په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٦\٢٠٢٥

کاتێک زیندان دەبێتە سەکۆ.


ئەرسەلان مەحمود      


ئایا هیچ پاڕادۆکسێک (ناتەبایی) لەمە قووڵتر هەیە؟ سەرکردەیەک کە بیست و پێنج ساڵە، لە دوورترین دوورگەی دەریاییدا زیندانی کراوە، ئێستا بانگی کۆبوونەوەی کوردستانی بکات. ئەمە نەک تەنها گۆڕانکارییە لە هاوسەنگی دەسەڵات، بەڵکو نیشاندەری ئەوەشە کە ڕاستی تراوماتیک - ئەو ڕاستییەی سیستەم هەوڵی شاردنەوەیدا - بەڵام هەرگیز ئەو خەونەی نەهاتە دی و ڕووینەدا.

کۆبوونەوەی ڕیچووەلی سیمبۆلیک.


ئۆجەلان لە ئیمڕالییەوە بانگی بافڵ تاڵەبانی، مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، قوباد تاڵەبانی و مەزڵوم عەبدی دەکات. ئایا ئەمە هەر بە ڕاستی دیدارە یان شتێکی تر؟ لە دیدی منەوە، ئەمە "کۆبوونەوەیەکی نەمرە" - تەلیسمی سیاسی (دیاردەی جادووگەرانە) یان ڕیچووەلی سیمبۆلیک (ئاهەنگی نیشانەیی) کە تێیدا مێژووی سەرکوتکراو هەوڵی سەر لەنوێ ژیانەوەی خۆی دەدات. هەریەکە لەم ناوانە نوێنەرایەتی ڕەوتێکی سیاسی دەکات: بارزانی وەک کۆنزەرڤاتیڤ (پارێزەرانە)، تاڵەبانی وەک لیبراڵ دیموکراتیک، و عەبدی وەک کۆمۆنیزمی کۆمەڵایەتی. بەڵام ئۆجەلان چۆن دەتوانێ لە زیندانەوە بیانهێنێتە دەوروبەری میزی گفتوگۆ؟

کاتێک زیندان دەبێتە پیرۆزگە.


ئەمە نیشاندەری ئەو پاڕادۆکسەیە کە پێی دەڵێن "دەسەڵاتی بێدەسەڵات". کاتێک دەوڵەتی توندڕەو باوەڕی وایە کە بە دانانی ڕابەرێک لە دوورترین دوورگەکانی دەریادا، توانیویەتی بێدەنگی بکات، لە ڕاستیدا پێچەوانەکەی ڕاستە. زیندان لەجیاتی ئەوەی بکاتە مەقبەرە (گۆڕستان)، ئەو ڕابەرە کردی بە پیرۆزگە (شوێنی پیرۆز). ئۆجەلان لە زیندانەوە کۆنتڕۆڵی پێڕەوی سیاسی دەکات، بەڵام نەک بەو شێوەیەی کە سیاسەتمەدارانی ئاسایی دەیکەن. ئەو وەک "دەنگی شوناسی کورد" کار دەکات - ئەو دەنگەی کە لە سەرۆک "مام جەلال"ـەوە دەگوێزرێتەوە. ئەمە جۆرێکە لە "تیلیپاسی کۆمەڵایەتی" (پەیوەندی دەروونی لە دوورەوە).

دیداری پۆستمۆدەرن، کاتێک جوغرافیا گرنگ نییە.


لە سەردەمی پۆستمۆدەرندا، کاتێک دیداری فیزیکی، جوانی مێژوویی خۆی لەدەست دەدات، دیداری ڕاستەقینە بە شێوەی تر ڕوودەدات. ئەوەی لێرەدا گرنگە مەزمونی گفتوگۆیە، نەک جوغرافیای ئەو. دیدارە خوازراوەکەی ئۆجەلان لە دوای سەرۆک "مام جەلال"ـ، دەبێتە "دیالۆگی بەکارنەهێنراو" (گفتوگۆی پشتگوێخراو) - ئەو دیالۆگەی کە سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا بە فەرمی ڕێگەی پێنەدراوە، بەڵام دەبوو بەرە بەرە دەرگە و دەروازەی نوێی بۆ بکرێتەوە و ئەنجام بدرێت، نەک کار لەسەر داخرانی بکرێت.

کۆنترادیکشنی کلاسیک، کاتێک دوژمن دەبێتە خاڵقکار.


لەمەدا کۆنترادیکشنێکی کلاسیک (دژایەتی بنەڕەتی) دەبینین: حکومەتی تورکیا کە زۆر هەوڵیدا پێگەی هەمە چەشنە و بە تایبەت سیاسی کورد لەناو ببات، بەڵام دواجار نەک هەر نەیتوانی، ئێستا هەمان ئەو ویستە نەزۆکەیە کە دەسەڵاتی سیمبۆلیک لە ئۆجەلاندا بەهێز دەکاتەوە. هەر کردەیەک کە لە بەرامبەر "تیرۆریست" و "شاخاوی" بوونی کورد کردیان، پێچەوانەکەی بوو بە واقیع و حەقیقەت. لێرەدا جیاوازی نێوان "دەسەڵاتی سەخت" (دیکتاتۆری، زیندان، سەربازی) و "دەسەڵاتی نەرم" (کاریگەری فیکری، ئایدیۆلۆژی) بە ڕوونی دەردەکەوێت. ئۆجەلان لە دەسەڵاتی سەختدا شکستی هێنا، بەڵام لە دەسەڵاتی نەرمدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنایەوە.

ئەلگۆی عیسا، کاتێک مردن دەبێتە سەرکەوتن.


ئەمە ئەو گۆڕانکارییە دەهێنێتەوە یاد کە لە مەسیحییەتدا ڕوویدا. عیسا لە ڕووی سیاسییەوە بە شکستهێنراو دادەنرا، بەڵام بەو مردنە بووە گەورەترین سەرکەوتووی مێژوو. هەروەها ئۆجەلان بە زیندانکردن، بە خنکێندراو دەناسێندرا، بەڵام زیندانی گەیاندە هەرە پلەی بەرزی سیاسی. ئەمە لە سایکۆئەنالیزی لاکانیشدا (ڕوانینی دەروونی لاکان) باسکراوە: "دەرهێنانی سوژە" - کاتێک کەسێک لە ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی فەرمی گوتارەوە دەگاتە ئاستی سەربەخۆیی.

هاواری مۆدێرنێتی، کاتی گفتوگۆ هاتووە.


داواکاری ئۆجەلان بۆ ئەم دیدارە، لە ڕاستیدا هاوارێکە بە ناو مێژوودا: کاتی گفتوگۆ هاتووە. بەڵام نەک گفتوگۆی ئاشتکردنەوە و لێبوردەی کلاسیکگەرایی، بەڵکو گفتوگۆی "ڕەها کردنی مێژوو لە نیشتمانەکەی خۆیدا" - ئەو مێژووەی کە زۆر درێژ لە کتوپڕی تراژیدیدا (کارەساتی دووبارەبۆوە) بەر گەمارۆی گەورە کەوتووە.

گەڕانەوەی کۆمەڵگەی شارەکی.


لەم دۆخەدا، ئەگەر ئەو دیدارە ڕوو بدا، ئەوە نابێت وەک سەرکەوتنی دیپلۆماسی تەماشا بکرێت، بەڵکو وەک گەڕانەوەی "کۆمەڵگەی شارەکی" - ئەو کۆمەڵگەیەی کە بە دیالۆگ و لێکدانەوە کێشەکان چارەسەر دەکات، نەک بە زۆرداری و کۆنترۆڵ. هەر لەبەر ئەوەیە داواکاری ئۆجەلان لە بنەڕەتدا هاوارێکە بۆ مۆدێرنێتەیی (هاوچەرخیبوون). ئایا ئێمە ئامادەین وەڵامی بدەینەوە؟ ئەم پرسیارە نەک تەنها بۆ کوردان، بەڵکو بۆ هەموو ئەو کۆمەڵگەیانە کە هێشتا لە نێوان دەسەڵاتی سەخت و دەسەڵاتی نەرم، لە نێوان زۆرداری و دیالۆگ، لە نێوان کۆنەپەرستی و مۆدێرنیتیدا گیرایان خواردوە، گرنگ و بەهادارە.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک