٢٨\١١\٢٠١٠
کاوە کافرۆشی:
هەموو هونەرێک بەشێک لە ناسنامە و شوناسی تایبەتی خۆی
هەیە.

دیمانە: کامەران سوبحان
کامەران سوبحان: لە دوا پێشانگەی هونەریت بەناوی (روخساری
هاوڕێیەتی) ئەم ناونیشانە لە کوێوە هاتووە و هاوڕێیەتی لای تۆ چ مانا و
فەلسەفەیەکی هەیە؟
کاوە
کافرۆشی: دیارە هەموو پێشانگەیەک هۆکار و تایبەتمەندی خۆی هەیە،
ئەو پێشانگەیەش کە ماوەیەک لەمەوبەر لە نەمسا کردمەوە و دواجار ناونرا
(روخساری هاوڕێیەتی)، بیرۆکەکەی لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە بەهۆی ئەو
پێشانگەیە و هەندێک لە کارە هونەرییەکانم توانیم پێوەندییەکی باش و
هاوڕێیەتی پەیدا بکەم لە نێوان من وەک هونەرمەندێکی کورد، لەگەڵ چەند
هونەرمەندێکی نەمسایی، ئیتر ئەو هاوڕێیەتییەی نێوانمان بیرۆکەى
دروستبوونی ئەو پێشانگەیە بوو، جگە لە ناسینی چەند هونەرمەندێکی بەڕێزی
وەک سامان کەریم دارتاش و سازگار ساڵح، کە دواجار ئەو یەکترناسینە چەند
گفتوگۆیەک و گۆڕینەوەی بۆچوونی هونەری لەسەر پیشانگە و تابلۆی بەدوادا
هات و رێک کەوتین کە دوا پێشانگەی تایبەتی خۆم ناو بنێم (روخساری
هاوڕێیەتی).
کامەران سوبحان: لە هەندێک لە تابلۆکانتدا روخسارێکی گەورە
هەیە، ئەو روخسارە جۆرێک لە ترسناکی و رەشبینیی پێوە دیارە، دەمەوێ
پرسیار لە فیگەر و وەزیفەی فیگەر بکەم لای تۆ و لە تابلۆکانتدا چ مانا
و هێمایەکی هەیە؟
کاوە کافرۆشی: هەموو مرۆڤێک هاوڕێیەک یان
چەند هاوڕێیەکی دڵسۆزی هەیە، بێگومان هاوڕێیەتیش گەورەترین دیاریی
مرۆڤایەتییە ئەگەر بیدۆزێتەوە، بێگومان ئەو جۆرە روخسارانەی لە ناو
تابلۆکانی مندا دەردەکەون یاخۆ دامڕشتوون، هەمووی رەنگدانەوەی ژیانی
مرۆڤی کوردە، دواجاریش رەنگدانەوەی بەشێک لە ژیانی خۆمە وەک هونەرمەند
و رەنگدانەوەی لە خود و تێڕوانینەکانم بۆ حاڵەتە تایبەتییەکانی ژیانی
دەوروبەر و حاڵەتە جۆرەوجۆرەکان، بەتایبەتیش لە کارەساتە ناخۆشەکانی
ئەنفال و کارەساتی هەڵەبجە کە لە شوێن و پێگەی جۆرەوجۆری تابلۆکاندا
رەنگدانەوەی هەیە، منیش رەنگە ئەو هەستەم لا دروست بوو بێت کە حەزم
بکردایە وەک هونەرمەندێکی وڵاتێکی ئارام لە سایەی ئاشتی و ئارامیدا
گەورە بوومایە و منداڵیم دوور بووایە لە شەڕ و ناخۆشی، ئەوسا ئەو
رەشبینی و ترسناکییەی کە تۆ باسی دەکەیت بەجۆرێک لە جۆرەکان لە
تابلۆکانمدا نەدەبوو، بەڵام میلەتەکەی من کە خاوەنی ئەنفال و هەڵەبجە و
دەیان کارەساتی تر بێت، بێگومان ئەو حاڵەتانەش لە روخسار و پانتاییی
تابلۆکانیدا دەبینرێتەوە.
کامەران سوبحان: رەنگ یەکێکی ترە لە بەها گرینگەکانی هونەری
شێوەکاری، لای تۆش بەوردی کار لەسەر رەنگ کراوە، وەزیفەی رەنگ لە تابلۆ
و لە کارەکانتدا لە چ ئاستێکدایە؟
کاوە کافرۆشی: رەنگ یەکێکە لە ناسنامە و
چەکە گرینگەکانی هونەرمەند لە مامەڵەکردن لە تەک تابلۆ و ئەو کەرەستە
هونەرییانەی کاریان پێ دەکات، رەنگ لەلایەک و فیگەر لەلایەکی ترەوە ئەم
دوو لایەنە (فیگەر و رەنگ) بەتایبەتی فیگەر بەهای ئەوەیە لە تابلۆدا
شیکاری حاڵەتە نەستییەکانی تابلۆ دەکات لە نێوان فۆڕم و رەنگدا، لەو
حاڵەتەشدا لای هونەرمەند فۆڕم زمانێکی تایبەتی دەدات بەهونەرمەند کە
رەنگە ئەو زمانە پێناس و جیاکاریی نێوان بەرهەمی هونەرمەندان دەربخات و
کار و تابلۆی هونەریی هونەرمەندێک لە یەکێکی تر بەپێی ستایل و شێواز
جیا بکاتەوە و پێناسەی بکات.
ئەگەر رەنگیش وەک یەکەیەکی تایبەتی لە کاری هونەری و تابلۆدا سەیر
بکەین ئەو مانایەی هەیە کە پێناس و ناسنامەیەک دەدات بەتابلۆکە، بۆ
نموونە رەنگە رۆژانە ئێمە چەندان رەنگی جۆرەوجۆر ببینین کە زۆر
سەرنجمان رانەکێشێت، بەڵام هەر رەنگێک لەو رەنگانە لە ناو تابلۆی
هونەرمەندێکدا هەبن زۆر سەرنجڕاکێش و پڕ کاریگەر دەبن بۆ سەر چاوی
بینەر.
کامەران سوبحان: تا چەند باوەڕت
بەناسنامە و شوناس هەیە لە هونەری شێوەکاریدا، بەو پێیەی بگوترێ ئەمە
هونەری کوردییە و ئەمە هونەری عەرەبی و.. هتد؟
کاوە کافرۆشی: بێگومان هەموو هونەرێک
بەشێک لە ناسنامە و شوناسی تایبەتی خۆی هەیە، کەم یان زۆر لەو هونەرەدا
و بەپێی تایبەتمەندییەکانی دەردەکەوێت، ئەو کاریگەرییانەش لە سەر
ناسنامە و شوناسی هونەرمەند و بەرهەمە هونەرییەکەی دەردەکەوێت، ئەو
کاریگەرییە بۆ چەند لایەنێک دەگەڕێتەوە کە ئەوانیش کاریگەریی کولتووری
و شوێن و جۆری ژیانی تاکەکەس و کەش و ئاووهەوا و ژیانی ئەو کەس و
هونەرمەندە کە لە چ بارودۆخ و کەشێکی تایبەتدا دەژی، بەڵام بێین وا
پێناسەی بکەین کە ئەمە هونەری (عەرەبی و فارسی و کوردی)یە، رەنگە جۆرێک
لە لەنگیی تێدا بێت و پێناسەیەکی تەواو نەبێت بۆ ئەو هونەرە.
ماڵپهڕی کاوه کافرۆشی
|