په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٤\٢٠٢٠

کازمی کۆدەنگیی نیشتمانییە یان کۆدەنگیی گەندەڵکارانە؟


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   


رۆژ لە دوای رۆژ کێشەکانی گەلی عێراق بە ھۆی پەتای کۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت و ھەرەسھێنانی سامان و ئابوری وڵات دژوارو قورستر ئەبێت و ئەمە لەلایەک و لە لایەکی ترەوە حزبە گەندەڵەکانی پشکپشکێنە شەریانە لە سەر پلەو پایەو دابەشکردنی پۆستەکانیان لە کابینەکەی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو مستەفا کازمی و ھەمووشیان درۆزنن و ئەڵین کازمیمان سەرپشک کردووە ئازادانەو سەربەخۆ وەزیرەکانی دیاری بکات..


راپەرین و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی بەغداو شارەکانی ناوەراست و خواری عێراق لە ١ تشرینی یەکەم { ئوکتۆبەر} ی ساڵی ٢٠١٩ تا سەرھەڵدانی کۆرۆنا ببوونە مایەی سەر ئێشە بۆ حکومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی و دەستوپەیوەندەکانی و دەستی دەرەکی کە لەلایەن خۆپیشاندەران بە بکوژانی زیاتر لە ٦٠٠ و بریندارکردنی زیاتر لە ٢٥٠٠٠ وگرتن و زیندانیکردنی ھەزاران وبێسەروشوێنکردنی زیاتر لە ھەزار چالا‌کەوان و ھاوڵاتی تاوانبارن و ھەرزوو عادل عەبدولمەھدی دەستی لەکارکێشایەوە.


نزیکەی ٦ مانگە راپەرین و خۆپیشاندان ھەڵگیرساوەو خوێنێکی زۆریش رژاوەو، نە کازمی و نە حزبە گەندەلەکان بە ھیچ شێوەیەک باسی راپەرینەکە ناکەن و، داخوازییەکانی جەماوەری گەل پشتگوێ ئەخەن و، ئەم پشتگوێخستنە ئەبێتە ھۆی دروستبوونی ھەراو ھوریاو بار گرژی گەورەترو مەترسیدارتر لەوانەی پێشتر روویانداوەو، ئەمەش ھاوکاتە لە گەڵ بڵاوبوونەوەی کۆرۆناو تەنگوچەڵەمەی کێشەی قوڵی ئابوری و، لێرەدا پێویستە ھەڵوەستەیەک لە سەر چا‌رەسەرکردنی کێشەکان بکرێت و، لە پێش ھەموو کارێک ھەڵپژاردنی پێشوەختەو، کازمی لێێبێدەنگە بە پێچەوانەی محەمەد تەوفیق عەڵلاوی کە وادەیەکی دیاریکردو، وادەکەش لە سالێک تێنەپەرێت ھەڵپژاردنی گشتی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدات.


سەرۆک کۆمار بەرھەم ساڵح لە رۆژی راسپاردنی مستەفا کازمی بۆ پێکھێنانی حکومەت وتی : کەش و ھەوای ئەمرۆ ""دیموکراتیانەیە"" و، لە رابردوودا کاتێکی دژوارمان لە مێژووی عێراقدا بەسەربردو رووبەرووی نارەزایی جەماوەری بەرفراوان بووینەوەو، داوای چاکسازی و راستکردنەوەی ھێڵی سیاسی ولاتەکەمانیان ئەکرد لە گواستنەوەی دەسەڵات و دەست لە کار کێشانەوەی عادل عەبدوالمەھدی، پێخۆشحاڵم بە"" کۆدەنگی نیشتمانی"" کازمی رائەسپێرم و، پرسیار ئەوەیە سەرۆک باسی کام کۆدەنگ ئەکەن؟ زیاتر لە نێوەی خەڵکی عێراق راپەریوەو کازمیان ناوێت و بە بکۆژی خۆپیشاندەران و دزو پیاوی بێگانە ناوی ئەبەن و، ھەر بەرێزتان کە لە گەل نوێنەری خۆپیشاندەرەکان کۆ بوونەوەو وتتان داخوازییەکانتان رەوایەو کەسێکی گونجاو بۆ سەرۆک وەزیران دائەنێن و، باسی کام کۆدەنگی ئەکەن؟ کۆدەنگی حزبە شیعەکان، حزبەکانی پشکپشکێنەو گەندەڵی و مافیاو دز ماوەی ١٧ ساڵە خەڵک ئەکوژن و سوکایەتی بە کەرامەتی مرۆڤەوە ئەکەن و پارەو سامانی عێراقیان دزی و ھەریەک کورو کورەزاو و براو ئامۆزاو و خزمی خۆی ھێناوەو، خەڵکیش نانیان نییە بیخۆن!


حزبەکانی شیعە ئەزانن بەرھەم ساڵح لە دوای دەست لەکارکێشانەوەی عەبدوالمەھدی چەندین جار ناوی کازمی بۆ سەرۆک وەزیران ھێناوەو ئەوان پێی رازینەبوون و، لە دانانی عەدنان زورفی تووشی کێشە بوو تەنانەت ھەندێ لە حزبەکانی شیعە بەتایبەت تاقمی بەدر بە سەرۆکایەتی ھادی عامری کە پیاوی ئێرانە ویستیان کاری خراپ و نەشیاو دژ بە بەرھەم ساڵح ئەنجام بدەن بەڵام لە بەر گرژی وناتەبایی ناوماڵی حزبە گەندەڵەکان وبێتواناییان سەرۆک کۆمار ھوشداری ئەوەیدا ئەگەر لایەنەکان رێگری لە پێکھێنانی حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی کازمی بکەن، ئەوە دەسەڵاتە دەستوورییەکانی بەکارئەھێنێت و پەرلەمان ھەلئەوەشێنێتەوەو حکومەتی کاتی پێکئەھێنێت.


گیروگرفت و کێشەکانی کازمی پۆ پێشکەشکردنی کابینەکەی لەمرۆوە دەستپێئەکات و، حزبە گەندەڵەکان سورن لەسەر پشکی خۆیان بە پێی( بەرکەوەتی ھەڵپژاردن) و، پێشتر وتیان کازمی ئازادو سەربەخۆیە لە دانانی وەزیرەکان و، لە ئێستادا رووبەرووی ناکۆکی و بارقورسی ئەبێتەوە لە دانانی کەسانی تکنۆقرات و رازیکردنی ئەو حزبانە و، وادەرئەکەوێت حکومەتەکەی کازمی دوور نییە لە سیستەمی پشکپشکێنەی حزبەکان و پێکھاتەکان کە بە (بەرکەوتەی ھەڵپژاردن) ناسراوەو، ئەمەش پاڵ بە چاودێران و تەنانەت ئەندامانی پەرلەمان ئەنێت زۆر گەشبین نەبن لە حکومەتەکەی کازمی چونکە ھاوشێوەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەھدیە لە بیرۆکەی دامەزراندن و دابەشکردنی پشکی حزبەکان بە سەر بلۆکەکان ( کوتلەکان) و ھێزە سیاسییەکان.


چەلەحانی و دەمەقاڵە لە نێوان حزبە کانی پشکپشکێنە گەرمەو ھەریەک لە سەر ئاوازێک ئەخوێنێت بۆ نموونە سائیرونی موقتەدای خۆھەڵکێش ئەڵیت .ئەگەر کارنامەی حکومەت داواکارییەکانی ئەوان و خۆپیشاندەرانی تیادا جێگەی نەکرابێتەوە ئەوا ئامادە نین لە پەرلەماندا دەنگی پێبدەن و پێویستە حکومەتەکەی کازمی رووبەرووی گەندەڵی و گەندەڵکاران ببێتەوەو پرۆژەی چاکسازی بخاتەڕوو، تاقمی ( الفتح) ی عامری گاڵتەی بە ھەڵپژاردنی کازمی دێت و بە ئاشکرا پێدائەگرێت بۆ ئەوەی زۆرتری بەرکەوێت و، جموجوڵ بۆ مانەوەی مێلیشیاکان لە کاردایەو عامری و مالکی و عەمار الحەکیم ئەڵێن پێویستە ھێز لە دەستی شیعە بمێنێتەوەو، تاقمێکی تریان داوای تۆڵەسەندنەوەی خوێنی قاسم سلێمانی و مەھدی موھەندیس ئەکەن و، تورکمان داوا ئەکەن پشکی پێکھاتەکان ( جیا لە عەرەب و کورد) پشتگۆی نەخرێت و، بارودۆخەکە زۆر ئاڵۆزەو خەڵک وایئەزانی راسپاردنی کازمی سەرەتای قۆناغێکی نوێە لە سەر ئاستی یەکێتی نیشتمانی و کازمی بە سەر تایفەگەری و گەندەڵی زاڵ ئەبێت و، بە ھیچ شێوەیەک رازی نابێت کەس فەرز بکرێت بەڵام ھەموو کارەکانی بە پێچەوانەی خواستی ئەو ئەکرێت.
حزبە شیعەکان لە سەر پۆستی وەزیرەکان شەریانەو ھەموویان بۆ بەرژەوەندی خۆیان باسی دەستوور ئەکەن و، حزبی واش ھەیە بە ترس و لەرزو لە ژێر لێوەوە ئاماژە بە خۆپیشاندانەکان و تێکۆشانی شەقام ئەدات.


ھەرچەندە کورد بە ھۆی نامەی پشتگیری پێشوەختەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێم لە کازمی ھەڵەیەکی گەورەی کردو پاشان مەسعود بارزانی و لاھور شیخ جەنگی لە رێی تەلەفونەوە پشتگیری خۆیان نیشاندا تا ئەم کاتە ھیچ گفتوگۆیەکی فەرمی لە نێوان کوردو کازمی نەکراوەو بەڵام لەملاو لەولا لە زاری ئەندام پەرلەمانی ئەم حزب ئەو حزب ( ئەستێرەکانی شاشەی تەلەفزیۆنەکان) دەنگۆیەک ئەبیسترێت کە کازمی ھەرچەندە نەھاتووتە کوردستان ئەمەی کردووەو ئەوەی ئەنجامداوەو، مادەی ١٤٠ و کێشەکانی نێوان بەغداو ھەرێم چارەسەر ئەکات و کەسیان دڵنیانین لەوەی ئەیڵێن و بە ئەم وشانە دەستپێئەکات : ( وابزانم، یان بە بۆچوونی من و لە پاشان ئەڵێن با پەلە نەکەێن وچاوەروانی سەرکردایەتی بکەین).


محەمەد عەللاوی یان عەدنان زورفی و ھەروا مستەفا کازمی دوو رووی دراوێکن و ھەموویان لە لای شەقام و جەماوەری راپەریو وەک یەکن لە گەندەڵیی و دزی و، ھەرچۆنێک بێت وئاستەنگ بۆ کازمی دروست بکرێت کابینەکەی لە پەرلەمان تێئەپەرێت و لە گەڵ نەمانی کۆرۆنا خۆپیشاندان دەستپێئەکاتەوەو وەک حکومەتەکەی عەبدولمەھدی ناچار ئەکرێت دەست لە کار بکێشێتەوە.


پێویستە ھەمو لایەک ھەوڵبدات بۆ :


دامەزراندنی حکومەتێکی نیشتمانی گوزارشت لە ھەموو لایەنە سیاسیەکان و گەل بکات و دوور بێت لە حزب و پشکپشکێنەی تایفەگەری و ، ئەوە بووەتە خواستی گەل و ھەر ئەو حکومەتەش ئەتوانێت کێشە مەترسیدارەکانی عێراق چارەسەر یکات.


ئەنحامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەری پێشوەختە.


ئاورێک لە شەقام و خۆپیشاندەران و خەڵکی راپەریوی بەغدای پایتەخت و (٩) نۆ شاری ناوەراست و خوارووی عێراق بدرێتەوەو خواست و ئامانجەکانیان بھێننەدی.
لە ھەمووی گرنگتر دۆزینەوەی بکوژانی خۆپیشندەرانە و بدرێنە دەست دادگاو سزا بدرێن.


ھەوڵبدرێت مووچەیەکی شایستە بۆ ٦٠٠ شەھیدو ٢٥٠٠٠ برینداری راپەرینەکە دابین بکرێت حکومەت شەھیدەکانی ‌ بە شەھیدانی گەل ونیشتمان رابگێنێت..


بە ‌زووترین کات زیندانیانی راپەرینەکە ئازاد بکرێن و لەلایەن ددەزگاکانی پۆلیس و دادگاکان بانگنەکرێن بۆ لێپرسینەوەو ئەوانەی بێسەروشوێنن بدۆزرێنەوە.
گەندەڵکاران بدرێنە دادگا.


ھەنگاوی بەپەلە بنرێت بۆ دابینکردنی نان و پێداویستییەکان بۆ گەڵ بەتایبەت چەوساوەو ھەژاران.

 

٢٠\٤\٢٠٢٠
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب


 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک