٢\٤\٢٠١٦
کاریگه‌ریی ئیسلام
و جووله‌که له‌سه‌ر یه‌کتری.

پێشڕەو ئیسماعیل
- به‌شی یه‌که‌م -
هاوکۆیی جووله‌که‌کانی نیوه‌دوڕگه‌ی عه‌ره‌ب و موسوڵمانان له نه‌ریتی
خێڵه‌کی دا.
دانیشتوانی باکور و ناوه‌ندی نیوه‌دوڕگه‌ی عه‌ره‌بی له سه‌ده‌ی حه‌وته‌می
زاینی دا له جووله‌که و کریستیانی یه‌ك خواپه‌رست (مۆنۆتیست) و چه‌ندخوایی
په‌رسته‌کان (پۆڵیتیست) پێك هاتبو. جووله‌که و عه‌ره‌به کریستیانه
یه‌ك خواپه‌رسته‌کان له‌پاڵ عه‌ره‌به چه‌ندخوایی په‌رسته‌کان دا به
ئاشتیانه لەپاڵ یەکدا ده‌ژیان. په‌یوه‌ندی دایشتوانی نیوه‌دوڕگه‌ی عه‌ره‌بی
له‌سه‌ر بنه‌مای ئاینه‌کان دیاری نه‌کرابو به‌ڵکو وابه‌سته‌یی و په‌یوه‌ندیان
به‌یه‌کتریه‌وه له‌سه‌ر بنچینه‌ی په‌یوه‌ندیه خێڵه‌کیه‌کانه‌وه بو.
سیسته‌می خێڵه‌کی سیسته‌می ژیانی جووله‌که وعه‌ره‌به‌کان بو. خێڵ و
تیره‌کانیان له‌پاڵ یه‌کتری دا ده‌ژیان و وه‌کو سه‌رجه‌م خێڵه‌کانی تر
مامه‌ڵه‌ی یه‌کتریان ده‌کرد و هاوپه‌یمانیان له‌گه‌ڵ یه‌کتری دا ده‌به‌ست.
جووله‌که‌کان خۆیان له‌گه‌ڵ کولتور و نه‌ریتی کۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی دا
گونجاند بو. له هه‌ندێ بواردا به‌ته‌واوی تیایدا توابونه‌وه؛ به عه‌ره‌بی
ده‌دوان و زۆر له‌وانه‌ی قه‌سیده‌ی عه‌ره‌بیان داده‌نا جووله‌که بون و
خواردن و جلوبه‌رگ و ڕه‌وشتی کۆمه‌ڵایه‌تیان وه‌کو یه‌کتری یان زۆر له‌یه‌کتر
چو بو. ئه‌م کاریگه‌ریه‌ش دولایه‌نه بو. زۆر له چیرۆکه‌کانی ناو
کتێبه پیرۆزه‌کانی ئاینی جووله‌که، که‌وتبووه ناو چیرۆك و داستانه
فۆلکلۆریه‌کانی عه‌ره‌به‌وه. ته‌نها لایه‌نێك که جووله‌که‌کانی له
عه‌ره‌به‌کان له یه‌کتری جیا ده‌کرده‌وه ئایینی یه‌ك خواییان بو.
- سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام و هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر جووله‌که‌کانی نیوه‌دورگه‌ی
عه‌ره‌ب.
سه‌باره‌ت به‌و سه‌رده‌مه سه‌رچاوه‌ی زۆری جووله‌که نیه تاکو په‌نای
ببرێته به‌ر، بۆیه زۆرجار په‌نا ده‌برێته به‌ر سه‌رچاوه ئیسلامیه‌کان.
پێش سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام هه‌ندێ یه‌ك خواپه‌رست هه‌بون که نه جووله‌که
بون و نه کریستیانی، ناسراوبون به (حنیف). به ڕای ڕۆژهه‌ڵات ناسی ئه‌ڵمانی
تیلمان ناگلس په‌یامبه‌ری ئیسلام یه‌کێك نه‌بو له حه‌نیفه‌کان، به‌ڵکو
یه‌کێك بووە له خزمه‌تکه‌رانی که‌عبه، که‌بته‌کانی تیادا ده‌په‌رسترا
و یه‌کێك بوله (برایانی حومس). برایانی حومس ئایینی قوڕه‌یشیه‌کان بو
که مه‌ککه مه‌ڵبه‌نده‌که‌یان بو. گوایه که‌عبه پیرۆزترین په‌رستگای
برایانی حومس بووه، که جێگای 'خوای' پایه‌به‌رزی که‌عبه سیروسی گه‌وره
و سێ 'خوا' مێیینه‌که منات، لات، عوزه، بووه. که له قورئاندا
ناویان هاتووه. به‌ڵام ئه‌م ڕایه له لایه‌ن زۆربه‌ی زانا ئیسلامیه‌کانه‌وه
ده‌خرێته دواوه و پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ده سه‌لمێنن. له‌و باوه‌ڕه‌دان
که په‌یامبه‌ری ئیسلام هه‌رگیز سه‌ری بۆ بته‌کانی که‌عبه دانه‌نه‌واندووه.
زانایانی ئیسلام له‌سه‌ر بنچینه‌ی حه‌دیسه‌کان ئه‌م بۆچونه ده‌گێڕنه‌وه
بۆ وه‌حی شه‌یتانی که خراوه‌ته سه‌ر زمانی پێغه‌مبه‌ر، که به بێ
ویستی خۆی باسی گه‌وره‌یی و پیرۆزی 'خواکانی' که‌عبه ده‌کات. به‌ڵام
به ڕای ڕۆژهه‌ڵاتناسان ئه‌مه هه‌وڵێکی په‌یامبه‌ر بووه بۆ ڕاکێشانی
سۆزی سه‌رانی خێڵه گرنگه بت په‌رسته‌کان به‌لای خۆی دا.
به ڕای زانایانی ئیسلام ئه‌م ڕوداوه ڕاسته،
به‌ڵام ئایاتی شه‌یتانی بون و پاشان نه‌سخ کراوه‌ته‌وه. ڕۆژهه‌ڵات
ناسان له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه لێك دانه‌وه بۆ په‌یوه‌ندیه‌کانی په‌یامبه‌ر
له‌گه‌ڵ جووله‌که‌کان دا ده‌که‌ن که بۆ ڕاکێشانی سۆزیان به‌لای خۆی دا
له گه‌وره‌یی ئایینه‌که‌یان و په‌یامبه‌رانیان دواوه. سوره‌ته
قورئانیه‌کان که له مه‌ککه دابه‌زیون سوره‌تی زۆر نه‌رم و پڕ له
خۆشه‌ویستی و تۆڵێڕانت بون به‌رامبه‌ر به ئایینه‌کانی تر. پاش ئه‌وه‌ی
که لایه‌نگرانی په‌یامبه‌ر ناچار ده‌بن که مه‌که به‌جێ بهێڵن و کۆچ
بکه‌ن بۆ یه‌سریب که پاشان ناونرا مه‌دینه‌ی مونه‌وه‌ره، ئه‌وسا
موسوڵمانه‌کان له مه‌دینه بۆ یه‌که‌م جار ڕاسته‌و خۆ که‌وتنه نزیك
خێڵ و تیره‌کانی جووله‌که‌کانه‌وه و په‌یوه‌ندی و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵیان
دا ده‌ستی پێ‌کرد. ئیبن ئیسحاق (٧٠٤-٧٦٧) سه‌ده‌یه‌ك دوای کۆچی دوایی په‌یامبه‌ر
سەرگوزشتەی ژیانی په‌یامبه‌ر ده‌نوسێته‌وه و نوسینه‌که‌ی وه‌کو سه‌رچاوه‌یه‌کی
باوه‌ڕپێکراو تێیده‌ڕواندرێ. وا ده‌رده‌خات که له‌سه‌ره‌تا دا هه‌ڵوێستی
په‌یامبه‌ر به‌رامبه‌ر به جووله‌که‌کانی ده‌وروبه‌ری مه‌دینه ئەرێنی
بووه. هیوای ئه‌وه‌ی لێ کردون که سۆزیان به‌لای خۆی دا ڕابکێشێت و
بیانهێنێته سه‌ر ئایینی ئیسلام. جووله‌که‌کان باش چه‌کدار بون وله
ڕوی باری داراییه‌وه زۆر به‌هێز بون وله‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌کرا ببنه
پشتیوانێکی گرنگ بۆ ئیسلام.
وشه‌ی یه‌هود ته‌نها له سوره‌ته مه‌دینیه‌کان دا هاتووه. پێش کۆچ
کردن و له سه‌ره‌تای دابه‌زینی په‌یام بۆ په‌یامبه‌ر له مه‌ککه و له
سوره‌ته مه‌ککیه‌کان دا هیچ باسێك له یه‌هود و یەهودی نییه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا
په‌یامبه‌ر و لایه‌نگرانی هێشتا هیچ په‌یوه‌ندیه‌کیان به کۆمه‌ڵگای
جووله‌که‌وه نه‌بو. به‌ڵام سه‌باره‌ت به کریستیانیه‌کان به پێچه‌وانه‌وه
له سوره‌ته مه‌ککیه‌کان دا ناویان دێت.
پاشان له سوره‌ته‌کانی مه‌دینه‌دا پایه‌یه‌کی به‌رز به موسای په‌یامبه‌ری
جووله‌که‌کان ده‌درێت و ١٣٨ جار ناوی له قورئان دا دێت. به تێڕوانینی
ئیسلام جووله‌که‌که‌کانیش وه‌کو موسوڵمانان باوه‌ڕیان به یه‌ك خوا هه‌یه،
له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یامی خوا بۆ مو‌سا ، بۆیه پایه‌ی (اهل الکتاب)یان
هه‌یه.
سه‌رباری به‌خشینی پایه‌ی تایبه‌تی به جووله‌که‌کان و په‌یامبه‌ره‌که‌یان
له لایه‌ن قورئان و په‌یامبه‌ر و موسوڵمانانه‌وه، جووله‌که‌کانی مه‌دینه
و ده‌وروبه‌ری، محه‌مه‌دیان وه‌کو په‌یامبه‌ر و ئیسلامیان وه‌کو
ئاینێکی نوێ له بری ئاینه‌که‌ی خۆیان و قورئانیان وه‌کو کتێبێکی
پیرۆزی ئاسمانی په‌سه‌ند نه‌ده‌کرد.
ئه‌مه‌ش سێ هۆکاری گرنگی له پشته‌وه بو. یه‌که‌م سیاسی و دوهه‌م خێڵه‌کی
و دواهۆکار په‌یوه‌ست به هاوسه‌نگی هێزه‌کانه‌وه بو. ئه‌گه‌ر جووله‌که‌کان
ئیسلامیان په‌سه‌ند بکردایه ئه‌وسا ته‌واوی هاوپه‌یمانیه خێڵه‌کیه‌کانیان
له‌گه‌ڵ خێڵه عه‌ره‌به‌کان دا که دژ به ئیسلام بون له‌یه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شاییه‌وه،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیسلام به‌و ئاراسته‌یه‌دا ده‌ڕۆیشت که کۆمه‌ڵگای
نیوه‌دوڕگه‌ی عه‌ره‌بی جه‌مسه‌رگیر بکات بۆ موسوڵمان و ناموسوڵمان.
هۆکاری دوهه‌م یه‌ك خواپه‌رستی بو، به هۆی یه‌ك خواپه‌رستیه‌وه جووله‌که‌کان
پایه‌یه‌کی تایبه‌تی و جیاکراوه‌یان له نێو ئاینه‌کانی تردا هه‌بو.
بۆیه کاتێك که ئیسلام به هه‌مان شێوه له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌ك خواپه‌رستی
بڵاوده‌کرایه‌وه، ئه‌مه جۆره مه‌ترسیه‌کی بۆ پایه‌ی تایبه‌تی جووله‌که‌کان
و ئایینه‌که‌یان دروست کردبو. له‌لایه‌کی تره‌وه ئایینی جووله‌که
ئاینێکی ته‌بشیری نیه بۆیه ئاینه‌که‌یان له‌پاڵ بتپه‌رستی دا په‌سه‌ند
ده‌کرا و ڕێزی لێ ده‌گیردرا و دژایه‌تی نه‌ده‌کرا. چونکه مه‌ترسی بۆسه‌ر
ئاینی بت په‌رستی نه‌بو، به‌ڵام به بونه ئیسلامیان ده‌که‌وتنه مه‌ترسیه‌وه
و وه‌کو مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاینی بت په‌رستی سه‌یر ده‌کران. هۆکاری سێهه‌م
ئه‌وه‌بو که ئیسلام کولتور و نه‌ریتێکی نوێی تایبه‌ت به ئیسلامه‌وه
هێنایه کایه‌وه و ئه‌وه‌ش کۆمه‌ڵگای جووله‌که‌ی ڕوبه‌ڕوی ته‌واوی نه‌ریته‌کانی
ناموسوڵمانان ده‌کرده‌وه، له لایه‌کی تره‌وه به سه‌رکه‌وتنی ئیسلام
جووله‌که‌کان وه‌کو کۆمه‌ڵگایه‌کی تایبه‌ت گۆشه‌گیر ده‌کران یان له
ناو کۆمه‌ڵگای ئیسلام دا ده‌توانه‌وه.
له سه‌ره‌تادا بۆ ڕاکێشانی سۆزی جووله‌که‌کان په‌یامبه‌ری ئیسلام چه‌ندین
مه‌سه‌له‌ی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵیان دا ده‌هێنایه پێشه‌وه و په‌یڕه‌وی ده‌کرد؛
له نمونه‌ی ئه‌و شتانه، له کاتی نوێژ کردن دا ده‌بوایه موسوڵمانان
ڕو بکه‌نه یه‌روشه‌لیم، ڕێز لێنان له مانگی عاشورا (ئه‌و مانگه
پیرۆزه‌ی که جه‌نگ و تاڵانی کردن قه‌ده‌غه بون و قوربانی تیادا ده‌درا)
که له‌سه‌ر بنەمای (ڕۆژی ئاشتبونه‌وه)ی جووله‌که‌کان بنیات نرابو. هه‌روه‌ها
خه‌ته‌نه‌کردن کرا به سونه‌ت وەك ئەوەی لای جوولەکەکان سونەتە،
خواردنی گۆشتی به‌راز وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئایینی جووله‌که‌دا حه‌رامه حه‌رام
کرا. له هه‌مو ئه‌وانه گرنگتر به شێکی زۆر له قورئان دا له هه‌مان
ئه‌و چیرۆکانه پێك هاتبو که له ته‌ورات دا هه‌بون. زیاتر ئه‌و
چیرۆکانه‌ی که سه‌باره‌ت به ژیانی په‌یامبه‌رانن. پاشان له لایه‌ن
زانایانی ئیسلامه‌وه ئه‌و به‌شانه‌ی ناو قورئان به (ئیسرائیلیات)
ناسران. پاش ئه‌وه‌ی په‌یامبه‌ر و موسوڵمانه‌کان له‌گه‌ڵ جووله‌که‌کان
دا که‌وتنه ناکۆکی و ململانێ، له زۆربه‌ی ئه‌و مه‌سه‌لانه له لایه‌ن
ئیسلامه‌وه پاشه‌کشه ده‌کرێت. قیبله له یه‌روشه‌لیمه‌وه ده‌گۆڕدرێت
بۆ مه‌ککه. عاشوراش ده‌گۆڕدرێ به ڕه‌مه‌زان، موساش له گه‌وره‌ترین
په‌یامبه‌رانی خوای پێش په‌یامبه‌ری ئیسلام داده‌به‌زێنرێت بۆ پله‌یه‌کی
نزم تر له حه‌زره‌تی ئیبراهیم.
پاش ئه‌وه‌ی موسوڵمانان و په‌یامبه‌ر دڵنیا
ده‌بن له‌وه‌ی که جووله‌که‌کان نایه‌نه سه‌ر ئایینه‌که‌یان، ئیتر هه‌ڵوێستیان
به‌ته‌واوی به‌رامبه‌ریان ده‌گۆڕدرێت. جووله‌که‌کانیش له لایه‌ن
خۆیانه‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌مو ڕێگایه‌ك ده‌گرنه به‌ر بۆ
دژایه‌تی ئاینی ئیسلام و په‌یامبه‌ری ئیسلام. به‌تایبه‌تی هاوکاری هه‌مه
شێوه له‌گه‌ڵ سه‌رانی مه‌ککه‌دا ده‌که‌ن دژی په‌یامبه‌ر و هانی ئه‌وه‌یان
ده‌ده‌ن که هێرش بکه‌نه سه‌ر مه‌دیینه‌ی مه‌ڵبه‌ندی ئایین و ده‌سه‌ڵاتی
موسوڵمانان. له‌م کاره‌شیان دا هه‌مان شێوازی خێڵه عه‌ره‌به‌کانیان ده‌گرته
به‌ر، که بریتی بو له پلان دانان و جنێودان و سوکایه‌تی کردن به په‌یامبه‌ر
و ئاینه‌که‌ی له ڕێگای شیعر وقه‌سیده‌وه هه‌روه‌ها مه‌تح و سه‌نای
خۆیان هاوپه‌یمانه‌کانیان. په‌یامبه‌ریش له لایه‌ن خۆیه‌وه له پاش
هه‌ر سه‌رکه‌وتنێکی دا به‌سه‌ر سه‌رانی مه‌ککه و هاوپه‌یمانه‌کانیان،
ده‌ستێکی کوشنده‌ی له هۆزه جووله‌که‌کانی مه‌دینه ده‌وه‌شاند. یه‌که‌مین
هۆزی جووله‌که که پاش شه‌ڕی (به‌در) دەرکران و بۆ سوریا کۆچیان کرد
هۆزی (که‌ینوکا) بوو.
ئه‌م هۆزه که‌سیان نه‌کوژرا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی
له‌گه‌ڵ موسوڵمانان دا له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێکه‌وتن که سه‌رجه‌م چه‌ك و که‌ره‌سته‌ی
کار و پیشه‌یان و موڵك و ماڵیان به‌رامبه‌ر به ژیانیان بده‌ن به
موسوڵمانان. هۆزی (نه‌دیر)یش هه‌مان چاره‌نوسیان به‌سه‌ردا هات. ته‌واوی
موڵك و زه‌ویه کشتوکاڵیه‌کانیان له نێوان کۆچکردووه‌کان دابه‌ش ده‌کرێت
و به هۆی ئه‌وه‌وه ئیتر له‌و کاته‌وه موهاجرین باریان به‌سه‌ر خه‌ڵکی
مه‌دینه‌ی پشتیوانانی په‌یامبه‌ره‌وه ئەلئەنسار سوك بۆوه و له ڕێگای
به‌کار هێنانی زه‌وی و که‌ره‌سته‌ی کاری جووله‌که ده‌رکراوه‌کانه‌وه و
ئیتر کۆچکردووه‌کان خۆیان بژێوی خۆیان به‌ده‌ست ده‌هێنا. به‌ڵام دوا
هۆزی جووله‌که که ڕازی نه‌بون چه‌ك و موڵك و ماڵ و که‌ره‌سته‌کانی
کار و ئاژه‌ڵیان بۆ موسوڵمانان به‌جێ بهێڵن به ته‌واوی له‌ناو ده‌برێن.
به پێی گێڕانه‌وه‌ی نوسه‌رانی موسوڵمان ئه‌مان په‌یمانی بێلایه‌نیان
که له‌گه‌ڵ په‌یامبه‌ردا به‌ستبو ده‌شکێنن و له پشتی سه‌ره‌وه پلان
گێڕی ده‌که‌ن و کارسازی دژی په‌یامبه‌ر و موسوڵمانان ده‌که‌ن.
ئیبن ئیسحاق باسی ئه‌وه ده‌کات که چۆن هه‌شت
یان نۆ سه‌د پیاوی بێ چه‌کی ئه‌و هۆزه له بازاڕی مه‌دینه‌دا سه‌رده‌بڕدرێن.
هه‌روه‌ها ژن و منداڵه‌کانیشیان وه‌کو تاڵانی جه‌نگ له نێوان
موسوڵمانان دا دابه‌ش ده‌کرێن. ئه‌مه‌ش پاش ده‌ربڕینی ڕه‌زامه‌ندی په‌یامبه‌ر
له‌سه‌ر بڕیاری داوه‌ر، که یه‌کێك له بریندارانی شه‌ڕی نێوان
موسوڵمانه‌کان و جوولەکەکان بو . له‌و تاڵانیانه‌ش ژنی سه‌رۆك هۆزەکە
و ژنی یه‌کێکی تر له گه‌وره‌پیاوانی جوولەکە پاش سه‌ربڕینی مێرده‌کانیان
پەیامبەر له خۆی ماره ده‌کات. موسوڵمانان تاکو ئه‌مڕۆ جووله‌که‌کان
به پلانگێڕ و له‌پشتی سه‌رەوه تاوانبار ده‌که‌ن، که پلانی کوشتنی په‌یامبه‌ریان
ساز داوه. ئه‌م تاوانبار کردنانه‌ش له سه‌رده‌می په‌یامبه‌ردا دور له
ڕاستی نین و ده‌گێڕنه‌وه که ته‌نانه‌ت په‌یامبه‌ر له‌لایه‌ن ژنه
جووله‌که‌یه‌که‌وه ژه‌هر خوارد کراوه. به‌ڵام هادی عه‌له‌وی له
ژماره‌یه‌ك له‌و پلانانه ده‌دوێت که له‌لایه‌ن موسوڵمانانه‌وه به‌رامبه‌ر
جووله‌که‌کان و سه‌رانیان ئه‌نجام دراوه، به تایبه‌تی ڕه‌شه‌کوژی
سیاسی و پلان دانان بۆ کوشتنیان له پشتی سه‌ره‌وه و به شێوازی
فڕوفێڵ.
ناسراوترین قوربانی ڕه‌شه‌کوژیه‌کانی
موسوڵمانان که‌عبه بن ئه‌سحاف، سه‌رۆك تیره‌ی تائی و سه‌لام بن ئه‌بو
حوقه‌یق، سه‌رۆك تیره‌ی به‌نی نه‌زیر و ئه‌بو عفاك و بنت مه‌روان (کچی
مه‌روان) که سوکایه‌تی به په‌یامبه‌ر کردووه. ڕه‌شه‌کوژی له‌پشتی سه‌ره‌وه
و پلاندانان و به تاڵانی بردنی ماڵ و موڵك و ژن و منداڵ و ...هتد.
تایبه‌تمه‌ندی و سیفاتی تایبه‌ت به جووله‌که‌کان یان موسوڵمانان نه‌بون.
به‌ڵکو نه‌ریتێکی باوی ئه‌و خێڵانه بون که له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌سه‌ڵاتدار
بون له نیوه دوڕگه‌ی عه‌ره‌بی دا. تاوانبارکردنی موسوڵمانان بۆ جووله‌که
و سیفاته‌کانیان هه‌مان شت بون که له لایه‌ن خودی موسوڵمانانیشه‌وه
پیاده ده‌کرا. جووله‌که‌کان و موسوڵمانان ئه‌م نه‌ریتانه‌یان به
هاوبه‌شی له سیسته‌می کۆمه‌ڵگای خێڵه‌کی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه بۆ مابۆوه.
____________________________________
سه‌چاوه کوردی و عه‌رەبییە‌کان:
- (فصول من تاريخ الإسلام السياسي ، هادی العلوی نیقوسیا،١٩٩٥).
- (علی ابراهیم حسن، التاریخ الاسلامی العام، القاهرة ، ٢٠٠٥).
- مەریوان هەڵەبجەیی، سێکس و شه‌رع و ژن له مێژووی ئیسلام دا، ٢٠٠٥.
سه‌رچاوه ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی و هۆڵه‌ندییە‌کان:
- David Biale (ed.), Cultures of the Jews, New York, 2002, 1196 p.
-Tilman Nagel, Geschichte der islamischen Theologie. Von Mohammed
bis zur Gegenwart, München, 1994, 269 p.
- A. van der Heide, Jodendom, Kampen, 2006, 190 p.
- Emilio Platti, Christendom en islam, syllabus bij het vak
christendom en islam, Leuven, 2004-2005, 157 p.
- Ibn Ishaak, Het leven van Mohammed, Amsterdam, 2000, 288 p.
- R. Detrez, ‘Het Osmaanse millet-systeem’, in: R. Detrez en J.
Blommaert (eds.), Nationalisme. Kritische opstellen, Berchem, 1994,
pp. 290-303.
bishrao@hotmail.com
|