په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٢\٢٠٢٦

کاتێک دیموکراسی دەبێتە کاڵا.


ئەرسەلان مەحمود      


شەوی ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، تەنها چوار ڕۆژ پێش سوێندخواردنی سەرۆکایەتی، قەڵەمێک بەسەر کاغەزێکدا کێشا. ئیریک ترامپ، کوڕی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا، واژۆکەیەکی خستە سەر مامەڵەیەک نرخەکەی ٥٠٠ میلیۆن دۆلار بوو. لە تەنیشتییەوە، نوێنەرانی شێخ تەحنوون بن زاید ئاڵ نەهیان - ئەو پیاوەی لە میدیای ڕۆژئاوادا بە شێخی سیخوڕان ناسراوە - پۆزەخەندێکیان کرد. تەواو، مامەڵەکە تەواو بوو.

ئەو شەوە، ٤٩٪ی کۆمپانیای کڕیپتۆکەرنسی خێزانی ترامپ، بە دەزگایەکی ئیماراتی فرۆشرا. ١٨٧ میلیۆن دۆلار لەو پارەیە، ڕاستەوخۆ خرایە دەست خێزانی ترامپ. ٣١ میلیۆنی دۆلاری دیکەش درا بە خێزانی ستیڤ ویتکۆف - ئەو پیاوەی چەند ڕۆژێک دواتر دەبوو بە نێردراوی تایبەتی ترامپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

چی ڕوویدا؟


مانگێک دوای سوێندخواردن، تەحنوون سەردانی کۆشکی سپی کرد. لەگەڵ ترامپ و ویتکۆف کۆبۆوە. گفتوگۆیان لەسەر چیپسی زیرەکی دەستکرد کرد، ئەو تەکنەلۆژیایەی بەڕێوەبەرایەتی بایدن نەیدا بە ئیمارات بەهۆکاری مەترسی ئاسایشی نیشتمانی. چەند مانگ دواتر، ترامپ لە ئەبووزەبی ڕاگەیاند ئیمارات ساڵانە ٥٠٠,٠٠٠ دانە لەم چیپسە پێشکەوتووانە وەردەگرێت - بەشێکی باش لەو چیپسانە دەچنە کۆمپانیای G42، ئەو کۆمپانیایەی خۆی - شێخ تەحنوون سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرییەتی.

ئەم چیرۆکە دەتوانێت چیرۆکی گەندەڵییەکی ئاسایی بێت. بەڵام نا. ئەمە شتێکی گەورەترە. ئەمە ساتی هەڵدانەوەی پەردەکەیە، ئەوەی هەیە ئیتر بە ئاشکرایی لە پشتییەوە دەردەکەوێت. سیناتۆر ئیلیزابێث وارن ناوی لێنا گەندەڵی، ڕوون و ڕاشکاو. جێسی ئایسینگەر لە پرۆپۆبلیکا وتی: ئەم ئابڕووچوونە دەبێت لە ڕیزی گەورەترین ئابڕووچوونەکانی مێژووی ئەمریکادا بژمێردرێت. ئابڕوو چوونێک نە تەنها چیرۆکی کەسێک و خێزانەکەی. نیشانەی شکستێکی قووڵتر - شکستی بنەماکانی جیاکردنەوەی گشتی و تایبەتی، دەسەڵاتی سیاسی و بەرژەوەندی ئابووری، ڕێک ئەو پەیمانە نەنووسراوانەی دیموکراسی مۆدێرنی لەسەر بنیاتنراوە. بۆ تێگەشتنی قووڵتر لەم کێشە، پێویستە سەرەتا لە پرسیارێکی بنەڕەتیتر دەستپێبکەین.

باشە، دیموکراسی لە بنەڕەتدا چییە؟


کاتێک مێژوونووسان لە داهاتوودا ئاوڕ بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەک دەدەنەوە، ڕەنگە ئەم ساتانە بە خاڵەکانی وەرچەرخان لە تێگەشتنمان بۆ دیموکراسی بناسێنن. زۆر کەس وڵامی پرسیاری دیموکراسی چییە؟ بە بوونی هەڵبژاردن، یاسا، دامەزراوەکان دەدەنەوە. بەڵام ئەمانە تەنها دیووی دەرەوەی دیموکراسین. قووڵاییە فەلسەفییەکەی ئەوەیە دەسەڵات دەبێت خزمەتی بەرژەوەندی گشتی بکات، نەک سوودی کەسی. ئەمە بنەمایەکی ساکارە، بەڵام وەک زۆر بنەمای ساکار، لە کاتی جێبەجێکردندا دەئاڵۆزێکێت.

دۆخی مرۆڤ لە نێوان بەرژەوەندی گشتی و تایبەتیدا.


لێرەدا دەگەینە ناوەندی کێشەکە، ناوەندێک لە ڕاستیدا ناوەندی هەمیشەیی مێژووی مرۆڤایەتییە. هەموو سیستەمێکی سیاسی لەگەڵ ئەم ناکۆکییە بنەڕەتییەدا تێکۆشاوە: چۆن دەتوانین دڵنیابین لەوانەی دەسەڵاتیان هەیە و دەسەڵاتەکەیان چۆن بەکاریدەهێنن بۆ قازانجی هەموان، نەک تەنها بۆ خۆیان؟ فەیلەسووفان لە ئەفلاتوونەوە تا مارکس و بەردەوام تا ئێستا، هەمووان ئەم پرسیارەیان لە شێوەی جیاجیادا دووبارە کردووەتەوە.

ئەفلاتوون لە کۆمار دا خەیاڵی ئەوەیدەکرد فەرمانڕەوایانی فەیلەسووف ئەو کەسانەن لە ڕێگەی پەروەردەوە خۆیان لە خواستە کەسییەکان ئازادکردووە و تەنها بیریان لە قازانجی گشتی کردوەتەوە. بەڵام چ زوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەرکەوت ئەمە خەیاڵێکی دوور لە واقیعە. مرۆڤ بە سروشت خاوەنی خواست و بەرژەوەندی کەسییە و دەسەڵات لە جیاتی ئەوەی ئەم خواستانە کەمبکاتەوە، زۆر جار بەپێچەوانەوە بەهێزتریان دەکات.

ئەو بیرۆکەیەی ئێمە لێرەدا ناوی دەنێین جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان. مۆنتێسکیۆ و بیرمەندانی سەردەمی ڕۆشنبیری تێگەشتن لەوەی چارەسەری ئەم کێشە ئەوە نییە هیوا لەسەر مرۆڤی بێگەرد هەڵبچنین، بەڵکوو بەوەیە سیستەمێک دابنێین تەنانەت کەسانی بەرژەوەندیخوازیش نەتوانن بە ئاسانی سیستەمەکە بۆ سوودی خۆیان بەکاربهێنن. ئەمە فەلسەفەی بنەڕەتی سیستەمی ئەمریکایی بوو: دامەزراوەکان بەهێزترن لە کەسەکان و دەسەڵات بەجۆرێ بەشکراون هیچ لایەنێک ناتوانێت ببێتە دیکتاتۆر یان گەندەڵی بکات.

ڕەهای بازاڕ و کەوتنی سێ ئاسمان.


بەڵام ئەوەی ئێستا لە ئەمریکا ڕوودەدات شتێکی زۆر جیاوازترە لە هەموو ئەوەی پێشتر بینراوە. جیهانیان ئەمڕۆ تەنها گەندەڵییەکی کەسی نا، بەڵکوو گۆڕانێکی بنەڕەتی لە بنیاتی سیستەمەکەدا دەبینن. بۆ تێگەشتن لەمە، با بگەڕێینەوە بۆ پرسیارێکی فەلسەفیتر: بازاڕ لە سەردەمی ئێستادا چ واتایەکی هەیە؟

لە ئابووری کلاسیکیدا بازاڕ شوێنێکبوو بۆ ئاڵوگۆڕ و بڵاوکردنەوەی کەلوپەلی مادی و خزمەتگوزاری ئابووری. بەڵام لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا بازاڕ فراوانتر بووە. ئێستا نەک تەنها شت و مەک و خزمەتگوزاری، بەڵکوو زانیاری، کاریگەری، باوەڕ، تەنانەت سیاسەت تێیدا بوونەتە کاڵا. ئەمە ئەوەیە فەیلەسووفان ناویانناوە بە بازاڕیکردنی هەموو شتێک - ئەو پرۆسەیەی لە ڕێگەیەوە هەموو لایەکانی ژیانی مرۆڤ دەگۆڕدرێن بۆ کاڵایەک دەکرێت بکردرێت و بفرۆشرێت.

مایکڵ ساندێل، فەیلەسووفی هارڤارد، لە کتێبەکەی "ئەوەی پارە ناتوانێت بیکڕێت"دا هۆشداری لەسەر مەترسییەکانی ئەم پرۆسە دەدات. کاتێک هەموو شتێک دەبێتە کاڵا، ئەوا بەها مرۆییەکانی وەک ڕاستگۆیی، سەرداری گشتی، پاکیزەیی لەناودەچن. بەڵام ئەوەی ئێستا لە ئەمریکادا دەیبینین تەنانەت لەمەش سەروتر دەچێت: دەسەڵاتی سیاسی خۆی بووەتە کاڵایەک لە بازاڕی جیهانیدا دەفرۆشرێت.

کڕیپتۆکەرنسی وەک ئامرازی نوێی هەڵاتن لە یاساکان.


کڕیپتۆکەرنسی لە سەرەتادا وەک ئامرازێک بۆ ئازادی دارایی دەبیندرا و دەناسرا - ڕێگەیەک بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێ پارە بگوێزێتەوە بێئەوەی بکەوێتە ژێر چاودێری حکومەت یان تەنها بانکەکان بتوانن ئەم کارە بکەن. بەڵام وەک زۆر داهێنانی تری تەکنەلۆژی، ئەو شتەی بۆ ئازادکردن دروستکرا، دەتوانێت ببێتە ئامرازی کۆنترۆڵکردن و گەندەڵکاری مەترسیدار.

بیرۆکەکە ئاسانە بۆ تێگەشتن. لە ماوەی دەیان ساڵدا، یاساکانی ئەمریکا سنووری توندیان لەسەر وڵاتانی بیانی یان کەسانی بیانی دانابوو ئاخۆ دەتوانن چەندە پارە بدەنە کەمپەینی سیاسی لە ئەمریکا. ئەمە بۆچی؟ لەبەر ئەوەی کاتێک پارەی بیانی دێتە ناو سیستەمی سیاسییەوە، سیادەی نیشتمانی دەکەوێتە مەترسییەوە. بەڵێ بریارەکان دەدرێن بەڵام نەک بەپێی بەرژەوەندی ئەمریکا، بەڵکوو بەپێی بەرژەوەندی ئەوانەی پارەکەیان داوە. بەڵام کڕیپتۆکەرنسی ڕێگەیەکی نوێی بۆ خۆدزینەوە لە یاساکان کردووەتەوە.

کاتێک پارە بە شێوەی دیجیتاڵی و بێناسنامە دەنێردرێت بۆ کۆمپانیایەکی خێزانی سەرۆک، ئەوا ئەم پارەیە ئیتر لە چوارچێوەی یاساکانی قەدەغەکردنی پارەی کەمپەیندا نایەت. بە شێوەیەکی تەکنیکی، ئەمە وەبەرهێنانە لە بازرگانییەکی تایبەتیدا، نەک بەخشینێکی سیاسی. بەڵام لە واقیعدا، ئەمە جیاوازی چییە؟ کاتێک ئەو بازرگانییە خاوەنەکەی سەرۆکە و ئەو وەبەرهێنانە پێش بریاری سیاسی دەکەوێتەوە، ئەوا سوودی ڕاستەوخۆی هەیە بۆ وەبەرهێنەرەکە - بێگومان ئەمە لە جەوهەردا بەرتیلە.

تێکچوونی بەستێنە ئەساسییەکان.


ئێمە ئێستا تەماشای شتێک دەکەین دەتوانین ناوی بنێین تێکچوونی بەستێنەکان. بەستێن ئەو پێکهاتە نەنووسراوانەن کۆمەڵگەیان لەسەر بنیاتنراوە. لە جۆراوجۆری بەستێنەکاندا، سێ بەستێنی بنەڕەتی هەیە و دیموکراسی مۆدێرنیان لەسەر دامەزراوە.

بەستێنی یەکەم ئەوەیە: ئەوانەی دەسەڵاتیان هەیە بۆ بریاردان لەسەر سیاسەتی گشتی، ئەرکیانە ئەو بریارانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی بدەن، نەک بەرژەوەندی کەسی. ئەمە واتە کاتێک وەزیرێک یان سەرۆکێک بریارێک دەدات، هۆکارەکە دەبێ تەنها بەرژەوەندی وڵات بەرچاو بگرێت، نەک دەوڵەمەندبوونی خۆی. ئەگەر ئەم بەستێنە بشکێت، ئەوا تێکەڵەبوونێک ڕوودەدا و ناتوانین نێوان بریاری سیاسی و مامەڵەی بازرگانی جیابکەینەوە.

بەستێنی دووەم ئەوەیە: دامەزراوە سەربەخۆکانی دەوڵەت وەک دادگاکان و فەتیشگەرە گشتییەکان و میدیای سەربەخۆ، دەتوانن چاودێریکردن و سزادان ئەنجامبدەن کاتێک ئەم بەستێنە دەشکێت. بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەوەیە ئەم دامەزراوانە خۆیان تووشی نەخۆشییەکە بوون، چونکە بە سیاسیکردنیان کاریگەری لەسەریان داناوە.

بەستێنی سێیەم ئەوەیە: خەڵک متمانەیان بە سیستەمەکە هەیە. دیموکراسی تەنها بە یاسا و دامەزراوە کارناکات، بەڵکوو باوەڕی گشتی بە سیستەمەکە بە دادپەروەری کاردەکات. کاتێک ئەم باوەڕە لەناودەچێت، دیموکراسی خۆی، تەنانەت لەگەڵ مانەوەی شێوە دەرەکییەکەیشی وەک هەڵبژاردن، بە شێوەیەکی بنەڕەتی زەرەرمەندی یەکەم دەبێت.

تێکچوونی ڕەهای نیۆلیبراڵی.


ئەوەی لە ئەمریکادا ڕوودەدات بەشێکە لە گۆڕانکارییەکی گەورەتر لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا لە سەرتاسەری جیهاندا ڕوویداوە. لە ماوەی دوای شەڕی جیهانی دووەمەوە تا کۆتایی هەشتاکان، باوەڕێک هەبوو بەوەی دەوڵەت دەبێت ڕۆڵی گرنگی هەبێت لە ڕێکخستنی ئابووری و پاراستنی خەڵک لە بێدادی بازاڕ. بەڵام لەگەڵ سەرکەوتنی بیرو باوەڕی نیۆلیبراڵی لە هەشتاکان و نەوەدکاندا، ئەم باوەڕە گۆڕا. بیرۆکەی نوێ ئەوە بوو بازاڕ باشترین ڕێکخەرە و دەوڵەت دەبێ کەمترین کارتێکردنی هەبێت.

ئەمە لە ڕوێکەوە وەک ئازادی و کارایی دەرکەوت. بەڵام لە کۆتاییدا، بە بازاڕکردنی هەموو شتێک - تەنانەت ئەو شتانەش نابێ بە کاڵا بکرێن وەک تەندروستی، پەروەردە، ئاو، هەوا، تەنانەت دادپەروەری - هەموویان بوون بەو شتەی دەکرێت بکردرێت و بفرۆشرێت. ئێستا ئەم مەنتقە گەیشتووەتە کۆتاییە لۆژیکییەکەی: دەسەڵاتی سیاسی خۆی بووەتە کاڵا.

ڕۆڵی تەکنەلۆژیا لە ئاسانکردنی تێکچوون.


تەکنەلۆژیا ڕۆڵی جیاوازی لەم پرۆسەدا گێڕاوە. لە لایەک دەرفەتی خستووەتە بەردەم خەڵک تا توانای زیاتریان هەبێت لە دەستگەیشتن بە زانیاری و بەشداریکردن لە کاروباری سیاسیدا. بەڵام لە لایەکی دیکە، هەمان ئەم تەکنەلۆژیایە ئامرازی نوێی خستووەتە بەردەست کەسانی دەسەڵاتدار بۆ خۆدزینەوە لە یاساکان و شاردنەوەی کارەکانیان.

کڕیپتۆکەرنسی نموونەیەکی تەواو لەم دووانەیە. لە لایەک، بەڵێنی ئازادی دارایی و سەربەخۆیی لە بانکە گەورەکان دەدات. بەڵام لە لایەکی دیکەوە، دەبێتە ئامرازێک بۆ شاردنەوەی پارە، خۆدزینەوە لە باج و کاریگەری دانان لەسەر بریارە سیاسییەکان بێئەوەی بتوانرێت بە ئاسانی بناسرێتەوە.

ئەمە خاڵێکی فەلسەفی گرنگە و پێویستە لەسەری بوەستین. تەکنەلۆژیا هەرگیز بێلایەن نییە. هەر تەکنەلۆژیایەک بنەمایەکی ئایدۆلۆژی لەخۆدەگرێت لە دیزاینەکەیدا. کاتێک کڕیپتۆکەرنسی دیزاین کرا بە شێوەیەک بتوانێت نەناسراوی بهێنێتە ئاراوە، ئەمە بڕیارێکی ئایدۆلۆژی بوو لە کۆتاییدا هەلی خستە بەردەست ئەوانەی دەیانەوێت لە ژێر پەردە و بەدزییەوە کاربکەن.

پرسیاری بنەڕەتی - دیموکراسی یان کاپیتاڵیزم؟


ئێستا دەگەینە ناوەندی فەلسەفی ئەم کێشە. دەیان ساڵە ڕۆژئاوا باوەڕی بەوە هەیە دیموکراسی و کاپیتاڵیزمی بازاڕی ئازاد، هاوپەیمانی سروشتین، دوو لایەنی یەکدراوە. بەڵام ئەوەی ئێستا ڕوودەدات ئەم فەرزییە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. دەکرێت کاپیتاڵیزمی بێسنوور، لە واقیعدا، دوژمنی دیموکراسی بێت؟

با ئەمە بە شێوەیەکی ڕوونتر ڕوونبکەینەوە. دیموکراسی لەسەر بنەمای یەکسانی سیاسی بنیاتنراوە: هەر کەسێک یەک دەنگی هەیە، بێگوێدانە دەوڵەمەندی یان هێز. بەڵام کاپیتاڵیزم لەسەر بنەمای نایەکسانی ئابووری بنیاتنراوە: ئەوانەی سامانیان زیاترە، کاریگەرییان زیاترە. کاتێک سامانی ئابووری دەتوانێت ڕاستەوخۆ بگۆڕدرێت بۆ دەسەڵاتی سیاسی، ئەوا بنەمای یەکسانی سیاسی تێکدەچێت.

ئەمە ناکۆکییە بنەڕەتییە لە مێژووی سیاسی ڕۆژئاوادا هەمیشە هەبووە، بەڵام بە شێوەیەکی تێکەڵ کەمکراوەتەوە. لە نێوان ١٩٣٠ بۆ ١٩٨٠، وڵاتانی ڕۆژئاوا سیستەمێکیان دامەزراند و ناویان لێنا کاپیتاڵیزمی کۆمەڵایەتی یان ڕەهای هاوسەنگ، تێیدا دەوڵەت ڕۆڵی بەهێزی هەبوو لە سنووردانانی کاریگەری سامانی ئابووری لەسەر سیاسەت. بەڵام لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا، ئەم سنوورانە لاواز کراون، تاگەیشتینە ئەو خاڵەی ئێستا دەیبینین: دەسەڵاتی سیاسی لە بازاڕدا دەفرۆشرێت.

کێشەی ئیستعمار و چینایەتی.


بۆ تێگەشتنێکی هێشتا قووڵتر، پێویستە ئاوڕ لە ئاستی دیکەش بدەینەوە. کێشەی ترامپ و ئیمارات تەنها کێشەیەکی ئەمریکایی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە نەخشەیەکی گەورەتری جیهانی لە پەیوەندییە دەسەڵات-سامانەکاندا.

لە ڕووی ئیستعماریەوە، زۆر سەرنجڕاکێشە...  ئیمارات خۆی وڵاتێکە بەرهەمی ئیستعماری بریتانی و دوای ئەوە سەربەخۆیی وەرگرتووە، چۆن ئێستا گەیشتووەتە ئاستێک دەتوانێت کاریگەری لەسەر سیاسەتی ئەمریکا دروستبکات لە ڕێگەی سامانەوە. ئەمە گۆڕانێکی بنەڕەتییە لە پەیوەندی هێزە جیهانییەکان. لە ماوەی سەدەی بیستەمدا، هێز بە شێوەی سەربازی و سیاسی دەرکەوت. بەڵام لە سەدەی بیست و یەکدا، هێز زیاتر بە شێوەی دارایی دەردەکەوێت.

لە ڕووی چینایەتیەوە، ئەم کێشە ئەوە نیشاندەدات چینە حاکمەکان لە جیهاندا - چ لە ئەمریکا چ لە ئیمارات چ لە هەر شوێنێکی دیکە - زیاتر پەیوەندیان بە یەکترییەوە هەیە وەک لە پێشتر. ترامپ و شێخ تەحنوون لە هەمان چینن - چینی سوپەر دەوڵەمەندەکان، ئەوانەی جیهان وەک بازاڕێکی گشتی دەبینن و تێیدا دەتوانن دانوستان بکەن بۆ بەشکردنی سامان و دەسەڵات. ئەو چینەی ناوەڕاست و خوارەوەی ئەمریکا یان ئەو کرێکارە بیانییانەی لە خلیجدا کاردەکەن، هەردووکیان لە دەرەوەی ئەم دانوستانەدان.

داهاتوو - دوو ڕێگە بۆ پێشەوە.


ئێستا با بگەڕێینەوە بۆ پرسیاری بنەڕەتی: بەرەو کوێ دەڕۆین؟ بە گوێرەی مێژووی بیرکاری سیاسی، دوو ڕێگەی سەرەکی لەبەردەمماندان. ڕێگەی یەکەم- دەتوانین ناوی بنێین ڕێگەی تێکچوونی بەردەوام - ئەوەیە بەردەوام بین لەسەر هەمان ڕێڕەو. لەم حاڵەتەدا، ئەو نموونانەی ئێستا دەیانبینین - کڕین و فرۆشی دەسەڵاتی سیاسی، تێکەڵبوونی بەرژەوەندی گشتی و تایبەتی، لاوازبوونی دامەزراوە سەربەخۆکان - بەردەوام دەبن و قووڵتر دەبنەوە. مێژوو پێمان دەڵێت ئەم ڕێگەیە کۆتاییەکی ناخۆش و مەترسیداری هەیە. کۆمار و ئیمپراتۆرییەتە گەورەکانی مێژوو - ڕۆمان، عوسمانی، بریتانیا - هەموویان بە هەمان شێوە دەستیان بە کەوتنکرد: کاتێک بژاردەکان گەندەڵبوون و سیستەمەکە توانای چاکبوونەوەی خۆی لەدەستدا.

ڕێگەی دووەم - دەتوانین ناوی بنێین ڕێگەی نوێکردنەوەی بنەڕەتی - پێویستی بە هەنگاوە ئەستەمە گەورەکان هەیە. ئەمە واتە دووبارە دروستکردنەوەی بەستێنەکان، بەهێزکردنەوەی دامەزراوە سەربەخۆکان، دانانی سنووری توندتر لەسەر کاریگەری سامان لەسەر سیاسەت و گرنگتر لە هەموویان، نوێکردنەوەی باوەڕی گشتی بە سیستەمەکە. بەڵام ئەمە کارێکی زۆر سەختە، لەبەر ئەوەی پێویستی بەوە هەیە ئەو کەسانەی لە سیستەمی ئێستادا دەستیان لە دەسەڵاتە، خۆیان ڕازیبن بە لاوازکردنی دەسەڵاتی خۆیان. مێژوو پێمان دەڵێت ئەمە بەدەگمەن ڕوودەدات، مەگەر ئەوەی فشارێکی گەورە لە خوارەوە هەبێت.

ئەرکی ئێمە.


هەرچەند ئەم شیکارییە قووڵە و ڕەنگە نائومێدکارانەش بێت، بەڵام پێویستە لە بیرمان نەچێت مێژوو شتێکی دیاریکراو نییە. ئێمە ئەوانەین مێژوو دروستدەکەین و دەتوانین دەستمان هەبێت لە دروستکردنی بریارەکاندا. هەر کەسێک لە شوێنی خۆیدا کاریگەری هەیە.

بۆ ئەوانەی هێزی سیاسییان هەیە - یاساساز، دادوەر، ڕۆژنامەنووس، چالاکوان - ئەرکیان ئەوەیە بەردەوام بن لە ڕوونکردنەوەی ئەم کێشانە و فشار هێنان بۆ گۆڕانکاری. بۆ ئەوانەی بەشداری ڕاستەوخۆیان لە سیاسەتدا نییە، ئەرکیان ئەوەیە هۆشیاری خۆیان بپارێزن، باوەڕ بە خورافیات نەکەن و بەشداری بکەن لە دامەزراندنی کۆمەڵگەیەک کە تێیدا بەرژەوەندی گشتی لە پێشەوەیە.

ئەوەی لە ئەمریکادا ڕوودەدات، هۆشداریەکە بۆ هەموو جیهان. ئەگەر دیموکراسی لە بەهێزترین دەوڵەتی جیهاندا دەتوانێت بەم شێوە تێکبچێت، ئەوا هیچ شوێنێک بێمەترسی نییە. ئەمە دەنگی زەنگی هۆشیارییە بۆ هەموومان. ئەو بنەمایانەی دیموکراسییان لەسەر بنیاتنراوە - یەکسانی، دادپەروەری، بەشداری، شەفافیەت - هەرگیز نابێ ئاسایی وەربگرین. ئەمانە بەخشەی دەسەڵات نین، بەڵکوو بەرهەمی تێکۆشانی نەوەکانی پێشوون و پاراستنیان ئەرکی نەوەی ئێستایە.

دواجار، ئەوەی لە ئەم کێشەیەدا دەیبینین، تەنها کێشەی ترامپ یان ئیمارات یان کڕیپتۆکەرنسی نییە. ئەمە پرسیارێکی قووڵتر و بنەڕەتیترە: چ جۆرە کۆمەڵگەیەکمان دەوێت؟ کۆمەڵگەیەک تێیدا هەموو شتێک - تەنانەت دەسەڵاتیش - کاڵایە و دەکرێت بکردرێت و بفرۆشرێت؟ یان کۆمەڵگەیەک تێیدا هەندێک بەها - دادپەروەری، ڕاستگۆیی، سەرداری گشتی - لە دەرەوەی بازاڕن و ناتوانرێت نرخیان بۆ دابندرێت؟ وڵامی ئەم پرسیارە دیاریدەکات ئایا ئێمە دەتوانین دیموکراسی بپارێزین، یان ئەوەی دەیبینین سەرەتای کۆتاییە.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک