په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

کاروان عوسمان - هونەرمەندى چەوساوەکان.


ئارى کەمال ئەمین


پێشەکى سوپاسى دەنگەکان ئەکەم کە ئەو دەرفەتەى رەخساند تا بتوانین شتێک سەبارەت بە هونەرمەندێکى بە تواناى وەک کاروان عوسمان بخەینە روو. لەئێستادا کە هەر یەکێک لەئێمەى گەنجان گوێ لە گۆرانییەکانى کاروان عوسمان ده‌گرین، هەرچەندە داخ بۆ ئەو هونەرمەندە ده‌خۆین و زۆر خەفتبار ده‌بین کە رژێمى خوێنڕێژى بەعس رێى نەدا تابمێنێ‌ و بەو توانا ناوازەیەى خزمەتى هونەرى کوردى بکات.


کاروان عوسمان هونەرمەندێکى خاوەن ستایلێکى زۆر جیاوازى هونەرى مۆسیقاو گۆرانى وتنە، لە ئێستاشدا کەم هەن بتوانن بەو شێوازەى ئەو کار بکەن، جۆرە رۆمانسیەتییەکى شۆڕشگێڕانە لەدەنگى ئەو هونەرمەندە بە توانیادا هەیەو زادەى سەردەمەکەى خۆیەتى، ئەو سەردەمەى کەبەشى زۆربەى گەنجان نەهامەتى و بەشمەینەتى بووە، کەباس لەو سەردەمەش ده‌کەین مەبەستمان ئەوە نییە حاڵى گەنجى ئێستاى کوردستان زۆر لەو کاتە باشترە، بەڵام ئەو سەردەمەى کەهونەرمەندێکى بەتواناى وەک کاروانى تیا هاتە پێش تایبتمەندى خۆى هەبوو، چونکە لەو دەمدا بەتەواوى بۆ گەنجان شکستى ناسیۆنالیستى کوردى روون ببووەوە، هەر بۆیە کاروان سەرەتایەکى نوێ بوو بۆ هونەرى مۆسیقا و گۆرانى وتن، سەیر نییە ئەو کەسە بەتوانایە لەبەشى مۆسیقاى هونەرە جوانەکان وەرنەگیرێ‌ لەکاتێکا هەر بەعسیەکى بێ کەڵک و بێ هونەر یەکسەر وەرده‌گیرا، ئێستاشى لەگەڵا بێ بارودۆخى کوردستان هەر بەو ریتمەى جارانى ده‌ڕوات لەڕووى تەزکیەو تەزکیەکاریەوە، کوا کار بۆ هونەرمەندێک یان نوسەرێکى دى کراوە، لەکاتێکا بەپارەیەکى بێشوومار پشتگیرى لەزۆر هونەرمەندى سەر بەلایەنەکان ده‌کرێ، کەچى گەنجێکى هونەرمەندى بەتواناى وەک نوێنەر ئەحمەد ده‌بێ‌ لەگیرفانى پارەى ئەو سیدیە بدات کە ده‌یەوێ‌ تۆمارى بکا، کەواتە هەردەم ئەوانەى وەک کاروان یەتوانان سەربارى ئەوەى کوڕى خێزانى هەژارن و تواناى مادیان نییەو بەچەرمەسەرى ده‌توانن کارى هونەرى خۆیان تۆمار بکەن، هەر ئاواش میدیاکان ئامادە نین بەرهەمەکانیان پێشکەش بکەن، کاروان عوسمان هونەرمەندێکى دژ بەبەعس بوو بۆیە بەعسیەکان کوشتیان، هەروەک چۆن هونەرمەند و نووسەرە جدیەکانى ئێستا ئەگەر سەر بەو دوو حزبە دەسەڵاتەى کوردستان نەبن نەک هەر کاریان بۆ ناکرێ‌ بەڵکو بەچەشنێک دژایەتى ده‌کرێن کەناچار ده‌کرێن واز لەکارى و هونەرى و نووسن بهێنن، جێگەى داخە لەمڕۆدا بێجگە لەسایتێکى باشى وەک دەنگەکان هیچ شوێنێکى تر باسى ئەو هونەرمەندە بە توانایە نەکات کەهیچ تاوانێکى نەبوو بێجگە لەوەى کەسێکى یاخى و هەژار بوو، کەسێکى خاوەن هەڵوێست و هەڵگرى بیروڕاى سۆسیالیستى بوو، ئەو سەردەمەى کە کاروان عوسمان کارى تیا ده‌کرد سەردەمێک بوو ژمارەیەکى دیار لە مۆسیقاژەن و گۆرانیبێژەکانى کورد کاریان بۆ رژێم ده‌کرد، هەموو کورد هەڵوێستەکانى بەڕێز ئەنوەر قەردەغى ده‌زانێ‌ کە بە پرچ کچانى هونەرە جوانەکانى راپێچى مەسیرە و بۆنەکانى رژێم ده‌کرد، هەر قوتابیەک ئامادەنەبووایە لەبۆنەو مەراسیمەکانى بەعسا بەشدارى بکا، بەڕێز ئەنوەر قەرەداغى خۆى ئیخباریەى ده‌کرد و ئەمرى فەسڵى بۆ دەرده‌کرد، لەکاتێکا ئەو پاش راپەڕینیش هەر برایە پێشى پێشەوەو دەیانى وەک کاک کاروان عوسمان ناویان نەما، کاک کاروان ئەگەر لەسێدارەش نەدرایە هەر پاش راپەڕین لەلایەن حزبە ناسیۆنالیستەکانى کوردەوە دژایەتى ده‌کرا، مەخابن ئێستاش هەر کەسە ناجدیەکان نەک هەر لەبوارى هونەرا بەڵکو لە نووسین و ئەدەبیشا لەپێشى پێشەوەن، لە کاتێکا بەردەوام ریکلام بۆ نوسەرە بێتواناکان ده‌کرێ و بەباوەش کتێبیان چاپده‌کرێ ئەوانەى جدین و جوان ده‌نووسن ده‌بێ لەسەر حیسابى خۆیان کتێبێکى خۆیان بەچاپ بگەیەنن، هەر دەزگایەکى رۆشنبیرى و هونەرى کە لە کوردستانا هەبێ سیخناخە بەو کەسە ناجدى و ناشرین و کۆنە بەعسیانەى کەناشینترین رووکاریان هەیەو هەر ماون و لەوەش ده‌چێ هەر بمێنن، ئەوانەى وەک کاک کاروان یاخى بوون و هەڵوێستیان هەبووە لە رۆژگارى خۆیا هەردەم دژایەتى ده‌کرێن، لەکاتێکا ئەو نووسەر و هونەرمەندانەى پیاوى رژێم بوون لەپێشى پێشەوەن، بڕوانە هەر دەزگا و شوێنێکى بەناو رۆشنبیرى و هونەرى کوردستان، باشەکانیان ئەوانەن کەلەسەردەمى رژێما هەویەى خەفیفەیان پێ بووە. ئەگەر هەبن شڤان پەروەریان پێ هونەرمەندى میللەتى کورد بێ ئەوە ئێمەى گەنج کاروان عوسمان بە هونەرمەندى بە تواناى هەموو چەوساوەکانى میللەتى کورد ده‌زانین و داواکارین کە بە هەر هەموومان هەوڵ بەین کە پەیکەرێکى بۆ دروست بکەین.