په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١١\٢٠٢١

کاتێك مرۆڤەکان وەکو چەکەکان، مامەڵەیان پێدەکرێ!!


زاھیر باھیر       

 
ئەوەی سەرەوە تایتڵی وتارێکی ئەم ڕۆژانەی ڕۆژنامەی گاردیان بوو. ئەو تایتڵە نەك هەر بۆ کۆچبەرانی کورد لە باشوردا یاخود کورد و عەرەبی سوریی تەنانەت بۆ کۆچبەرانی وڵاتانی لیبیا و مەغریب و ئەفغانستانیش هەر ڕاستە. هۆکارەکەش ئەوەیە کە هەموو شتێك، هەموو پەیوەدنییەك، هەموو مامەڵەیەك لەنێوانی یەکێتی ئەوروپا و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەی سەرەوە کەوتۆتە مامەڵەی پارە و تێچون و کێبڕكێی دەنگهێنانی حیزبەکان بۆ وەرگرتنی دەسەڵات.


ئا لەم بارەدا، لە هەندێكیانا تا ڕادەیەك گونی وڵاتانی ئەوروپا بە گشتی و ئەوروپای ڕۆژئاوا بە تایبەتی ، لە لایەن حوکمڕانانی وڵاتەکانی خۆرهەڵاتی ناوین ، یا ئەفەریقا ، یاخود ئاسیای ناوەڕاستەوە گیراوە، بێ گوێدانە هۆکاری کۆچی خەڵكی یاخود ئاساسیش و سەلامەتی و پاراستنی ژیانیان و مامەڵە لەگەڵیانا وەکو مرۆڤ.


بۆ سەلماندنی قسەکەم با هەر دوو سێ نمونەیەك بهێنمەوە. هەر با دوور نەڕۆینن تەماشای ئاکەپەی حکومەتی تورکیا بکەین، بزانە چۆن ڕەجەب ئەردۆگان زۆر هۆشیارانە و زانایانە و لە کاتی خۆیدا پەنابەران بەکاردەهێنیت هەم بۆ پرسی دارایی و هاوکاری تورکیا هەم بۆ سەپاندنی داواو ویستەکانی لە یەکێتی ئەوروپا. لای هەموان ئاشکرایە کە ئەردۆگان پارەیەکی مشەی نەك هەر وەکو بەرتیل بۆ گلدانەوەی لێشاوی پەنابەران کە دەیانویست بەرەو ئەوروپا هەڵبێن، وەرگرتووە، بەڵکو لەو پارەیەش دەخوات کە یەکێتی ئەوروپا وەکو میزانێیەك بۆ پەنابەرانی ئۆردوگاکانی نێو تورکیای، داناوە.


حکومەتی مەغریب ڕێگری لە خەڵکی پەنابەر و کۆچبەر بۆ ئیسپانیا دەکرد لە بەرانبەر یارمەتینەدایی ئیسپانیا بە بزوتنەوەی سەربەخۆی بیابانی ڕۆژئاوا. بەڵام لەو کاتەوەی کە ئیسپانیا ڕێگای بە سەرۆکی ئەو بزوتنەوەیە داوە کە بۆ چارەسەری کۆرۆنا بگاتە ئیسپانیا، ئیتر مەغریبیش لە تۆڵەی ئەوەدا ڕێگای داوە بە خەڵکی خۆیان یاخود دەرەوەی وڵاتی خۆیان کە بچن بۆ ئیسپانیا. لە لیبیا یەکێتی ئەوروپا پارەدەدات بە حکومەت و کۆمپانیاکان کە پاسەوان و گاردەکانیان چاودێری کەناری دەریاکان دەکەن تاکو هەر کات هەر بەلەمێكی پەنابەر، گروپێك ویستی ڕزگاری بێت و بگاتە ئیتالییا، فەرەنسا ، ئیسپانیا ، ئەم گارد و پاسەوانانە بیانگرن و بیانگێڕنەوە بۆ ئۆردۆگاکانیان کە لێی هەڵاتوون.


لە ڕووداوەکانی ئەم دوایەشدا، هەڵاتنی کوردەکان و خەڵکانی دیکەیە و ڕوکردنیانە لە ئەوروپا لە ڕێگای بێلەڕوسەوە. لەوێش حکومەتی بێلەڕوس وەکو چەکی فشاری سیاسی بەکاریاندەهێنێت و دەیەوێت مامەڵەیان پێوە بکات بۆ گەیەشتنیان بە پۆڵۆنیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.


ئیتر بەم شێوەیە پەنابەری سەرلێشێواو و نەگبەت بووەتە چەکێکی سیاسی، دارایی ، فشارێکی کۆمەڵایەتی لە لایەن هەندێك حکومەتەوە لەسەر حکومەتانی وڵاتانی ئەوروپا، واتە زیاتر لەوەی وەکو مرۆڤی لێقەوماو و سەرگەردان بناسرێن، کەچی بە صەفەقەیەکی باش، یا بازرگانییەکی باش مامەڵەیان پێدەکرێت و لەسەر بڕی پارەی ڕێکەوتنی ئەم مامەڵەیە داهاتوی ئەم پەنابەرە کڵۆڵانە، دیاریدەکرێت.


لەم ڕەوەوە من شتێکم لەسەر ئەم پەنابەرر و کۆچبەرانە نەوتووە، چونکە من بە مافی خۆمی نازانم کە بڵێم وەرن یاخود مەیەن ، نازانم ئەو زروفەی کە ئەوانی پاڵپێوە ناوە بە تایبەتی ، چییە. ئەوە بڕیاری خۆیانە بەڵام ئەوەندە دەزانم کە هەر هەبوونی پارە و ماڵ و سەیارەی باش هەموو شتێك نییە، و مرۆڤ بەختەوەر ناکات. ژیانی پڕ لە ئاسایش و سەلامەتی و بوونی ئازادیی و پەیوەندی مرۆڤانە و ڕێزگرتن لە کەسایەتی مرۆڤەکان و نەبوونی غەدر و کەڵەگایی و باندیی سیاسی و دارایی و مسۆگەرکردنی داهاتوی منداڵانت و زۆری دیکە لەم مافە سەرەتاییانە ، نەك هەر زەروورن بەڵکو دەبێت خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانیان بکرێت. کەواتە نیشتمان هەر ئەوە نییە کە لێی لە دایكبویت، بەڵکو ئەوانەی سەرەوەیە و زۆری تریش، دەنا تاکە پێڵاوێکی دڕاو ناهێنێت ، ئاڵاکەت کلێنکسێك کە قونی پێ پادەکەیتەوە ناهێنیت ، نەك هەر شایانی ڕشتنی خۆێنت و بەرگریلێکردنی نییە ، بەڵکو شایانی ئەوەش نییە کە تاکە تنۆکێك عارەقیشی لە پێناودا بۆ بڕێژیت.


هاوکاتیش ئەوەش دەزانم وەکو زۆرێک لە ئێمە بە گەیشتنیشیان بەم وڵاتانە و مانەوەیان و زامنکردنی ژیانیشیان ئیدی لە هەر ڕێگایەکەوە بێت هەر بەختەوەەریان ناکات و ئاسوودە نابن. هۆکاری ئەمەش زۆرە گەر چی گەلێکیان ناوکۆییە ، بەڵام هەندێکیان ، لە شوێنێکەوە کەم تا زۆر بۆ شوێنێکی دیکە دەگۆڕێت.


بێ تاقەتی و غوربەت و هەست بە تەنهایی، بە هاوەڵێتی هەتا هەتایی دەمێنێتەوە، فاکتەری سەرەکیش، دابڕانە. دابڕانە لە خودی خۆت، دابڕانە لە سروشتی خۆت و خودی سروشت، دابڕانە لە پەیوەندی و بەهای مرۆیانە ، دابڕانە لە مافی بوونی ئۆتۆنۆمی تاك.


ئەمە خاڵی ناوکۆیی نێوان پەنابەران و کۆچبەران و هاووڵاتیانی وڵاتەکانن. بەڵام ئێمەی کورد پاشخانێکی دیکەشمان هەیە ، ئەویش مێژوی لانی کەم نزیکمان نیشانی دەدات، کە ئیمە هەمیشە وەکو قوربانییەك، وەکو زەلیلێك، نەگبەتێك تەماشامان کراوە و حسابمان بۆ کراوە. لەم ڕەوکردنەشدا هەر ئاوا دەبینرێین. ئێمە تەنها یەکجار قوربانی نەبوین، جێگای بەزەیی و خێر و سەدەقە نەبوین ، بەڵکو مایەی چاولێکردن و ستایشش و نمونەیەکی باش و مرۆڤانە بوین ، کە تەواوی ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتە گەورەکانی دیکە لەپاڵ ڕۆژهەڵاتی ناوین د تا ڕادەیەك پاراست لە تەشەنەکردنی فکر و ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی ، ئەویش جەنگی کۆبانی بوو، کە بەهۆی کوڕ و کچە گەنجەکان و هاوکاری و یارمەتی مرۆڤدۆستان و ئازادیخوازنی دونیاوە ئەو مێژووەیان دروستکرد . ئەوە تاکە ڕوداو بوو کە ئێمە وەکو قوربانی نەناسراین ، جێگای بەزەیی نەبوین ، زەلیل و کەنەفت نەبوین ، بەڵکو ملبەرز ، مرۆڤدۆست ، نموونەیی بوین.


سەیرە زۆر سەیرە ئێمە بەهەندێك کولتور، روداو ڕاهاتوین، باکمان پێی نییە ، ڕاکردن ، کۆچکردن [ دیارە ئەمە سەرزەنشتی کۆچبەران و پەنابەران نییە] بەمانە ڕاهاتوین ، گەرچی کۆچکردن جۆرێکە لە یاخیبوون کە خەڵکی هەڵیدەبژێرێت ، بەڵام گەر تەماشا بکەین ئەوەی کە ئەمڕۆ بەسەر ئەو کۆچبەرە کوردانە لە سەر سنوری بێلەڕوس و پۆڵۆنیا دێت کە ئەو پەڕی نامرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت ، ئەمە جگە لە چەشتنی سەرما و برسێتی و تینوێتی و ڕوتوڕەجاڵی و لە دەستدانی خۆیان یاخود منداڵیان و سوکایەتی قاچاخچی لە پێشترا و دواتریش و ئەو ژیانە مەمرە و مەژییەی کە دەیبەنەسەر بە گەیشتتینیان بۆ ئەوروپا تاکو وەڵامێکی ئەرێیینیان دەستدەکەوێت . ئەمانە ئەوەمان دەداتە دەست کە ئێمە گیانی بەرگریکردنمان نییە یاخود زۆر کەمە ، هێزی ڕاوەستانمان لەسەر پێی خۆمان نییە ، دەنا دەیەکێکی ئەوەی کە لەو سەر سنورانە دەچێژین و پێماندەکرێت، بە بەگژاچونەوەی دەسەڵات و خەبات لە پێناوی ئەوانەی کە ئێمە وادەزانین کە گەیشتینە ئەوروپا دەمانبێت ، بکەین بە دڵنیاییەوە بێ لە دەستدانی ئەو هەموو پارەیە کە دەیدەینە قاچاخچی و مەسرەفی ڕێگا، دەتوانین گۆڕانکاری گەورە بکەین . بەڵام ئێمە مرۆڤانی تێشکاوین، زەلیلین، ڕەوکەرین، هەڵهاتوین.


ئەمەی سەرەوە ئەوە ناگەیەنێت کە دەبێت کۆچبەران ئەوە بکەن بە تایبەت کەمن خۆم لە کوردستانا نیم بە ڕەواشی نازانم داوای ئەوەیان لێبکەم . بەڵکو ئەمە تەنها فکرەیەکە لای من کە قابیل بە بیرکردنەوەیە، نە شتێکی دیکە.

 

١٨\١١\٢٠٢١
ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک