٢٧\١١\٢٠١٦ کاسترۆی دیکتاتۆر و کاسترۆی شۆڕشگێڕی دژی ئیمپریالیزمی ئەمەریکا مرد!
کاسترۆ و کوبا شۆڕشی دژی ئیمپریالیزمی ئەمەریکایان لە قارەی ئەمەریکای لاتیندا کردە باو کە ٤٠ ساڵ ئابڵوقەی ئابوری و شەڕی چەتەی بەکرێگیراوی سی ئای ئەی چۆکی پێ دانەدا. کاسترۆ کوبای لەدەستی ئیمپریالیزمی ئەمەریکا ڕزگارکرد و بەڵایەک کە بەسەر وڵاتانی شیلی و بولیڤیا و باقی وڵاتانی تری ئەم کیشوەردا هات لە کوشتاری بەکۆمەڵ بەدەستی جەنەڕالەکانی سوپا و دروست بونی باندە و کارتێلە تلیاک فرۆشەکان لە کوبا دور کەوتەوە.
کوبا کۆپیەکی تر بەڵام جیاوازی مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتی بلۆکی سۆڤیەت بوو کە شەرعیەتی لە ڕابردوی شۆڕشێکی جەماوەریەوە وەرگرتبوو بەڵام ئەم جەماوەرە چیتر دەوریان لە دەسەڵاتدا نەبوو وە سیستەمی سیاسی تاک حیزبی دیکتاتۆریەتی خۆی بەناوی جەماوەرەوە درێژە پێدەدا.کوبا هەمان بنەما سیاسیەکانی دەوڵەتی بورژوازی سەدەی بیستی هەیە کە هەندێکیان بەناوی دیموکراسی هەڵبژاردن و هەندێکیان بەناوی دیموکراسی جەماوەری هەمان دەسەلاتی کەمینەی سیاسی بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگەدا دەسەپێنن.
بەڵام سیستەمی سیاسی کوبا ئەم بێ مافی سیاسی و نەبونی ئازادی سیاسیەی تێدا زەق و ڕاستەخۆیە بەهۆی ٥٠ ساڵ حاکم بونی کاسترۆ و حزبەکەیەوە. سەرەرای ئەوەی کە وێڕای ئابڵوقەی ئابوری ئەمەریکا و دیکتاتۆریەتی سیاسی لەم وڵاتەدا کوبا نمونەیەکی زیندوبونی نەریتی سیاسی و گوشاری جەماوەری شۆڕشگێڕانە لەسەر دەسەڵات دیارە لە دابینکردنی سیستەمی پێشکەوتوی خوێندن و تەندروستیدا کە لە ئاست و ستدانداری پێشکەوتوی جیهانیدایە.
لەگەڵ مردنی کاسترۆدا دنیا ماڵئاوایی لەسەردەمی ئەزمەی مۆدێلی دەوڵەتی سیاسیدایە چ مۆدێلی دیکتاتۆریەکەی کاسترۆ و چ مۆدێلی دیموکراسیەکەی ترامپ. ئەمە پرسیاری سەدەی ٢١ ە شۆڕش چی بەسەر دەزگای سیاسی دەوڵەت و خودی دەوڵەتدا دێنێ ؟سەدەی ٢١ سەدەی ئەو جۆرە شۆڕشگێڕیە دوو ڕوە نیە کە دیکتاتۆریەک دەگۆڕێت بە دیکتاتۆریەتێکی تر.
|