١٦\١\٢٠٢٥
کاتێک مێژوو
گاڵتەجاڕانە خۆی دووبارە دەکاتەوە.

ئەرسەلان مەحمود
لە کۆشکە سپییەکەی ئەنقەرەوە، مەنگۆلییەکی دوو ڕەگ، بە دایەن تۆراسی و
لە باوان توباوی بەجوڵە ئالی پشتکوڕ، ڕۆژانە وەک دێوەزمەیەکی تووڕە
دەردەکەوێت و هەڕەشە لە هەموو دنیا دەکات، دەڵێی منداڵە لووسەکەی چینی
بەرخۆرە ئەها کە هەموو ڕۆژێک یارییەکی نوێی دەوێت و گەر بۆی نەکڕن،
دەست دەکات بە هەرا و زانا!
ئەم درمە کە خۆی بە میراتگری عوسمانییەکان دەزانێت، زۆر جار سوڵتان
عەبدولحەمیدی دووەم، ئەو سوڵتانەی لەکۆتایی سەردەمی عوسمانیدا هەوڵی
دەدا بە هەڕەشەو گوڕەشە ئیمپراتۆریەتێکی ڕووخاو ڕاگرێت، بیر خەڵک
دەخاتەوە. هەرچەندە لە یەک خاڵدا جیاوازن - عەبدولحەمید دەیزانی
ئیمپراتۆریەتەکەی لە ڕووخاندایە، بەڵام درمی نوێ هێشتا وا دەزانێت
تورکیا لە گەشەسەندن و زیندووبوونەوەدایە!
ئەردۆغانی خۆ بەسوڵتان زان، هونەرێکی زۆر سەیری هەیە لە دروستکردنی
قەیراندا. هەر کاتێک ئابووری تورکیا پتر بەرەو هەڵدێر دەچێت، دەنگ
بەرزتر دەکاتەوە و هەڕەشەکانی زیاتر دەبن. وەک ئەو کاڵفامەی کە لە
تاقیکردنەوە دەرناچێت و لە داخا دەست دەکات بە شکاندنی شتەکان!
لە ڕاستیدا، ئەردۆغان زۆرتر لە "موسۆلینی" دەچێت - ئەو دیکتاتۆرە
ئیتاڵییەی کە هەمیشە هەوڵی دەدا خۆی گەورەتر لەوە پیشان بدات کە هەبوو.
بەڵام موسۆلینی هیچ نەبێت ئیتاڵی بوو و لەکولتووری وڵاتەکەی تێدەگەیشت،
بەڵام ئەم مەغۆلە نوێیە تەنانەت نازانێت تورک و عوسمانی چ
جیاوازییەکیان هەیە! ئەویش وەک موسۆلینی حەزی لە وتاری ئاگرین و
جووڵاندنی سۆزی جەماوەر هەیەو لەکردەشدا، هەر وەک ئەو هەڕەشەکانی دەبنە
بڵقی سەر ئاو و دەتەقن.
کاتێک ئەردۆغان باس لە شکۆی تورکیا دەکات، وەک ئەو کەسە وایە کە خەونی
ئەوە دەبینێت ببێتە محەمەد فاتیح، کەچی ڕەنگە تەنها بتوانێ ببێت بە
قارەمانی فیلمە کۆمیدییە تورکییەکان! ئاخر ئەردۆ نەیتوانیوە تەنانەت
کێشەی دراوی تورکیش چارەسەر بکات، چ جای ئەوەی ببێتەوە بە سوڵتانی
عوسمانی. لە کۆشکە هەزار ژوورییەکەیدا، کە بە پارەی هەژارانی تورکیا
دروستکراوە، ڕۆژانە خەونی دەسەڵاتی عوسمانی دەبینێت و خۆی بە خەلیفەی
موسوڵمانان دەزانێت، کەچی ناتوانێت تەنانەت نرخی نانێک هەر ئەو نانەی
کە خۆی دەیفرۆشت ئێستا بۆ گەلەکەی هەرزان بکات!
یەکێک لە سەیرترین خەسڵەتەکانی ئەردۆغان ئەوەیە کە دەتوانێت لە ماوەی
٢٤ کاتژمێردا هەڵوێستی خۆی ١٨٠ پلە بگۆڕێت. ئەمڕۆ دەڵێت "ئیسرائیل
دوژمنی مرۆڤایەتییە"، سبەینێ ڕێککەوتننامەی بازرگانی لەگەڵ واژۆ دەکات.
خۆی بە پارێزەری فەلەستین دەزانێت، بەڵام هێندەی مامەڵەی بازرگانی
لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، نیو ئەوەندە یارمەتی فەلەستینی نەداوە. ئەمە وەک
ئەو بازرگانە وایە کە بەڕۆژ دژی قومار قسە دەکات و بەشەو لە یانەنەکانی
قومار دەژی! ڕێک وەک سوڵتان وەحیدەدین - دوا سوڵتانی عوسمانی کە
نەیدەزانی لەگەڵ کێ دژایەتی و لەگەڵ کێ دۆستایەتی بکات!
سەیر لەوەدایە کە ئەردۆغان خۆی بە نوێنەری "گەلی هەژار" دەزانێت، لە
کاتێکدا لە کۆشکێکی ١٠٠٠ ژووریدا دەژی، کەچی هێشتا خەڵکی هەژاری تورکیا
پێیان وایە ئەو نوێنەری ڕاستەقینەی ئەوانە! ئەمە وەک ئەوە وایە گورگێک
بڵێت من پارێزەری مەڕەکانم، یان دزێک خۆی بکات بە پۆلیسی گەڕەک.
ئەردۆغان لەو سەرکردە تراژیدی-کۆمیدییانەیە کە لە مێژوودا دووبارە
دەبنەوە. پیاوێک کە خەونی گەورەی هەیە بەڵام تواناکانی سنووردارن،
دەیەوێت جیهان بگۆڕێت بەڵام ناتوانێت تەنانەت وڵاتەکەی خۆی بەڕێوەببات.
لەوانەیە لە داهاتوودا، کاتێک مێژوونووسان باسی سەردەمی ئەردۆغان دەکەن،
وەک سەردەمێک باسی بکەن کە تێیدا تورکیا لە نێوان تراژیدیا و کۆمیدیادا
گیری خواردبوو - سەردەمێک کە تێیدا مەغۆلێک هەوڵی دەدا ببێتە سوڵتان،
بەڵام تەنها توانی کارەکتەرێکی کۆمیدی شانۆی سیاسی بێت.
ئەردۆغان تەنها بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر ئەوەی کە مێژوو خۆی دووبارە
دەکاتەوە - جارێک وەک تراژیدیا و جارێک وەک کۆمیدیا. بەڵام لە حاڵەتی
ئەم مەغۆلە نوێیەدا، تراژیدیا و کۆمیدیا تێکەڵ بوون و بوونەتە
کارەساتێکی گاڵتەجاڕانە کە ناوی تورکیای نوێیە! خەلیفەیەکی درۆزن کە
تەنها شتێک لە عوسمانییەکان فێر بووبێت، ئەوەیە چۆن پارە لە گەلەکەی
بدزێت و خۆی بە پارێزەریان بزانێت.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|