په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٣\٢٠١٥

کاریکاتێری (سەبر)تان ھەبێ.

سەباح تاھیر    


سەرەتای ساڵی ١٩٩٢ بو ھێشتا ساڵێک بەسەر راپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان لەباشور تێنەپەڕی بو، لە غاباتی گڵکەند کەدەکەوێتە پشتی ھۆتێل شیراتۆنی ئێستای ھەولێر. پێشانگایەکی کاریکاتێری کرابۆوە لەلایەن ھەندێک لەدەست رەنگینەکانی ئەو سەردەم زیاتر خودانی بیروباوەڕی چەپ و کۆمۆنیستی بوون...


کاریکاتێرەکان زۆربەی لەسەر بەرپرسەکانی بەرەی کوردستانی بوون کەئەو کات تازە بەشێک ئیدارەی شارەکانیان بەدەستەوە بو، چونکە ھێشتا نە ھەڵبژاردن ئەنجام درابو نە حکومەتی ھەرێم ھەبو. دیاربو کاریکاتێرەکان سەرجەمی رەخنە ئامێز بو لە شێوازی ئیدارەو حوکمڕانی...


ئەوەی لەیادەوریم مابێت کارێکی کاریکاتێری بو لەسەر بەرپرسێکی دیاری ەەولێر ئێستا خانەنشینەو پیری دەرگای پێگرتوە، کاریکاتێرەکە کۆمیدی ئامێز بو، بەرپرسەکە داوا لە خەڵک دەکات سەبرتان بێت تا خۆمان قایم دەکەین، لە ژێریشی ئاماژە بە سەروەتێکی زۆر کرابو....


ئەو دەم من پێموابو زووە بۆ ئەم تێڕوانینەو باپەلە نەکەین تا ئیدارەی خۆماڵی دەتوانێت خۆی بگرێت و ئەزموونیکی تازەشە پێویستی بەکات ھەیە، ھەرچەندە دزی و تاڵانی ھەر لەسەرەتای راپەڕینەوە دەستی پێکردبو گومرگەکانی بەرەی کوردستانی گومرگی دزی وتاڵانی بو، ھیچ نەما ئاودیو نەکرێت!!!


کوڕێکی باڵا مامناوەندی رەش تاڵە کەوەک چاوێر و سەپەرشتیار لەوێ بو، من نەمدەناسی بەڵام سفرداشی بەندیخانەی ئەبوغرێبی ھاوڕێیەکی مناڵی و کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانی من بو. ... دیارە ئەو کوڕە ئەو کاتیش لەسەر ئەندامێیتی حزبی شیوعی زیندانی کرابو.. بەھەرحاڵ من رەخنەم لەم کاریکاتێرە گرت و ھەروەک چۆن لە خۆپپیشاندانێک کەئەو کات باسی لێوە دەکرا لە کەلار ئەنجام درابو... وەک باس دەکرا دروشمی زەقی ئەو خۆپیشاندانە(پەنیر و ماست و کەرە، سەدام باشترە لە بەرە) بوە، دیارە مەبەست لەبەرە، بەرەی کوردستانی بو... بۆچونی من وابو ئەو سەردەمە خەڵک چاوەڕوانی زۆر زیاتر لە قەبارەی خۆی لە پێشمەرگە دەکات، بۆیە تووشی ئەم دۆخە بوە، چونکە خەڵک وایدەزانی بە ھاتنی پێشمەرگە سەرجەم کێشەی چەنین ساڵەی داکیرکاری چارەسەر دەبێت. ئاخر شۆڕش و پێشمەرگە ئەو کات ئەفسانە بو بۆ زۆربەی خەڵک...


بەڵام ئەم ھاوڕێ کۆمۆنیستە، رای جیاوازبو ئەو پێیوابو نیشانەی گەندەڵی دیارکەوتوەو دەبێت لە ئێستاوە خەڵک بێتە دەنگ، ئەو بڕو بیانووی سەبرتان ھەبێت لەلایەن بەرپرسان دەیان ساڵیتر ھەر وادەبێت، ئەگەر رێگری نەکرێت.


من ھەر لەسەر ئەو رایە بووم کە ھێشتا زووە حوکم دان، ئەویش ھەر لەسەر رای خۆی. *ووتی ئەزانم لەدڵسۆزیتە بەڵام (.......) لەماوەی چەند مانگێک چەند پۆستێکی پێدراوە، لەسەرجەم گۆڕانکارییەکان تاقمی قەنەفەکانی بردۆتەوە ماڵ. !!! سەرم سوڕما لەم زانیارییە، بەڵام بەداخەوە دواتر بۆم دەرکەت زانیارییەکانی راست بو!!؟؟


ئێستاش دوای زیاتر لە بیست ساڵ ھەمان قەوان لەلایەن بەرپرسان لێدەدرێتەوە سەبرتان ھەبێت، حکومەت ساوایەو تەجروبەکەمان دوژمنی زۆرەو ....... ھتد لەم بالۆرانە دەجوێنرێتەوە.


ئەو کات من لەھەرەتی گەنجی بووم ھئشتا کوڕە گەورەکەم کە ئێستا خاوەنی کچێکی دووساڵان زیاترە ، چوارمانگی مابو لەدایک بێت !!!! تەمەنی من رۆیشت، ئێستا ئەو خەمانەو سەبری ئەو ( بەرپرسانە) باسی دەکەن ھەر وەکو خۆیەتی بووەتە خەمی ئەوان و باوەڕم وایە سەبر بگیرێت دەبێتە خەمی نەوەکانیش..!!!


ئێستا ئەزانم ھاوڕێ من ھەڵە بووم، بەڕێزت راستتبووی، سەبری ئێمە لەناوبردنی خەون و ئاواتەکانمان بو.... لەبیرمە ووتت ھاوڕێ ترسم ھەیە بەشێکمان ببینە پیاو کوژ و بەشێکیتر ھەر قوربانی لەکاتێکدا ھەر ھەمومان قوربانی بووین بەدەستی رژێمێکی بورجوازی.. بەڵێ لەوەش دا راست بووی چونکە ھەندێک لەھاوڕێیانی ئەو بەدەستی .... .شەھیدکران ھەندێکیتر تیرۆرکران، شەڕی براکوژیش ھەزارانی کردە قوربانی. دیارە خەڵکانێکیش بوونە پیاو کوژ، ئای چ کارەساتێکە لە قوربانییەوە ببیتە ...... ئای لەو کارەساتە ببیتە قوربانی دەستی حکومەتی خۆماڵی!!!


بۆیە من دەڵێم چیتر سەبر مەگرن، تەمەنی ئێمە بو بەسەراب با خەون و ئاواتەکانی ئێوەش بەدەردی ئێمە نەچێت، چیتر قبوڵی مەکەن بەدروشمی باق و بریق قووت و ئاوات و خەونەکانتان بدزن، ئەو (.......).

 

ماڵپه‌ڕی سەباح تاهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک