په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

کاریگەری یاسا ژینگەییەکان لەسەر گواستنەوەی پیشەسازییە پیسکەرەکاندا.

 

 

م. ئەسوەد قادر

 

 

رامیارییە ژینگەییەکان کاریگەرییەکی راستەوخۆ لە بڕیاردانی تایبەت بە شوێنی دامەزراندنی پرۆژە پیشەسازییەکان دەبینێت، بەتایبەتی ئەوانەی پیسکەری ژینگەن، ئەمەش لەوەوە خۆی دەبینێت کەوا ئەو لایەنانەی سیاسەتی ژینگەیی توند پەیڕەو دەکەن، ئەوا تێچوونی بەرهەمهێنانیان زۆرە، ئەمەش لە ئەستۆی وەبەرهێنەکە دەکەوێتەوە، سەرئەنجام وا دەکات هەرچی زووە هەوڵی ئەوە بدات شوێنی دیکە بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی پرۆژەکە خۆی تێدا نیشتەجێ بکات لە یەکێک لەو وڵاتانەی، کەوا سیاسەتی ژینگەی تێدا تاڕادەیەک کەمترو بێ هێزترە، ئەمەش وا دەکات تێچوونەکەشی کەم بێتەوە، قازانجیش زیاد بکات لە داهاتوودا، ئیدی جۆرێک لە تایبەتمەندییەک بدات بەو وڵاتانەی کەوا ئەم جۆرە سیاسەتە پەیڕەو دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی ئەو کالایانەی، کە جۆرە مەترسییەکی لێ چاوەڕوان دەکرێت بۆ سەر ژینگە، ئەو وڵاتانەی بوونەتە شوێنگەی ئەم جۆرە پیشەسازییە پیسانەی جیهان.


هەندێک وای بۆ دەچن، کەوا چەمکی کارا یاخود پیشەسازی پیسکەری ژینگە، بەو پیشەسازیانە دەوترێت، کەوا تێچوونی پارێزگاریکردن لە ژینگە تیایدا دەگاتە زیاتر لە 1% لە بڕی داهاتی گشتی پرۆژەکە. بەڵام هەندێک پێیانوایە کاڵا یان پیشەسازی پیسکەر دەبێ بۆ ژینگە، کاتێک بەرهەمهێنانی ئەو کاڵایە یاخود چالاکی پیشەسازییەکە سەرچاوەی دەرهاوێشتنی کەرەستە ژەهراوییەکان و پیسکەرەکانی دیکە بێت بۆ ژینگە.


لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە، کەوا پیشەسازی پەینی کیمیاییەکان و قڕکەرەکان بە هەموو جۆرە جیاوازەکانییەوە سەرچاوەی سەرەکی و بەرچاوەکانی پیسکەری ژینگەن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە ئەو کاڵایە پیسکەرەی ژینگەیی سەرچاوەی سەرەکی کەرەستە خاوەکانی پیشەسازی کیمیاییە و پلاستیکی و کاغەزی و تاڕادەیەک نەوت رۆڵی سەرەکی تیادا دەگێڕن، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا جێگای هەڵوەستەیە، بەڵام دوای ئەم پیشەسازییە پیشەسازی کارەبا دێت پاشان هەریەک لە پیشەسازییەکانی دیکە دێت، وەک خۆراک و خواردنەوە گازییەکان و جۆرەکانی دیکە، کەوا کاریگەریان بەرە بەرە کەم دەبێتەوە لەسەر ژینگە. لێرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کەوا پیسبوونی پیشەسازی خۆی لە سێ لایەن دەبینێتەوە ئەوانیش:


1_ پیسبوونەکە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنانی کاڵایەکە لە سەرەتاوە تا کۆتایی دروستبوونی کاڵاکە.
2_ پیسبوون سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شوێنەوارە خراپەکانی بەکاربردن بۆ ئەو کاڵایانەی کەوا حەساسە بە ژینگە.
3_ ئەژمارکردنی ژینگە بە یەکێک لە فاکتەرەکانی بەرهەمهێنانی کاڵاکان.


وەک ئەوەی لەسەرەوە باسمان کرد واتای وایە پیسبوون بریتییە لە فاکتەری ژینگەیی، بەو مانایەی ئەو کاڵایەی کەوا ئاڵوگۆڕ دەکرێت لە نێوان دوو لایەن لەناخی خۆیدا خزمەتگوزاری فاکتەرە ژینگەییەکانی تێدایە، ئەوەش کاریگەری خۆی دەردەخات لەسەر رێژە یاخود قەبارەی ئەو پیسبوونەی کەوا لێییەوە دەردەچێت لەکاتی بەرهەمهێنانی ئەو کالایە لە ناوەخۆ یاخود هەناردەکردنی بۆ دەرەوەی وڵات.


یاسا ژینگەییەکان لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێت، واتا رێژەی پیسبوونەکەش دەگۆڕێت، ئەنجامی ئەوەش شێوازی بازرگانیش دەگۆڕێت ئەمەش وا دەکات هاوردەکردنی ئەو دەوڵەتە کەوا سیاسەتی ژینگەی تۆکمە پەیڕەو دەکات ئەوا زیاتر گرنگی بەو کاڵایانە دەدات، کە ڕەچاوی خزمەتگوزاری ژینگەی تێیداکراوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات هەرچەندە کاڵاکان زیاتر رەچاوی ژینگەپارێزیان تێیدا کرابێت ئەوەندە خاوەن(ناوبانگێکی)باش دەبێت لەسەر ئاستی جیهان. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئایا ڕاستە وڵاتانی پێشکەوتوو سەرچاوەی بەشێکی زۆری ئەو پیسبوونەن، کە لە جیهان روویداوە و لە هەمان کاتیشدا دەبێ(بەرگەی)لایەنی زۆری چارەسەریش هەڵگرن، کە دەکرێ بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی ژینگەیی ئەمە لەلایەک. بەڵام لەلایەکی دیکەوە بە حوکمی ئەوەی وڵاتانی پێشکەوتوو رێساو یاسای تۆکمەیان هەیە لەسەر ژینگە، ئەمەش وا دەکات ئەوان هەوڵی ئەوە بدەن جارێکی دیکە هەوڵی نیشتەجێکردنەوەی ئەو پرۆژانە بدەنەوە لە وڵاتانی دیکە، کەوا یاسا ژینگەییەکان دەتوانم بڵێم گرنگی پێ نادرێت، وەک وڵاتانی(تازەگەشەسەندوو)یاخود بەواتایەکی دیکە بڵێ
ِم وڵاتانی نوستوو و بێ ئاگا لە دنیا و دواڕۆژی خۆی لەجیاتی وڵاتانی پێشکەوتوو.


زۆربەی زۆری توێژینەوەکان تاوەکو ئێستاش لە ژێر لێکۆڵینەوەدان بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجامی راستەقینە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە، کەوا وڵاتانی پێشکەوتوو هەوڵی ئەوە دەدەن پیشەسازییەکانی پیسکەرن بۆ ژینگەیان لە وڵاتانی خۆیان وەدەریبنێن و لە جێگای دیکە شوێنیان بۆ بدۆزنەوە. لە هەمان کاتیشدا راستییەکی دیکەش هەیە ئەویش ئەوەیە، کەوا وڵاتانی دواکەوتوو لە کێبڕکێدان لەگەڵ یەکتر بۆ زیاتر راکێشانی پیشەسازییەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ وڵاتی خۆیان، ئەویش لە ڕێگای کەمکردنەوەی یاسا ژینگەییەکان.


توێژینەوەکان هەوڵی ئەوەیان داوە بۆ ئەوەی راستی بسەلمێنن، کەوا پیشەسازییەکان، کە پیسکەری ژینگەن هەوڵی گواستنەوەیان دەدرێت لە شوێنی خۆیان بۆ جێگایەکی دیکە، بەڵام هەریەکەیان تاوەکوە ئێستا بەشێوەیەکی ئاشکراو ڕوون ئەوەیان ئاشکرا نەکردووە، کەچی ئەگەر سەیری هاوردە و هەناردەی ئەو وڵاتە پێشکەوتووانە بکەین ئەوا دەردەکەوێت رێژەی ئەو هەناردەکردنە زۆر کەمی کردووە لەو کاڵایانەی، کەوا خزمەتگوزاری رەگەزەکانی بەرهەمهێنانی ژینگەییان تێدا رەچاوکراوە، بە واتایەکی دیکە(لەکاتی دروستکردنیان رەچاوی ژینگەپارێزی کراوە)، بەڵام رێژەی هاوردەکردنیان زۆرە لەو کاڵایەی کەوا هاوڕێی ژینگەن، ئەوەش مانای وایە کرداری گواستنەوەی پیشەسازییە پیسکەرەکان هەیە لەو وڵاتانە.


لە کۆتایی نووسینەکەم ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کەوا گواستنەوەی پیشەسازییەکان، لەوانە هۆکاری سەرەکی یاسا ژینگەییەکان نەبێت، کە هەریەک لەو وڵاتانە هەیانە، بەڵام هەندێک فاکتەری دیکەش هەن کاریگەری خۆیان هەیە لەم کردارە، ئەویش سروشتی تەکنەلۆژیای بەکارهێن ئاستی داهاتی نەتەوەیی و قەبارەی بازاڕ لە وڵاتی میوان یاخود دەوربەرەکەی. سیستەمی ئابووری ئەو وڵاتەش هەموویان ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن لە گواستنەوەکە، بەڵام ناتوانرێت هیچ لە هۆکارەکان فەرامۆش بکەین لە کردارەکە، چونکە هەریەکەیان بەگوێرەی خۆی کاریگەری هەیە.