په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٤\٢٠١٦

کاریگه‌ریی ئیسلام و جووله‌که‌ له‌سه‌ر یه‌کتری.


پێشڕەو ئیسماعیل
  

- بەشی سێیەم (کۆتایی) -

 
هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی ئیسلامیی و قۆناغی گەشەی ئەندەلوس.

 
سەدەی ١٥ سەدەی گەشەی ئیسلامی ناعەرەبی بوو، هاتنە سەردەسەڵاتی عوسمانیەکان و مەمالیکەکان و ئەمەزیق ( بێربێرەکانی وڵاتانی مەغریبی عەرەبی) ، هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی جیاواز لە میسر و بەغدا و ئەندەلوسیا بونە هۆکاری ئەوەی کە ئیتر دەسەڵاتی گائۆن لەیەك دەوڵەتی یەکپارچە و یەکگرتودا بە شێوازێکی مەڵبەندی نەمێنێتەوە. لە پاڵ بەغدا وەکو مەڵبەندێك چەندین مەڵبەندی تر پێکهاتن کە جوولەکەکانی پێوە پەیوەست بون، تونس و ئەندەلوس و میسر. تونس سەرەڕێی ڕۆژهەڵاتی ناوەند و ئەندەلوس بوو، جوولەکەکانی وڵاتانی ئیسلامی کردبویانە مەڵبەندی ئاڵوگۆڕی کەرەستە بازرگانیەکانی نێوان ئەو دوو هەرێمە.


جوولەکەکانی ئەندەلوس سەفاردیم بون، ئەو ناوەی کە لە تەوراتا هاتووە، سەفاردیم بۆ تەواوی ئەو جولەکانە بەکاردەهێنرا کە دانیشتوی ناوچەکانی نیمچە دورگەی ئیبیریا بون ( ئیسپانیا، پۆرتوگال، ئەندۆرا و جەبەل تاریق). بە هۆی هۆشیاریان لە بواری ڕامیاری و زمانزانی چەندین پلە و پایەی بەرزیان لە دەوڵەتی ئیسلام دا بەدەست هێنا بوو. هەڵوەشاندنەوەی مەڵبەندێتی دەوڵەتی ئیسلامی بووە هۆکاری ئەوەی جوولەکەکانی ئەندەلوس خۆیان لە ژێر نفوزی گائۆن بهێننە دەرەوە و پەیوەست بن بە کەسایەتیەکی نوێوە بە نازناوی (ڕاڤڕۆژ)، (واتە ڕابینی سەرەکی). ڕاڤڕۆژ لە قورتوبە هاوکار لەگەڵ سیاسەتوانێکی تری جوولەکە بە ناوی شۆڕدای بن شەیرود، لە هەوڵ و کاری چڕدا بوون لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی ئیسلام، لەهەمان کاتدا بۆ خزمەت بە کۆمەڵگای جوولەکە.


سەدەی دەهەم تاکو دوانزەهەم دەکرێت بە قۆناغی ئاڵتونی ئەندەلوس لەقەڵەم بدرێت. پاشان ئەندەلوس بەرەو پارچەبون و نامەڵبەندێتی و میرنشینی جیاواز چوو. کۆمەڵگای جوولەکەی دانیشتوانی ناو ئەو ئیماراتانە ڕۆڵی دیاتریان دەبینی لە ناو ئیمارەتەکان دا. چەندین لە کەسایەتی جوولەکە توانییان ببنە ئەندامانی کۆشکی پادشایەتی و خاوەندی پایەی بەرزی سیاسی لە دەوڵەتی ئیسلام دا. شموێل ها ناجید یەکێکە لەو نمونانە کە وەزیری باڵای گرانادا بوو (هاوسانی سەرۆك وەزیرانی ئێستا). لەهەمان کاتدا فەرماندەی تەواوی هێزەکانی سوپا بوو. هاناجید کەسێکی بەتوانا بوو کە شیعری سەبارەت بەو جەنگانەی کە ئەنجامی دابون دەنوسی. هەروەها شیعری سەبارەت بە بابەتە باوەکانی ئەوسەردەمەی دونیای ئیسلامی دەنوسی. کە بریتی بون لە هاوڕەگەزبازی و شەراب و لەهەمانکاتدا بابەتەکانی خواناسی. یەکێك بو لە هاندەرانی دانانی شیعر و بابەتە وێژەییەکانی تر، بە دڵفراوانیەوە پارەی بۆ ئەو بوارە تەرخان دەکرد.

 

ئەوەی کە جوولەکەکانی ئەندەلوسی لە جوولەکەکانی تری دونیا جیادەکردەوە کۆمەڵێك دیاردەی تایبەت بە خۆیانەوە بوولە نمونەیان؛ دروستبونی بونی چینێکی باڵا تیایان، زمانی دوان و جلوبەرگ و خواردنیان عەرەبی بوو، هەروەها لە ئەنجامی تێکەڵە بونی جوولەکە و عەرەب لە ئەندەلوس بەیەکەوە کۆمەڵگایەکی تایبەت بە مۆرکی کولتوری عەرەب ـ جوولەکەیان پێکهێنابو.


لە ناو ڕەوتی فەلسەفەی جوولەکەکانی ئەو سەردەمە دەکرێت چوار شەپۆلی جیاواز لەیەکتری جیابکەینەوە کە کاریگەری ئیسلامی بەشیوەیەکی سەرەکی لەسەر بوو، پلاتۆنیزمی نوێ، ڕۆحانیەت، ڕاسیۆنالیزم، ڕاسیۆنالیزمی نوێی ئەرستۆتالیس.


ـ پلاتۆنیزمی نوێ، لە ڕێگای پەرتوکێکەوە هاتە پێشەوە بەناوی (سەرچاوەی ژیان) کە لە لایەن شلۆمۆ بن گابریۆل (١٠٥٧ـ ١٠٢١ یان ١٠٢٢). بن گابریۆل پێی وابو کە خوا پەیوەندی بە هەموو شتێکەوە هەیە و لە هەمو شتێکدا بونی هەیە. هەربۆیە هەوڵدەدات لەو تێڕوانینەوە چیرۆکی ئافەریدەکرن ڕونکاتەوە. یەکێك لە بەرهەمەکانی تری بە ناوی (تەختی پاشایەتی) بەشێکە لە ئەدەبی عیبری و ڕێڕەوە ئایینیەکان. ئەم تێڕوانینانەی جوولەکەی ئەرتۆدۆکسی لەگەڵ تێڕوانینەکانی ئیبن سینا (٩٨٠ـ ١٠٣٧) یەکدەگرنەوە.


ـ ڕۆحانیەت یان ئەسکێتیزم، لە لایەن باشیا بن پاکودا هاتە کایەوە (١٠٨٠) ئەمەش جۆرێکی گونجێنراو بو لەگەڵ نیۆ پلاتۆنیزم. ئیمانداری و خۆدورگرتن لە شتە دونیەویەکان تیایدا بابەتە گرنگ و سەرەکیەکان بون. کتێبی (ئەرکی دڵان) ی بن پاکودا بە شێوەیەکی سەرەکی قوڵبونەوەیە لە پاکی و ئێتیك وئەوەی کە جوولەکە بون مانای چییە؟. بەڕای پاکودا فەیلەسوف و زانایانی سروشتی لە ئایینی جوولەکەدا پایەی خۆیان هەیە لەبەر ئەوەی زانستی بێگەردن. کاتێك سەرقاڵ بیت بە زانستەوە، ئەوسا دەبینیت چۆن خوا ئەو سروشتە جوانەی ئافەریدە کردووە. ئەسکێتیزم و میانەڕەوی زۆر گرنگ بون بۆ بن پاکۆدا، ئەم قوتابخانەیە کاریگەری سۆفیزمی ئیسلام بە ئاشکرا بەسەر بیر و بۆچونەکانیانەوە دیار بو.


ـ ڕاسیۆنالیزم، ئەقڵانیەت، ئەم تەوژمی بیریە لە بەغدا سەریهەڵدا. ئەبراهام ئیبن داود (١١٢٥ـ١١٩٨)، نوێنەری ئەم قوتابخانە بیریە بو، ئەو لەو باوەرەدا بو کە بڕواداری گرنگە بەڵام پێویستە هاوڕای ئەقڵ بێت. هۆکارگەری بۆ ئیبن داود ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕا. چ پەیوەستێك هەیە لە نێوان خوا و هەندێك ڕوداوی دیاریکراودا؟ وەڵام لە لای ئیبن داود پەیوەست بوو بە هۆکارگەریەوە. لە ئیسلامیشدا هەر هەمان وەڵام وەردەگیردرێتەوە. بە لای ئیبن داودەوە ئەریستۆ تاڵیس لە فەلسەفەدا زۆر سەرەکی و گرنگە، تەوراتیش لە ئایندا هەمان گرنگی و ڕۆڵی سەرەکی هەیە. ئەقڵانیەت و وەحی خوایی دژبە یەکتری نین و ئەقڵانیەت ڕۆڵی ئاشتیەوانی نێوانیان دەبینێت. ئەم تێڕوانینانە پێشتر هەوڵێك بون لە لایەن موعتەزیلەی ئیسلامیەوە کاری گرنگی بۆ کرا بو. میتۆدی ئاشتیەوانی نێوان ژیری و باوەڕ لە لایەن ئیمامی غەزالیەوە کاری بۆ کرابو. ئیمامی غەزاڵی بە شێوەیەکی گشتی بەوە ناسراوە کە هەوڵیدا بیر و تێڕوانینەکانی سۆفیگەرایی و سەلەفیەت بەیەك ئاشتبکاتەوە. ئەڤراهام ئیبن داود لە محەمەدی پەیامبەری ئیسلامی نەدەڕوانی وەکو پەیامبەرێکی خوا، بەڵکو وەکو پاشای عەرەبەکانی لەقەڵەم دەدا. لەبواری زانستی حەدیس دا، گومانێکی زۆر دەکرێت کە ئەڤراهام ئیبن داود لەسەر بنەماکانی شێوازی گەیشتن و گێڕانەوەی حەدیسی پەیامبەری ئیسلام، لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە حەدیسەکانی موسا کردووە کە چۆن گەیشتونەتەوە بە ئەو سەردەمەی ئەو.


ـ ڕاسیۆنالیزمی ئەریستۆتاڵیزمی نوێ، ڕابی مۆشێ بن مەیمۆن (موسا ئیبن مەیمۆن) (١١٣٨ـ١٢٠٤) نوێنەری ئەم قوتابخانە فەلسەفیە بوولە ناو جوولەکەکاندا، مەیمۆن بە ( ڕامبام ) ناسراوە، لە ناو جوولەکەکاندا پێی دەوترا (لە موساوە بۆ موسا کەس لە موسا گەورەتر نەبوو) واتە لە موسای پەیامبەری جوولەکەکانەوە تاکو موسا مەیمۆن کەسێکی تر هێندە گەورە و کاریگەر نەبووە لەسەر بیر و ئاینی جوولەکەکان. مەیمۆن تەنانەت لە ناو جوولەکە ئەرتۆدۆکسیەکاندا نرخ و پێگەی تایبەتی خۆی هەیە. یەکێکە لە فەیلەسوفە گەورەکانی جوولەکە کە لە قورتوبە لەدایك بووە. پاش چەندین شوێنی نیشتەجێ بون دەچێتە قاهیرە و لەوێ دەمێنێتەوە و هەر لەوێش کۆچی دوایی دەکات. مەیمۆن دەبێتە پزیشکی تایبەتی خەلیفەی ئیسلام لە قاهیرە. لە کتێبەکەیدا بە ناوی (ڕێنیشاندەری گومڕایان) هەوڵدەدات ئەریستۆتاڵیزم لەگەڵ ئایینی جوولەکەدا یەکبخاتەوە. هەروەها هەوڵدەدات جیاوازی نێوان بنەما ئایینیە سەرەکی و ناسەرەکیەکانی جوولەکە دیاری بکات. لای ئەو بنەما سەرەکیەکان لەسەر ژیری وەستاون، بەڵام بنەما ناسەرەکیەکان لە وەحی و باوەڕ پێکهاتون. بە رای ئەو سەبارەت بە خوادا تەنها دەکرێت لە فۆڕمی نەرێنی دا قسە بکرێت. واتە ناکرێت بوترێت خوا چییە، بەڵکو تەنها دەکرێت بوترێت خوا چی نیە. مەیمۆن ١٣ لایەنی کەمی بنەماکانی باوەڕداری دیاری کردبو کە بریتی بون لە؛ (بونی خوا ـ یەکخوایی ـ نا ماتەری خوا ـ ئەزەلیەتی خوا ـ تەنها پیرۆزکردنی خوا ـ ووتەی پەیامبەرانی جوولەکە ڕاستین ـ موسا لەپێشترین پەیامبەرە ـ تەورات نوسراوەی یەکەمە بۆ جوولەکەکان ـ هەرگیز تەوراتیکی تر دروست نابێتەوە ـ خوا بە هەمو شتێك زانایە ـ خوا پاداشتکەر و سزادەرە ـ ڕۆژێك لە ڕۆژان مێسیای جوولەکەکان دێت ـ ڕۆژێك دێت کە مردوان هەڵبستنەوە). مەیمۆن لە بیروبۆچونیدا لەژێر کاریگەری گەورەی فەیلەسوف و بیرمەندانی ئیسلامی وەکو ئیبن ڕوشد و ئیمامی غەزالی دا بووە بە مۆرکێکی جوولەکەوە.


سەرباری تاقیکردنەوە و سەردەمانی گەشەی کولتوری ئەندەلوس، لاوازبونی دەوڵەتی ئیسلام لە زۆر شوێنی جیاوازدا کاریگەری نەرێتیانەی لەسەر جوولەکەکان هەبو. کراوەیی بەرتەسك تر دەبۆوە. هەنگاوی توندتر دەگیردرا بۆ پیادەکردن و چەسپاندنی ئەو یاسایانەی کە هەمیشە هەبون لە نمونەیان (ڕێکەوتننامەی عومەر) کە زۆر تەنگتر و رەقتر دەچەسپێنرا. ئەوانەش دەبونە هۆکاری ئەوەی کە جوولەکەکان نەتوانن کاریگەرانە لە ژیانی سیاسی و ئابوری و کولتوری جیهانی ئیسلامی دا بەشداری بکەن.


لە سەردەمی شەری ناسراو بە شەڕی خاچپەرستەکان، لە ناوچە ئیسلامیەکان دا کریستیانەکان بونە کێبڕکێیەکی بازرگانی لەبەرچاو لە بەرامبەر جوولەکەکان. بەو هۆیەی کریستیانەکان پەیوەندیەکی بەهێزتریان هەبو لەگەڵ وڵاتانی کریستیانی دا. لە سەردەمانی قەیرانەکان لە وڵاتانی ئیسلامی هەمان پاساو بەکاردەهێنرا بۆ کوشتار و ڕاونانی جوولەکەکان وەك ئەوەی کە لە وڵاتانی کریستیانی دا دژیان بەکار دەهێنرا. بۆ نمونە لە جوولەکەکانیان وا دەڕوانی کە سامانداری زاڵم و بێباوەڕن. لە سەردەمی قەیرانەکاندا، توندڕەوی و بیری کۆتایی هاتنی دونیا و هاتنە پێشەوەی سەردەمی لەناوبردنی بێبڕوایان سەریان هەڵدەدا. لەو سەردەمانەدا ژیان و گوزەرانی جوولەکەکانی جیهانی ئیسلامی خراپ و خراپتر دەبون.


لە لایەکی ترەوە ئەندەلوسیا لە لایەن دەوڵەتی ئەلموەحەدونەوە داگیرکرا، موەحەدونەکانیش هیچ ئایینێکی تریان جگە لە ئیسلام پەسەند نەدەکرد. (دەوڵەتی موەحەدونەکان ئیمپراتۆریەتێکی ئیسلامی بو، کە دەسەڵاتی بەسەر مەغریب و تونس و جەزائیر و لیبیادا کێشا بو، پاشان ئەندەلوسیشیان خستە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی خۆیانەوە ) لە ژێر حوکمداری موەحەدونەکان جوولەکەکان دەخرانە بەردەم سێ هەڵبژاردە; بونە موسوڵمان ، کۆچکردن یان مردن. زۆر لە جوولەکەکان بۆ ناوچە کریستیانیەکان کۆچیان کرد. لە بواری فەلسەفە و وێژەدا لاوازی و دابەزینێکی گەورە دروست بو، دەگمەن نوێکاری و بەرهەمی نوێ دەبیندرا.

 
هاو سەردەمی موەحەدونەکان، ناوچە کریستیانیەکانیش ناوچەی پڕ لە ئاسایش و ئاسودەیی نەبون بۆ جوولەکەکان. لەوێش کوشتاریان لیدەکرا و ئازاردەدران. لە نێوان ساڵانی ١٣٩١ و ١٤١٦ دا بوبوە باو کەجۆرێك لە پێشبڕکێی دوان و گفتوگۆی ئایینی ئەنجام بدرێت لە نێوان جوولەکە و کریستیانەکان دا. ئەو لایەنەی دۆڕاو بوایە لە پێشبڕکێکەدا، دەبوایە واز لە ئایینی خۆی بهێنێت و بچێتە سەر ئایینی براوە. ئەو گفتوگۆ پێشبڕکێییە زۆربەی جار لە لایەن کریستیانەکانەوە ناڕەوایی تیا دەکرا و دوائەنجام جوولەکەکان ناچار دەکران بێنە سەر ئایینی کریستیانی. بەهۆی ئەوەوە ژمارەیەکی زۆر لە جوولەکەکان بونە کریستیانی و پێیان دەوترا گەڕاوەکان (مەبەست گەڕانەوە بۆ ئایینی کریستیانی بو)، ئەو جولەکانەی هێشتا لەسەر ئایینی جوولەکە مابونەوە بە شێوەیەکی تر لەو دیاردەیەیان دەڕوانی و ناوی گەڕاوەکانیان نابو (هانوزای)یەکان ( واتە ناچارکراوەکان).


لە ساڵی ١٤٧٨ دەسەڵاتدارانی کڵێسای کریستیانەکان بەدوای چارەیەکدا دەگەڕان بۆ کۆتاییهێنان بە بونی ئایینی جوولەکە لە قەلەمڕەوی دەسەڵاتیان و ناویان لێنابو "کێشەی جوولەکەکان". دوا ئەنجام گەیشتن بە گرتنەبەری ئینکویزیشن. ئەم وشەیە لە (ئینکویزیتۆ) ی لاتینیەوە دێت ( بەمانای پشکنین، بریتی بوولە دادگاکانی پشکنین و لێپێچینەوە لە ئایین و بڕوا لە ئیسپانیا هاوڕای توند و تیژی و ئەشکەنجەدان.ئەم دادگایی کردنانە لە ساڵی ١٤٨٠ وە دەستی پیکرد و لە ساڵی ١٨٣٤ دا بە تەواوی کۆتایی پێ هێنرا) . پاش ئەوەی تەواوی نیمچەدورگەی ئیبیریا لە لایەن کریستیانەکانەوە لە ژێر دەسەڵاتی موسوڵمانەکان دەرهێنرایەوە. ئیتر ئەمجارە لە لایەن کریستیانەکانەوە تەواوی جوولەکەکانی نیمچە دورگەی ئیبریا خرانە بەر هەمان سێ هەڵبژاردەی پێشویان بە مۆرکی کریستیانیەوە; بونە کریستیانی، کۆچکردن یان مردن.

عوسمانییەکان.


لە ساڵی ١٤٥٣ دا کۆنستەنتینۆپڵ ( ئەستەمبوڵ) لە لایەن عوسمانیەکانەوە داگیر کرا، عوسمانیەکان پێویستیان بە سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیی هەبو بۆ بنیاتنانەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان. بە تایبەتی پێویستیان بە کەسانی بەتوانا و خاوەند زانست و پیشەگەر و پسپۆر و بازرگانان هەبو. هەربۆیە هەوڵیان دەدا جوولەکەکانی ژێر دەسەڵاتی وڵاتانی کریستیانی و هەروەها وڵاتانی ئیسلامی کە تیایاندا جوولەکەکان لە بارێکی باشدا نەبون بەرە و ناوچەکانی ژێر فەرمانڕەوایی خۆیان و بەتایبەتی ئەستەمبوڵ و ئیزمیر و فەلەستین ڕابکێشن . عوسمانیەکان باوەشیان بۆ هاتنیان دەکردەوە و ئاسانکاریان بۆ نیشتەجێبونیان دەکرد.


لە چوارچیوەی دەوڵەتی عوسمانیدا جوولەکەکان دەخرانە ژێر سیستەمی میللەتەوە، جوولەکەکانی دەوڵەتی عوسمانی (یەهودی میللێتی)، میللەتی جوولەکەیان پێکهێنا بو. ئەگەرچی میللەت لە مانای ئەمڕۆیدا و لە زۆربەی زمانەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەند بە فۆرمی جیاواز بە مانای نەتەوە یان (نەیشن) ی ئینگلیزی دێت، لەو سەردەمەی عوسمانیەکان میللەت ووشەیەك بو تەنها بۆ پەیڕەویکەرانی ئایینێکی دیاری کراو بەکاردەهێنرا. تەواوی موسوڵمانان هەر زمان و نەتەوەیەك بونایە بە (ئیسلام میللێتی) ناودەهێنران. کە دورنیە لەبری وشەی (ئومە) بەکارهێنرا بێت کە لە قورئاندا ٤٧ جار بە فۆرمی تاك و ١٢ جار بە فۆرمی کۆ(امم) هاتووە.


سیستەمی میللەت، لە لایەن سوڵتان محەمەدی دوهەمەوە لە ساڵی ١٤٥٥، شەش مانگ پاش داگیرکردنی کۆستینتینۆپڵ پیادەکرا. بۆ یەکەمین جار (ڕوم میللێتی) پێکهێنرا، بریتی بون لە کریستیانە گریکیە ئۆرتۆدۆکسەکان کە پاشماوەی بێزەنتیەکان بون. سیستەمی میللەت جۆرە دڵنیایی و ئاسایش و جۆرە ئۆتۆنۆمیەکی دەدایە پەیڕەویکەرانی ئایینەکانی تری ناموسوڵمان و بەتایبەتی جوولەکەکان. بەهۆی ئەو سیستەمەوە دەیانتوانی ئایینەکەی خۆیان لە ناو کۆمەڵگاکەی خۆیاندا پەیڕەوی بکەن. خۆیان بەرپرس بون بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکانی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگاکەیان. کاروبارە تایبەتیەکانیان وەکو هاوسەرگیری و جیابونەوە لە ڕێگای پیاوانی ئایینی خۆیان و لە نێوخۆیاندا بەئەنجام دەگەیەنرا. پیاوانی ئایینیان بەرپرس بون بۆ کۆکردنەوەی باجی دەوڵەت لە ئەندامانی کۆمەڵگاکەیان، هەروەها بەرپرس بون لە تاوانەکانی ئەندامانی کۆمەڵگاکەیان بەرامبەر بە دەزگا و پیاوەکانی دەوڵەتی عوسمانی و لادان لە یاساکان و تاوان بەرامبەر بە کەسانی دەرەوەی کۆمەڵگاکەی خۆیان.


سیستەمی میللەت جۆرە داڵدەدانێکی دڵفراوانانە و پاڕێزگاریەك بو لە جوولەکە و کریستیانەکان لە لایەن عوسمانیەکانەوە. بەو مەرجەی کە دەسەڵاتدارێتی موسوڵمانان پەسەند بکەن و بچنە ژێر یاسا و بنەماکانی ئەو دەسەڵاتدارێتیەوە.

دەرئەنجام.


هەوڵی پەیامبەری موسوڵمانان لە مەدینە بۆ ئەوەی جوولەکەکان بهێنێتە سەر ئایینی ئیسلام گەیشتە ئەنجامێکی سەرنەکەوتوانە و بە ڕاونان و دەرکردن و کوشتاری بەکۆمەڵی جوولەکەکان کۆتایی هات. سەرباری ئەوەش دەسەڵاتی ئیسلامی لە ڕەوتی مێژودا چەندین مامەڵەی جیاوازی بەرامبەر جوولەکەکان گرتۆتە بەر. لەسەرتای دەوڵەتی ئیسلام و لەسەردەمی عومەری بن خەتابەوە جوولەکەکان پارێزران و ئەرکی گرنگی لێکدانەوەی قورئانیان پێ دەسپێردرا.
گەشەی کۆمەڵگای ئیسلامی و دەوڵەتی ئیسلامی، لە پێش هەموانەوە لە قۆناغی دەسەڵاتی خەلیفەکانی دەوڵەتی عەباسی کاریگەریەکی ئەرێنی هەبو لەسەر ئاسایش وگوزەران و پایەو کولتور و ئایینی جوولەکە لە چوارچیوەی کۆمەڵگای ئیسلامی دا. کاریگەری ئیسلام ڕەنگی لە تیۆلۆگی و فەلسەفە و زانستی زمان و ڕێزمان و ئەدەبی جوولەکە دا دابۆوە.


پاش لەیەكهەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عەباسیەکان و هاتنە سەردەسەڵاتی ڕەوتە توندڕەوە جیاوازەکان لە ناو ئیسلام ، باری جوولەکەکان لە ناو جیهانی ئیسلام دا بە ئاراستەیەکی نالەباردا ڕۆیشت.


تەنها ئەندەلوس بارێکی شاز بو بۆ جوولەکەکان. تیایدا کولتوری ئیسلامی و جوولەکە بە شێوەیەکی کاتی قۆناغێکی گەشەیان بەیەکەوە بەسەربرد. بە هۆی بە توانایی و شارەزایی جوولەکەکان لە سیاسەت و زمان دا توانیان پلە و پایەی بەرز و لەبەرچاو بۆ خۆیان بهێننە دی. لە دەوڵەتی عوسمانیەکان دا ژیان و پایەی جوولەکەکان لە ڕێگای سیستەمی میللەتەوە باشبونێکی لەبەرچاوی بەخۆوە بینی.

________________________________
سه‌چاوه‌ کوردی و عه‌رەبییەکان:
- (فصول من تاريخ الإسلام السياسي ، هادی العلوی نیقوسیا، ١٩٩٥).
- (علی ابراهیم حسن، التاریخ الاسلامی العام، القاهرة ، ٢٠٠٥).
- مەریوان هەڵەبجەیی، سێکس و شه‌رع و ژن له‌ مێژووی ئیسلام دا، ٢٠٠٥.

سه‌رچاوه‌ ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی و هۆڵه‌ندییە‌کان:
- David Biale (ed.), Cultures of the Jews, New York, 2002, 1196 p.
-Tilman Nagel, Geschichte der islamischen Theologie. Von Mohammed bis zur Gegenwart, München, 1994, 269 p.
- A. van der Heide, Jodendom, Kampen, 2006, 190 p.
- Emilio Platti, Christendom en islam, syllabus bij het vak christendom en islam, Leuven, 2004-2005, 157 p.
- Ibn Ishaak, Het leven van Mohammed, Amsterdam, 2000, 288 p.
- R. Detrez, ‘Het Osmaanse millet-systeem’, in: R. Detrez en J. Blommaert (eds.), Nationalisme. Kritische opstellen, Berchem, 1994, pp. 290-303.

________________________________

بەشی دووەم: www.emrro.com/karigeriyislamu2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/karigeriyislamu1.htm

 

 

bishrao@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک