په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٩\٢٠١٠

کازیوه‌ ساڵح:

بۆ ئەوەی پیشتگیری لە ژنان بکەیت پێویست ناکات ئەنتی پیاو بیت.
نابێت پیاو بیەوێت پیشلەیەکی چڕنوکاوی و نەرمی سێکسیش بێت.
گەورەترین تاوان ئەوەیە بەهرەی مرۆڤێک بکوژیت.


گفتوگۆی: ئەرسەڵان مەحمود


کاک ئەرسەلان سڵاو حورمەت، داوای بەخشین ئەکەم کە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانت ئەوەندە دواکەوت، لەماوەی ڕابردوودا بە هەندێ کێشەی تایبەتیدا تیپەڕیم کە ئەم بارودۆخە نوێی کەنەدا بۆ هەموانی خولقاندووە، ئەو کاتەی بۆ وەڵامدانەوە تەرخانم کرد ناچار بووم بۆ ئەو دۆخەی تەرخان بکەم و ئەم هەفتەیە بەهۆی ناساغیەوە لەماڵەوە بووم و وا بەر لە هەمووان وەڵامی پرسیارەکانی جەنابتم دایەوە، تکایە پاش بڵاوبوونەوەی ئەو لاپەڕیەم بۆ بنێرە ..

ئاسودە بن.
کازیوە


ئەرسەڵان مەحمود: با لێرەوە دەست پێبکەین، نزیک بەساڵێکە چاوەڕوانی دەرفەتێ بۆ ئەم گفتوگۆیە لەگەڵا ئێوەدا دەکەم، گوتتان بەدرێژایی ئەو ماوەیەش وڵامی ڕۆژنامەنوسانت نەداوەتەوە، کار یا ئەو پڕۆژەو ڕێنامانە کامانەن کازیوەیان ئەوەندە سە رقاڵا کردووە؟..
کازیوە ساڵح: دوو هۆکار وەڵامنەدانەوەم دیاری دەکەن، یەکێکیان سەرقاڵیمە، کە من دەخوێنم، کار دەکەم، وە دوو برای خۆشم پەروەردە کردوەوەو کاتێکی ئێجگار زۆری لێگرتووم. دووەم دیاری کردنی هێڵی جوڵانەوەی خۆمە لەگەڵ ڕاگەیاندن بەشێوەیک لەگەڵ هەڵویستم زۆر ناجێگیر نەبێت، بۆ نموونە من پێم وایە ئەو ڕۆژنامەنووسەی بە بێ سەرخانیەکی مەعریفی دیداری و قسەکردنی ئەم و ئەوی کردوە بە وەسیلەیەک بۆ نان پەیداکردن، چەند پرسیاریەکی نەریەتی نووسیوە دەینێرێت بۆ دەیان کەس بە بێ ڕەچاوکردنی پرۆفشن سەبارەت بە کارو بوار و نووسینی هەر یەک بەراورد بەو پرسیارانە ، بە بێ خوێندنەوەی نووسەر ،هەروەها بە بێ ڕەچاوکردنی ئاست ، هەڵوێست و مێژووی ئەو کەسانەی پرسیارەکانی بۆ دەنێرێت سەبارەت بە لێک چوون نزیککردنەوەیان گەر وەکو لایەنی مۆراڵی مەعرفیش نا ، لانی کەم وەکو متمانەی خوێنەر ، ڕۆژنامەنووس ناتوانێت خوێنەر بە لای بابەتەکەدا ڕاکێشێت گەر وەکو چێشتی مجێور لێکرد و هێڵێکی فکری و ئاستی لە نێو کاریەک و کاریەکی تردا نەبوو ، ئەمە بۆ خۆی جۆرێکە لە گەندەڵی و نووسەر دەبێت خۆی بپارێزێت لە تێوەگلانێک ، شەرێک و مێژوویەک ، کە خەون و خولیا و مێژووی ئەو نین ، بەڵام بەداخەوە لەو باخچەی دڕکەدا گوڵە نیانەکانیش دادەپۆشرین و ئێمە ناتوانین لە دوورەوە بە ئاسانی ڕۆژنامەنووسە باشەکان جیا بکەینەوە.


ئەرسەڵان مەحمود: وەک پیشە ژمارەی ئەو نوسەرە ئافرەتە کوردە جدییانەی لەچەند بوارێکدا دەنوسن زۆر کەمن، دەمەوێت لەئەزمون وتێگەیشتنی خۆتانەوە کەمێک سەبارەت بەو باسە بۆمان بدوێت..
کازیوە ساڵح: کاری جدی و فکری ، پەروەردەکردنی بەهرە ، ئیرادە ، متمانە ، هۆشیاری و کاتی دەوێت ، ئایە دۆخی ژنی کورد دۆحێکە ئەم ئامانجەی تێدا بپێکێت؟ ئایە ژینگەی کوردی ژینگەیەکی بە پیتە بۆ بەهرەی ژن ؟ ئێمە هەر لە مناڵیەوە وافێرکراوین زەوی تەختە و ئەگەر جورئەتی رۆشتنیشمانکرد لە کەنارەوە دەکەوینە خوارەوە .لە کۆمەڵی ئێمەدا ژن تەنها گروپێکە بۆ هەمیشە کۆنتراکتی لەگەڵ چەوساندنەوەدا بەستوەوە و شکاندنی ئەو کۆنتراکتەش شەرم بۆ ژن و زرەرمەندی بۆ پیاو دەهێنێت .لێرەوە ئەم ئازارەی بۆ کراوە بە سرۆشتی ژیانی وەکو کولتوریەکی سروشتی وەرئەگرێت . ژنێکی بێ ئیرادە نێو کۆمەڵێکی بێ ئیرادە و نالۆژیکی وەکو ئەوەی خانمە نووسەری ئەمەریکی لویس وەیس وەسفی دەکات " پیاو داوای لێبوردن لە لاوازیەکانی دەکات ، ژنیش لە بەهێزیەکانی" ئێمە لە کاتێکدا هێز و هزر و ئاوەز ، شەرم و نەنگیە و لاسەنگی بێت و شەرم و نەفامی و بێ باکیش ڕەوشت وبەهرەو دانای بێت چاوەڕوانی چی لێ دەکەیت . هەموو مرۆڤێک بەهرەیەکی تێدایە ، هەموو بەهرەیەکیش پێویستی بە پێشەنگێکە بەرەو ئەو شوێنەی بەرێت لێوەی پێ دەگات . ئەم خەسڵەتەی خێزانە کوردەکان هەندێ جار بۆ کوڕەکانیشیان باوەڕیان پێی نیە .پاشان کێ دەزانێت کاری جدی ژنان لە ناو کورددا هەیە یان نا ، کوان ئەوانەی بایەخ و خوێندنەوەی بە کاری ژنان داوە لە کۆمەڵی ئێمەدا بەوەشی خۆی بە پیاوێکی فیمینسیت ئەزانێت ؟ بۆچوون هەبووە لە سەر ئەنفال دوو ساڵ بەر لە پیاویەکی نووسەر گوتوومە و کەس نەیکووتوە وەکو کازیوە ساڵح ئەڵێت ، پیاوە نووسەرەکە هەمان بۆچوونی منی دووبارە کردوەتەوە ، نەک پێی نەگوتراوە بۆچوونی کەسێکی دیت منۆپۆل کردوە ، بەڵکو بە دەیان کاکە ئەڵێن وەکو کاک فڵان کەس ئەڵێت . تۆ دەتەوێت لەم کۆمەڵە ژنی جدی و بەهرەمەند هەبێت ، دەبا سەرەتا لێکۆڵینەوەیەک لە سەر کاری هەندێ لە پیاوە بەرهرەمەند و جدیەکانمان بکرێت بزانین چەندی کاری ژنەکانە براوە ، ئەوجا با باسی داهێنان و جدیەت لە جیهانی کوردیدا بکەین.


ئەرسەڵان مەحمود: لە ئێستادا 2 ئاڕاستەی جودا لە فێمینیزمدا دەبیندرێن، ئامانجی یەکێکیان پاراستنی یەکێتی ڕەگەزییەو ئەوەی تر جەختکردنەوە لە بەها ئافرەتیەکان، بەمانای خوازیاری کۆمەڵگەیەک کە تەوەرەکەی ئافرەت بێ، دەمەوێ هەڵوێستەو تێگەیشتنی کازیوە سیبارەت بەو بابەتە بزانین؟..ٍ
کازیوە ساڵح: ئاراستەکان هەرچی بن و پیناسی فیمینیست دواجار ئەوەیە کە ژن مرۆڤە و ژیانیەکی مرۆڤانەی بۆ هەمواربکە . کۆمەڵی کەنەدی کۆمەڵێکە تەوەرەکەی ئافرەتە ، یەکەم ماف ، مافی ئافرەتە ، دووەم مناڵە و سیهەم پیاوە ، بەڵام لە ناواخن و ژیانی رۆژانەدا هەوڵ بۆ یەکیەتی ڕەگەزی دەدرێت ، چوون لە گەڵ ئەوەی یەکەم مافی هەیە هێشتا ڕووبەرووی چەوساندنەو کێشەی زۆر دەبێتەوە . کۆمەڵی ڕۆئاوایی تەنانەت کاتێکیش کە بانگەشەی کۆمەڵێکیان کرد تەوەرەکەی ئافرەت بێت چەمکەکان و گەلێ زاراوەی ڕۆژانەی خۆیان کە ناوی پیاوی لە گەڵ دەهات گۆڕیان بۆ زاراوە و چەمکێک بۆ مرۆڤ گونجاوبێت و تۆنی ڕەگەزی تێدا دەرنەکەوێت ، من باوەڕم بەم جۆرە کۆمەڵە هەیە ، کۆمەڵێک بە ئاراستەی یەکیەتی ڕەگەزی ، بەڵام بۆ ئەوەی پیاو واز لە رۆحی توندوتیژی بێنێت ، کە لە ڕووی زانستیەوە دەرکەوتوە پیاو ئەم فاکتەرەی زیاتر تێدایە ، وە هەتا ڕادێت لە سەر ئەو دۆخەی چەندین سەدەیە پەسەندی نەکردووە پێویستە ماف و هاوکاری یاسایی زیاتر بۆ ژنان بەرقەرار بکرێت .وە بۆ ئەوەی پیشتگیری لە ژنان بکەیت پێویست ناکات ئەنتی پیاو بیت . بەڵام پێویستە خوێندنەوەت بۆ پیاوی کۆمەڵگاکەی خۆت هەبێت .تەنها پێویستە سەیری کۆمەڵگای خۆت بکەیت ، والێک بدەیتەوە تۆ نەک دوو ڕەگەز بەڵکو دوو عەشیرەتت هەیە ، یەکێکیان باوەڕی بە بە پنتی شارستانیەت و گفتوگۆ هەیە ، لایەکیش بە چەک و زۆرداری ، ئەم دوو جیاوازیەش کۆمەڵێ مەترسی ڕووبەڕووی کۆمەڵەکەت کردوەتەوە . مامەڵەی پێویست بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆ بۆ ئەوەی یەکسان بیت لە گەڵ ڕەوتی جیهان گەر حکومەتێکی عەشیرەتگریش بیت پێویستە لە ڕووی یاساییەوە بەرگری لە چینی یەکەم بکەیت و یاساکانت بە شێوەیەک رێکبخەیت ئەو مەترسیانە لە کۆمەڵەکەت بە دووبگرێت.


ئەرسەڵان مەحمود: بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازییەکان لەشوێن یا وڵاتێک بۆ شوێن و وڵاتێکی دی، چەوساندنەوەی ئافرەتان ڕیشەیەکی قوڵی مێژویی هەیە، ئایا ئەوان بۆ دەچەوسێندرێنەوە؟..
کازیوە ساڵح: گەر لە ئەوان مەبەستت ژنانی رۆژئاوابێت ، ئەوە چەوساندنەوەکانیان تەواو جیاوازە ، من پێشتر گوتومە لە زۆر ڕووی کۆمەڵایەتیەوە وەکو چیاوازی کواڵەتی دوو قەفەزە یەکیکان لە زێڕ دروستکراوە ئەوەکەیان لە ئاسن بەڵام دواجار قەفەزە ، ئەمەش لە ڕاستیدا ئێمەی پەناهەندە دروستمان کردوە ، بە پێ ئەو ئامارانەی لە سەنتەری توندوتیژی دژی ئافرەت لێرە دەست دەکەون و لە سەدا نەوەدی ئەوانەی ڕوویبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە ، لە بنەمادا خەڵکی وڵاتەکە نین و پەناهەندەن . ئەوە ئێمەی رۆژهەڵاتین لە زۆر ڕووەوە کولتوری ئەوانیشمان ناشیرین کردووە ، هەر یەکەمان دەوڵەتێکی خۆمان لە ماڵەکەنماندا دامەزراندووە . ئەو بەشەی دی ژن کە ڕووبەڕووی چەوساندنەوە دەبێتەوە داواکاریەکانی جیاوازن ، ئەو پێی وایە پرۆفیشناڵە کار دەکات ، دایکە و کاری ناوماڵیش بەشی خۆی دەکات ، بۆیە نابێت پیاو بیەوێت پیشلەیەکی چڕنوکاوی و نەرمی سێکسیش بێت و ڕووبەڕووی گلەیی ، یان خیانەتی بکاتەوە کە توندوتیژی مەعنەویە . هەروەها توندوتیژیەکانی تر گشتین ، ئەو جۆرە توندوتیژیەن کە ئەمڕۆ کە ڕووبەڕووی کۆمەڵ دەبێتەوە بە گشتی ، قوربانیەکانی زیاتر ژن و مناڵن ، وەکو کوشتن و لاقەکردن ، بەکارهێنانیان وەکو باندی سێکس فرۆشی و مادەی بیهۆش پێ فرۆشتن ، ئەو جۆرە توندوتیژیانە سیستمی سەرمایەداری بە دووی خۆیدا ئەهێنێت .تا ڕێژەکەی زۆر بەرزبووەتەوە. بەڵام بە جدیش کاری بۆ دەکرێت چ لە ڕووی دەسەڵاتی حکومەت و ئاسایش ، چ دەسەڵاتی ڕاگەیاندن کە بەڕاستی کاری زۆر باش دەکەن لەو بارانەدا ، هەروەها دەسەڵات و خۆ بەخشی خەڵکیش سەبارەت بە لێکۆڵنەوە و بەدواداچوون لەو کەیسانە ، ئەمەش دوو جەمسەری پێچەوانەی هەست بە لێپسراوی کردن دەردەخات لە نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆهەڵاتدا ، ڕۆژهەڵات خۆی بە لێپسراو دەزانێت ئاگای لە هەموو کێشە کەسەکانت بێت و دەست بخاتە ژیانی کەسیتەوە بەڵام کە گشەت بە کێشەی گشتی لێپسراویەتی خۆی لە بڵاوکردنەوەی تۆمەت و دەنگ و باسدا دەبینێتەوە و وەکو چارەسەر بۆ کێشەکەت و پشتگیری " سەری نائێشێ بۆچی بیپێچیێ " فەلسەفەیەتی . ڕۆژئاوایش ئەوەی بە کاری خۆی نازانیت ژیانی کەسی تاکە ، بەڵام لە کێشەکاندا خۆی بە هاوبەشی هاوکاری و دۆزینەوەی چارەسەر ئەزانێت و دروستی کۆمەڵگا بە بەشێک لە ئەرکی خۆی ئەزانێت ، دیارە ئێمە قسە لە سەر ڕێژە دەکەین نەک ڕەها. لێرەدا دەگەڕێمەوە بۆ خاڵی سەرەتاو ئەڵێم هەموو کێشە جیاوازەکانی کۆمەڵی ئێمە .کێشەی هەست نەکردنە بە لێپسراویەتی و چاوەڕوانکردنی ژیانیەکی تەمەڵانە و بەتاڵ لە کۆشش ، ئەرک ، خود –پێگەیاندن و هەرزانە، هەرزە بە واتای تەمەن ناڵێم هەرزەی فکر.


ئەرسەڵان مەحمود: با بڕۆینە سەر باسێکی جودا تر، پێتان وایە ئاریچەی کۆی پەیوەندییە ئینسانیەکان سێکس بێ، ئایا ئەوەی لەنێوان ژن و پیاوێکدا ڕوودەدات، دەشێ وەک ئاوێنەیەک بۆ هەموو پەیوەندییە ئینسانیەکان ئەژمار بکرێ؟..
کازیوە ساڵح: ئەو تاکانەی هاوڕێ نین لە گەڵ خودی خۆیاندا ، هاوڕێ نین لە گەڵ ژیانیشدا ، کە هاوڕێ نەبوو لە گەڵ ژیان دەبێت بە مرۆڤی جەنگەڵی . مرۆڤی جەنگەڵی باوەڕی بە پەیوەندیە مرۆیەکان نیە و چوارچێوەی بۆ پەیوەندیە جیاوازەکانیش نیە . جەنگڵیەکان هەموو شت لە غەرزەدا دەبیننەوە و ژنیش تەنها ئامرازی دامرکاندنەوەی غەریزە . جگە لە فلتەرە نامرۆیەکانی نیچەی َ کە پێی وابوو بوو ژن تەنها ماشینیزمی سێکسیە و چەندین ڤایرۆسی وەکو " ئەگەر ژن بە دووی خوێندەواریدا گەڕا ئامێری سێکسکردنەکەی شکاوە " یان " کاتێک ژن ڕوو لە زاست دەکات ،کێشەیەک لە چانسی سێکسردنیدا هەیە " و زۆر وتەی نابەجێی دی سەبارەت بە چینە کۆمەڵایەتیەکان ،کە هیچی لە ناو کرمەڵدا جێگیر نەبوون ، ئەم جۆرە وتانەشی تەنها کاتێک باس لە فاشیەت عەقڵ دەبن بە نموونە نەک وەکو نمونەیکی ئایدیاڵ.هیچ زانا و فەیلەسوف و کۆمەڵناس و دەرووناسێک شک نابەم ئەو پێوەرە نامرۆییەی کردبێت بە فاکتی مانەوە و پێکەوە ژیانی هیچ کۆمەڵگەیەک . لێرەوە ئەگەر بیرکردنەوەی نیچە وەکو فەیلەسوفێکی نازی ، سەردەمی نازیەتی ئەڵمانی بەراورد بکەین بە کۆمەڵی کوردی کە لە ڕێژەیەکی ئێجگار بەرزی هەمان باوەڕی هەیە شوناسی کۆمەڵێکی نازی و فاشی بۆ کۆمەڵی خۆمان دەستنیشان ئەکەین ، ئەکرێ بە بیانووی ئەوەی ئێمە کۆمەڵی پاش کۆڵۆنیالیزم و حوکمی فاشین هەموارکردن ئەو شوناسە کۆمەڵێکی دواکەوتوو و ئالودە بە گرێەکانی چەپاندنە . واتە لاویش کە وەکو سەنتەری گۆڕانگاریەکان دێتە هەژماردن ، ئنتمای لاویەتی لە ڕووی فکری و قۆناغە سروشتیەکانی خوستەوە دۆڕاندوە .
ئەو کاتەی پەیوەندی سێکسی دەکرێ بە پێوەری مرۆڤایەتی ئەو ساتەیە نە پەیوەندی مرۆڤایەتی بوونی هەیە و نە تێگەشتنیش لە مرۆڤایەتی . هەر پەیوەندیەک لە سەر بنەمای سێکس دارێژرا گارەنتی خەسارەتە ،تەنانەت لە پەیوەندی خۆشەویستیشدا ئەو پەیوەندیەی لە سەر جێگاوە دەست پێ دەکات لە سەر جێگاشەوە بە کورتی ئارەزووکردنی مرۆڤ بۆ مانەوە لە جێگادا کۆتایی دێت ، ئەمە ڕاستیەش ئەمڕۆ ژمارەیەکی بەرچاوی تاکی ڕۆژئاوای لێی تێگەشتوون و پراکتیکی ئەکەن .
من باوەڕی زۆرم بە هاوڕیەتی هەردوو ڕەگەزە نێو ئەو کۆمەڵانەی وەکو کورد بە بێ بڕینی شارستانیەت بازدەدات قۆناغی سەرمایەداری . هاوڕیەتی ئەو نهێنیەیە کۆدی ڕکە شاراوەکان ئەکاتەوە بۆ تێگەشتن ، بە تایبەت ئێمە کە کێشەی هەڵاواردنی ژنمان هەیە . هەمیشە هاوڕیەتی ناوبڕی ڕێگە دوورەکان ئەکات ، وە هاوڕیەتی لە گەڵ ڕەگەزی جیاوازیشدا سەرکەوتووترە ، هەتا یەک ڕەگەزی گەر هاوڕەیەتی بێت لە پێناوی هاوڕیەتیدا .کە ئەم کۆدە کرایەوە ، کۆدی بینینی یەکتر وەکو ئەوەی کە هەن نەک ئەوەی پێشبینی یەک ئەکەن ، کۆدی خود -ناسیش و لەویوە بەرانبەر ناسیش دەکرێتەوە کە گرنگترین هۆشیاری زاتیە بۆ گۆڕینی جەنگەڵە سەپێنراوەکان.


ئەرسەڵان مەحمود: کازیوە سەبارەت بەپێگەی ئافرەت لەناو ئاینە ئاسمانیەکان چیمان پێدەڵێت؟..
کازیوە ساڵح: ئەنیشتاین وتەیەکی جوانی هەیە ئەڵێ "خودا دۆمینە ناکات " بەڵام ئاین پێچەوانەی خودا دۆمینە و شەترەنجیشی کرد لە گەڵ جیهاندا ، ئاین هەموو بوونەوەرە بەرهەم هێنەرەکانی کوشت ، سەرەتا بە زانست و فەیلەسوفەکان دەستی پێکرد و پاشان بە ئافرەت ، وە دیارە لە تیوری ئایندا هەر دەبێت بچەوسێتەوە چونکە ئافرەت لە بەرهەم دانابڕێت.


ئەرسەڵان مەحمود: مرۆڤەکان بۆ ئەوەندە وابەستەی ئاین و ئایدۆلۆژیەتەکان بوون، ئایا ئەوان مرۆڤیان دڵنیاو بەختەوەر ژیاوتر کردووە، یان پێتان وایە دەبێ چ ئاڕاستەیەک وەربگرن؟..
کازیوە ساڵح: وابەستە بوونی مرۆڤ بە ئاین و ئایدۆلۆژیاوە جەدەلی زۆر هەڵدەگرێت کە بەدەرە لە مەودایی دیداریەک . وەکو جەدەلی تایبەت نەبوون و سەنتراڵ بوونی ئاین ، جەدەلی تێکدەر و رێکخەری کۆمەڵایەتی ، جێگۆڕکێ و پەناگەری لەگەڵ سیاسەت ، ئابوری و میکانیزمی ژیانی کۆمەڵە جیاوازەکان ، پەیمانی کۆمەڵایەتی و وابەستە بوونی کولتوری ، سیوسیولۆژی و هۆشیاری کۆمەڵایەتی ، هێرمۆنیتکا و متمانەی مێژوو و دەیان جەدەلی دی کە هەر یەکەیان هەڵویستە و لە سەر وەستانی زۆری دەوێت ، بەڵام من پێم وایە لە هەموو ئەمانە کاریگەرتر خەیاڵ و کاریگەری فەنتازیایە لای مرۆڤ . مرۆڤ لە بنەمادا بوونەوەریەک ئارەزووی گەڕانی بە دوای نادیارەکاندا لە هەموو مەیلێک باڵاترە ، بیرکردنەوەش لە نادیارەکان جوانترین ، ترسناکترین ، بێ وەڵامترین و سەرسامترین خەیاڵی پێ بەخشیوە ، ئەم خەیاڵانە زۆر جار بیانووی جەدەلەکانی دیشی بەخشیوە .چونکە بە هەموویان متمانە و ئاسایشی دەروونی بۆ ئەوانە گەڕاندوەتەوە کە هەڵگری هۆشیاری و بەرخوردانێک نیە پێی بەخشێت. سروشت بۆ خۆی فەنتازیایەکی گەورەی و خەیاڵی نادیار بەخشەبۆ مرۆڤ کە هەمیشە بە لای بیرکردنەوە لە خودای دەبات ، خوداش بە لای ئایندا ،لە کاتێکدا وەکو مەهاتما گاندی ئەڵێت "خودا ئاینی نیە".


ئەرسەڵان مەحمود: مرۆڤی کورد لەمناڵییەوە تا گەورەیی لێوڕێژ کراوە لەبیروباوەڕو وێناگەلی باو، چون بتوانێت لەدۆزینەوەی خۆی، گێڕانەوەی کەسێتی بێشوناسی خۆیدا سەرکەوتوبێ، بە مانایەکی دی چۆن ئەو دۆخە بناسێ و بسازێنێ کە بنەماکانی نا باوگیرژیاوی لەسەر بەندن؟..
کازیوە ساڵح: ئەزانی ئەوە وەکو چیە ؟ ئەو هونەرمەندەی هەموو تەمەنی گۆرانی باو و ترادیشناڵی وتوە، بەڵام پاش ئەوەی ئەبینێت گوێگر زیاتر ئارەزووی گۆرانی مۆدێرن دەکات توانای خۆی لە گۆرانی مۆدێرندا تاقیکردوەتەوە و چەند گۆرانێکی زۆر باشی وتوە . ئەم توانایە بەر لەوەی تونایەکی دەنگی بێت توانایەکی عەقڵی و ئیدراکی ، ئنتما بۆ بەرژەوەندی هونەری و جەسارەتی بڕیاردانە . ئەم نموونەیە تەنها پێمان ناڵێت مرۆڤ لە توانایەک زیاتری هەیە پێشمان ئەڵێت مرۆڤ لە گەڵ دیوە تاریکەکاندا دیوی ڕوناکیشی هەیە بەڵام ئەو نایەوێت پیشانی بدات چونکە یەک هێشتا بەر فشاریەکی وانەکەوتوە هۆشیاری ڕاچەنێنێت .دوو لە گەڵ ئەنشتاین ئەڵێم " زۆر کەمن ئەوانەی بە چاوی خۆیان دەبینن و بە دڵی خۆیان هەست ئەکەن " .
مرۆڤی کورد بۆ ئەوەی بە دڵی خۆی هەست بکات و بە چاوی خۆی ببینێت و تەنها ڕووە تاریکەکانمان پیشان نەدات پێویستی بە هەموارکردنی ژینگەیەکی لە بارترە ئەو جورئەتەی تێدا بەرهەم بێت ، ئەویش هەبوونی ئازادی و هۆشیاری دوورکەوتنەوەیە لە شتە کەسی و تایبەتیەکانی یەکتری .

ئەرسەڵان مەحمود: ئەو نوسەرانەی جێگەی بایەخی کازیوە بوون، بەتایبەت لەبواری ئەدەبدا کامانەن؟..
کازیوە ساڵح: ژمارەی ئەو نووسەرانەی جێگەی بایەخم بوون و ڕۆمانەکانیانم خوێندوەتە ، زۆرن زۆربەشیان گەر نەڵێم هەموویان نووسەرانی سەردەمی شۆڕشی فەرەنسین و نووسەری ڕۆژئاوایین . دیارە من مەیلی زۆرترم بۆخوێندنەوەی فەلسەفە و زانستی دەروونی و کۆمەڵایەتی هەیە ژمارەیەکی ئێجگار زۆری قوتابخانە جیاوازەکان بەرهەمەکانیان جیگەی بایەخم بووە بۆ خوێندنەوە . کۆمەڵێک نووسەری کوردیش ئەگەر نەشیان خوێنمەوە یان بەرهەمەکەم بەر دەست نەکەوێت بۆ خوێندنەوە هێشتا هەموو بەرهەمێکی نوێیان هەڵکشانێک بۆ بەختەوەری و تەمەنی من ئەگەیەنێت .
بەڵام هەندێ جار ڕوودەدات نووسەریەک ئەوەندە نزیکە لە ڕۆحتەوە یان نەستەوە هەرچیەکی دەخوێنیتەوە وا هەست دەکەیت دووەم جارە خوێندوتەوە یان کەسێک ڕۆحی نووسیویتەوە و تۆش دووبارە ئەخوێنیتەوە .چونکە تا ئاستێکی زۆر کۆکە لە گەڵ بیرکردنەوەت . ئەو نووسەرانە بۆ من گابریل گارسیا مارکیز ، ئەنشتاین و ئەریک فرۆم.


ئەرسەڵان مەحمود: ئەوکاتانەی کازیوە چاو بەدوێنێی خۆیدا دەخشێنێتەوە چ هەستێکی لا دروست دەبێ، دەشێ پێمانبڵێ ئەوەی دەبوایە بینیبای و بیکردبایە چین؟..
کازیوە ساڵح: دوێنێم لەو چرکەیەی پێنووسم گرتە دەست ژیانم بوو بە ئازار ، هەرچی نارەحەتیم و نیگەرانیم هەبووە لە ژیاندا پێنووس بۆی هێناوم . ئەوەی دەبوو بیکەم و کۆمەڵێکی نەهلستی دەیخنکاند ئەوەبوو دەبوو هەموو ئەو بەهرانەی هەمە هەمووی تاقی بکەمەوە لە ژیاندا. گەورەترین تاوان ئەوەیە بەهرەی مرۆڤێک بکوژیت، ئەوەیە مرۆڤێک کە گۆرانی بێژ بوو پێی بڵێت تۆ لە بەر ئەوەی گۆرانبێژی نەنگیە نووسەر بیت بۆ نموونە ، منیش خاوەنی کۆمەڵێ بەهرەی جیاوازم و دەمتوانی کاریان لە سەر بکەم، بەڵام نەنگیە زۆرەکانی کۆمەڵی کوردی تەنانەت بۆ تەنها پێنووسێکی گۆشەگیریش خەریک بوو سەری خۆشم بخۆن. پێم خۆش بوو ئێستا لەبری ئەویە بڵێم دەبوو ئەوە بکەم لە گەڵ خانمە نووسەری ئەمەریکی ئێرما بۆەبێک بڵێم " کاتێک لە بەردەمی خودا وەستام ، خوازیارم تەنها یەک بەهرەشم تێدا نەمابێت و بتوانم بڵێم هەموو ئەوانەی پێت بەخشیبووم بەکارم هێنا ."

ئەرسەڵان مەحمود: با دوا پرسیارم ئەوەبێ ئاخۆ ئێوە گوزارشتکردنێکی تایبەتتان لەسەر نوسین هەیە، بەمانایەکی دی ئایا کازیوە خۆی دەنوسێتەوە یان شتێکی تر؟.
کازیوە ساڵح: تۆ و ئەوان و خۆم دەنووسمەوە ، هەر بۆیەش بواری جیاواز ، زمانی جیاواز ، ئاستی جیاوازم هەیە لە نووسیندا ، چونکە نە هەمیشە بۆ گشتی دەنووسم نە هەمیشە بۆ نوخبە ، کە ئەو دەنووسمەوە زۆر جار زمانێکی شیاوی ئەو یان ئاستی ئەوی بەرانبەر هەڵدەبژێرم ، دواجار نووسەر ناتوانێت بەرانبەر بنووسێتەوە گەر نەبێت بە بەشێک لە خۆی ، کە نەشتوانێت خۆی بنووسێت لە ئەوی –خۆی بەرانبەر ناگات . بەڵام کە ئەم تێگەشتنە هەبوو نووسین نووسەر دەنوسێتەوە .

 

ماڵپه‌ڕی کازیوه‌ ساڵح

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود