بە بێ گومان
ئەنفالکردنی ١٨ کیژی کورد و بە تۆبزیی ناردنیان بۆ
سۆزانییخانەکانی میسر تەنیا لەسەرئەوەی کە کورد بوون یەکێک
بوو لە کارە هەرە دڕندەییەکانی کۆتاییەکانی سەدەی رابردوو
و پەڵەیەکی زۆر رەشیشە وە نێوچەوانی مێژووی مرۆڤایەتیی،
هەرچۆنێک بێ ئەوانە داگیرکەران و دوژمنانی گەلەکەمانن و
ئێشتاشی لەگەڵ دابێ لە هەموو پارچەکانی کوردستان چەندەی
بۆیان بلوێ کاری دڕندانەی لەو جۆرە و خراپتریش ئەنجام
دەدەن، بەڵام کێشە گەورەکە لێرەدایە کە ئێستاکە لەگەڵ
ئەوەی سەردەمێکە سێ شاری کوردستانی بە ناو فیدرالیی باشوور
لە بندەستی داگیرکەران رزگار بوونە کەچی دەسەڵاتدارە
سیاسەتبازە بازرگانەکانی نێوخۆ لە پێناو دزینی سەروەت و
سامانی گەل و خۆسەپاندیان وەسەر دەسەڵات جگە لەوەی هەر
رۆژەو بەکرێگیراوی یەکێک لە وڵاتە داگیرکەرەکانن و
گەڕاندنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان
و کوردستانی سەربەخۆیان لەبار بردووە بە
بەردەوامییش زۆر کار و رەفتاری دڕندانەی لەو بابەتەیان
ئەنجام داوە و ئەنجام دەدەن؛ ئەرێ دەبێ کوشتوبڕی ئەوپەڕی
دڕندانەی سەردەمی شەڕی نێوخۆ و دزینی بودجەی میللەت لە
لایەن سەرکردەکانی حیزبەکان و دەستوپێوەندەکانیان و سەرۆک
خێڵ و بنەماڵەکان و برسییکردنی خەڵک.. ئەشکەنجەدان و
سوتاندن و کۆشتنی هەزاران ژن بە ناوی (شوشتنەوەی ئابڕوو)..
ناسەروەریی یاساکان و رووکەشیی دامەزراوەکان و پەرلەمانی
کۆیلەی حیزبەکان و نەبوونی ئازادیی سیاسیی و ئازادیی
خۆپیشاندان و ئازادیی دەربڕین و ئەشکەنجەدان و کوشتنی
سەدان نووسەر و رۆژنامەنووس.. پڕکردنی وڵات لە خواردن و
داودەرمانی خراپ و وەسەرچوو و نالەباریی و مەترسییداریی
شوێنی کار و خراپی رێگەوبان کە رۆژانە دەبنە هۆی
نەخۆشکەوتن و کوێرکردن و گیان لەدەستدانی خەڵکانێکی یەکجار
زۆر و... هتد چییان لە ئەنفالکردنی ١٨ کیژەکە کەمتر بێ و چ
جوایەزییەکیان هەیە؟! تاکە جوایەزییەک هەبێ ئەویش ئەوەیە
کە هێندێک تاوان و کارەسات لە لایەن داگیرکەرانی دەرکییەوە
ئەنجام دراون و ئەنجام دەدرێن هێندیکیشیان لە لایەن
داگیرکەرانی نێوخۆ!!!