەکەى غەریب بێت
و جێى بێڵێت، ئەو ئەیوت( ئەمە پەیوەندى نیە بە ناوەکەمەوە پەیوەندى
بەدەمووچاوە غەریبە کە مەوەهەیە). شەهرەزاد چوار ساڵ لەتورکیا ژیان
بەسەر ئەبات،بەڵام ئەفسانە تکاى تیائەکات بگەڕێتەوە و درێژە
بەخوێندنەکەی بدات، بەڵکو ئەویش ماڵى باوکى ڕازیبکات. شەهرەزاد
ئەگەڕێتەوە و ئەچێتە زانکۆ، بەڵام ئیدى ئەفسانە لەوێنیە و خاوەنى
بڕوانامەیە، ئەگەرچى لە دڵەوە ئاواتە خوازە، ئەو خاوەنى بڕوانامەیە و
دامەزراوە، بەڵام جێگاى چۆڵى ئەو و یادگارەکانى ڕۆژانى عاشقى دڵى دەرزى
ئاژەن ئەکەن، جارێکى تر سەرى پێئەکەنەوە بەماڵى ئەفسانەدا. دەبێت ئەوەش
بڵیم کە دواهەمین جار خانەوادەکەى ناردبوو سو وک و ڕزیلیان کردبوون.
باوکى ئەفسانە ئەزانێت، گەر ئەفسانە نەبێت بەژنى ئەم کابرا قیرسچمە
ئەوا کارەساتێک بۆکچەکەى بەڕێوەیە و دورنیە کچەکەشى خۆى بکوژێت.
بۆیە چەند مەرجێکى قورسیان بۆ دائەنێت، بنەماڵە بەدبەختەکەى
شەهرەزاد،ماڵى لەیلاى خوشکى و باوکى دارونەداریان بۆ ئەفسانە
خەرج ئەکەن و قەرزێکى زۆریش دێتە سەرشانیان. ئەبێت ئەوەش بڵێم لەوەها
حالێکدا ئەفسانە، نەک هەر خۆشحاڵ نیە چەند جارێکیش ئەبێتە کێشەیان
و سەرئەنجام ڕازی ئەبێت. شەهرەزاد خۆى بۆ جوانترین ڕۆژى ئامادەئەکات.
لەگەڵ دایکى و لەیلادا ئەیان گەیەننە ئارایشگ و چاوەڕێیان ئەکات
وپێکەوە ئەڕۆن، بەڵام کاتێک لە و خەوەخۆشەى چەندساڵ عاشقى خەبەرى
ئەبێـەوە، لە ڕ وو داوێکى دڵپڕوکێندا، دایکى و لەیل و ئەفسان و
لێخوڕى ماشێنەکەش تیاچوون،کاتێک چاوئەکاتەوە ئەبینێ لە شیرنترین ڕۆژى
تەمەنیدا، دووماشێن بەریەکترى کەوتون، خوشک و دایکى و
دەستگیرانەکەى لەگەڵ دوو لێخوڕدا لەخوێنى خۆیاندا شەڵاڵ بوون، خەریکە
گیانیان دەرئەچێت. وەک خوى ئەیوت (بەموعجیزە ڕزگارى نەبووە خودا ئەوى
هێلاوەتەوە بۆ بەدبەختى دنیا)دواى ئەوە لە نەخۆشخانە دێتەدەرەوە ئەبینێ
باوکى لەماڵەوە دەنگى تێک چووە و بەبەنوزەیەکى خنکاو قسەدەکات و
بەئاستەم دەنگى دەبیسترێت. ئەو هەرگیز بۆ ئەوەنەچووبوو دڵپڕوکێنترین و
تاقەتبەرترین کارەسات لە شیرینترین ڕۆژى تەمەنیدا ڕووبدات.
کاتێک ئەچێتە سەر گۆڕەکەى ئەفسانە و دایکى و خوشکەکەى ئەبینێ
باوکى ئەفسانە لەوێ ئەگرى و داوا لەخودا ئەکات، بیبەخشێت. دنیا
بێوەفایە ڕوئیا...... سەیرى دڵ و دەرونى مرۆڤەکان ناکات. هەندێک کەسیش
هەن دواى ئەوەى هیچ ئومێدێکیان نەما لەخودا ئەپاڕێنەوە بیان
بەخشێت،بەڵام لە وەها حاڵێک دا تۆ بڵێى خودا بەتەنگ وەها کەسانێکەوەبێت؟!
تەنها لەساتى ترس و مردندا خودایان دێتەوەبیر؟! ڕوئیا.....ئەو برینانەى
عەشق لەسەر دڵت جێى دێڵێت دواى مردنیش خوێنیان لێدێ. شەهرەزاد چەندجار
هەوڵ ئەدات شەوانە لە گۆڕستانەکە بمێنێتەوە ناهێڵن. بەڵام ئەو لە ڕۆژى
پرسەى ئەفسانەوە مردبوو، مردوویەک بو و، نەزەوى هەڵى لوشى بوو نەخاک
قوتى دابوو، ئەو لەناو نائومێدى دڵى خۆیدا بێدەنگ مردبوو، مرد بوو بەبێ
ئەوەى کەسێک ناڕەحەت تک و، دراوسێیەکیش لافیتەى بۆ هەڵبواسێت و
پرسەى بۆدابنێ. لەکەسوو کارەکەى زیاتر بۆئەو دووکەسە دەگریا لەو ڕۆژەدا
تیا چوو بوون.
شەهرەزاد، بە جۆرێک دەگریا، ڕۆحێکى زامدار لەچاوەکانیا خوێنى لەبەر
دەڕۆیى. وتم(ژیان کارەساتەو مرۆژ پێویستە بەرگەى بگرێت تۆش باشترە لە
خەمى ئایندە تابیت، نەک ڕابردووت بەم جۆرە بڕوا تخۆت ئەکوژیت).
.وتم (فاڵیکم بۆبگرەوە) بەدەست بولبولەکەى تێگەیاند و کاغەزێکى دەرهێنا،
لە سەرى نوسرابوو(تۆ چەندەبەختەوەرى دنیا بەدڵى خۆتت، لەگەڵ دەکات
بەڵام دەبێـت بەرگەى هەندێک ئازار بگری) وتم دیسانیش میهرەبانى ودڵخۆشى
بەخەڵک دەفرۆشیت.سەیرێکى ناولەپیشم بکەبزانە خوداچى تیانوسیوە؟
بەپێکەنینەوەوتى (تۆ باوەڕت بەهیچ نیەو هەموو شتێکم پێ ئەکەیت) وتم:
تەنیا لەبنى فنجانەیەکدا چارەنوسی من دەرئەکەوێت، لە ناوخوێندا فاڵى
پێگیرابێتەوە.
ماڵئاواى لێکردم. ووتى حەزئەکەم بتبینمەوە.
بانگى کردم و پارەى فاڵەکەى پێدامەوە و، وتى: بیرت نەچێت سەرم لێنەدەی
دڵم بۆت تەنگ دەبێت.
وتم: بەڵین بێت سەرت لێبدەمەوە.
ماڵپهڕی ههردی شهفیق
|