کاتێک خەونى کریستاڵیى ژنێک هەپرون هەپرون دەبێت، قەسیدەیەک لەدایک دەبێ. لەپەڕاوێزى قەسیدەیەکى – کەژاڵ ئیسماعیل- دا
ستیڤان شەمزینانى
(کەژن هەستى خۆى دەردەبڕێت، پیاودەحەپەسێت) ڤێرجینیا ۆڵف ژبەرئەوەى ڕەخنەگرى ئەدەبى نیم، یان هەر هیچ نەبێت ئەدیب نیم، ئەم دێڕانە ناچنە ناو خانەى ڕەخنەى ئەدەبى یان خوێندنەوەی ئەدەبى، زیاتر ڕەنگدانەوە و ورتە ورتى هەستى خوێنەرێکە کە دەیەوێ لەگەڵ شاعیرێکدا کەمێک گفتوگۆ بکات. وەختێک قەسیدەى (لەودیو پەردەى چاوەکانمەوە)ى (کەژاڵ ئیسماعیل)م خوێندەوە(1) تێگەیشتم لەبەردەم شیعرێکى ئاساییدا نیم، چون لەگەڵ هەر جارێکى خوێندنەوەیدا زیاتر بەماناو ناوەڕۆکیدا رۆدەچووم و چێژى پێدەبەخشیم. شاعیر لەم قەسیدەیەدا بەزمانێکى مەجازیى و ریتۆریکى کاریگەر هاتۆتە دوان و وەک هێڵە بەیەکدا چووەکانى زەخرەفەیەک ڕیزبەندیى وشەو دێڕەکانى کردووە و بەفۆرمێکى ئەدەبى بەرز پەرەگراف و ڕستەکانى پێکەوە گرێداوە. گۆتێ- وتى(شیعر سەر بەهیچ لقێک لە لقەکانى هونەر نییە، تەنیا سەر بەبلیمەتییە). شیعر (پۆیەتیکا) لەمارکێت ناکڕدرێت، شیعر لەقوتابخانە ناخوێندرێت، شیعر وەک بڕوانامە لەزانکۆ بەدەستى ناهێنیت، شیعر بەمیرات بۆ کەس بەجێنامێنێت، شیعر لەسەر لوتکەى چیایەکى گەردن بڵند دانەنراوە دایگریتە خوارێ، شیعر تاجێکى ئاڵتوونى نییە بەپوڵ بیکڕیت و وەک پادشا لەسەرى بکەیت، شیعر پارەو سامان نییە بەئارەقى نێوچەوان بەدەستى بهێنیت، شیعر بلیمەتییە، هەر لەبەر ئەم هۆیەیە لەهەموو چاخ و زەمانێکدا شاعیران لەڕەشۆک و عەوامەکان جیابوون و جیاکراونەتەوە. کەژاڵ ئیسماعیل یەکێک لەو شاعیرانەیە ئەسپى بلیمەتى لەمەیدانى شیعرى کوردییدا تاوداوە، ئاخر وەختێک شیعرێکى دەخوێنیتەوە باکگراوەندێکى قووڵ لەڕامان و رۆشنبیریى هەست پێدەکەیت ،ئازارێکى لەبن نەهاتوو دەدۆزیتەوە، خەونێکى بریندار سڵاوت لێدەکات و هەناسەیەکى گەرمى بەغەم داڕێژراو دەبینى، دڵێکى بەدەزرى ئاژنکراو خۆى قیت دەکاتەوە.. ئەم غەمە قووڵە،ئەم ئازاروناسۆرە ناکۆتایە وئەم دڵەرەنجاوە لەناو خۆیدا پەنگ ناخواتەوە ، نا بەڵکو وەک گڕکانێکى توڕە بۆژیان لەبۆتە داهێنانێکى ئەدەبى بەرزدا دێتە دەرێ، بەباڵاى قەسیدەیەکدا پەرش و بڵاو دەبێتەوە، قەسیدەیەک دڵ دەگوشێ و ئاگر لەئاودا دەسووتێنێ و لەسێوى مەرگ شەربەتى ژیان دروست دەکات و لەناڵەو گریان قووڵى پێکەنین دێنێتە دەرێ و لەفرمێسک قاقا جۆشدەدات، لەدرەختى زڕى نائومێدیى گوڵى گەشى هیوا دەدرێنێ و لە بەهارێکى ساماڵ و ڕەنگ سەوزدا دەیدا لەیەخەى دیوان و شیعرى. ناتالى ساروت- دەیووت (کە دەنووسم بیر لەوە ناکەمەوە چیم، بەڵکو بیر لەو شتە دەکەمەوە کە دەینووسم، بەتەواوى ئاوێتەى کارەکە دەبم). ئەم شاعیرەمان وا نانووسێ ژنە، بیرى دەچێتەوە سەر بەکام جێندەرە، ئەو وەک مرۆڤ دەنووسێ و بۆ مرۆڤ دەنووسێ، ئەو شادییەکانمان لەگەڵ بەش دەکات و غەمەکان هەڵدەگرێتەوە بۆ خۆى، بیر لەوە ناکاتەوە شیعرەکانى کام شاو میر توڕە یان شاگەشکە دەکەن، کام مەلاو شێخ بێزار دەکەن، کام پیاو سالار و خاوەن دیوان هەراسان دەکەن. نا، ئەو دەنووسێ بۆئەوەى بزەیەکى تۆراو بگێڕێتەوە بۆ سەر لێوى منداڵێکى دەستفرۆش ،دەیەوێ زمانێک بدۆزێتەوە تیژ وەک خەنجەر نەرم وەک ئاوریشم بۆ ئەو بێ زمانانەى زۆرینەى خەڵکیان پێکهێناوە، نایەوێت دەبەیەک بەنزین بەخۆیدا بکات و بەدەنکە شقارتەیەک جەستەى بکاتە خۆڵەمێش، نا نا دەیەوێ دەریایەک بەنزین بکات بەسەرى کولتوورى چەقبەستوودا و بەدەنکە شقارتەى شیعر گڕى تێبەردات. شیعر لاى ئەم شاعیرە بۆ خاوەن شکۆو خاوەن دەسەڵاتان نییە، شیعر لاى ئەم شاعیرە بۆ ئاهەنگ و کەیف و سەمانییە، شیعر لاى کەژاڵ کاسبى و کیسەى پڕ زێڕو مروارى نییە، شیعر لاى وی پەمپدان و جۆش و خرۆش نییە، شیعر لەکن ئەو چەکە، چەکێکى فکریى و فەلسەفى بۆ تێگەیشتن لەدنیاو بۆ بیرکردنەوە لەخودو هەبووەکانى چوار دەور. شیعر لاى وى رۆڵى هەیە، وەک جگەرەکێشان ڕەفتارێکى تاکە کەسى نییە و وەک ملوانکە تەنێ لەگەردنى خۆیدا نییەو وەک بازنیش لەمەچەکى خۆیدا کەلەپچەى نەکردووە. ئەدۆنیس-ى شاعیرو بیرمەندى عەرەب دەبێژێت (پێویستە لەسەر شاعیر هاوشێوەى ئەو کەسە نەبێت خوێنەر دووچارى سەرسوڕمان دەکات، بەڵکو دەبێت ئەو کەسە بێت کە خوێنەر هان دەدات لەسەر تێگەیشتن لەو شتانەى ڕوو دەدەن). مامۆستا ئەدۆنیس، خۆشبەختانە من شاعیرێک بەناوى (کەژاڵ) شک دەبەم، بەشیعر تێماندەگەیەنێت لەنێوان ژیان و مردندا هەر یەک هەناسە هەیە، کەواتە باڕێزى هەناسەیەک بگرین! چون دیوارى نێوان دوو دنیاى دژ بەیەک و پێچەوانەیە، دنیاى بێ دەنگ و ڕەنگى لەگەڵ دنیاى فرە ڕەنگ و جەنجاڵى. شاعیرێک پێدەزانم بەپێچەوانەى گۆرانیبێژەکانى یانەى شەوانەوە کە لەناو دمبک دمبک و ژاوەژاودا دەنگى نووساویان دیار نییە، ئەو لەم دنیا جەنجاڵ و تژ لەهەراو هوریایەدا بەئیقاعەوە سادەو نەرمەکەى سەرنجمان ڕادەکێشێت و ستۆپى بیرکردنەوەمان پێدەگرێت. بیرکردنەوە لەژیان، بیرکردنەوە لەڕێگەیەکى تر بۆ هەناسەدان، بیرکردنەوە لەسکێج کردنى نیشتمانێکى جاویدانى کەلێوانلێو بێت لە عیشق و ئازادیى. هەنووکە بیردەکەمەوە کاتێک مەسیح بزمارى لەچوارمێخەدان بەجەستەیدا داکوترا، خودایە چەندە ئازارى کێشابێ و چۆن گوزارشتى لەو خوێناوە کردبێت؟ ئاخۆ کاتێ سۆکرات جامە ژەهرەکەى نۆش کرد هەستى چۆن بووبێت؟ ئەى کاتێک شمشێر لەسنگى پۆشکین دەچەقێنن دەبێت خەیاڵى لاى کام چامەى بووبێت؟ نازانم وەختێک گۆرکى لەگیانەڵادا بوو بیرى لاى چینى کرێکارو پاڤڵى پاڵەوانى رۆمانى دایکەکەى مابوو؟ نازانم، نازانم. نازانم کەژاڵ کاتێک هەواڵى سوتانى کچێک، سەنگەسارى ژنێک، خنکاندنى خەونێک دەبیستێ بیر لەشیعر یان لەکام وتار بۆ رۆژنامەیەک دەکاتەوە؟ دەزانم لەگەڵ هەر غەمێکدا قەسیدەیەکى هەیە بۆ وتن، بەڵام لەترسى زۆر بێژیى هەندێجار قەسیدەکان لەقوڕگیدا دەتاسێن و لەدایک نابن، هەندێجاریش کە لەدایک دەبن قووتمان دەدەن و ئاوى ئامون و تونى بابا دەچین. خانمە شاعیرى پۆڵەندیى (ڤێسلاڤا شیمبۆرسکا) وەرگرى خەڵاتى نۆبڵى ساڵى 1996 دەڵێ: .(زۆرێک لەشیعرەکانم لەدەردو ئازارەوە هەڵقوڵاون) ئەم شاعیرەى کوردیش قەسیدەکانى زادەى ژان و ژوارن و وەک سەدایەکى بڵند بەنێو بێدەنگیماندا ڕەت دەبن، وەک جریوەى مەلێک بەناو خەیاڵەکانماندا گوزەر دەکەن، وەک گاشە بەردێکى گەورە گۆمى مەنگى مانگرتن لەوتنمان دەشڵەقێنن و زمانمان بۆ ئەبەد دەپژێنن. بیرم کردەوە شاعیرى کام ئازار؟ ئازار وەک چى؟ ئازار، ئازار، وەک ئازارى نەتەوەیەکى پەڕوباڵکراوى نێو وانەى مێژوو، ئازارى نوگرەسەلمان یان تۆزى ئێسک و پروسکى گەنج و پیرى ئەنفالکراوی کورد، ئازارى نەبڕاوەو سارێژنەکراوى خەونى لەباربراوى هەزارەها کیژۆڵەى قوربانى دەستى عەقڵى خێڵ و مۆتەکەى شەرەف و نامووسى گرێدراو بەژنەوە. ئازارى ژنێکى کوژراو، ئازارى دایکێکى جەرگ سوتاو، ئازارى نازدارێکى تیرۆرکراوى خێر لەخۆنەدیو، ئازارى ژنێک کە شەرەف و کۆنەپەرستى وەک تەوق کراوەتە گەردنى، ئازارى کچە کوردێکى ئەسمەرى، چاوو برۆ ڕەشى ئەسیرى بنەماڵە و دیلى چوار دیوارى ماڵ. ئازارى ئەو هەموو ئازارەى لەباسکردن نایەن، ئازارى ئەو هەموو غەمەى وەک سەرچاوەى گڕى سوورى باوە گوڕگوڕ رۆژانە جۆش و قوڵپ دەدەن. لەزەمەنى ژان و ئازاردا، ئەم شاعیرەمان نایەوێ هەستەکانى بتاسێنێ، نایەوێ غەمەکانى کە هەر غەمى خۆى نین وەک تاکە کەس لەئەشکەوتى خەیاڵیدا بشارێتەوە، زگى عەمبارى غەم نییە و هەستى خۆى ناکاتە قوربانیى بێدەنگى. لەپەنا (دوروتى بریگز) دەڵێت (کاتێک هەستەکانمان دەشارینەوە، بەخۆمان و بەکەسانى تریش بێگانە دەبین). ئەم شاعیرە نایەوێ بۆ پاراستنى پەیکەرى کولتوورى کۆن و شێرە بەفرینەکانى دەسەڵات، دەمى شیعرەکانى لغاو بکات، سۆزەکانى هەڵپاچێت، وشەکانى بۆیاخى سەوزو سوور بکات. دەیەوێت بەئازادانە، دوور لەسانسۆرى عەقڵ و دەسەڵات و شەریعەت و هەرچى ڕەنگەکانى ترى سانسۆرە بنووسێت، بەڵى دەنووسێت وەک ئەو باڵندەیەى بەبێ حیسابکردن بۆ میزاجى شێرو ڕێوى، چەقەڵ و کەمتیار، هەنگ و دووپشک، پڕ بەگەرووى لەدارستانێکدا دەخوێنێت. دەنووسێ وەک چۆن عاشقێک بەتاسەو حەسرەتەوە نامەیەک بۆ مەعشوقەکەى دەنووسێ، شیعرى خۆشدەوێ وەک چۆن زاهید یان سۆفییەک لەخۆشەویستى خودادا دەتوێتەوە، دەنووسێ بێ سڵەمینەوە، ئازادیى دروشمییەتى و مرۆڤ و تەنیا مرۆڤ ئامانجییەتى. هۆڵدرلین- وتى (هۆ شاعیران وەک پەڕەسێلکەکان ئازادبن). زۆر داخى گرانم هۆڵدرلین ئەم شاعیرەى ئێمەى نەدیوە، دەنا دەیووت هۆ شاعیران وەک ئەم شاعیرەى کورد ئازادبن، ئازادیى بە ماناى هەموو شت نووسین نا، بەماناى تێکشکاندنى شورەى ئەستوورى ترادیسیۆن و روخاندنى دیوارەکانى سانسۆر و زاڵبوون بەسەر جەنگى دەسەڵات و مردن لەپێناوى ژیانى وشەدا. ژیان لەپێناوى وشەدا، ژیان لە پێناوى وتندا، ژیان لەپێناوى هەڵوێست و دەنگ هەڵبڕیندا، ژیان لەپێناوى نەترسان لە ڕەخنەو بەیاندا. دانى پێدادەنێم و نایشارمەوە، لەوەتى بەرهەمى ئەم شاعیرە دەخوێنمەوە، هەستمکردووە شیعر پیشەسازییەکى قورسە، وا تێدەگەم شیعر لەمردن گرانترە، وەها دەبینم شیعر شۆرشە، عەگیدو پاڵەوانى دەوێ. هەتا ئەو کاتەشى بەقووڵى بەرهەمى شاعیرانم نەخوێندبووەوە، نەمدەزانى (ئەدۆنیس) بۆچى دەنووسێ؟: (چوونە نێو شیعر وەک چوونە نێو باخچە نییە، چونکە لە باخچەدا بەئاسانى دەتوانى بەرهەمەکان بڕنى، بەڵام چوونە نێو شیعر وەک چوونە نێو گێژەنى شەپۆلە، دەبێت سەرچڵ بیت دەنا شەپۆلى شیعر دەتخنکێنێت). هەنووکە دەزانم شیعر ترسناکە، شیعر ڕەنجدان و زەحمەتە، هەڵوێست و جەرائەتە وشاعیرییش پیشەیەکى مەترسیدارە وەک شاخەوانیى کەرەنگە لەو چیا هەزار بەهەزارییەوە بکەویتە خوارەوە و رەنج بەخەسار بیت. ئەى شاعیران، نووکە دەزانم ئێوە زەڕنەقووتە نین بەڵکو چۆلەکە پاسارییەکى سرک و سەرەڕۆن. تازە بەتازە پێمزانیوە ئێوە کامێرامان نین تا کۆپێى واقیع بکەن و لەبۆتەى شیعرێکدا پەیستى بکەن، ئێوە بەرهەمهێنى واقیعێکى نوێن، لەناو تێکستەکانتاندا کۆمارێکى گەورە هەیە بەناوى کۆمارى خۆشەویستى و یەکتر ویستن. دەزانم ئێوە لەدەریا دەچن، بەیانیان کچێکى شەرمن و ناسکۆڵە و ناوقەد باریکى چاوشینى بەنازن لەگەڵ خوێنەر وهاونیشتمانییەکانتان، ئێوارانیش پیرەمێردێکى قەڵەوى تێکسمڕاوى توڕەى قژ ماشء برنجى چوارشانە و مڕ ومۆچن لەگەڵ میرو کاربەدەستە گرگنەکان. دەزانم ئێوە پادشاى تەنیایى و ئیمپراتۆرى غەم و سیناتۆرى هەڵوێست و باڵیۆزى عەشق و ئەڤین و ژەنەڕاڵى جورئەتن، بەڵام چى بکەم ئێوە بوونەوەرێکى تایبەتین؟ ئێمەى ئاسایى تەنیا دەتوانین پێتان سەرسام بین و لەنێو تێکستەکانتاندا خۆمان بابدەین. لەوەتى هۆنراوەکانى کەژاڵ دەخوێنمەوە، هەست بەدەنگێکى نادیار دەکەم لایلایەم بۆ دەکات، هەست بەسۆزێکى قووڵ دەکەم هاوڕێى تەنیاییمە و لەشادیشدا لەتەنیشتمەوە دەخەنێتەوە. هەست بەدڵێک دەکەم زۆر لەوە گەورەترە جیهان بەو هەموو مەزنییەوە بتوانێت جێگەیەکى کەمى لێ داگیر بکات جانەخاسمە گەردێکى بچووکى وەک من کەوەک ئەنگوستیلەیەکى فڕێدراو وام لەدەشتێکى بێرون یان بیابانێکى چۆڵدا. جارێکى تر مرەکەبى پێنووسەکەم مان دەگرێت و داوا دەکات یادداشتەکانى غەم بنووسێتەوە!! ئەم پێنووسە نەفرەتییە هەمیشە دەمباتەوە بۆلاى غەم و عەزاب، ژان و ژوار، بۆ نێو قەڵاى تەنیایى و کەساسى، قەڵەم دەنووسێ بزانە شاعیرەکانیش وەک تۆ خۆشەویستەکانیان لەدەستداوە، هەروەک تۆ رقیان لە کاتە چونکە شەمەندەفەرێک بووە کەس وشتە ئازیزەکانى ئەوانیشی بۆ وێستگەى نادیاریى بردووە، کات وەک ڕەشەبا پریاسەکەى حەزو خۆزگەکانیانى پەرش و بڵاوکردووەتەوە. دەهزرێم و دەستم لەژێر چەناگەم داناوە، ئاخۆ (بەرتراند ڕەسڵ) باسى ئەزموونى ژیانى کام شاعیر بکات یان بەتیلە چاو بۆ کام شاعیر دەڕوانێت؟ ئەو وەختەى دەڵێت (شاعیران بەدەست هێزو دەسەڵاتى کاتەوە زۆریان ناڵاندووە، چونکە هەموو ئەو شتانەى خۆشیانویستوون لەڕەوتى تێپەڕینى کاتدا نەماون). ئاى.. شاعیرەکەى خۆمان دەبێ کات چەند غەدرى لەتۆش کردبێ و چەندیش دڵڕەق بووبێ بەرامبەر بەخولیاو خەونەکانت؟ هەروەک چۆن هەریەک لە ئێمە کات دەیان جار بەشمشێرى خیانەت زامدارى کردووە و ژیانى تژکردووە لەبۆن سۆى تەنیایى. هەچى بڵێم هەر کۆتایى نایێ ناچار بەکەتەرى قەڵەم داوى ئەم کڵافەیە دەقرتێنین و شاعیرێک بەجێدەهێڵین کە وەک مام هێمن موکریانى و لەگەڵ ئەودا دەڵێت: گوێم دەیە ئەى دیدە مەستى قیت و قۆز تا بناڵێنم وەک بلوێر بەسۆز گەرچى ناڵەم تێکەڵى نەى کردووە شیوەنێکم پێیە نەى نەیکردووە کەژاڵى شاعیر هەر غەم و ئازارێک پەلیان گرتبێ بۆ نێو شیعر بێ هیچ سێ و دوویەک لەگەڵیان چووە، بەڵام ئەو لەشیعرەکانیدا نەک ڕەشبینى و جۆرێکى تر لە غەم بەرهەمناهێنێ بەڵکو غەریزەى ژیاندۆستى وایلێکردووە شیعرەکانى وەک سنەوبەرێکى تەڕ بۆنى خۆشیان وەک میسک و گوڵاو بگاتە حەوتەمین چینى ئاسمان، هەریەک لەقەسیدەکانى مەرکانەیەک ئاوى ساردو فێنکن بۆ هەر تینوویەکى عەوداڵ بەئاو وتێرخواردنەوە. هەموو ئەم دێرانە تیشکدانەوەى هەستى منن وەک ئەنجامێکى خوێندنەوەى بەردەوامى شیعرەکانى کەژاڵ ئیسماعیل، لویس ئەراگۆن – وتەنیش (هەموو کەسێ کە دەخوێنێتەوە ڕەخنەگرە، کە بەکوڵ کتێبێک دەگرێتە باوەشى یان ڕەتى دەکاتەوە.) چى بکەم بەخۆم نییە، هەر جارێک قەسیدەیەکى نوێى ئەم شاعیرە دەخوێنمەوە تەسلیمى دەبم و دەیگرمە باوەشم، چون ئاوێنەیەکى ساف و ڕوونن سەرلەبەرى ژیانى خۆمیان تێدا دەبینمەوە. (2). پەراوێز: .(1) بڕوانە بۆ گۆڤارى (رامان) ژمارە (121) حوزەیرانى 2007 – ل12 .(2) ئەم نووسینە لەرۆژنامەی (ئاڵای ئازادی ) ژمارە (719)بڵاوبووەتەوە
Shamzini79@hotmail.com
|