په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٣\٢٠١١

کاتێک کە مردووەکان دێنە گۆ.*


هەژێن


بەرایی: کەس گەمژە نییە، بێجگە لەوانەی کە پێیانوایە، کەسانی دەرەوەی بازنە ڕامیاریی و ڕۆشنبیرییە دەستەبژێرییەکانی خۆیان گەمژەن و بۆ گوزەراندنی ژیان و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی خۆیان پێویستیان بە شوانەیی ئەوان هەیە. لێرەدا مەبەستم کەسێک، دەستەیەک یا پارتێکی دیاریکراو لە دەسەلاتخوازان نییە، بەڵکو مەبەستم هەموو ئەو کەس و لایەنانەیە، کە بۆ سەرمایەگوزاری ڕامیاریی لەسەر خرۆشان و لەخوێنگەوزانی نارازییانی کۆمەڵگە کەوتتونەتە پێشبرکێ و پاشقوڵ لەیەکگرتن و نووسینەوەی مانیفێست و وانەوتنەوە بە خەڵکانی دەرەوەی بازانەکانی دەستەگەریی خۆیان.


لەبەرئەوەی پێشتر، لەمەڕ مانیفێستی دەستەبژێری پۆستمۆدینیستە تەکنۆکراتخوازەکان و کۆمپانیا و لیستی نەوەی سێیەمی جەلالیزم (کۆمپانیای وشە و لیستی گۆڕان) بۆچوونی خۆم لە زۆر بۆنەدا دەربڕیوە، بۆیە لێرەدا لە دووبارەکردنەوەی وەها کارێک خۆم لادەدەم و خۆشم لە دەستچنکردنی ئەو وتارانەی کە لەو دووبازنەدا دەسوڕێنەوە لادەدەم و تەنیا ئاوڕ لە دەستەیەکی بەڕواڵەت ناکۆک و ڕادیکالی ئاراستە دەسەڵاتخوازەکان دەدەمەوە، کە بە گومانی خۆیان لە خۆکاندیتگەرانی دەسەڵات و نوێنەرانی سیستەمی چینایەتی و ئۆپۆزسیۆنە فەرمییەکەی، جیاوازن.


هەڵبەتە لێرەدا ئەوەندەی مەبەستم ئاراستەکردنی پرسیار و خەریککردنی خوێنەرە بە وردبوونەوە لە پرسەکان و دیاردەکان و هەوڵە ڕامیارییەکان و بانگهێشتی خوێنەرانی هێژایە بۆ سەر مێزگردی لێدوان و بۆچوون گۆڕینەوە، ئەوەندە مەبەستم هەڵدانەوەی هەزاران بەیاننامەی لەبارچوو و ناجێگیری و کاتییبوون و ناکۆکبوونی هەڵویستەکانی ئەم ڕەوتە مارکسیستە دەسەڵاتخوازە (کۆمونیزمی کرێکاری - ک.ک) لە ڕووداوەکانی 20 ساڵی ڕابوردوودا نییە، کە نەک تەنیا کاتی من، بەڵکو ئەگەر کاتی هەموو ڕەخنەگرانی ئەم ڕەوتە بۆ کۆکردنەوە و بەراوردی بەیاننامە تەمەن چەند چرکەییەکانی تەرخان بکرێت، هێشتا فریا ناکەوین و لەو بڕوایەشدام زۆرێک لە لایەنگرانی، فریای خوێندنەوە و بەراوردی بەیاننامە و هەلوێستەکانی پارت و باڵەکانی خودی ڕەوتەکە نەکەوتبن.


بۆیە لێرەدا دوو نموونە لە پەیوەند بە ناڕەزایەتییەکانی هەنووکەی کۆمەڵگەی کوردستان هەڵدەبژێرم؛ وتاردان و دروشمەکانی «کۆمونیزمی کرێکاری - خەسرەو سایە» لە مەیدان ئازادی و مانیفێستی «ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری» لەمەڕ بارودۆخی ئێستای کوردستان، کە دیارترین قسەوباسی ئەم ڕەوتەن لە سایت و مەیداندا. بۆ ئەوەی کە سەرنج و پرسیارەکان لە زنجیرەیەکی بەدوای یەکدا هاتوودا دەرکەون و هەردوو باڵی ڕەوتەکە بگرنەوە، لە تازەترینیانەوە دەستپێدەکەم.


هەرچەندە وەڵامێکی کورتیش بۆ کادیرە خۆبەرابەرزانەکانی ئەم ڕەوتە، کە دوو هەفتەیە پەیتا پەیتا لە کەنەدا و ئەروپا و ئوسترالیا و تورکییەوە، ژنان و کۆمونیستەکان و ئازادیخوازان بۆ پاشڕەوی و گوێڕایەڵی بانگەواز دەکەن، بەپێویست دەزانم، بەڵام لەبەر دریژبوونەوەی بابەتەکە، ناچارم واز لەو ئاوڕدانەوەیە بهێنم و داوا لە ڕابەرانی بانگەوازکەر بکەم، بەڵکو بانگەوازەکانیان وەربگێڕنە سەر زمانی ئینگلیزی، تاوەکو هاوبیرەکانیان خەم بۆ وەجاخکوێری کارل مارکس لە خۆرهەڵاتی ناویندا نەخۆن! لەملاشەوە ئیتر پێویست ناکات من یا کەسێکی دیکە، ئەو ئەرکە بکێشێت وەک نوکتە بۆ ئاخێوەرانی زمانەکانی دیکەی بگێڕێتەوە و بەو جۆرە ئەرکەکەمان سووکتر دەبێت و ئەوەندە بەسە لەسەر دەقی کوردی بانگەوازەکان بنووسین: «بەبێ توانج، خوێنەری هێژا، پێمەکەنە ...».


وەک هەمووان ئاگادارن، ڕەوتی (کۆمونیزمی کرێکاری) لە ڕاپەڕینی ئازاری 1991دا بە دروشمی «ئازادی، یەکسانی، حکومەتی کرێکاری» لە کۆمەڵگەی کوردستاندا دەرکەوت. پاش چەند ساڵێک لە فوکردنەخۆ لە بەیاننامە و وتارەکانیاندا و پوکانەوەی پارتێک کە بۆ ڕزگارکردنی ڕێکخراوەکانی پێش بە پارتبوونی ئەو ڕەوتە پێکهات، دروشمەکەیان گۆڕی و کردیانە «حکومەتی سۆشیالیستی» و «کۆماری سۆشیالیستی». کاتێک کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی کوردستاندا، خۆقەبەکردن و پاگەندەی هێزی سێیەمیان مایەپوچ دەرچوو، جارێکی دیکە دروشمەکەیان گۆڕی و کردیان بە «حکومەتی سکیولار» [سکیولاریست دروستە] و پاشان کە لە نەزۆکی تێزەکە دەسەلاتخوازانەکانیاندا نائومێدی باڵی بەسەر ئەندامانی خوارەوەی ڕێکخستەکانیاندا کێشا و وەک نارنجۆک پارتەکەیان بوو بە هەزار پارچەوە، دیسانەوە کاژێکی دیکەیان گۆڕی و دروشمەکەیان گۆڕی بە «کۆماری ئینسانی» و ئەمەش زۆری نەخایاند بەدەم ڕەشەبایی ڕووداوەکانەوە لەم ڕۆژانەدا دیسانەوە کەوتوونەتەوە کاژگۆڕین و لەلایەک مانیفێست دەردەکەن و لەلایەک لە بەرامبەر حکومەتی تێکنۆکراتەکان، کەوتوونەتە بەرزکردنەوەی دروشمی «حکومەتی نوێنەرایەتی»...


ئەگەر ئەم کاژگۆڕینە بۆ ئەندامانی گوێرایەڵی پارتەکانی ئەو ڕەوتە جێی پرسیار نەبێت و کارایی داچلەکاندنی ئەندامان و لایەنگرانی لە پاشڕەوی شوانە ڕامیارەکان نەبێت، ئەوا لای چاودێران و خوێنەرانی بەسەرنج کۆمەڵێک پرسیار و سەرنجی کەڵەکە کردووە، کە دەکرێت ئەمانە هەندێکیان بن:


جیاوازی نێوان یەک بە یەکی ئەو نیودەرزەنە حکومەتە ڕواڵەت جیازاوازە چییە؟
ئەگەر جیاواز نین، ئەدی پێداویستی و هاندەرەکانی فۆرمۆڵبەندی دروشمە سەرەیاییەکە، کە خودی ڕەوتەکە وەک بەردی بناخەی جیاوازی خۆی لەتەک ڕەوتەکانی دیکەی بزاڤی کۆمونستی (پڕۆ مارکس، ئەنگلس، لێنین) پێناسەی دەکرد، چییە؟
لێرەدا بۆ منی خوێنەر و چاودێری گۆڕانەکانی ئەو ڕەوتە لە دوو ئەگەر بەدەر نین؛ یا ئەو دروشمانە جیاوازن و وازهێنانن لە دروشمە سەرەتاییەکە «ئازادی، یەکسانی، حکومەتی کرێکاری»، یا هەمان ناوەڕۆکیان هەیە و تەنیا بەمەبستی خەڵەتاندن و فێڵکردنن لە جەماوەری ناڕازی دەیانگۆڕن!
ئەگەر لەوەڵامدا دەڵێن، نەخێر. ئەوا بیانەوێت و نەیانەوێت، دان بەوەدا دەنێن، کە بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕامیارییەکانی خۆیان، خەڵک لە خشتە دەبەن. خۆ ئەگەر جیاواز بن و بە گەشە و بەرەوپێشوونی هزری و ئایدیۆلۆجی ڕەوتەکەیان هەژماری بکەن، ئەوا ئێمەی خوێنەر و چاودێر یا جەماوەرێک کە ئەوان پێییانوایە بەبێ شوانەیی پارت و سەرکردەکانی ئەوان، توانای خۆڕزگارکردن و گەییشتنی بە کۆمەڵگەی سۆشیالسیتی نییە، مافی خۆمانە بزانین، ڕەتکردنەوەی دروشمە کۆنەکان و داهێنانی دروشمە تازەکان لەسەر چ بنەمایەک ڕوودەدەن؟ چ ناکۆکییەک یا تەباییەکیان لەتەک کۆمەڵگەی بەلێندراوی ژێر سایەی حکومەتە کاژگۆڕەکانی ئەوان، هەیە؟
ئایا «حکومەتی کرێکاری»، تەنیا میرایەتی کرێکارانە بەسەر کۆمەڵگەدا؟
ئەگەر وەڵام ئەرێیە، ئەدی چین و توێژە نا بۆرجوازییەکانی دیکە چی و لە کۆمەڵگەی داهاتوودا چ ڕۆلێکیان دەبێت؟
ئازادی، چ ڕەهەندیکی هەیە و لەو کۆمەڵگە ئازادەدا کە ئەوان لە بارەیەوە بەڵێن دەبەخشنەوە، ئەگەر هاتوو دانیشتوانی ناوچەیەک، خوازیاری شێوازێکی دیکەی بەرێوەبردن و ڕێکخستنی کۆمەڵگە بوو، وەک ئەوەی کە لە ئۆکرانیای 1917-1921 یا کڕۆنشتات ڕوویدا، هەڵوێستی پارتی پێشڕەو و ڕابەرانی کۆمونیزمی کرێکاری و حکومەتەکەیان چی دەبێت؟
ئەگەر وەڵام ئەرێییە، چ بەڵگە و پێشمەرجێکی بەرنامەیی بۆ سەلماندنی ئەو ئەرێیە هەیە؟
یا بۆ نموونە ناوچەی شارەزوور، دەنگ بە ئیسلامییەکان دەدەن و خوازیاری خەڵافەتی ئیسلامی دەبن، ناوچەی هۆرامان خوازیاری ئۆتۆنومی خۆیان و خوێندن و بەکاربردنی زمانی خۆیان لە بەڕێوەبەرایەتیدا بن، کەرکووک نەیەوێت بە بەڕێوەبەرایەتی ناوەند و هەرێمی کوردستانەوە پەیوەست بێت، میرایەتی نوێنەرایەتی (کۆمونیزمی کرێکاری) چ بریارێک دەدات، پەسەندی ئازادی و مافی ڕەوای تاکیی و جڤاکییان دەکات یا بڕیاری لکاندنەوە و گێڕانەوەی بڕیارەکان بۆ ناوەندی نوێنەرایەتی بە زۆر دەسەپێنێت؟
«یەکسانی»، ئایا هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە جوتیار و کرێکار و بێکار و خوێندکار و کەمئەندام و فەرمانبەر و مامۆستا و کەمایەتییەکان و ڕابەرانی پارت و نوێنەرانی هەڵبژێردراو لە بڕیاردان و بەرێوەبردن و جێبەجێکردندا یەکسان دەبن؟ ئەگەر وەڵام ئەرێیە، بە چ میکانیزمێک و لەسەر چ بنەمایەک؟
«کۆماری سۆشیالیستی» چییە و سیستەم و پێکهاتەی بنەما ئابووریی و ڕامیاریی و کارگێڕییەکانی کامانەن؟
ئایا میرایەتی هەر کەسێکە، کە خۆی بە سۆشیالیست بزانێت؟
جیاوازی بنەما ئابوورییەکانی لەتەک کۆمارە سۆشیالیستییە ماویست و کاسترۆئیست و خۆجەئیست و ئیستەکانی دیکە چییە؟
لە بنەمای ئابووریی و ڕامیاریی و کارگێڕییدا، چ جیاوازییەکی لەتەک هەنگاوە پراکتیکییەکانی سۆشیالیزمی لێنین و ستالین و پاشڕەوەکانی دیکەیاندا هەیە؟
«حکومەتی سکیولار» [کوردییە کەی دەکاتە: میرایەتی سکیولاریست]، پەیوەندی بە کۆمونیزمەوە چییە؟
ئەگەر پەیوەندیدارە، ئایا دەتوانین میرایەتیییەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا و ئوسترالیا و کەنەدا و تورکیە، بە سۆشیالیستی یا کۆمونیستی ناوبەرین؟
ئەگەر نا، دەکرێت بزانین چۆن و بۆچی جێگەی میرایەتییە کرێکاریی و کۆمارە سۆشیالیستییەکەی کۆمونیزمی کرێکاریی گرتەوە؟
بنەما ئابوورییەکانی «میرایەتی سکیولاریست» چین و پشت بە چ سیستەمێکی ڕامیاریی و کارگێریی دەبەستێت؟
میرایەتی سکیولاریست چییە، ئایا میرایەتییەکان بەخۆیان بە سکیولارستی لەداکبوون و هاتوونەتە ئارا؟
ئەگەر نا، ئەدی بەرهەمی (چی)ن و بۆچی هاتوونەتە ئارا؟
ئایا ئاوا ، کە بۆ لێنینیست، ستالینیست، مائۆئیست، کاسترۆئیستەکان، میرایەتی پارتی کۆمونیست بە نێوی قۆناخی یەکەمی کۆمونیزم دادەنرا و بە پێویست دەزانرا، ئایا میرایەتی سیکیولاریست، لای حیکمەتیستەکان، بە پێشمەرجی شۆڕشە قورمیشییەکەیان دادەنرێت و پێویستە کۆمەڵگە نا ئەوروپی و کریستییەکان تێپەڕی بکەن؟
«جمهوری ئینسانی» [کوردییەکەی دەبێتە : کۆماری مرۆیی] چییە و جیاوازی لەتەک کۆمارەکانی دیکەدا چییە؟
ئایا کۆمارەکانی دیکە هەر لە ئیسلامییەوە بگرە تا سکیولاریستەکان، مرۆیی نین؟
ئەگەر مرۆیی نین، ئەدی چین؟ ئایا بەراز و مانگا و سەگ و فیل فەرمانڕەوایی جیهان دەکەن؟
ئەگەر سکیولاریستەکان مرۆیی نین، ئەدی کو سەردەمێک ڕابەرانی ئەم ڕەوتە خەڵکیان لە پێناودا بەکوشت داوە و دەرخواردی زیندانەکان کردووە و دەیان هاوڕێ و هاوسەنگەرییان لە پێناویدا کردووەتە دوژمنی یەکدی؟
«حکومەتی نوێنەرایەتی» [کە کوردییەکەی دەکاتە: میرایەتی نوێنەرایەتی]، ئایا لە میرایەتی تەکنۆکراتەکان جیاوازە؟ ئەگەر وەڵام ئەرێییە، جیاوازییەکان چین؟
ئایا لەتەک میرایەتی (ینک) و (پدک) کە بە دەنگی خەڵک و هەڵبژاردنیان لەلایەن خەڵکەوە بوون بە نوێنەر و دەسەلاتی نوێنەرایەتییان پێکهێناوە، جیاوازی چییە؟
ئایا نوێنەرایەتی هەر نوێنەرایەتی نییە؟ ئایا شێوازێکی دیکەی هەڵبژاردنی ئەو نوێنەرایەتییە دەگرنەبەر، ئەگەر وەڵام ئەرێیە، کامەیە؟
ئایا «میرایەتی نوێنەرایەتی»، بە سیستەمی پارلەمانی فرەپارتیی لیبرالیستی پشتئەستوورە یا بە سیستەمی تاکپارتیی کۆمونیستی؟
ئەگەر بە سیستەمی فرەپارتیی پشتئەستوورە، ئایا لە باری کەم دەنگیدا باوەڕییان بە میرایەتی هاوپەیمانی لەتەک سکیولاریستەکانی دیکە هەیە؟
ئەگەر نا، ئایا پشت بە سیستەمی تاکپارتیی دەبەستن؟
ئەگەر لە بارێکدا کە زۆرینەی دەنگیان هێنا، دەنگی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازییانی میرایەتییەکەیان چی بەسەر دێت؟
ئەی هەڵوێستیان لە بەرامبەر ئەوانەی کە دژی سەروەرین و ناچنە ژێرباری دەسەلاتەکەیان، چی دەبێت؟
ئەگەر لە هەڵبژاردندا نیوەی سەروو 18 ساڵ بەشداری نەکرد و لە نیوەکەی دیکە، (حککک) یا (حککع) زۆرینەی بەدەستهێنا، وەڵامیان بۆ دەنگنەدەران چی دەبێت؟ نیوەی کورسییەکانی پارلەمان یا شورای سەرتاسەری هەرێم خاڵی دەمێننەوە و بڕیارەکان نیوەیی دەبن؟
ئەگەر دەڵێن سیستەمی ناپەرلەمانی و ناپارتیی، ئەدی ڕۆڵ و پێداویستی پارتی پێشڕەو و پێداویستی بوونی پارت چییە؟ بۆ هەموو هەوڵێکیان لەپێناو بەناوکردنی ناڕەزایەتییەکانە بەنێوی خۆیانەوە؟
ئەگەر دەلێن، میرایەتییەکەیان پشت بە کۆبوونەوەی گشتیی و سیستەمی سۆڤیەتی [خۆیان واتەنی شورایی] دەبەستێت، لە وەها بارێکدا، ئەگەر هێزە ئیسلامیەکان زۆرینەی نوێنەرەکانیان هەڵبژێردران و شوراکانیان کردە شوایی ئیسلامی، هەلوێستی پارتی خوازیاری «میرایەتی نوێنەرایەتی» چی دەبێت؟
ئایا میرایەتییە نوێنەرایەتیتەکەی کۆمونیزمی کرێکاری لەتەک میرایەتی پۆست-مۆدێرنیستە تەکنۆکراتخوازەکان و میرایەتی پاشاکانی بارزان و تاڵەبان، جیاوازی هەیە؟ ئەگەر جیاوازی هەیە، کامەیە و لە چیدا؛ لە شێوازی هەڵبژاردندا یا لە شێوازی بەرێوەبردندا؟


وەک پێشتر وتم، لەم بابەتەدا تەنیا ئاوڕ لە کاژگۆڕینی دروشمە ستراتیژییەکانی ئەم ڕەوتە دەدەمەوە و ناچمە سەر تێزەکانیان لەمەڕ شۆڕش، خەباتی جەماوەری، شێوازەکانی خەبات و ڕۆڵی خەباتی جەماوەری، کۆمەڵگەی هاوبەش (سۆشیالیستی) و بەڕێوەبەرایەتی و ڕێوشوێنی تاک و مافی کەمایەتی و بڕیاردان و زۆر شتی دیکە... .


لێرەدا واز لە دروشمدەر و بانگەوازگەرەکانی کۆمونیزمی کرێکاری دەهێنم و ڕوودەکەمەوە مانیفێستنووسەکانی ئەو ڕەوتە. هەڵبەتە لەم بارەشدا بە دیاریکراوی تەنیا ڕۆشنایی دەخەمە سەر پاگەندە ژەهراوییەکانیان دژی هزر و ئایدیای سۆشیالیزمی ئازادیخواز (ئەنارکیزم- ئانارشیزم)، کە زۆر بە دیاریکراوی و بەئەنقەست واژەی ئەنارکیزمیان کردووەتە پاشگری ناسیونالیزم.


یەکێک لە جیاوازییە هەرە بنەڕەتییەکانی ئەنارکیزم لەتەک مارکسیزم و ئیزمەکانی دواتری ئەوەیە، کە ئەنارکیزم؛ ڕەوتێکی هزریییە، نەک ئایدیلۆجیا، کەس ڕابەر و هەڵگری ناوەکەی نییە، ڕەخنەگرتن لێیی دەوڵەمەندی دەکات و کەموکوڕییەکانی پڕدەکاتەوە. بەڵام بە پێچەوانەوە مارکسیزم و ئیزمەکانی دیکە، وەک داهێنان و زانایی ئەم و ئەو و دەقی نەگۆڕ و چوارچێوەی ئامادەکراو لەبەرچاو دەگیردرێن، ئایدیۆلۆجیان و ڕەخنەلێگرتن بەرەو دۆگماتیزمیان دەبات و هەڵگرانیان ناچار بە فتوادەرکردن و بەلادەردانانی ڕەخنەگران و دوژمنناونووسکردنی زێدگەر یا کەمکەرەوانیان دەکات.


لەسەر ئەو بنەمایە، جێی دڵخۆشی دەبوو، ئەگەر مانیفێستنووسانی سۆشیال-حیکمەتیست، لە بری پاشگرکردنی بەئەنقەستی (ئەنارکیزم) بۆ ناسیونالیزم و تۆمەتبارکردنی بە جنێوفرۆشی و لەپاڵیەکدادانی وێنەی ئەنارکیزم وەک دژەسەروەری و وێنەی جنێوفرۆشە شارچییەکانی لیستی نەوشیروان [نەوەی سێیەمی جەلالیزم]، ڕەخنەیان ئاراستەی هزر و ئایدیای ئەنارکیستی و ئەنارکیستەکان بکردایە. بەڵام مانیفێستنووسانی کۆمونیزمی کرێکاری، لەبەرئەوەی کە توانای تیئۆریی و ڕادەی دەرک و زانینیان لە ئاستی زانینی وشکە سۆفی خانەقاکاندایە و خۆیان لە باسی ئەنارکیزم وەک هزر و وەک ڕەوتێکی سۆشیالیستی زیندوو نەداوە، لەولاشەوە کینەدۆزی و بەرلوتگیراویان بە سەرهەڵدان و بڵابوونەوەی هزری ئەنارکیستی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، وا تەنگەتاوی کوردوون، ناچار پەنایان بردووەتە بەر شێوازی ماسمیدیای دەسەڵاتدارانی کوردستان و بەهەڵەداوان، دۆ و دۆشاویان تێکەڵکردووە.


«مانیفێستی ڕەوەندی سۆشیالیزمی کرێکاری».


لە باری زمانەوانییەوە «ڕەوەند» لە زمانی کوردیدا بە واتای (خێڵ) دێت و لەوێوە کە خێڵەکان کۆچەربوون و گەرمیان و کوێستانیان کردووە، بۆیە هەنووکەش لە هەندەران ئەم واژەیە بۆ کۆچەرانی کورد بەکاری دەبەن. هەرچەندە من ئەمەم پێ هەڵەیە و پەنابەران و کۆچەرانی ئێستا خێڵ نین و تەنانەت وەک تاکێکی سەربەخۆ لە خێزانیش ڕێگەی هات و نەهاتی هەندەران دەگرنەبەر. بۆیە تەنیا واتای یەکەمیان دروست دەردەچێت، کە بە واتای خێڵ دێت.**


واژەی (ڕەوەند) کە نووسەرانی مانیڤێستەکەی «ڕەوەند»، بەکاریان بردووە، واژەیەکی فارسیییە و بە واتای (ڕەوت)ی کوردی دێت و لێرەدا فێلیان لە خوێنەر کردووە و (ڕەوتی کۆمونیست)یان کردووە بە (ڕەوەندی سۆشیالیست)، تاوەکو لەلایەن کۆنە هاوڕێکانیانەوە بە دژە-پارت (ئەنتی پارت) تاوانبار نەکرێن و بەوە تۆمەتباریان نەکەن، کە ئەمانە دەستەگەرن و گەڕاونەتەوە سەر ڕێکخراوەکەی جارانیان، چونکە سەرکردایەتی و بنکردایەتی ئەم (ڕەوت)ەی ئیستا؛ ڕەوتی سۆشیال-حیکمەتیست (ڕسک)، یەکێک بوو لە ئەندامانی ناوەندی ڕەوتی کۆمونیست (ڕک)ی جاران، واتە پێش دروستکردنی پارتەکەیان یا ڕاستر بڵێم، پێکەوە لەحیمکردنی سێ ڕێکخراوەکەی جارانی کۆمونیزمی کرێکاری؛ کە (ڕەوتی کۆمونیست، یەکێتی خەباتی کۆمونیزمی کارگەری و سەرنجی کرێکار) بوون.


ئەگەر واز لە واتا و گەیاندنی خێڵایەتی سۆشیالیزمە کرێکارییەکەی ئەم خێڵە (ڕەوەندە) بهێنم، ئەوا دیسانەوە واژەی (سۆشیالیستی) لەبەردەمماندا قوت دەبێتەوە و ناکرێت هەروا بە ئاسانی بازی بەسەردا بدەین.


وەک دەزانین کۆمونیزمی کرێکاری یا ئەوەی کە ئێستا خۆیان بە شانازییەوە بە «کۆمونیزمی حیکمەت» نێوی دەبەن، وەک هێڵێکی ڕامیاریی لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا وەک درێژەی ڕەوتێک کە لە پارتی کۆمونیستی ئێران (حکا)دا بە مارکسیزمی شۆڕشگێڕ ناسرابوو، دەرکەوت و لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردوودا لە پارتی دایک جیابووەوە. ئەو ڕەوتە هەر لە سەرەتاوە بەیاریکردن بە واژەکان و دانانی پاشگر و ئاوەڵناوی سەرنجراکیش بۆ چەپی ئەوکات، یاری بە هۆشمەندی ناڕازاییانی ئەوکات دەکرد و هەردەم خۆی بە ( ئۆرتۆدۆکسی مارکسیست) دەناساند، واتە وەک لاساییکردنەوەی ڕەوتی گەڕانەوە بۆ سەر مەسیحیەتی سەرەتایی [ئۆرتۆدۆکسی کریستی] پەرەی بە دەمارگیری ناهوشیارانەی لاوانی ناڕازی ئەوکات ، دەدا و لەسەر بیرکردنەوەی ڕێرەویی (مەزهەبی) و ئایینیانەی مارکسیزم، پەروەردەی دەکردن. لەم ڕووەوە دروستبوونی چەند ڕێکخراوی هاوبۆچوون و هاودەم لە شارێکی بچووکی وەک سلێمانی، لەناوەندی خوێندکاران و کۆنە کۆمەڵەیی (کۆڕەک) و کۆنە (کارگەران)دا، بەرهەمی ئایینیبوونی ئەو ڕەوتە بوو، کە هەر کەسێک و دەستە و گروپێک بۆ سەلماندنی ڕاستی و دروستی هەڵوێستەکانی، دەرخکردن و وتنەوەی نووسینەکانی مارکس و ئەنگلس و لێنین و مەنسوری حیکمەتی دەکردە پێوەر و بەرامبەرەکەی بە ناکۆمونیستبوون پێ تاوانبار دەکرد.


ئەوکات ئەگەر کەسێک بیوتایە من سۆشیالیستم، ئەوا دەکەوتە بەر تانە و گارتەپێکردنی ڕابەرانی دەرخکردنی تێکستەکانی پەیامبەرانی کۆمونیزم و تەنانەت هەر بیرکردنەوە و بۆچوونێکی مارکسیستی یا کۆمونیستی دەرەوەی هێڵی کۆمونیزمی کرێکاری (ک.ک)، بە دوژمنی کرێکاران دادەنرا و ئەوکات، دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا بۆ مانیفێستنووسەکانی ئێستا، کە خۆیان لە ناوبردنی چ بە باش و چ بە خراپ لادەدەن و لە ناخەوە خەون بەو دیکتاتۆرییە پارتییەوە دەبینن، کە پێی دەوترێت «دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا»، مەرجی باوەڕبوون بە کۆمونیزم بوو. ئەوسا ئەگەر بهاتایە و سۆشیالیستێکی سەرلێسێواو پەیدا ببووایە و لەبەرامبەر دروشمە لەبیرکراوەکەی کۆمونیزمی کرێکاری «حکومەتی کرێکاری»، دروشمی وەک «حکومەتی شورایی»، «کۆماری سۆشیالیستی»، «حکومەتی سکیولاریست»، «کۆماری ئینسانی»، «حکومەتی نوێنەرایەتی» بانگەواز بکردایە، ئەگەر پەلاماریان نەدایە و هەڕەشه و چاویان لێ سوور نەکرایەتەوە، ئەوا چەند مانگێک، لاپەڕەی ئۆرگان و بڵاوکراوەکانیان پێ ڕەش دەکردەوە و بازاری پاگەندە هەڵخەڵەتێنەرانەکانیان پێ گەرم دەکرد.


ئەوەشمان لەبیر نەچێت، ڕەوتی (ک.ک)یش وەک ڕەوتەکانی دیکەی بۆلشەڤیزم [ستالینیست، ماویست، ..تد]، سۆشیالیزمیان بە قۆناخی یەکەمی کۆمونیزمەکەیان دادەنا و هەڵگرانی نێوی (سۆشیالیست)یان بە دژە کۆمونیزم و هاوتا بە سۆشیال-دێمۆکراسی و ڕەوتی بۆرجوازییانەی ژێر دەواری کۆمونیزم دادەنا. لێرەدا پرسیارێکی چەند دیو یەخەمان دەگرێت؛ ئایا خێڵی سۆشیالیستە کرێکارییەکان یا نووسەرانی مانیفێستی خێڵی سۆشیالیزمی کرێکاری، باوەڕیان بە دواقۆناخی کۆمونیزمەکەی مارکس و ئەنگلس و لێنین و مەنسور نەماوە، یا وەک بازرگانەکان، کاڵاکەیان لە قوتو و کیسەیەکی دیکە و ڕیکلامێکی دیکەدا بە خەڵک دەفرۆشن؟ ئایا خشکەیی دەیانەوێت لە مایەپوچی بەرنامە و تاکتیک و ستراتیجی (ک.ک) خۆیان ڕزگار بکەن، یا سۆشیالیزمە خێڵەکییەکەیان شتێکی تازەیە و دەیانەوێت خۆیان لە ڕابوردوویان داببڕن؟


ئایا ئەم مانیفێستە، ئەڵتەرناتیڤی مانیفێستی 1848ی (مارکس) و (ئەنگلس)ە؟ ئایا ڕەتکردنەوەی «دونیایەکی باشتر»ی (مەنسوری حیکمەت)ە؟ ئەگەر ئەرێ، چۆن دەبێت بە راگوزەریش سەرنج و ڕەخنەیان لە مانیفێستی 1848 یا «دونیای باشتر»، وەک مانیفیست و بەرنامە، نەخەنەڕوو؟ ئەگەر ڕەتکردنەوە نییە و وەک درێژە و تەواوگەری ئەوان هەژماری دەکەن، چۆنە کە هیچ ئاماژەیەکیان پێنەکراوە و لەسەر زیندوومانەوە و وێکهاتنەوەیان لەتەک کەتواری ئێستادا، پێدانەگیراوە؟


ئەوەی کە من بەتەمام لێرەدا وەڵامی بدەمەوە، خاڵ بە خاڵی مانیفێستەکەیان نییە، چونکە من هەر لە بنەڕەتەوە نە باوەڕم بە مارکسیزم هەیە و نە مانیفێستیش بە پێویست دەزانم. لەوانەیە ڕەخنە لە مانیفێستەکە لە ڕوانگەی باڵێک یا هێڵێکی ڕامیاریی نێو ڕەوتی مارکسیستی کۆمونیزم، پێویست بێت یا گرنگی هەبێت، بەلام بۆ من هیچ بە پێویستی نازانم، لەبەر ئەوە خوێنەرانی هێژاش بە ژماردنی مەگەزەوە خەریک ناکەم. تەنیا شتێک کە دەمەوێت، لەسەری بدوێم، پەردەلادانە لەسەر کینەدۆزی مارکسیستە دەسەڵاتخوازەکان*** بەرامبەر ڕەوتی ئەنارکیستییانەی سۆشیالیزم، کە وەک دەنگێکی نوێ، لە کۆمەڵگەکانی خۆرهەڵاتی ناوین و بە دیاریکراویش لە کوردستاندا لە گەشەکردن و هەڵکشاندایە.


کاتێک کە دەستەیەک یا بیریارانێک دێن و لە ڕووی تیئۆرییەوە مانیفێستێک دادەڕێژن، ئەوا ناکرێت و ناتوانن بە نادەربەستی و بە بێ زانیاری لەمەڕ واژەکان و ڕەوتەکان و هێڵە ڕامیارییەکان و بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان، بکەونە ڕیزکردنی واژە و دەستەواژەکان لە پەرەگرافی دیوارئاسادا. ئەگەر بێت و کارێکی وا ڕووبدات، ئەوا بێجگە لە ئامانجێکی کینەدۆزانە و خەڵکفریودەرانە، هیچ پاساوێکی دیکەی نییە. ناکرێت کەسێک بێت و مانیفێست بنووسێتەوە و لە ڕووی ڕامیارییەوە بایەخ بۆ کارەکەی خۆی دانەنێت. چونکە کاتێک کە منی خوێنەر بە سەرنجێکی ڕەخنەگرانەوە یا ئارەزوودارانەوە لە پای خوێندەوەی دەقێک دادەنێشم، لایەنی کەم چاوەڕێی ئەوەم لە نووسەر هەیە، کە ئاگای لە بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەوتە هزرییەکان هەبێت، بەتایبەت ئەوەی کە داڕێژەران [سەرکردایەتی و بنکردایەتی خێڵی سۆشیال-حیکمەتیست]ی ئەم مانیفێستەی ئێستا، 163 ساڵ پاش مانیفیستەکەی مارکس و ئەنگلس دەستبەکاربوون ، دوو دەهەیە لە ئەوروپا دەژین و ڕۆژانە خواستراو یا نەخواستراو وێنە و فێلمی هەواڵەکان، دەچنە چاویان و دەبینن، کە کێ لە بزاڤە ناڕازییەکان و لە خەباتی کارخانە و گەڕەک و ئوردوگە و خۆپیشاندانە جیهانیی و لۆکاڵییەکاندا چالاکە و لە دژی سەرمایەداری دەجەنگێت و کێ لە هۆڵی پاڕلەمانەکان و کایە یاساییەکانی بۆرجوازیدا چینە دەکات!


ئەگەر ئامانج لە نووسین، ڕیزکردنی واژە و ڕستەی ناکۆک و بێواتابێت، ئەوا نووسەرانی دەسەڵات و ڕاگەیاندنەکانیان لە داڕێژەرانی مانیفێستی خێڵی سۆشیال-حیکمەتیست، بە تواناترن و هیچ پێویست بە ئەرککێشانی بیریارانی خێڵ (ڕەوەند) ناکات و تەنانەت دەسەڵات هەر کەس و گروپێک ڕەخنەی ئاراستە بکات، دەیخاتە خانەی ئەنارکیست- ئەنارشیستبوونەوە، ئەمەیان هیچ سەیر و سەرنجراکێش نییە، سەیر و سەرنجڕاکێش ئەوەیە، کە قوربانیانی ئەو ژاراوکردنە هۆشییە، دێن و لە بەرامبەر ڕەوتێکی دیکەدا لە بەرامبەر ئایدیا و بۆچوونێکی دیکەی سۆشیالیستیدا دەبنە دەمڕاستی دەسەلات و بنێشتە هەڵبزرکاوەکەی دەمی دەسەڵاتداران و دەستەبژێرە ڕۆشنبیرەکانیان دەجوونەوە.


ئایا ئەمە بۆ کەسێکی بە ئاوەز و هوشیاری سەرەتای هەزارەی سێیەم، شەرمەزاری نییە؟ شەرمەزاری نییە، کە سنووری نێوان خۆت و دەسەلاتێک، کە قوربانی دەستی ئەوی [دەسەڵات] نەناسیت و لە ڕێی خودادا سەرکوتی ڕادیکاڵترین ڕەوتی سۆشیالیستی لە خزمەتی دەسەلاتدا، بکەیت؟


ئایا ئەوەی کە ئەمڕۆ بیریارانی مانیفێستەکەی خێڵی سۆشیال-حیکمەتیست شەرم لەوە دەکەن بانگەوازی دیکتاتۆرییەکی پارتەکەیان و ئایدیلۆجیاکەیان بکەن، کە ئەنارکییەکان لە ئینتەرناسیوناڵی یەکەمدا بە کارل مارکس و دەروێشەکانی وتیان «ڕۆژێک دەبێت، دەوڵەتە سوورەکەی ئەنگۆ، ڕووی دەوڵەتە بۆرجوازییەکان سپی دەکاتەوە»، سەلمێنەری ئەو ڕاستییە نییە، کە ئەوسا و ئێستاش ئەوە ئەنارکیستەکان «ئەنارشیستەکان» ئاڵاهەڵگری ئازادیخوازی و سۆشیالیزم بوون و هەن؟


ئایا نەدەبوو شوانەکانی سۆشیالیزمی کرێکاری، ئەوە بزانن، کە ئەمڕۆ چیتر سەرەتای دەهەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو [سەدەی بیست] نییە، کە دەیان و سەدان هەواڵ و وانە و مێژووی شێوێنراویان بۆ ئەندامانیان لە کوردستان و ئێران دەناردەوە و لە دونیای درۆ و دەلەسەی پارتایەتیدا ڕایاندەگرتن. دەبوو ئەوە لەبەرچاوبگرن، کە ئەمڕۆ هەر لاوێکی 10 سالانی کوردستان [نەک تەنیا ڕامکارە سەکسۆکەدار و بۆینباخلەملەکان]، دەتوانێت بەهۆی مۆبایلەکەیەوە سەر بکێشێتە دونیای بێسنووری نادەوڵەتی و نا پارتیی ئینتەرنێت و هەر ئەوەندە بەسە بنووسێت «ئانارشیزم یا ئەنارکیزم- anarchism» و ئیتر لەوێدا پەتی درۆ و بوختان و شێواندن و کینەدۆزی و فریوکاری وشکەسۆفیانەی مارکسیستە دەسەڵاتخوازەکان، کۆتایی دێت!


داڕێژەرانی مانیفێستی خێڵ (ڕەوەند)ی سۆشیال-حیکمەتیست، لە لاپەڕە (11)ی مانیفێستەکەیاندا پاش ڕیزکردنی کۆمەڵێک واژەی داتاشراو و داهێنراوی مێشکی خۆیان، لە خاڵی (2 بەشی ناسیوناڵ-ئاناڕشیست:E)دا ڕەوتێک دادەتاشن، کە لە سەراپای مێژووی هەموو بزاڤە ئەنارکییەکاندا پەیدا نییە و نابێت. چونکە ئەوە یەکێکە لە ڕووە پڕشنگدارەکانی هزری ئەنارکی، کە وەک مارکسیزم نەتوانراوە لەلایەن ڕەوتە ناسیونالیستەکانەوە، بکرێتە دێوجامەی بەدەسەلاتگەیشتن یا خۆشاردنەوە لە ژێریدا، لەبەر ئەوەی کە ئەنارکیزم هەم دژی سەروەرییە بەهەموو شێوەکانییەوە، تەنانەت بە دەوڵەتە کرێکارییەکەی مارکس و خێڵی سۆشیال-حیکمەتیشەوە، هەم دژی سنوور و ناسیونالیزم و دەستەگەرایی و هەڵپەی دەسەلات و هەڵپەی پلەوپایەی قوچکەیی (هیراشی-هرمی)ن، کە بەداخەوە مارکسیستەکانی کوردستان بەتایبەت خێڵی سۆشیالیزم و کۆمونیزمی کرێکاری، لە ڕیزی پێشەوەی دەستەبژێری و شوانەیی و دەسەلاتخوازی و سواربوونی هەوڵی ئازادیخوازانەی جەماوەری نارازیدان.


قسەگەرانی مانیفێستەکەی نائاگایان لە دونیای دەوروبەرایان، نەک تەنیا ڕاستگۆیی ئەوەیان تێدا نییە، کە دیاردەکان وەک خۆیان بنووسنەوە، بەڵکو بوێری ئەوەشیان تێدا نییە، ڕاستەخۆ ڕەخنە لە جنێوفرۆشەکانی نەوەی سێیەمی جەلالیزم (لیستی گۆران) لە مەسینجەرەکان و سایتەکاندا بگرن، کەچی دێن و ڕووزەردانە بۆ ئەوەی لەو (چات ڕووم)انەدا کە بەنێوی جۆراوجۆرەوە بەشداری دەکەن و بەو جنێوانە ئاسوودە دەبن و دنەی جنێوفرۆشی دەدەن و لەو سایتانەدا کە بە جنێوفرۆشیان دەزانن و بەنێوی خوازراوەوە ئەو وتارانەی کە لە سایتەکانی خۆیاندا ڕوویان نییە، بلاویان بکەنەوە، بۆ ئەوێیان ڕەوانە دەکەن، بۆ ئەوەی دەرگەیان بەڕوودا دانەخرێت و لەولاشەوە سۆزی دەسەڵاتداران بۆخۆیان ڕابکێشن و هاوبەرژەوەندیی و هاوکینەیان بەرامبەر ئەنارکیستەکان [ کە لە ئەمەریکاوە تا ئوسرالیا سەرسەخترین جەنگاوەری دژە سەرمایەدارین] لەتەک دەسەڵاتدا وەک پەیمانی چینایەتی دەسەلاتخوازانەیان نوێ بکەنەوە، بنێشتە هەڵبزرکاوی چەندە سەدەی دەمی دەوڵەتمەندان دەجوونەوە!


قسەگەرانی خیڵی سۆشیالیزمی کرێکاری، یا ئەوەتا ‌هێشتا چانسی ئەوەیان نەبووە و دەسەڵاتخوازییان بواری ئەوەی نەداون لە پایە هزرییەکانی ئەنارکیزم وەک ڕەوتێکی سۆشیالیستی ئازادیخوازانە تێبگەن و بەهەڵە ئەم واژەیان بەکار بردووە، یا ئەوە بەمەبەستەوە وەک تەواوکاری ئەرکی دەسەلاتدارانی بۆرجوازی کورد، لە ئەستۆ دەگرن و ناسیونالیستە دەسەلاتخوازە هاوئاراستەکانی خۆیان، کە لە فێرگەکانی دەسەلاتخوازیدا بێجگە لەجنێو و سووکایەتی ڕەگەزیی (سێکسیستی) وەک سوونەتی خێڵەکیانەیان، هێچی دیکە لە ڕەوتی ژیانیاندا فێرنەبوون، بە ئەنارکیست «ئەنارشیست» دەناسێنن!


ئایا ئەم کارە بۆ بیریارانی خۆقەبەکردووی خێڵی سۆشیال-حیکمەتیست، هەڵەی دارشتن (ئیملایی)ە یا چەند ساڵ و چەند مانگە بیریان لێکردووەتەوە و بەو پایەبەرزییە لە ئەندێشە و زانست و هوشیاری و پێگەیینی تیئۆری گەیشتوون؟


دواجار وەک لە سەرەتادا وتم، لێرەدا ناچمە سەر لێکدانەوەی بەرنامە و بڕیارنامە و شەکانوتەکانی بنەما ئایدیۆلۆجیییەکانی ئەو ڕەوتە، بەدەم ڕووداوەکانی بیست ساڵی ڕابوردووی عیراق و ناوچەکە و تاوتوێکردنی بڕگە بەبڕگەی مانیفێستی دوابەرەی ڕابەرەکانی، بەڵکو تەنیا بە چەند پرسیارێک کۆتایی بەم وەڵامدانەوەیە**** دەهێنم، بەو هیوایەی لایەنگرانی ئەو دروشم و مانیفێستانە، ئەگەر بۆ جارێکیش بووە، ڕێگە بە خۆیان بدەن و بڕیار و بیرکردنەوە لە خوا و پێخەمبەرە ئایدیۆلۆجییەکانیان بسێننەوە و سنوورەکانی بڤەی ئایدیلۆجیا و ئایینزایی مارکسیزم ببەزێنن.


ئایا قسەگەرانی هێڵی سۆشیالیزم و کۆمونیزمی دەسەڵاتخواز، کە پاشگری کرێکارییان لەخۆیان ناوە، سەرنجی ئەوەیان داوە، کە دێمۆکراتی ڕاستەوخۆ [ئەوەی کە ئەوان نەک ناوێرن نێوی بەرن، بەڵکو لە سێبەرەکەشی سڵدەکەنەوە] خواستی بزاڤە سۆشیالیستییەکانی ولاتە سکیولاریستە دڵخوازەکانی ئەوانە و دروشمی وەک «میرایەتی نوێنەرایەتی» و «دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا» جێگەی گاڵتەجاری و پێکەنینن؟


ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە لە خەوی شوانەیی پڕۆلیتاریا و پارتی ڕابەر داچڵەکێن و چانسی تێگەیشتن لە زەنگی زنجیرە ڕاپەڕینەکانی ئەم ڕۆژانە بەخۆیان بدەن، تاوەکو لەوە تێبگەن، کە پارتە ڕامیارییەکان لە پاش جەماوەری ڕاپەڕیوەوە باویشکیان دەدا و دەدەن و خەونی بەدەسەڵاتگەیشتنیان لەتەک کفنیاندا زەرد دەبێت؟


ئایا بوار و کاتی ئەوەیان نییە و نەهاتووە، ئەو پرسیارە لەخۆیان بکەن، بۆچی پارتە ڕامیارییەکان لە ماوەی 70 سەرداری بۆلشەڤیزمدا، بەپێچەوانەی خەونی شوێنکەوتووە خۆشباوەڕەکانیانەوە،تەنیا توانییان لەشکرێک سەرباز و ئەندامی گوێرایەڵ و درۆزن و دووڕوو و سەرکوتگەر و مشەخۆر و کینەدۆز و بەچکە-دیکتاتۆر، پەروەردە بکەن؟


ئایا ئەگەر بێت و مێژوو بە دڵخوازی شوانە کۆمونیستەکان بسوورێت و لە ناوچەکەی ئێمەدا وەک گوڵی سەر-بەرد، خێڵەکەی سۆشیالیزمی حیکمەتی یا پارتەکانی دیکەی ئەو ڕەوتە دەسەڵات بگرنە دەست، چ گەرەنتییەکمان دەدەنێ، کە مێژووی پڕ سەرکوتگەریی و شەرمەزاریی 70 ساڵەی سەروەری بۆلشەڤیزم دووبارە نەبێتەوە و ڕووی دیکتاتۆری تەکنۆکراتەکان و کۆمپانییە جیهانلوشەکان سپی نەکەنەوە؟


هەموو پارتێکی کۆمونیست، تەنانەت ئەوانەشیان کە پاشگری جیهانیان بەخۆیانەوە لکاندووە، لە بیرکردنەوە و بەرنامە و ئامانج و کرداردا هەم سنووری وڵاتەکانیان بە فەرمی و ڕەوا دەناسن و هەم خوازیاری داسەپاندنی دەسەڵاتی باشن بەسەر چەوساوانی ئەو وڵاتانەدا. هەم عیراقی، ئێرانی، کوردی و یەهودین و هەم داوای مۆڵەتی یاسایی چالاکی لە دەسەڵاتداران دەکەن و هەم خوازیاری سەروەری یاسا و هەم بەشداری گاڵتەجارییەکانی پارلەمان دەکەن و هەم سەرکۆنەی دەسەڵاتداران دەکەن، بەوەی کە نەیانتوانیوە نوێنەری نەتەوە بن.


ئەگەر لەژێر کارایی و زاڵی پان-ئێرانی و عیراچییەتیدا ڕەخنەیەکیان لە ناسیونالیزمی کوردیش گردبێت، ئەوا لە بەرامبەردا ئەلتەرناتیڤیان تۆخکردنەوەی عیراقچییەتی و ئێرانچییەتی بووە. چونکە ئەوان دەرکی ڕۆشنیان لە ناسیونالیزم نییە و ناسیونالیزمی کوردیان لە ڕوانگەی ناسیونالیزمی پان-فارس یا عیراقچییەوە ڕتکردووەتەوە، نەک لەو ڕوانگەوە کە ناسیونالیزم ئایدیلۆژیای دەوڵەتی بورجوازییە، ئەگینا لایەنی کەم دەیانزانی کە عیراقچییەتی ئێرانچییەتی و کوردستانچییەتی و یەهودیچییەتیش هەر ناسیونالیزمە و دەوڵەتە عیراقی، ئێرانی، بریتانییەکەی ئەوانیش ناسنامەی هاووڵاتی بە دانیشتوانی وڵات دەبەخشێت و ئەوانی دیکەی دەرەوەی سنوورە پیرۆزەکانی ولات، بە بێگانە و میوان و کۆچەرو نایاسایی و لە باسترین باردا بە کرێکاری-میوان تۆمار دەکات. ئایا مێژووی پارت و دەوڵەتە کۆمونیستییەکان، شتێکی جیاواز لەوەمان دەخاتە بەردەست؟


ئەگەر نووسەرانی مانیفێست، تەنیا بۆ چەواشەکاری پەنایان نەبردووەتە بەر داتاشینی دەستەواژەی «ناسیوناڵ-ئاناڕشیست»، با لە میژووی دوور و نزیکدا، با لە گۆشەیەکی جیهانە بەرینەدا تەبایی هزر و ئایدیای ئەنارکی لەتەک ناسیونالیزم و بوونی وەها ئاراستەیەک لە بزاڤە ئەنارکییەکاندا بخەنە ڕوو. بەدبەختی نووسەرانی مانیفێستی خێلی سۆشیال-حیکمەتیست لەوەدایە، کە ناسیونالیستە جنێوفرۆشەکان بە خۆشحالییەوە، مارکسیستە دەسەڵاتخوازەکان بۆ گێڕانی سیمینار لە یانە پاڵتۆکییەکانیاندا بانگهێشت دەکەن. بەلام ئەگەر کەسێک بەبێ قوتکردنەوەی پاشگرگەلی وەک “ینک” ، “پدک”، “تاڵەبانی” و “بارزانی” بنووسێت بڕوخێت دەسەڵات، ئەوا دەستبەجێ بەڕێوەبەرانی یانەکان، بە هاودەنگی و هاوکێشی و هاوسەروایی میدیای دەسەڵات و دەستەواژە داتاشراوەکانی نووسەرانی مانیفێستەکەی خێڵ “ڕەوەند”، وەلامی کەسەکە دەدەنەوە و بە ئاژاوەچی تۆمەتباری دەکەن. ئایا ئەم یەکانگیریی و کۆکدەنگییەی میدیای دەسەڵات و جنێودەرەکانی لیستی گۆڕان و نووسەرانی خێڵی سۆشیال-حیکمەتیست، ڕێکەوتە، لە نەزانییەوەیە، یا ئەوەتا هاوبەرژەوەندێتی دەسەڵاتخوازانەیان لە بەدەمەوەگرتنی ئەو دەستەواژە ئامادەکراوانەدا، لەژێر ئەو ساباتەدا کۆیاندەکاتەوە؟!!!!

________________________________
پەراوێز:
* وێڕای ڕێزی تەواوم بۆ مردووان، لێرەدا مەبەستم ئەوەیە، ئەگەر مردوویەک توانای وەگۆهاتنەوەی هەبێت، تەنیا دەتوانێت قسە لەسەر ڕابوردوو یا دووبارەکردنەوەی ڕابوردووە وترا و بیستراوەکانی بکات، چونکە لە ئێستادا ناژی و توانای دەرکردن و تێگەیشتنی کەتواری هەنووکەیی نییە. ڕەوتی کۆمونیزمی کرێکاریش دەیەوێت، کۆمەڵگە لەناو چوارچێوەیەکی پێشتر ئامادەکراو بپەستێوێت، بە واتایەکی دیکە، دەیەوێت لە بری گۆڕینی کەوشێکی بچووک، لە زیادی (پێ-پا) گەورەکان ببڕێتەوە، تاوەکو لەتەک کڵێشە ئامادەکەدا بگونجێت.

** خوێنەرانی هێژا لەم لینکە (http://www.mediya.net/wane/ferheng/henbane-borine/index.htm)، دەتوانن لە (هەنبانە بۆرینە)دا زانیاری زۆرتر بەدستبهێنن.

*** لێرەدا ڕەخنەم ئاراستەی مارکسیستە ئازادیخوازەکان، ئەوانەی کە باوەڕیان بە بەرنامەڕێژی و پارت و دەوڵەت و «دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا» و شوانەیی چەوساوان نییە، نییە. تەنیا ڕووم لەوانەیە، کە لەسەر کێش و سەروای بەهەشت و دۆزەخی ئایینەکان، کۆموڵگە سەرەتاییەکان و کۆمەڵگەی چینایەتی و کۆمەڵگەی سۆشیالیستی لێکدەدەنەوە و خۆیان لە جێی پێخەمبەرەکان دادەنێن و وتەکانیان وەک دەقە ئایینییەکان لە دەرەوەی ڕەخنە ڕادەگرن.
بەستەری، وتاردانەکەی خەسرەو سایە لە مەیدان ئازادی سلێمانی:
http://www.youtube.com/watch?v=RlBVLTyNlHU
بەستەری، مانیفێستی ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری:
http://www.dengekan.info/dengekan/11/9384.html
 

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک